كوردستانیانی هه‌رێم له‌ڕۆژگاری هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران زیاتر له كاته‌كانی تر هه‌ست به وابه‌سته‌یی خۆیان به ده‌وڵه‌تی عێراقه‌وه ده‌كه‌ن و تێده‌گه‌ن ده‌بێت بۆ دوزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری پرسه نه‌ته‌وایه‌تی و سیاسیه هه‌ڵپه‌سێراوه‌كان له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانی تر له به‌غدا پێك بێن، به په‌یڕه‌وكردنی كاری دیبلۆماسی. بۆ ئه‌و مه‌به‌سته پێویستمان به بوونی خه‌ڵكی كارامه و لێهاتوو هه‌یه له ناو ئه‌و پێكهاته نوێیه‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران. وه‌كو ده‌زانین ده‌وڵه‌تی عیراق له‌لایه‌ك پّێكهاتهی ئه‌تنیكی وتایفی و له لایه‌كی تره‌وه پێكهاته‌ی سیاسی و مه‌زهه‌بی زور جیاواز و هه‌مه‌ڕه‌نگه. هه‌ربۆیه‌ش وه‌ك ئه‌نجامێكی سروشتی ئه‌و بار و دۆخه دیارده‌ی هه‌بوونی كۆمه‌ڵێكی زۆر ڕێكخراو و هاوپه‌یمانی جیاواز و جۆراوجۆر دروست بووه یان دروست ئه‌بێت. هه‌ر یه‌كێك له‌و ڕێكخراو و هاوپهیمانیانهش له پێناوی ئامانج وچاره‌نووسی جه‌ماوه‌ری ئه‌تنیكی یان تایفی یان سیاسی خۆیدا خه‌بات ئه‌كات. هه‌تاكو ئێره هه‌موو شتێك ئاسایی و سروشتیه واته ئه‌م هه‌مه‌ڕه‌نگی و ئاڵۆزیه سیاسیه‌ی ده‌وڵه‌تی عێراق بهتایبهتمهندیهكانیشهوه نه تاكه و نهتازهیه له خه‌باتی گه‌لانی جیهاندا. به‌ڵام ئه‌وه‌ی گرنگه و ده‌بێت له‌سه‌ری بدوێین چۆنیه‌تی مامه‌ڵه‌كردنه له‌گه‌ڵ ئه‌و باره ئاڵۆز و پڕ له جیاوازی دونیادیده‌یی و بیروبۆچوونانه.
پاش ئه‌وه‌ی له پایزی ڕابووردو وه‌زاره‌تی بازرگانی عێراق ڕاپورت و پێشنیاره گومان لێكراوه‌كانی خۆی خسته به‌رده‌م ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران و وه‌كو بنمایهكی یاسایی و فه‌رمی كاری پێكرا له پرۆژه‌ی زۆركردنی ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران له كۆی 275 ئه‌ندامه‌وه به‌رزكرایه‌وه بۆ كۆی 325 ئه‌ندام. به‌پێی ئه‌و ڕاپۆرته گوایه پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستان كه‌مترین زیادبوونی دانیشتوانی به‌خۆوه بینی بوو. هه‌ر به‌و بیانوهشهوه كه‌مترین پشكی به‌ركه‌وت له‌و زۆركردنهی ژماره‌ی نوێنه‌رانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران. ئه‌گه‌رچی ئه‌و شێوه دابه‌شكردنه فێڵاویه پیاچوونه‌وه‌ی بۆ ئه‌كرێت له دوای سه‌رژمێری گشتی پایزی ئه‌مساڵ. به‌ڵام نوێنه‌رانی كورد و هه‌رێمی كوردستان لێره‌دا گۆڵێكی ئاسان و باشمان لێكراو لامسه‌رلایی به‌سه‌رماندا ڕه‌ت بوو. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌كرێت هه‌ر هێشتا گه‌شبین بین له‌به‌ر ئه‌وه‌ی جیوپولیتیكی ده‌وڵه‌تی عێراق وا خولقاوه كه سه‌ره‌رای ئه‌و ساختانه‌ش ئه‌نجامی دابه‌شكردنه‌كه ڕه‌نگه هێشتا كاریگه‌ری زۆر خراپی نه‌بێت له‌سه‌ر ڕێژه‌ی كورد ته‌نانه‌ت ده‌كرێت ژماره‌ی نوێنه‌رانی كورد له ئێستاش زیاتربێت.
