
*حه‌ز ده‌كه‌م گۆڕان هه‌ر نه‌مێنێت و هه‌موویان بگه‌ڕێنه‌وه بۆ ناو ریزه‌كانی یه‌كێتی
* تائێستا یه‌ك پێشمه‌رگه له‌سه‌ر بیروباوه‌ڕ و له‌سه‌ر گۆڕان و له‌سه‌ر ره‌خنه‌گرتن له‌یه‌كێتی مووچه‌ی نه‌بڕاوه
جه‌میل هه‌ورامی سه‌ركرده‌ی ناسراوی یه‌كێتی و سه‌رۆكی كۆمه‌ڵه‌ی پێشمه‌رگه دێرینه‌كانی كوردستان له‌رێی ئه‌م دیمانه‌یه‌وه باس له‌دوا په‌ره‌سه‌ندنه‌كانی ره‌وشی سیاسیی كوردستان و ئه‌گه‌ر و پێشهاته‌كانی هه‌ڵبژاردنی سه‌ره‌تای مانگی داهاتوو ده‌كات و پێیوایه ئه‌مجاره له‌هه‌ڵبژاردندا یه‌كێتی ده‌توانێت هه‌ستێته‌وه.
ئاسۆ: ئامانج له‌دروستكردنی كۆمه‌ڵه‌ی پێشمه‌رگه دێرینه‌كان چییه؟.
جه‌میل هه‌ورامی: پێشمه‌رگایه‌تی له‌سه‌رده‌می شاخدا پیشه نه‌بووه، دیاره هه‌ر چین و توێژێكیش له‌رووی پیشه‌ییه‌وه رێكخراو و كۆمه‌ڵه‌ی تایبه‌ت به‌خۆی هه‌یه، له‌سه‌رده‌می رابردوودا پێشمه‌رگه‌ی تێكۆشه‌رێكی سیاسیی چه‌كدار بووه‌و خه‌باتی كردووه له‌پێناوی میلله‌ته‌كه‌یدا، ئه‌گه‌رچی ئێستا پێشمه‌رگایه‌تی پیشه‌یه، به‌ڵام پێشمه‌رگه دێرینه‌كان كه له‌شاخ بوون، له‌و سه‌رده‌مه‌دا په‌یوه‌ندییه‌كی گیانی له‌نێوانیاندا هه‌بوو، كه من پێموانییه ئه‌و په‌یوه‌ندییه له‌نێوان هیچ تاكێكی تری كۆمه‌ڵدا هه‌بووبێ. له‌دوای راپه‌ڕینه‌وه ئێمه‌ی وه‌ك پێشمه‌رگه دێرینه‌كان بڵاوه‌مان كرد له‌ناو ده‌زگاكانی تری حكوومه‌ت و هێزی پێشمه‌رگه و ده‌زگا حزبییه‌كاندا، بۆ گێڕانه‌وه‌ی چه‌مك و به‌ها جوانه‌كانی سه‌رده‌می شاخ، هه‌روه‌ها بۆ دروستكردنه‌وه‌ی ئه‌و په‌یوه‌ندییه گیانییه‌ی له‌ده‌ره‌وه هه‌مانبوو، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی ده‌مانبینی و ده‌مانبیست پێشمه‌رگه‌ی دێرین وه‌ك پێویست لێی ناپرسرێته‌وه و مووچه‌یان كه‌مه و كاریان نییه، یان به‌شێكیان هه‌ر مووچه‌یان نییه، له‌به‌ر ئه‌و هۆیانه‌ی سه‌ره‌وه بیرمان له‌وه كرده‌وه ئه‌م كۆمه‌ڵه‌یه دابمه‌زرێنین، بیرۆكه‌ی كۆمه‌ڵه‌كه‌ش هی خۆم بوو. پاش ئه‌وه‌ی پهیڕهوێكم بۆ نووسییه‌وه‌و له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵانی فه‌رمانده‌یی گشتیی یه‌كێتی باسمان كرد ئه‌وان پێیان باشبوو و به‌گرنگیان زانی ئه‌م كۆمه‌ڵه‌یه هه‌بێت.
