حه‌مه‌سوار عه‌زیز: ئه‌و ئێواره‌یه له‌و دیو شه‌پۆله‌كانی مۆبایله‌وه هاوڕێی رۆژنامه‌نووسم عه‌بدولغه‌فار عه‌بدوڵا ئاگاداری كردمه‌وه شانۆگه‌ری (مه‌مله‌كه‌تی عیلله‌ت) كه تیپی شانۆی رهنگاڵهپێشكهشیدهكات، زیاتر له‌حه‌فتا رۆژه نمایشده‌كرێت ورۆژانه‌ش هۆڵه‌كه پڕده‌بێت له بینه‌ر و داوای لێكردم كه بایه‌خ به‌و دیارده تازه‌ییه‌ی نێو شانۆی كوردی بده‌م وبابهتێكی له‌سه‌ر بنووسم، منیش بڕیارمدا دیده‌نی ئه‌و شانۆییه بكه‌م، ئه‌وه‌بوو رۆژی هه‌ینی به‌یاوه‌ری هاوڕێیانی هونه‌رمه‌ندم (عومه‌ر مامه كورده و قاسم نوری) به‌ره‌و سلێمانی به‌ڕێكه‌وتین، سه‌عات ونیوێك پێش واده‌ی نمایشه‌كه گه‌یشتین، به‌ڵام كه ویستمان بلیتی شانۆییه‌كه ببڕین، پێیان ووتین كه بڵیت ته‌واو بووه، منیش بۆ ئه‌وه‌ی ژماره‌ی مۆبایڵهكهی هونه‌رمه‌ند ماهیر حه‌سه‌ن له عهبدوڵغهفاری هاورَیم وه‌رگرم، په‌یوه‌ندییم پێوهكردو ژماره‌كه‌ی پێدام، به‌ڵام كاك غه‌فار هه‌رخۆشی په‌یوه‌ندی به‌و برادهرهكرد كه بڵیت دابه‌شده‌كات وداوای لێ‌كرد كه‌سێ بڵیتمان بۆ چاره بكات، ئه‌و براده‌ره‌ش سێ بڵیتی نهۆمی سه‌ره‌وه‌ی پێداین، كه‌نرخی هه‌ر بڵیتێك پێنج هه‌زار دینار بوو، دواتر كه ماهیر هات وئێمه‌ی بینی رێزێكی زۆری لێگرتین وپاره‌ی بڵیتهكانی گه‌ڕانده‌وه و ووتی"ئێوه میوانی ئێمه‌ن "و جێگه‌یه‌كی باشی له‌ریزی پێشه‌وه‌ی بینه‌ران بۆ دابینكردین، ئه‌وه‌بوو خه‌ڵكه‌كه‌ش په‌یتا په‌یتا ده‌هاتنه ژووره‌وه تا هه‌موو كورسییه‌كانی نهۆمی خواره‌وه‌و سه‌ره‌وه ته‌واو بوون، دواتر له‌ژێر پاڵه‌په‌ستۆی خه‌ڵكانی ده‌ره‌وه‌ی هۆڵه‌كه رێره‌وه‌ی نێو هۆڵه‌كه ش پڕبوون، ئه‌وه‌ش لای من پێشئه‌وه‌ی هیچ مانایه‌ك ببه‌خشێت، وێنه‌یه‌ك بوو پێویستی به ته‌علیق نه‌بوو، چونكه من ئه‌و جۆره دیمه‌نانه‌م ته‌نها له كۆنسێرته‌كانی زه‌كه‌ریا وعه‌دنان كه‌ریم بینیووه، یه‌كه‌مجاره له نمایشێكی شانۆیی ئه‌و ئاپۆرهییه ده‌بینم، مه‌گه‌ر ته‌نها له‌رۆژی یه‌كه‌می نمایشێكدا بێت، به‌ڵام له‌بیرمان نه‌چێت ئه‌و رۆژه‌ی من باسی لێوه ده‌كه‌م رۆژی حهفتاوپێنجهمینی نمایشی ئه‌و شانۆگه‌رییه بوو، له‌هه‌موو نمایشه‌كانیش چوونه‌ژووره‌وه به‌خۆڕایی بووه