به‌پێی ئه‌و داتا ئاشكرا‌و پڕ له كه‌م وكورتیانه، كه هه‌تا ئێستا زانراون و ده‌كرێنه بنچینه بۆ لێكدانه‌وه‌ی نه‌خشه‌ی سیاسی و ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن، ترسی حوكمی زۆرینه‌ی تاك لایه‌نانه‌ی هێزێك به‌سه‌ر لایه‌نه‌كانی تری پێكهاته‌ی عێراق هه‌ر زوو ئه‌ڕه‌وێته‌وه. به‌مانایه‌كی تر هه‌ڵكه‌وته‌ی باری تۆپۆگرافی و سیاسی نیشتمانی عێراق له‌ئه‌مڕۆدا به‌جۆرێكه هیچ هێز و لایه‌نێكی ئه‌تنیكی یان مه‌زهه‌بی یان فیكری به‌ته‌نیا توانای به‌ده‌ستهێنانی زۆرینه‌ی بێ پایانی، موتله‌ق، نیه له‌ناو پێكهاته‌ی نوێی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران. ئه‌مه به‌ته‌نها له رووی تیۆریه‌وه ڕاسته و مایه‌ی دڵخۆشی و ئاه پیاهاتنه‌وه‌یه به‌ڵام هه‌رگیز نابێت وابزانین به‌ته‌واوی مسۆگهرین وخۆمانی لێبكه‌ینه‌وه وچاوپۆشی بكه‌ین له هه‌ندێك گریمان و ئه‌گه‌ری چاوه‌ڕوان نه‌كراو. چونكه ئه‌زموونی هه‌ڵبژاردن ته‌نانه‌ت لای زۆربه‌ی گه‌لان و ووڵاتانی پێشكه‌وتووش هه‌ندێك جار تووشی دڵه‌ڕاوكێ و موفاجه‌ئات ئه‌بێت. له‌به‌ر ئه‌وه زۆر پێویست و گرنگه هه‌وڵ و كۆشش زیاد بكرێت له هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردندا و هانی به ده‌نگه‌وه‌هاتنی ده‌نگده‌ران بدرێت بۆ به‌رگرتن له هه‌موو روودا وێكی نه‌خوازراو و به‌رزكردنه‌وه‌ی ڕێژه‌ی ده‌نگده‌ر بۆ ئاستی پێویست و زیاتریش.
له‌به‌ر ڕۆشنایی ئه‌و باری جیوپۆلیتیكه تایبه‌ته‌ی ئێستای عێراق به پێویستی ئه‌زانم ده‌رگا بۆ هه‌ندێك ڕاڤهوگفتوگۆ بكرێته‌وه تاكو لامان روون و ئاشكرا بێت ئایا چاره‌نووسی هه‌ڵبژاردن به چ ئاقارێكدا ئه‌ڕوات؟ ئایا مه‌ترسی له‌ده‌ستدانی پێگه و گرنگی ڕۆلی نوێنه‌رانی كورد له له نێو ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی داهاتوو له چ ئاستێكدایه؟ ئایا كێشه سیاسی و پرسه نه‌ته‌وه‌ییه هه‌ڵپه‌سێراوه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان له‌گه‌ڵ به‌غدا به كوێ ئه‌گات؟ له‌م نووسینه‌دا ئه‌مه‌وێت تیشك بخه‌مه سه‌ر هه‌ندێك راستی كه ئه‌كرێت پێشبینی بكرێت. به‌مه‌رجێك گۆرانكاریه‌كی زۆر سه‌یرو دراماتیكیانه ڕوونه‌دات له‌سه‌ر ئه‌و بارودۆخه‌ی كه ئێستا له ئارادا هه‌یه. هه‌رچه‌ند پرۆسه‌ی ژیانی دیمۆكراسی و دیارده‌ی هه‌ڵبژاردن له عێراق رووداوێكی نوێ و كه‌م ئه‌زموونه بۆیه لێكدانه‌وه وههڵسهنگاندنیشی كارێكی ئاسان نابێت. له‌م باسه‌دا ئه‌توانم زیاتر پشت به زانستی لۆجیك وتیوریه سیاسیه‌كان ببه‌ستم و كه‌متر جه‌خت بكه‌مه سه‌ر ئه‌زموونی ڕابوردوو. بهههلیشی ده‌زانم ده‌ست پێشكه‌ری بكه‌م وداوای لێبووردن بكه‌م له‌كه‌م وكوڕی بابه‌ته‌كه.