من دواتر پێشنیازم كرد و رامگه‌یاند كه ئێمه وه‌ك چین و توێژه‌كانی تر نابین و سه‌ر به‌حزبێكی دیاریكراو نابین، جگه له‌وه‌ش وه‌ك كۆمه‌ڵه ویستمان ده‌ستپێشخه‌ر بین له‌یه‌كگرتنه‌وه‌ی ماڵی كورد و پێشنیازی ئه‌وه‌م كرد له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه دێرینه‌كانی حزبه‌كانی دیكه‌ش قسه بكه‌ین، بۆ ئه‌وه‌ی به‌یه‌كه‌وه كۆمه‌ڵه‌یه‌ك دروستبكه‌ین، وه‌ك كۆمه‌ڵه‌ی پێشمه‌رگه دێرینه‌كانی كوردستان، نه‌ك وه‌ك رێكخراوێكی حزبیی. ئه‌وه‌بوو قسه‌مان له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه دێرینه‌كانی "حشك و زه‌حمه‌تكێشان و سۆسیالیست" و براده‌رانی پارتی كرد، له‌و سه‌رده‌مه‌دا هه‌ڤاڵانی پارتی وه‌ڵامیان نه‌داینه‌وه، به‌ڵام حزبه‌كانی تر پێیان چاك بوو، به‌یه‌كه‌وه دانیشتین و ئه‌و په‌یڕه‌وه‌ی كه ئێمه نوسیبوومان ئه‌وانیش په‌سه‌ندیان كرد. ئه‌وه‌بوو ساڵی 2004 كۆمه‌ڵه مۆڵه‌تی یاسایی له‌حكومه‌ت وه‌رگرت.
ئاسۆ: له‌ماوه‌ی ته‌مه‌نیدا، ئه‌م كۆمه‌ڵه‌یه توانیوویه‌تی چی بۆ پێشمه‌رگه دێرینه‌كان بكات؟.
جه‌میل هه‌ورامی: پێشمه‌رگه‌ی دێرین جیاوازیی هه‌یه له‌رووی ژیان و گوزه‌رانه‌وه، جه‌نابی مام جه‌لال پێشمه‌رگه‌ی دێرینه‌و سه‌رۆك كۆماری عێراقیشه، په‌رله‌مان و ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی كوردستان، په‌رله‌مانی عێراق، پێشمه‌رگه‌ی دێرینی تێدایه. پێشمه‌رگه‌ی دێرینمان هه‌یه مامۆستایه یان به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسه یان پزیشك بووه، زۆرمان هه‌یه ئێستا به‌كار و كه‌سابه‌ته‌وه سه‌رقاڵه، ژماره‌یه‌كیشیان خانه‌نشین كراون. وه‌ك ئیمتیاز هیچ ئیمتیاز نییه ئه‌گه‌ر زه‌وییه‌ك درابێت به‌پێشمه‌رگه، له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌موو چین و توێژه‌كانی تریش زه‌وییان پێدراوه، هه‌قی خۆیانه شوێنی نیشته‌جێبوونیان هه‌بێ. بابه‌تی خانه‌نشینبوونی پێشمه‌رگه‌ش وه‌ك هه‌ر كارمه‌ندێكی تری ئه‌م وڵاته، چۆن ئه‌ركی ئه‌وه‌ی هه‌یه خزمه‌ت بكات و ماوه‌ی یاسایی خزمه‌ته‌كه‌ی ته‌واو بكات، دواتر مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه خانه‌نشین بێت، پێشمه‌رگه‌ش به‌هه‌مان شێوه هه‌قی خۆیه‌تی، خانه‌نشین بكرێت. هه‌رچه‌نده له‌پێش كۆمه‌ڵه‌ش خانه‌نشینی كرابوو، به‌ڵام به‌راستی به‌شێوه‌یه‌ك بوو كه نارێكییهكی زۆری تێدابوو، له‌سه‌ر بنه‌مای یاسایش نه‌بوو. پێش رووخانی به‌عس، ژماره‌یه‌ك خه‌ڵك خانه‌نشین كرابوون، به‌ڵام دوای روخانی سه‌ددام و گۆڕینی دراوی عێراقی، موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی حكوومه‌ت زیادكرا، به‌ڵام ئه‌و بڕه پاره‌یه‌ی دانرابوو بۆ موچه‌ی هه‌ر پێشمه‌رگه‌یه‌كی دێرین زۆر كه‌م بوو، ده‌توانین بڵێین بۆ پێش رووخانی رژێم زۆربوو، به‌ڵام بۆ دوای گۆڕینی دراوه‌كه زۆر زۆر كه‌م بوو.