كه‌چی لێره بلیت به پێنج هه‌زار دیناربوو، به‌تێڕوانینی من ئه‌مه‌یان خاڵێكی یه‌كجار گرنگه‌و ده‌شێ هه‌ڵوه‌سته‌ی زۆری له‌سه‌ر بكه‌ین، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌ده‌ر له‌ناوه‌رۆكی كۆمیدی نمایشه‌كه، ماهیر وهاوڕێیانی توانیان حورمه‌تێك بۆ شانۆ بگێڕنه‌وه وخه‌ڵك شانۆ وه‌ك ده‌رگای حه‌سارێك نه‌بینێت هه‌ركاتێ حه‌زیكرد یه‌كسه‌ر بچێته ژووره‌وه وهیچ ئیعتبارێك بۆ ئه‌و هونه‌ره نه‌كات، تۆ گه‌رده‌ته‌وێت شانۆیی ببینیت ده‌بێ پاره بده‌یت وبلیت بكڕیت وبه‌ریز بچیته ژووره‌وه، شتێكی تر كه به‌پێچه‌وانه‌ی پێشبینییه‌كه‌ی من بوو ئه‌وه‌بوو كه‌من وامده‌زانی زۆرینه‌ی ره‌های بینه‌رانی ئه‌و نمایشه له گه‌نج وههرزهكاره كوڕهكانن، به‌ڵام ئه‌و رۆژه بۆم ده‌ركه‌وت كه‌چه‌ند هه‌ڵه‌بووم، له‌به‌رئه‌وه‌ی خێزانه‌كان به‌گه‌وره‌و بچووكه‌وه زۆرینه‌ی بینه‌ری نمایشه‌كه‌یان پێكده‌هێنا ودایك وباوك كوڕ وكچ به‌یه‌كه‌وه له‌ریزی به‌رده‌م ده‌رگای چوونه‌ژووره‌وه وه‌ستابوون، كهبهڵای منه‌وه ئه‌مه جوانترین دیمهنهچاوهڕواندهكرێت له ده‌سپێكی نمایشێكدا ببینرێت، نمایشێك كه‌ماوه‌كه‌ی نزیكه‌ی دوو سه‌عات ده‌بێت كه‌چی یه‌كێكم نه‌بینی هه‌ڵسێت وله هۆڵه‌كه بچێته‌ده‌ره‌وه، وه‌ك ئه‌وه‌ی لای ئێمه خه‌ریكه ده‌بێته نه‌ریت وهه‌ر نمایشێك له‌سه‌عاتێك تێپه‌ڕێت خه‌ڵك به‌لێشاو هۆڵه‌كه به‌جێدێلن بێ ئه‌وه‌ی هیچ ئیعتبار‌و رێزێك بۆ ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ی سه‌رشانۆ له‌به‌ر چاوبگرن، كهبهرلهههموو شتێك ئه‌وه گه‌وره‌ترین سوكایه‌تیكردنه به‌و هونه‌رمه‌ندانه، به‌داخه‌وه كه‌من زۆر خه‌ڵكی ناسراو ورۆشنبیرم بینیووه كه‌له‌نیوه‌ی نمایش ده‌چنه ده‌ره‌وه، نه‌وه‌كو له‌به‌رئه‌وه‌ی كه ئاستی نمایشه‌كه‌یان به‌دڵ نییه، ته‌نها له‌به‌رئه‌وه‌ی كه ئه‌وان واڕاهاتوون نابێت نمایشی شانۆیی له چل وپێنج ده‌قه تێپه‌ڕێت ده‌نا بێزار ده‌بن، كه‌چی به چوار یا پێنج سه‌عات له‌سه‌ر مێزی خواردنه‌وه خه‌ریكی نیفاق و چاڵههڵكهندنن بۆ ئه‌م و ئه‌و بێئه‌وه‌ی بێزارییان پێوه دیاربێت، یا یه‌كێكم نه‌بینی كهباوێشكی خه‌وهاتن بدات، وه‌كو ئه‌وه‌ی له هه‌ندێ نمایشی لای