
شه‌هیدێک له باخچه‌کانی نیشتماندا ئه‌بێته گوڵ!
تۆ هاواری گه‌رووی تاساوی شارێک بوویت
له شه‌وی نیشتمانێکدا دیواری ترس و بێده‌نگییت ڕوخاند.
تۆ له چاوی هه‌مووماندا ئه‌و فرمێسکه غه‌مگینه بوویت
ڕۆحی (سلێمانی) ت ته‌ڕکرد!
ئه‌ی ئه‌و شه‌هیده نازداره‌ی
ده‌ستێکت به ده‌ستی هه‌تاوه‌وه گرتبوو
ده‌سته‌که‌ی تریشت له‌سه‌ر دڵی نیشتمان دانابوو.. !
تۆ به‌دره‌ختی ژیانه‌وه په‌ڕه‌ی گوڵ بووی!
تۆ له‌شه‌قامی حوزندا چرای دڵ بووی!
***
دوا سه‌فه‌ر بوو ئه‌ی شه‌هیده نازداره‌که، دوا سه‌فه‌ربوو.. !
هه‌ر له ئێواره‌ی شاره‌وه،
هه‌ر له زامی ده‌مه‌و سه‌حه‌ری ئه‌م گه‌له زامداره‌وه،
هه‌ر له شه‌وی وڵاته‌وه دیار بوو ئه‌مه دوا سه‌فه‌ری تۆیه!
پێش سه‌فه‌ر، مانگ ئه‌یوت:
ئه‌م ئێواره‌یه تریفه‌م غه‌مناکه و
ئه‌م ئێواره‌یه ئه‌ستێره‌کانی ده‌ورم له خاچی ته‌نیایی دراون..
مانگ به‌ده‌م موناجاتی نیشتمانه‌وه ئه‌یوت:
ئه‌م ئێواره‌یه شه‌هیدێک کۆچ ئه‌کا و
ئه‌م ئێواره‌یه شێرکۆیه‌ک نا‌گه‌ڕێته‌وه بێشه‌که‌ی!
دوای سه‌فه‌ریش، ئه‌ی شه‌هیده چه‌له‌نگه‌که‌م،
دوای سه‌فه‌ریش، " گۆیژه " به خۆی و دره‌خته‌کانیه‌وه
به خۆی و حیکایه‌ته‌کانیه‌وه هاتنه خوارێ!
گۆیژه‌م بینی
به‌ده‌م گریانه‌وه گوڵی فرمێسکی ئه‌نارده
سه‌ر شه‌قامی '' پیره‌مێرد'' و
له‌وێ ئه‌ستێره‌یه‌کی شه‌هیدیان ئه‌بینی شه‌ڵاڵی خوێن!
ئه‌ستێره‌یه‌ک وه‌کو ڕقی پیرۆزی نیشتمان داگیرسابوو..
ئه‌ستێره‌یه‌ک وه‌ک به‌رائه‌تی منداڵیی
وه‌کو جیلوه‌ی دڵی خودا
وه‌ک تریفه‌ی ڕژاوی که‌ناره‌کانی نیشتمان گه‌ش ئه‌چۆوه!
***
به‌ده‌م گریانی خۆیه‌وه '' گۆیژه '' ئه‌یوت ؛
- ئه‌ی ئه‌ستێره شه‌هیده‌که
ئه‌مشه‌و هاتووم، هه‌تا مێخه‌کی ته‌نیاییت له‌گه‌ڵ به‌ش که‌م!
ئه‌مشه‌و هاتووم، میهره‌بانییت لێ قه‌رز که‌م!
ئه‌مشه‌و هاتووم
باوه‌شمان پڕ که‌ین له گه‌ڵای موحیببه‌ت و
بچین دڵی شکاوی وڵاتمان بده‌ینه‌وه!
بچینه‌وه لای حه‌سره‌تی دایکه ڕه‌شپۆشه‌که‌ی شێرکۆ،
تا له زه‌ماوه‌ندی سووری ڕۆڵه‌که‌یدا پێمان بڵێ ؛
شه‌هیدێک چۆن له باخچه‌کانی نیشتماندا ئه‌بێته گوڵ!
شه‌هیدێک چۆن نه‌یهێشت ته‌می غه‌در
چاوه‌کانی "سلێمانی " دابپۆشێ و
چۆن نه‌یهێشت
چه‌قۆی سته‌م دڵی نیشتمان له‌ت بکا!