بۆ نموونه پێشمه‌رگه‌یه‌ك 400-600 دیناری سویسریی هه‌بوو، ئه‌وه بڕێكی باش بوو ئه‌گه‌ر بهراووردت بكردایه به مووچه‌ی كارمه‌ندێكی حكوومه‌ت كه له‌و سه‌رده‌مه‌دا موچه‌ی فه‌رمانبه‌رێك 200-250 دینار زیاتر نه‌بوو، كێشه‌كه له‌وه‌دابوو كه دراوه‌كه گۆڕا، مووچه‌كه بوو به60 هه‌زار دینار، وه‌ك وتم موچه‌ی فه‌رمانبه‌ر زیادی كرد و هی خانه‌نشین زیادی نه‌كرد. وه‌ك خۆشتان ده‌زانن ئه‌و پاره‌یه به‌شی خه‌رجی رۆژانه‌ی خوێندكارێك ناكات. هه‌رچه‌ند هه‌مووی 60 هه‌زاریش نه‌بووه، جیاوازیش هه‌بوو، له‌به‌رئه‌وه‌ی به‌پێی یاسا مووچه دانه‌نرابوو، به‌ڵام ئێمه هه‌وڵی زۆرماندا و دواتریش له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵانی پارتی دوای چه‌ندین دانیشتن ره‌شنووسی یاسایه‌كمان نووسییه‌وه به‌ناوی "یاسای خانه‌نشینی پێشمه‌رگه". دواتریش ره‌شنووسه‌كه نێردرا بۆ په‌رله‌مان و ده‌نگی له‌سه‌ر درا و بوو به‌یاسا و سه‌رۆكی هه‌رێمیش ئیمزای له‌سه‌ر كرد. ئێستا ده‌توانین بڵێین پێشمه‌رگه بووه به‌خاوه‌نی یاسایه‌ك كه به‌پێی ئه‌و یاسایه مافه‌كانی دابین ده‌كرێت.
جگه له‌مانه‌ش ئه‌ركێكی تری كۆمه‌ڵه‌كه‌مان دروستكردنی ئه‌رشیفێكی نه‌ته‌وه‌ییه بۆ پێشمه‌رگه دێرینه‌كان، له‌به‌رئه‌وه‌ی پێشمه‌رگه دێرینه‌كان خه‌باتێكی گه‌وره‌یان به‌ڕێوه بردووه، له‌ساڵی 1961ه‌وه تا راپه‌ڕینه‌كه، پرشنگدارترین لاپه‌ڕه‌ی مێژووی خه‌باتی میلله‌ته‌كه‌مان پێشمه‌رگایه‌تییه. خۆتان ده‌زانن له‌شۆڕشی ئه‌یلوله‌وه پێشمه‌رگه نموونه و قه‌ڵغانی خه‌باتی كوردایه‌تی بووه، ئه‌مه به‌و مانایه نییه رۆڵ و خه‌باتی زیندانییه سیاسیی و رێكخستنه نهێنییه‌كان كه‌م بكه‌نه‌وه. ئه‌وانیش تێكۆشه‌رن، به‌ڵام ئه‌رك و ناڕه‌حه‌تییه گه‌وره‌كه زیاتر بۆ پێشمه‌رگه بووه. هه‌روه‌ها كارمان بۆ ئه‌وه كردووه كه پێشمه‌رگه بتوانێت لانیكهمی ژیانی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ی دابین بكات، ئێستاش یانه‌یه‌ك له‌بواری جێبه‌جێكردندایه كه یانه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تییه بۆ پێشمه‌رگه دێرینه‌كان بۆئه‌وه‌ی له‌بۆنه نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كاندا له‌وێ كۆببنه‌وه. جگه له‌وه‌ش خه‌ریكی فرۆشگایهكین كه بۆیان دروست بكه‌ین كه تێیدا ئه‌و كاڵایانه‌ی له‌ده‌ره‌وه ده‌هێنرێن به‌نرخێكی داشكاو بێ ئه‌وه‌ی سوودی بچێته سه‌ر بیده‌ین به‌پێشمه‌رگه به‌شێوه‌ی قیست و به‌ره‌چاوكردنی مووچه‌كه‌ی كه به‌شێوه‌یه‌ك بێت كار نه‌كاته سه‌ر بژێویی ژیانی.