خۆمان ده‌بینرێن، به‌پێچه‌وانه‌وه له‌كۆتایی نمایشه‌كه‌ش وه‌كو ئه‌وه وابوو كه تازه هاتووینه ژووره‌وه هێشتا تینووی ئه‌وه‌ین چه‌ند ساتێكی تریش له‌و نمایشه ببینین، به‌هه‌رحاڵ ره‌نگه ستایلی كۆمیدی نمایشه‌كه فاكته‌رێكی سه‌ره‌كی بێت بۆ ئه‌و كاردانه‌وه ئیجابییه‌ی بینه‌ر له‌گه‌ڵ ئه‌و نمایشه، به‌ڵام خۆ ده‌بێ بپرسین كۆمیدیا چییه، ئایا كۆمیدیا هونه‌ره یا شتێكی تره، وه ئایا هه‌موو ئه‌كته‌رێك ودهرهێنهرێك بۆ ئه‌وه له‌بارن كه كاری كۆمیدی پێشكه‌شبكه‌ن، یاخود ده‌بێ بپرسین چی كۆمیدیا له ته‌هریج جیا ده‌كاته‌وه، دوا پرسیاریش ئه‌وه‌یه كه‌ئایا شانۆی كۆمیدی به‌مانای شانۆی بازرگانی دێت، تاچه‌ندیش ره‌وایه شانۆ وه‌ك هونه‌رێكی مه‌زن روویه‌كی بازرگانی هه‌بێت؟
سه‌ره‌تا ئه‌رستۆ پێناسه‌ی كۆمیدیا ده‌كات وده‌ڵێت "كۆمیدیا دووفاقی ولهبهریهك هه‌ڵاتنی چاكه‌و خراپه‌یه، به‌و مانایه‌ی ئاشكراكردنێكی ره‌خنه‌ییه له نێوان شتێك و پێچه‌وانه‌كه‌ی، سه‌ره‌تای ده‌ركه‌وتنی ئه‌و ستایله شانۆییه‌ی كه پێی ده‌وترێت كۆمیدی، بۆ سه‌رده‌می یۆنانییه‌كان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌و ئهرستۆڤان (450-388 پ. ز) وه‌ك یه‌كێك له دیارترین نووسه‌ری تێكستی شانۆیی كۆمیدی ئه‌و سه‌رده‌مه ناسراوه، له‌و سه‌رده‌مه‌دا له‌نێو نمایشی كۆمیدی كه تایبه‌ت له‌یاده‌كانی زاوزێ وپیتاندن نیشاندهردرا، زۆر قسه‌ی سووك و نمایشی گه‌وره‌كراوی ئه‌ندامه‌كانی زاوزێی تێدا ده‌كرا، به‌ڵام كه ئه‌رستۆفانس هات تێگه‌یشتنێكی تری به كۆمیدیا به‌خشی و به‌شێوه‌یه‌كی روون ره‌خنه‌ی له ده‌سه‌ڵات گرت، به‌تایبه‌تیش ئه‌و كاته بازرگانانی شه‌ڕ له لوتكه‌ی ده‌سه‌ڵات بوون، بۆیه ئه‌رستۆفانس وا ناسرابوو كه گاڵته‌ی به هه‌موو ده‌سه‌ڵاته‌كان دهكردو مه‌یلێكی زۆری هه‌بوو بۆ گه‌ڕانه‌وه بۆ دوێنێ و هه‌موو ئه‌و جوانیانه‌ی كهلهدوێنێی ئه‌و كۆمه‌ڵگایه هه‌بوو، نووسه‌رو ئه‌كته‌ری فه‌ڕه‌نسی به‌ناوبانگ (مۆلیێر 1622-1673 ز) به یه‌كێك له‌باشترین نووسه‌ره كۆمیدییه‌كان ده‌ژمێردرێت و له‌شانۆنامه‌كانی لایه‌نگری گه‌نجه‌كان ده‌كات وكار بۆ ره‌تكردنه‌وه‌ی بیروڕا به‌سه‌ر چووه‌كان ده‌كات به‌تایبه‌تیش