دەخوازین میللەت پشت بە تواناو بەهرەی خۆی ببەستێت
نێچیرڤان بارزانی وەك بەتەمەنترین سەرۆكی حكومەت لەڕووی ماوەی حكومڕانیكردنی هەرێمی كوردستان (1999-2009)، لەسەردەمی ئەودا كەرتی ئابووری كوردستان تاڕادەیكی باش بووژایەوەو پرۆسەی بازرگانی لەسایەی سیاسەتی بازاڕی ئازاددا كرانەوەی بەخۆوە بینی، هەروەها بزاوتی وەبەرهێنانیش جوڵەیەكی گەورەی كردو، بەهۆی رەخساندنی دەرفەتە جۆراوجۆرەكان پەیتا پەیتا سەرمایەگوزارانی بیانی روو لەم هەرێمە دەكەن و رۆژانە شوێندەستی ئەم سیاسەتە سەركەوتووانە بەدی دەكرێت.
لەم روانگەیەوە «بازرگانیی سەردەم» لەدەرفەتێكدا سەرۆكی پێشووی حكومەتی هەرێمی كوردستان پاڵەوانی ئەم دەسكەوتانە و زۆری تریشی دواندو، ئەویش ئاماژەی بە بەشێك لە پلان و روئیاكانی خۆی لەم رووەوە كرد.
ژێرخانی ئابووریمان نییە
بە بابەتی گەشەسەندنی كەرتی ئابووری و بزاوتی بازرگانی و وەبەرهێنان لەسەردەمی حكومڕانی ئەودا، چوومە نێو پرسیارەكانەوەو، لێم پرسی ئایا تەواوی پلانەكەی خۆتت جێبەجێ كرد؟ نێچیرڤان بارزانی لەوەڵامدا گوتی: راستە من 10 ساڵ سەرۆكی دوو كابینەی حكومەت بووم، بەڵام تا ناوەڕاستی ساڵی 2003 هەموو لایەك دەزانن كە هەرێمی كوردستان بارودۆخێكی تایبەتی هەبوو، دوو گەمارۆشمان لەسەر بوو، دواتریش گۆڕانكاری لە گۆڕەپانی سیاسی عێراق و ناسەقامگیری ئەمنی، دەرفەتی نەدا بەرنامەكەمان بەتەواوی جێبەجێ بكەین، دوای یەكگرتنەوەی حكومەتیش تەمەنی كابینەی پێنجەم زۆر كورت بوو (3 ساڵ)، بێگومان نەمانتوانی هەموو ئەركەكانی سەر شانمان جێبەجێ بكەین، كار زۆر ماوە بكرێت، بەڵام ئارامی و خۆراگری دەوێت، وڵاتەكەمان وێرانە بوو، ئێمە دەبێت زۆر واقیعی بین، خەڵكی ئێمەش دەبێت خۆڕاگری زۆرتری هەبێت. هاووڵاتیانی كوردستان شایانی هەموو خزمەتگوزارییەكن. كێشەی گەورەمان هەیە لەم وڵاتەدا، بە بودجەیەكی سنووردار كە لەبەغدا بۆمان دێ وڵاتێكی وێران وا بەئاسانی ئاوەدان ناكرێتەوە، ئەوەی پێی دەگوترێ ژێرخانی ئابووری لەم وڵاتەدا نییە. ژێرخانی ئابووری بە ساڵێك و دووان و سیان دروست نابێت، ماوەی دەوێ، گرنگ لێرەدا ئەوەیە ئایا ئەو سیاسەتەی داڕێژراوە لەسەر رێگەیەكی راست دەڕوات یان نا.
با سەرمایەگوزارانی كورد بگەڕێنەوە
سەبارەت بە پەرەپێدانی تواناكان لەرێگەی سەرچاوەی مرۆیی خۆماڵی بۆ بونیاتنانی كۆمەڵگە، نێچیرڤان بارزانی گوتی: پەرەپێدانی توانای مرۆیی و تەكنیكی لەلایەك و پەرەپێدانی سەرچاوە سروشتیەكانمان لەلایەكیترەوە، وەكو حكومەت جێگەی بایەخی تایبەتیمان بوو، تێڕوانینی ئێمە بۆ بونیاتنانی كۆمەڵگەیەكی شارستانی و خۆشگوزەران و ئارام لەهەرێمی كوردستان بە پەرەپێدانی تواناكانمان دەستپێدەكات، ئێمە وەكو حكومەتی هەرێم لەپێناو وەدیهێنانی ئەم ئامانجە سەرچاوەی دارایی زۆرمان تەرخان كرد، بەڵام پێویستە كەرتی تایبەت و سەرمایەدارانی ناوخۆو بیانی هەوڵی زیاتر بدەن بۆ مسۆگەركردنی سەركەوتنی ئەم ئامانجە. ئەزموونی سەركەوتووی گەلانی تری جیهان ئەوەمان پیشان دەدات، كە دەبێت گۆڕانێكی بنەڕەتی دروست بێت و نموونەی پاشكەوتوویی و گەشەنەكردن، بۆ بەشداری پێكردن و گەشەپێدانی سەرچاوەی مرۆیی خۆماڵی بگۆڕدرێت.
نێچیرڤان بارزانی هەماهەنگی نێوان كەرتی تایبەت و حكومەتی بە گرنگ زانی و رایگەیاند: كەرتی تایبەت داینەمۆی ئابوورییە لەهەر وڵاتێكدا و دەتوانێت یارمەتیدەری حكومەت بێت. پێویستە كەرتی تایبەت و حكومەت دەست لەناو دەست بنێن. دەبێت روو لەئایندە بكەین و بە بەشداری كەرتی تایبەتی ناوخۆو دەرەوەش دەتوانین رێگەیەكی زۆر درێژ بەماوەیەكی زۆر كورت ببڕین. داوام لەهەموو سەرمایەگوزارێكی كوردە لە دەرەوەی وڵات، بگەڕێنەوە هەرێمی كوردستان و سەرمایەكانیان بخەنەگەڕ بۆ خزمەتكردنی خۆیان و وڵاتەكەیان.
هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی تەكنەلۆژیا
ئەمڕۆ تەكنەلۆژیا ئاوێتەی پرۆسەی گەشەسەندنی كۆمەڵگە بەتایبەتی لەڕووی ئابوورییەوە بووە، لەبارەی گرنگی ئەم لایەنە و پێویستبوونی لەهەرێمی كوردستاندا، نێچێرڤان بارزانی گوتی: ئێمە ئێستا بەشێكین لە سیستمی ئابووری گشتگیری جیهانی، سیستمێك كە بە رێنمایی و رێساكانی رێكخراوی بازرگانی جیهانی و یاساكانی كێبركێ و یاساكانی پاراستنی مافی خاوەندارێتی و رێساكانی كۆنترۆڵی جۆری و ستانداردی نێودەوڵەتی رێكدەخرێت. بەرهەمهێنانی كاڵاو پشتبەستن بە لایەنی زانست و تەكنەلۆژیا ئەمڕۆ باڵی بەسەر جیهاندا كێشاوە، بۆئەوەی ببینە بەشێك لەم جیهانە تازەیەی تەكنەلۆژیاو بەرهەمهێنان، پێویستە لەبواری فێربوون و خۆپەروەردەكردن سەركەوتن و پێشكەوتن بەدی بهێنین.