ئاسۆ: لێره‌و له‌وێ باس له‌وه ده‌كرێت ئه‌وانه‌ی سه‌ر به‌گۆڕانن له‌ده‌زگاكاندا سزا ده‌درێن. پرسیاره‌كه‌م ئه‌وه‌یه: ئێوه وه‌ك كۆمه‌ڵه‌ی پێشمه‌رگه دێرینه‌كان جیاكاریی ده‌كه‌ن له‌نێوان پێشمه‌رگه‌یه‌كی دێرینی یه‌كێتی و گۆڕاندا؟.
جه‌میل هه‌ورامی: كۆمه‌ڵه له‌یه‌ك حزب پێكنه‌هاتووه، به‌ڵكو چوار حزبین، له‌به‌رئه‌وه ناكرێت پێشمه‌رگه‌یه‌ك كه هاوڕێی خۆم بووه جیاوازیی بكه‌م له‌گه‌ڵی، به‌ڵام جیاوازیی نه‌كه‌م له‌گه‌ڵ كه‌سێك كه حزبی شیوعی بووه، كه تاماوه‌یه‌كی زۆریش ناكۆكیمان له‌نێواندا بووه، پێشمه‌رگه‌ی كۆمه‌ڵی ئیسلامی هه‌یه لهكۆمهڵهكهماندا، خۆتان ده‌زانن ئێمه ماوه‌یه‌كی زۆر ناكۆكی و شه‌ڕمان هه‌بووه له‌گه‌ڵیان، كۆمه‌ڵه مافیان بداتێ به‌ڵام كۆمه‌ڵه‌كه‌مان ماف نه‌دات به‌كه‌سێكی گۆڕان. راسته ئێمه جیاوازییمان هه‌یه له‌گه‌ڵ گۆڕان، من به‌ش به‌حاڵی خۆم حه‌ز ده‌كه‌م گۆڕان هه‌ر نه‌مێنێت و هه‌موویان بگه‌ڕێنه‌وه بۆ ناو ریزه‌كانی یه‌كێتی، به‌هه‌موومان یه‌كێتی بكه‌ینه‌وه به‌و رێكخستنه‌ی له‌سه‌رده‌می شاخ هه‌مانبووه و به‌یه‌كه‌وه كه‌موكورتییه‌كان چاره‌سه‌ر بكه‌ین، تائێستا یه‌ك پێشمه‌رگه له‌سه‌ر بیروباوه‌ڕ و له‌سه‌ر گۆڕان و له‌سه‌ر ره‌خنه‌گرتن له‌یه‌كێتی مووچه‌ی نه‌بڕاوه، لهپلهدانانیشدا هیچ جیاوازییه‌ك نه‌كراوه، به‌ڵام هه‌ندێك ئیمتیاز كه حزب بیدات بهپێشمهرگهكانی خۆی، ئه‌وه ئه‌ركێكی حزبه ئاوڕ له‌پێشمه‌رگه‌كانی بداته‌وه، به‌ڵام پێشمه‌رگه‌یه‌ك كه پێشووتر یه‌كێتی بووه‌و سبه‌ینێ واز له‌یه‌كێتی ده‌هێنێت هیچ مافێكی به‌سه‌ر حزبه‌كه‌یه‌وه نامێنێت.
بۆ نموونه یه‌كێتی له‌بودجه‌ی خۆی پێشینه‌یه‌ك ده‌دات به‌پێشمه‌رگه دێرینه‌كانی خۆی، هه‌رچه‌نده پێشووتریش ژماره‌یه‌ك له‌ئه‌ندامانی گۆڕان وه‌ریانگرتووه، ئێستا ماقووڵ نییه له‌بودجه‌ی یه‌كێتی تۆ قه‌رز بده‌یت بده‌ی به‌كه‌سێك كه دژایه‌تی تۆ بكات و بیه‌وێت تۆ بڕوخێنێت. له‌به‌رئه‌وه لای ئێمه هیچ جیاوازییه‌ك نه‌كراوه و به‌دڵنیایشه‌وه وه‌ك ئیستحقاقاتی پێشمه‌رگایه‌تی نه بۆ زه‌وی نه بۆ خانه‌نشینی نه بۆ دانانی پله‌وپایه، هیچ جیاوازییه‌كمان نه‌كردووه و مووچه‌ی كه‌سیش نه‌بڕاوه.