باڵاده‌ستی كلێسا به‌سه‌ر هه‌موو وورده‌كارییه‌كانی ژیان، بۆیه زۆرجار له‌ژێر فشاری كلێسا شانۆنامهكانی وه‌ستێنراوه یا قه‌ده‌غه‌كراوه، به‌ڵام دواجار به‌هۆی پایه‌ی جه‌ماوه‌ری مۆلیێر ونزیكی له پادشا لویسی چوارده‌م كه شانۆیه‌كی شاهانه‌ی تایبه‌تی بۆ دروستكردبوو شانۆییه‌كانی بۆ چه‌ندین جار نمایشكراونهتهوه، مۆلیێر كاری له‌سه‌ر ئه‌وه كردووه كه‌دوو دیدگای جیاواز له‌سه‌ر شانۆ نمایشبكات، یه‌كێكیان ئه‌و دیدگایه‌یه كه مرۆڤ تیایدا سه‌یری خۆی ده‌كات و ئه‌و دیدگایه‌ش كه خه‌ڵكانی تر له روانگه‌یه‌وه سه‌یری ده‌كه‌ن، بێگومان كۆمیدیا شێوازی جۆراو جۆری هه‌یه، ستایڵی نووسینه‌وه‌ی شانۆی كۆمیدیش جیاوازه، بۆ نمونه كۆمیدیای تاكه كه‌س هه‌یه، لێره‌دا نووسه‌ر له نووسینه‌وه‌ی تێكسته‌كه ئه‌كته‌رێكی كۆمیدی دیاریكراوی له‌به‌رچاوه، تێكسته‌كه تایبه‌ت به تواناكانی ئه‌و ئه‌كته‌ره داده‌رێژێت، وه‌ك فیڵمه سینه‌ماییه‌كانی ئیسماعیل یاسین وشانۆییهكانی هونه‌رمه‌ند عادل ئیمام، به‌تایبه‌تیش هه‌رسێ شانۆگه‌ری (شاهد ماشافش حاجه، الزعیم، الواد سید الشغال) كه‌تایبه‌ت بۆ عادل ئیمام نووسراونه‌ته‌وه، ئه‌گه‌ر بێتوو ئه‌كته‌رێكی تر ئه‌دای ئه‌و كاره‌كته‌رانه‌ی ئیمام بكات، ئه‌وا بێگومان نمایشه‌كه سه‌دا هه‌شتای ئیحساسی كۆمیدی خۆی له‌ده‌ستده‌دات، به‌ڵام ئه‌گه‌ر سه‌یری شانۆگه‌ری (مدرسه المشاغبین) بكه‌ین ده‌بینین ئه‌دای به‌كۆمه‌ڵی كۆمیدیا زاڵه به‌سه‌ر ئه‌دای تاكه كه‌سی، بۆیه له شانۆگه‌رییه‌كانی عادل ئیمام زۆرینه‌ی ئه‌و دیمه‌نانه‌ی كه‌لای ئه‌و به كۆمیدیا ده‌كه‌ونه‌وه، ئه‌گه‌ر ئه‌كته‌رێكه تر ئهدایانبكات، دیمه‌نی زۆر ساده‌و ئاسایی دهدهركهون وهیچ سیمایه‌كی كۆمیدییان پێوه‌دیار نابێت.
شانۆی كۆمیدی شانۆیه‌كی بازرگانییه، به‌ڵی ئه‌م تێروانینه سه‌داسه‌د دروسته چونكه شانۆی كۆمیدی یه‌كێك له‌و شێوازه شانۆییانه‌یه كه ده‌كرێت وه‌ك پیشه‌سازییه‌ك كاری له‌سه‌ر بكرێت وقازانج دروستبكات، به‌ڵام هه‌رگیز شانۆی كۆمیدی ئه‌گه‌ر بازرگان‌یش بێت مانای ئه‌وه نییه كه هونه‌رمه‌ند بازرگانی به هونه‌ره‌كه‌ی ده‌كات وه‌ك ئه‌وه‌ی كه‌سانێك تێیگه‌یشتوون، راسته هه‌ندێ جار