زەردەشت قوربانی مەرامی دوژمنانی کوردە ... زانا قاسم دزەیی

بێ گومان مەرگی زەردەشت عوسمان هەموومانی هەژاند، بەتایبەتی چینی رۆژنامەنووسان و رۆشنبیران. کارەساتێکە کە ئەگەر بە عاقڵانە مامەڵەی لەگەڵ نەکرێت لەوانەیە کارەساتی دیکە و زۆر گەورەتریشی بەدواوە بێت.

راستە زەردەشت گەنجێکی یاخی لە دەسەڵات و خوێندکارێکی خوێن گەرم بوو.. بەڵام ئەوە بەس نییە بۆ ئەوەی دەسەڵات پیلان بۆ تیرۆرکردنی دابرێژێت. بەتایبەتیش ئەو دەسەڵاتەی کە تەواوی تواناکانی خۆی بۆ پاراستنی ئاسایش لە هەرێمدا خستۆتە گەر. ئێمە ئەگەر بە چاوی ویژدانەوە بەراوردی ئاسایشی هەرێم لەگەڵ ناوچەکانی دیکەی عێراق بکەین ئەوا دەبینین کە دەسەڵاتی کوردستان ئەگەر بۆ مانەوەی خۆشی بێت کارێکی ئێجگار پیرۆز و خزمەتێکی گەورەی بە خەڵکی کوردستان کردووە.

ئەوەی سەرنجی منی راکێشا هەڵقۆزتنەوەی ئەو رووداوەیە لە چەند لایەنێکەوە بۆ بەرژەوەندی تایبەت و تەسفیە حساباتی دیکە. بەداخەوە کە زۆرێک لەوانەی کە بەخۆیان دەڵێن رۆشنبیر و رۆژنامەنووس بوونە چەکی دەستی دوژمنان و نەیارانی ئەو ئارامییەی کە لە هەرێمی کوردستاندا بەرقەرارە. ئەگینا رۆژنامەنووسی پەیوەست بە ئەخلاقی پیشەیی هەرگیزا و هەرگیز بە بێ بەڵگە و بە لێکدانەوەی وەهمی قسە لەسەر هیچ بابەتێک ناکات و بەتایبەت بابەتێک کە پرسی ئاسایشی نەتەوەیەکی پێوە بەندە.

من نامەوێ لێرەدا بەرگری لە دەسەڵات بکەم و ناشمەوێ ببمە زورنابێێژی ئەو کەسانەی کە حیساباتی تایبەتیان لەگەڵ دەسەڵاتدا هەیە. بەڵام وەک هاوپیشەیەکی زەردەشت و هەموو ئەوانەی کە پێش رووداوەکان کەوتن، بە ئەرکی خۆمی دەزانم کە داوا لە هەموو لایەک بکەم ئارام بن و چاوەرێی ئەنجامی ئەو لێکۆڵینەوانە بن کە لە کاتی ئێستادا لەو بارەیەوە کاریان لەسەر دەکرێت.

ئەو واقیعەی کە ئەمرۆ لە کوردستاندا هەیە چواردەوری هەرێم و بگرە زۆر لە وڵاتانی دیکەشی نیگەران کردووە. کورد لە عێراق بە خێراییەکی زۆر بەرەو بەجیهانی بوون و نزیکبوونەوە لە سەربەخۆیی دەروات. ئەمەش مەحاڵە دوژمنان لێی بێ دەنگ بن بەتایبەتی لە ئێران کە دوێنێ چوار گەنجی کوردی لەسەر ناسنامە هەڵواسی. هەروەها هەموومان لە چاوی میدیاکانەوە بینیمان کە کرانەوەی حکومەتی ئەردۆگان بەرووی هەرێمی کوردستان و باشترکردنی پەیوەندیەکانی لەگەڵ کورد، سوریای نیگەران کرد و هەرزوو بۆ رێگەگرتن یاخود سنووردارکردنی ئەو پەیوەندییە بەشار ئەسەد خۆی گەیاندە ئەنکەرا و لە پرێس کۆنفرانسێکدا هەرێمی کوردستانی بە پشتیوانی پەکەکە تۆمەتبار کرد.

بە بروای من زەردەشت بەدەستێکی دەرەکی تیرۆر کراوە و ئامانجیش لێی ناشرین کردنی دەسەڵات و لێدانی ئەزموونی هەرێمەکەمانە. بۆیە پێویست دەکات هەموو لایەکمان دان بەخۆمان بگرین و کات بە حکومەت و دەزگا ئەمنییەکان بدەین بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوەی پێویست ئەنجام بدەن، و بە قسەی بێ بنەما و تۆمەتی بێ بەڵگە شیرازەی لێکۆڵینەوەکان نەشێوێنین.

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.

میوانانی سەر خەت

We have 38 guests and no members online