ئاسۆ: له‌هه‌ڵبژاردنی 25-7 ساڵی رابردوو، یه‌كێتی له‌به‌رامبه‌ر گۆڕان، له‌ده‌ڤه‌ری سلێمانیدا، شكستی هێنا. بۆچی یه‌كێتی تووشی شكست بوو و نه‌یتوانی ده‌نگه‌كانی جارانی به‌ده‌ستبهێنێته‌وه؟. پرسیاره‌كه‌م ئه‌وه‌یه: شكستی یه‌كێتی په‌یوه‌ندیی بهئهدائی حزبییه‌وه هه‌بوو یان حكوومه‌ت؟.
جه‌میل هه‌ورامی: هۆكاره‌كه هه‌ردووكیانه، هه‌م یه‌كێتی به‌شێكی لهلێپرسراوهكانی ئه‌دایان باش نه‌بووه، چ له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵه‌كانی خۆیان و چ له‌گه‌ڵ خه‌ڵكیشدا كه بۆشاییه‌ك كه‌وتۆته نێوان ئێمه‌و خه‌ڵكه‌وه‌و له‌نێوان خۆشمان‌دا په‌یوه‌ندییه‌كانمان باش نه‌بووه، خۆتان ده‌زانن یه‌كێتی به‌چه‌ند قۆناغێكدا تێپه‌ڕیوه، له‌سه‌ره‌تای دامه‌زراندنه‌وه یه‌كێتی ئه‌زموونێكی نوێ بووه نه‌ك هه‌ر له‌ناو كورددا بگره له‌ناوچه‌كه‌دا، كه به‌یه‌ك به‌رنامه‌و به‌سێ رێكخستنی جیاواز و به‌سێ ئایدۆلۆژیای جیاواز له‌ناو یه‌ك حزبدا كاربكه‌ین، له‌ئه‌نجامی ئه‌م جیاوازییه‌دا زۆرجار ناڕه‌زایی هه‌بووه له‌رووی سیاسییه‌وه، به‌ڵام زۆربه‌ی كاته‌كان ئێمه وه‌ك "یه‌كێتی و ململانێ" دژایه‌تی و یه‌كبوونمان هه‌بووه. به‌رنامه‌مان هه‌بووه‌و به‌ده‌وری یه‌كێتیدا كۆبووینه‌ته‌وه، زۆرجاریش ناكۆكی دروستبووه كه هه‌ندێجار گه‌یشتۆته جیابوونه‌وه، سه‌رده‌مێك بزووتنه‌وه جیابووه‌وه، سه‌رده‌مێكی تر ئاڵای شۆڕش، به‌ڵام له‌ئه‌نجامدا هه‌ردوولایان هاتنه‌وه ناو یه‌كێتی.
دوای راپه‌ڕینیش، ململانێكان بوونه ململانێی شه‌خسیی، ململانێ له‌شاخ له‌سه‌ر بنه‌مای فكر بوو، به‌ڵام له‌شار له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌سه‌ڵاته، كوردستانیش وڵاتێكی وێرانه بووه، دوای راپه‌ڕین كه هاتینه‌وه كوردستان بۆ نموونه له‌سلێمانی ئه‌وكاته پارێزگار و پۆلیس نه‌مابوون و ئیداره‌كان هه‌ڵوه‌شابوونه‌وه، نه هیچ ناحیه‌یه‌ك و نه هیچ قائیمقامیهتێك مابوو، نه یه‌ك بینای حكومی به‌سه‌ر پێوه مابوو، ته‌نیا چه‌ند قه‌زایه‌ك مابوون وه‌ك چه‌مچه‌ماڵ و ده‌ربه‌ندیخان و رانیه‌و.. هتد. تۆ نه‌ده‌كرا له‌و بارودۆخه و به‌و پاره كه‌مه هه‌موو شته‌كان چاك بكه‌یته‌وه، له‌دوای ساڵی 1992شه‌وه كار كراوه، ئێستا بچیته هه‌ر ناحیه‌و قه‌زایه‌ك ده‌بینین كۆمه‌ڵگه‌ی فه‌رمانگه‌كانی تێدایه، هیچ ناحیه‌یه‌ك نییه فه‌رمانگه‌كانی بۆ دانه‌نرابێت، وه‌ك خۆشتان ده‌زانن قه‌زاكانی وه‌ك هه‌ڵه‌بجه‌و پێنجوێن و چوارتا و قه‌زا وێرانكراوه‌كانی تر ئاوه‌دان كراونه‌ته‌وه. زۆر شتی تریش كراون، به‌ڵام بودجه‌ی كوردستان ئه‌وه نه‌بوو كه تۆ بتوانی به‌یه‌كجار وه‌ك ناوچه‌ی نۆرمهدی ئه‌ڵمانیا به‌یه‌كجار ئاوه‌دانی بكه‌یته‌وه كه شارێك بوو له‌جه‌نگی جیهانی دووه‌مدا وێرانكراو دواتر له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه ئاوه‌دان كرایه‌وه.