ده‌بینین كه‌چه‌ند كه‌سێكی ناهونه‌رمه‌ند به‌ناوی شانۆی كۆمیدی نمایشێكی پڕ له سوكایه‌تی به‌شانۆو هه‌موو به‌هاجوانه‌كانی هونه‌ر پێشكه‌شده‌كه‌ن وتاكه مه‌به‌ستیشیان ئه‌وه‌یه كه بازرگانی به‌و هونه‌ره‌وه بكه‌ن كه‌له‌راستیدا نییانه ولێیان بێبه‌رییه، بۆیه ئه‌و شانۆ كۆمیدیه‌ی كه به‌هاكانی خێر‌و شه‌ڕ و چاكه‌و خراپه‌ی تێدایه و قسه‌ی له‌سه‌ر دیارده نه‌ویستراوه‌كانی ده‌سه‌ڵات و كۆمه‌ڵگا هه‌یه، زۆر ئاساییه‌و زۆریش ره‌وایه كه ئهوشانۆییه قازانج بكات وپاره په‌یدابكات، چونكه ئه‌و كاته شانۆ ده‌توانێ په‌ره به‌خۆی بدات وبچێته پێشه‌وه، ئه‌وه‌ش یه‌كه‌م هه‌نگاوی دروستبوونی شانۆیه‌كی راسته‌قینه‌یه كه پشت به حكومه‌ت نابه‌ستێت بۆ دابینكردنی بودجه‌و تێچووی شانۆیی، كه‌به‌داخه‌وه رۆژانه له میدیاكان ئه‌وه‌مان به‌رچاو ده‌كه‌وێت كه شانۆكاران گله‌یی و گازانده‌ی زۆریان له‌و بواره هه‌یه و هه‌موو كار‌و داهێنانی ئه‌وان په‌یوه‌سته به‌مه‌رحه‌مه‌تی حكومه‌ت وئاستی به‌خشینی، بۆیه نه‌وه‌كو شه‌رمه‌زاری نییه كه شانۆ بازرگانی بێت و پاره په‌یدابكات، به‌ڵكو به‌پێچه‌وانه‌وه ده‌بێ له‌مه‌ودوا هه‌موو شانۆیه‌ك كار بۆ ئه‌وه بكات كه رووێكی بازرگانی به‌شانۆ ببه‌خشێت وئیتر شانۆ ته‌نیا پشت به‌خۆی ببه‌ستێت وچاوی له‌ده‌ست وكهڕهمی هیچ ده‌زگایه‌ك نه‌بێت، ئینجا ده‌توانین شانۆیه‌ك دروستبكه‌ین وپه‌ره‌ی پێده‌ین.
شانۆگه‌ری (مهمڵهكهتی عیلله‌ت) له نووسینی وحید حامید و ده‌رهێنانی به‌كر مستهفاو نواندنی ژماره‌یه‌ك ئه‌كته‌ری كۆمیدی ناسراوی سلێمانی له‌وانه (ماهیر حه‌سه‌ن، ئه‌حمه‌د جۆڵا، كه‌مال چالاك وبه‌یان زه‌ریفی و... تاد)، ئه‌م شانۆییه كه هه‌شته‌م به‌رهه‌می ئه‌و تیپه‌یه، نووسه‌ره‌كه‌ی هونه‌رمه‌ندێكی به‌ناوبانگی میسرییه له هه‌ردوو بواری شانۆ‌و سینه‌ما، كهنمایشهكه ده‌بینیت هه‌ست ده‌كه‌یت هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه ئه‌م شانۆییه بۆ ئه‌كته‌رێكی كۆمیدی گه‌وره نووسراوه‌ته‌وه كه رۆڵی سه‌ره‌كی تیا ببینێت، كه ره‌نگه عادل ئیمام یا محه‌مه‌د سوبحی یا محه‌مه‌د هنێدی یا ئه‌شره‌ف عه‌بدولباقی، یا هه‌ریه‌كێك له‌ئه‌كته‌ره ناسراوه‌كانی