ئێمه هه‌تا پێش رووخانی رژێم به‌و گومرگه كه‌مه‌ی له‌كوردستاندا هه‌بوو، هه‌وڵه‌كانی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی وڵات هه‌ر به‌رده‌وام بوو، له‌دوای رووخانی سه‌ددام، بودجه بۆ كوردستان هاتووه، شت كراوه، فه‌رموون سلێمانی بپێون به‌سلێمانی پێش راپه‌ڕین، ئه‌و قیرتاوهی له‌سه‌رده‌می حكومه‌تی هه‌رێمدا كراوه له‌سه‌رده‌می بابانه‌كانه‌وه كه شار دروستكراوه تا راپه‌ڕین ئه‌وه‌نده قیرتاو له‌سلێمانی نه‌بووه‌و نه‌كراوه، ئه‌وه‌نده‌ی خوێندنگه له‌دوای راپه‌ڕینه‌وه دروستكراون، پێش راپه‌ڕین ئه‌وه‌نده خوێندنگا نه‌بووه، بۆیه به‌راستی سته‌مه كه بڵێی هیچ نه‌كراوه، به‌ڵام ئه‌و براده‌رانه شتێك فێربوون كه چاویان ئه‌وه نابینێت كه كراوه، ده‌ڕۆن له‌سلێمانیدا كام كۆڵانه‌ی تازهكراوه و خزمه‌تگوزاریی بۆ نه‌چووه ئه‌وه نیشان ده‌ده‌ن. به‌راستیش بودجه‌ی ساڵ و دوو ساڵیش فریای چاره‌سه‌ركردنی هه‌موو كێشه‌كان ناكه‌وێت.
ئاسۆ: ئه‌گه‌ر ماوه‌ی 19 ساڵی رابردوو بكه‌ینه سێ قۆناغ، قۆناغی راپه‌ڕین و یه‌كه‌مین حكومه‌ت، قۆناغی دووه‌م قۆناغی شه‌ڕی ناوخۆ، قۆناغی سێیه‌میش دوای پرۆسه‌ی ئازادكردنی عێراق. ئه‌وه‌نده‌ی تێبینی ده‌كرێت، كێشه و ناڕه‌زایه‌تی خه‌ڵك دوای پرۆسه‌ی ئازادیی سه‌ریهه‌ڵداوه، ئه‌م قۆناغه‌ش بارودۆخه‌كه‌ی بۆ یه‌كێتی ئاڵۆز كردووه، پرسیاره‌كه ئه‌وه‌یه بۆچی دوای وه‌رگرتنی بودجه و وه‌رگرتنی داهات ئه‌م قه‌یرانانه سه‌ریانهه‌ڵدا؟.
جه‌میل هه‌ورامی: ململانێكیان ململانی سیاسیی نه‌بوون، ململانێ نه‌بووه بۆ چاككردن و گۆڕانكاریی، گۆڕان بۆ پاره و ده‌سه‌ڵات بووه، تۆ ناتوانی هه‌موو كه‌سێك رازی بكه‌یت، ناتوانی له كون فهیكهونێكدا خانوو بۆ هه‌موو كه‌س بكه‌یت و ژیانی دابین بكه‌یت. له‌كوردستان ئیستغلالی ناڕه‌زایه‌تییه‌كان كراوه، گۆڕان ناڕه‌زایه‌تی خه‌ڵكی قۆستۆته‌وه‌و په‌یمان و به‌ڵێنی درۆی زۆری بهخهڵكدا، بۆ نموونه ده‌یانووت ئێمه ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتمان هه‌بێت موچه بۆ هه‌موو ژنێك ده‌بڕینه‌وه، دوای ئه‌وه‌ش سه‌ركرده‌و كه‌سایه‌تییه‌كانی گۆڕان له‌گه‌ڵ رێزم بۆ به‌شێكیان كه له‌گه‌ڵمان بوون و هاوڕێمان بوون، به‌ڵام به‌شێكیان تا بینه قاقایان غه‌رق بووه له‌گه‌نده‌ڵی. بۆیه من ده‌ڵێم دوو هۆكار هه‌بووه، هه‌م ناڕه‌زایه‌تی خه‌ڵك و هه‌م ئه‌دائی خۆمان. درۆ و ده‌له‌سه‌ی ئه‌وانیش كه په‌یمانی بێ بنه‌مایان به‌خه‌ڵك ده‌دا كاریگه‌ریی هه‌بوو. ئێستاش بارودۆخه‌كه جیاوازه‌و یه‌كێتی دوای ئه‌و بارودۆخه‌ی له25-7-2009 دروستبوو، هه‌م بهخۆیداچۆتهوهو هه‌م پلینۆم و هه‌م كۆمه‌ڵێك بڕیاری باشی داوه.
ئاسۆ: له25-7-2009ه‌وه تائێستا گرژییه‌ك له‌نێوان گۆڕان و یه‌كێتیدا هه‌یه، ئێوه چۆن له‌و بارودۆخه ده‌ڕوانن؟، پێتانوایه پێویسته ئه‌و گرژییانه له‌نێوان هه‌ردوولا به‌یه‌كجاریی كۆتاییان پێبێت؟.
جه‌میل هه‌ورامی: گۆڕان خه‌ڵك ئیستفزاز ده‌كات، ئه‌وان هه‌ڵده‌ستن به‌بڵاوكردنه‌وه‌ی بوختان له‌سه‌ر تیڤی و سایته‌كان، خۆتان سایتی "كوردستان پۆست"تان خوێندۆته‌وه كه ئه‌وه ده‌رچووه له‌بنه‌ماكانی ئه‌خلاق و نه‌ریتی كاری راگه‌یاندن. ئێ خۆ ناكرێ تۆ تا سه‌ر بێده‌نگ بیت، ئه‌و هه‌ر بڵێی فڵان وایكرد و فیسار دزه، ئه‌وه ته‌وهینه به‌خه‌ڵك، چۆن ده‌كرێت له‌به‌رامبه‌ر ئه‌وه بێوه‌ڵام و بێده‌نگ بیت؟. من روونكردنه‌وه‌م پێ باشتره له‌وه‌ی گرژییه‌كان بگاته ئه‌وه‌ی خوانه‌خواسته شه‌ڕ رووبدات، هه‌رچه‌نده شه‌ڕ روونادات. چوونكه زه‌مه‌نی شه‌ڕ تێپه‌ڕیوه‌و خه‌ڵكی كوردستان باوه‌ڕیان به‌شه‌ڕ نه‌ماوه، ئه‌وان چه‌ند ئیستفزاز بكه‌ن ئێمه ناهێڵین بگاته ئه‌و ئاسته‌ی شه‌ڕی لێ بكه‌وێته‌وه، به‌ڵام ره‌نگه دوو گه‌نج له‌خواره‌وه هه‌ڵبچن و به‌یه‌كدا بده‌ن، به‌ڵام ناشكرێت تۆ ته‌وهین بهپیرۆزییهكان و پێشمه‌رگه بكرێت و وه‌ڵام نه‌ده‌یته‌وه. ناكرێت خه‌ڵكێك ماڵی له‌شووشه بێت و به‌رد بگرێته ماڵی خه‌ڵك، ئێمه هه‌موومان یه‌كتری ده‌ناسین و ده‌زانین ئه‌دای ئه‌و براده‌رانه چۆن بووه‌و ده‌زانین خه‌ڵك چی كردووه‌و چی نه‌كردووه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌وانه‌شدا دژی هه‌ر هه‌نگاوێكم كه ببێته هۆی بارگرژیی.