كۆمیدیا له وڵاتی میسربێت، له‌و نمایشه‌ی كه تیپی ره‌نگاڵه‌ش پێشكه‌شیانكرد زۆر به‌شایسته‌یی هونه‌رمه‌ند (ماهیر حه‌سه‌ن و كه‌مال چالاك وئه‌حمه‌د جۆلا وبه‌یان زه‌ریفی) و هه‌موو هاورێكانیان سه‌لماندیان كه ئه‌وان هیچیان له‌و ئه‌كته‌ره به‌ناوبانگانه‌ی میسر كه‌متر نییه، ئه‌گه‌ر تێكستی شانۆیی شیاو هه‌بێت بتوانێت توانا‌و ئیمكانیه‌تی ئه‌وان بته‌قێنێته‌وه، به‌تایبه‌تیش هه‌ردوو هونه‌رمه‌ند ماهیر حه‌سه‌ن وئه‌حمه‌د جۆڵا پاشئه‌وه‌ی له فه‌نته‌لۆس له‌به‌ر لاوازی تێكست وشێوازی كاركردنی ئه‌و درامایه، زۆر له ره‌ونه‌قی كۆمیدی خۆیان له‌ده‌ستدا، جارێكی تر له‌و شانۆییه سهلمَاندیان كه ئه‌وان زۆر زیاتریان پێیه له‌وه‌ی كه تائێستا پێشكه‌شیانكردووه ئه‌گه‌ر تێكستی كۆمیدی شیاو و ده‌رهێنه‌ری شاره‌زای ئه‌و بواره به‌دانایی كاریان له‌سه‌ر بكات، بۆیه من هه‌ڵبژاردنی ئه‌و تێكسته میسرییه به بیركردنه‌وه‌یه‌كی باش ده‌بینم له‌به‌رئه‌وه‌ی نووسه‌ری كورد به‌درێژایی ته‌مه‌نی كاری شانۆیی كوردی سه‌لماندویه‌تی كه ناتوانێت له‌بواری كۆمیدیادا داهێنان بكات به‌درێژایی ئه‌و مێژووه‌ش جگه له‌چه‌ند كارێكی ئێره‌و ئه‌وێ ده‌نا له‌و بواره‌دا نه‌یانتوانیوه كاری باڵا بكه‌ن، بۆیه زۆرینه‌ی ئه‌و شانۆییه كۆمیدییانهی كه‌به‌درێژایی مێژووی شانۆی كوردی پێشكه‌شكراون له تێكستی بیانی وه‌رگیراون به‌تایبه‌تیش كاره‌كانی گۆگۆل ومۆلیێر، به‌كوردیكردنی لۆكه‌یشنی ئه‌و كارانه‌ش یه‌كێكه له‌و هه‌نگاوه جیدییانه‌ی كه شانۆكارانی كورد زۆر به‌چاكی كاریان لهسهركردووهو سه‌ركه‌وتنی بێ وێنه‌یان له‌م بواره نواندوه، بۆ نمونه شانۆیی (پیسكه‌ی ته‌ڕپیر-البخیل) مۆلیێر، و (جه‌نابی موفه‌تیش-المفتش العام) ی گۆگۆل و شانۆگه‌ری (هه‌بوو نه‌بوو-كان یاماكان) ی قاسم محه‌مه‌د، كه‌له حه‌فتاكان و هه‌شتاكان به‌شێوه‌یه‌كی زۆر نایاب كوردێندراون، كه ره‌نگه كه‌سانێكی زۆر هه‌ست به‌وه نه‌كه‌ن كه ئه‌م شانۆییه له تێكستێكی بیانی وه‌رگیراوه، مه‌مله‌كه‌تی عیللهتیش به‌شێوه‌یه‌كی باش هه‌وڵی ئه‌وه‌ی بۆ دراوه كه تێهه‌ڵكێشی لۆكه‌یشنی كوردی بكرێت، ئه‌گه‌رچی به‌لای منه‌وه كه ئه‌م شانۆییه پانتایی زیاتری تیا هه‌بوو كه‌كاری باشتری له‌سه‌ربكرێت له‌م روانگه‌یه‌وه.