ئاسۆ: وه‌رگرتنه‌وه‌ی پۆستی سه‌رۆك كۆمار له‌لایه‌ن مام جه‌لاله‌وه له‌نێوه‌ندی سیاسیی كوردستان و عێراقدا مشتومڕی زۆری له‌سه‌ر ده‌كرێت. له‌نێو خودی یه‌كێتیشدا بیرورای جیاواز هه‌یه. بۆچوونێك هه‌یه ده‌ڵێت مام جه‌لال بۆ یه‌كێتی خۆی ته‌رخان بكات و ئه‌و پۆسته وه‌رنه‌گرێته‌وه. پرسیاره‌كه ئه‌وه‌یه به‌رای تۆ پێویسته مام جه‌لال پۆستی سه‌رۆك كۆمار وه‌ربگرێته‌وه یان خۆی بۆ رێكخستنه‌وه‌ی حزبه‌كه‌ی ته‌رخان بكات؟.
جه‌میل هه‌ورامی: من پێم چاكه مام جه‌لال له‌به‌غداد بێت، له‌به‌رئه‌وه‌ی بوونی ئه‌و پێویسته بۆ به‌رگریكردن له‌دۆزی كورد له‌به‌غداد، له‌به‌رئه‌وه‌ی مام جه‌لال له‌هه‌موو كه‌س زیاتر گوێی لێده‌گیرێت بۆ پاراستنی هاوسه‌نگی له‌نێوان لایه‌نه ناكۆكه‌كان "شیعه و سووننه". ئێستا مام جه‌لال له‌سه‌نگه‌ری پێشه‌وه‌ی خه‌باتی میللهتهكهماندایه و هه‌ر كاتێكیش بیه‌وێت ده‌توانێت بێته‌وه بۆ كوردستان، رێگه‌ی به‌غداد- سلێمانی سه‌عات و چارهكێكه و ده‌توانێت هه‌موو رۆژێكی هه‌ینی بگه‌ڕێته‌وه، هه‌روه‌ها مه‌كته‌بی سیاسیی به‌ئاسانی ده‌توانن بچن بۆ به‌غدا، ئێستا ته‌له‌فۆن و ئیمهیل و ئینته‌رنێت هه‌یه، خۆی سه‌رده‌می شاخ نه‌ماوه‌و مام جه‌لال له‌پشتی مامه‌نده بێت و له‌قه‌ره‌داغ كێشه هه‌بێت و نه‌توانێ بچێت بۆ ئه‌وێ.
ئاسۆ: پێتوایه ئه‌نجامه‌كان له‌نێوان یه‌كێتی و گۆڕاندا چۆن ده‌بن و پێشبینی هه‌ستانه‌وه‌ی یه‌كێتی ده‌كه‌یت؟.
جه‌میل هه‌ورامی: پێموایه یه‌كێتی ئه‌مجاره زۆر له 25-7-2009 باشتره و ئه‌دای باشتره، خۆشتان ده‌بینن رۆژانه ژماره‌یه‌كی زۆر له‌لایه‌نگرانی گۆڕان دێنه‌وه بۆ نێو ریزه‌كانی یه‌كێتی و ژماره‌یه‌كی زۆریش كه بهعاتیفه ده‌نگیان دابوو بۆ گۆڕان ئێستا په‌شیمانبوونه‌ته‌وه، بۆیه هه‌ڵبژاردنی ئه‌مجاره جیاوازیی زۆره‌و ئێمه وه‌ك یه‌كێتی زۆر باشتر ده‌بین له‌جاری پێشوو.
جه‌میل هه‌ورامی
*جه‌میل محه‌مه‌د حه‌سه‌ن "جه‌میل هه‌ورامی" ساڵی 1951 له‌ته‌وێڵه له‌دایكبووه.
*ساڵی 1968 بووه به‌پێشمه‌رگه له‌باڵی شۆڕشگێڕانی پارتی دیموكراتی كوردستان.
*ساڵی 1979 چۆته ریزی رێكسختنهكانی بزووتنه‌وه‌ی سۆشیالیستی كوردستان.
*ساڵی 1980 بۆته پێشمه‌رگه‌و له‌ژیانی پێشمه‌رگایه‌تیدا چه‌ندین پله‌و پۆستی جیاجیای سیاسیی و عه‌سكه‌ریی وه‌رگرتووه.
*له‌دوای راپه‌ڕینه‌وه چه‌ندین ئه‌رك و لێپرسراوێتی سیاسیی و سه‌ربازیی پێ سپێردراوه‌و ئێستاش به‌رپرسی كۆمه‌ڵه‌ی پێشمه‌رگه دێرینه‌كانی كوردستانه.