ره‌نگه ئه‌م شانۆییه له‌پێناو رازیكردنی بینه‌رو زامنكردنی زۆرترین ژماره‌یان له هه‌ندێ شوێندا كۆمه‌لێك ده‌سته‌واژه‌ی ناشایسته‌ی به هونه‌ری شانۆی تیادا كه‌وتبێت، كه‌ئه‌مه‌ش نه‌وه‌كو هه‌ر له‌شانۆی كۆمیدی كوردی به‌ڵكو له‌زۆرینه‌ی شانۆییه‌كانی ده‌وروبه‌ریش تێیده‌كه‌وێت وده‌بینرێت، به‌ڵام من هیوادارم تا ئه‌و جێگایه‌ی كه رۆحی كۆمیدی نمایشه‌كه لاواز ناكات با خۆمان له‌و جۆره قسه بازاڕییانهو ده‌سته‌واژه نه‌شیاوانه دووربخه‌ینه‌وه و هه‌وڵبده‌ین كه شانۆ له‌پاڵ ره‌خنه‌گرتن و كۆمیدیاش په‌یامی په‌روه‌رده‌یی خۆی ووننهكات ونه‌چێته پاڵ ئه‌و هه‌ڵمه‌ته‌ی كه ئه‌و سیبَدییه سووكانه‌ی به‌ناوی فیڵمی كۆمیدییه‌وه بڵاو ده‌كرینه‌وه به‌رپایان كردووه‌و خه‌ریكه بینه‌ری كورد قێز له‌ناوه‌رۆكی سێدییهكان وئه‌و روخسارانه ده‌كاته‌وه كه‌له‌و سێدییانه ده‌رده‌كه‌ون.
ئێستا كه‌من باس له شانۆگه‌ریی مه‌مله‌كه‌تی عیلله‌ت ده‌كه‌م هه‌واڵی ئه‌وه‌م هه‌یه كه ئه‌م نمایشه زیاتر له 100 رۆژه نمایشده‌كرێت و بینه‌ر به‌په‌رۆشه‌وه ده‌یبینێت، ئه‌وه‌ش له‌گه‌ڵ نمایشێكی پێشووی هه‌مان تیپ كه نمایشی (كه‌لاوه‌كه) بوو ژماره‌یه‌كی پێوانه‌ییه له ژماره‌ی رۆژه‌كانی نمایش وژماره‌ی ئه‌و بینه‌رانه‌ی كه نمایشێك ده‌بینن، حه‌قه ئه‌گه‌ر وه‌زاره‌تی رۆشنبیریش به‌و هه‌موو شاره‌زاو راوێژكاره‌وه نه‌توانن هه‌ڵوه‌سته‌یه‌ك له‌سه‌ر ئه‌و ژمارانه بكه‌ن و به‌شێوه‌یه‌كی جیددی توێژینه‌وه‌و شرۆڤه‌ی بكه‌ن، شانۆكاره‌كانی لای خۆمان شه‌رم بیانگرێت و موراجه‌عه‌ی ئه‌و هه‌موو ئیشه عهنتیكانهی خۆیان بكه‌نه‌وه كه به‌ناوی نمایشی شانۆیی پێشكه‌شیانكردووه وبزانن ئه‌وان له كوێن و خه‌ڵكی تریش كه نیو ئه‌وه‌نده‌ی ئه‌وان پاره‌یان لێره‌و له‌وێی ئه‌و حكومه‌ته حه‌یاته ده‌سناكه‌وێت وله‌سه‌ر ئه‌ركی خۆیان وبهبڕوابوون به‌خۆیان وهونهرهكهیان، كارێك ده‌كه‌ن كه نه‌وه‌كو له‌م رۆژانه‌ی ئێستامان به‌ڵكو به‌درێژایی مێژووی ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه‌ی كه‌پێی ده‌ووترێت شانۆی كوردی ئه‌م ژماره پێوانه‌ییه تۆمارنه‌كراوه.