لیست و كیانه ڕێگه پێدراوه‌كان بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی نوێ هه‌ندێك گۆرانكاری به‌سه‌ردا هاتووه به به‌راورد له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنی پێش‌و، واته هه‌ڵبژاردنی یه‌كه‌م، هه‌م له‌رووی چه‌ندایه‌تی هه‌م له رووی چۆنایه‌تیشه‌وه. له‌لایه‌ك ژماره‌ی نوێنه‌ر و لیسته‌كان زیادی كردوه و له‌لایه‌كی تریشه‌وه به‌رنامه‌و پێكهاته‌ی لیسته‌كان گۆڕانی به خۆوه دیوه. به‌ده‌ر له‌وه ده‌زانین له هه‌ڵبژاردنی ئه‌مجاره‌دا تێكڕای دانیشتوانی عێراق به‌شداری ده‌كه‌ن به‌هه‌ندێك پرته‌وبۆڵه‌ی عه‌ره‌بی سونه‌شه‌وه. له‌به‌ر ئه‌وه ئه‌ركی خۆ ئاماده‌كردن و هه‌ڵمه‌تی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن گرانتر ئه‌بێت و پێویستی به خۆ ماندوو كردنی زیاتر هه‌یه. ئه‌گه‌ر چی ڕكابه‌رایه‌تی نێوان هه‌ندێك لیست و لایه‌ن له ناو هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردندا له‌هه‌ندێك كاتدا توندوتیژی به‌خۆوه ده‌بینێت كه جۆرێك له‌ترس و دڵه‌ڕاوكێ ئه‌خاته ناو كۆمه‌ڵگاكه. دیاره ئه‌و هه‌موو گۆڕانكاریه خێرا و عه‌فه‌ویانه‌ی سه‌ر گۆڕه‌پانی سیاسی كوردستان و عێراق له‌ئه‌نجامی لێكترازان و جیابونه‌وه‌ی پارت و هاوپه‌یمانه‌كان بهجورێكه ئه‌توانێت كاریگه‌ری هه‌بێت له‌سه‌ر پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن و ئه‌نجامه‌كانی. له‌وه‌ش بترازێ ئه‌گه‌ر زیره‌كانه و دڵسۆزانه مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ نه‌كرێت هیچ دوور نیه ببێته مایه‌ی شه‌ڕ و ئاشوب. به‌ڵام له‌هه‌مان كاتدا به هۆی هه‌ندێك هۆكاری زاتی و ده‌ره‌كیه‌وه مه‌یلی شه‌ره‌نگێزی لاوازه. به‌و مانایه‌ی شێواندن و تێكدانی پرۆسه‌كه به سود وبه‌رژه‌وندی هیچ لایه‌نێك ناشكێته‌وه. لێره‌وه ئه‌توانین دڵنه‌وایی خۆمان بكه‌ین وخهمهكانمان بڕه‌وێته‌وه و له بری ئه‌وه بڕوا و هیوای زیاترمان به سه‌ركه‌وتنی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژارد هه‌بێت.
له جێی خۆیدایه نه‌وازشی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن له‌عێراقدا بكرێت و ده‌ستخۆشی له هه‌موو هێزه نیشتمانی و مه‌ده‌نیه‌كان بكرێت له خولقاندنی ئه‌م بارودۆخه نوێیه‌دا. چونكه عیراقی دوای پرۆسه‌ی ئازادی هیچی تر نه‌بوو جگه له ووڵاتێكی بێ سه‌روبه‌ری هیلاك وماندووی شه‌ڕه یه‌ك له دوای یه‌كه‌كانی ڕژێمی سه‌دام. بێگومان بوونی ئیراده‌ی خۆ دروستكردنه‌وه و رێكخستنه‌وه‌ی ووڵات لای عێراقیه‌كان به هه‌موو كه‌موكوڕیه‌كانیه‌وه جێگای شانازی و به‌رز نرخاندنه. خۆ ئه‌گه‌ر له‌و پرۆسه گرنگ و چاره‌نووس سازیانهشدا هه‌ندێك گرژی و ئاڵۆزی هه‌بێت ئه‌كرێت تاڕاده‌یه‌كی زۆر به ئاسایی وه‌ربگیرێت به‌تایبه‌تی به له‌به‌رچاوگرتنی باری ده‌روونی و فه‌رهه‌نگی هاوڵاتیان له‌سایه‌ی ڕژێمی به‌عس و سه‌دام. ئه‌وه‌نده‌ی تاكو ئێستا ده‌بینرێت و ده‌بیسترێت هێشتا هیچ ڕووداوێكی مه‌ترسیدار له هیچ جێگایه‌كی عێراق رووی نه‌داوه كه ببێته مایه‌ی نیگه‌رانی ده‌نگده‌ران. به بۆچوونی من گرنگیدان به سه‌رخستنی هه‌ڵبژاردن به بێ كێشه و ئاژاوه له پله‌ی یه‌كه‌مدایه، له دوای ئه‌وه گرنگیدان به ئه‌نجامی ده‌نگدان.
ئاشكرایه هه‌ر یه‌كێك له لیسته به‌شدار بووه‌كانی هه‌ڵبژاردن مافی خۆیه‌تی هه‌موو تواناكانی بخاته كار بۆ كۆكردنه‌وه‌ی زۆرترین ده‌نگ. به‌ڵام وه‌كو پێشتر باسمان كرد پێكهاته‌ی تۆپۆگرافی عێراق ڕێگره له ده‌رچوونی هیچ هێز ولیستێك به ته‌نها به زۆرینه‌ی بێ پایان (واته 50% +1) . ئه‌م دیارده پۆزه‌تیڤه درێژه‌ی ئه‌بێت به درێژایی ئه‌و كاته‌ی پێكهاته‌ی دانیشتوان و لیست و هاوپهیمانیهكان به‌و جۆره‌ی پێشبینی ده‌كرێت به‌رده‌وام بێت. بۆ نمونه له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی ئێستادا (خولی یه‌كه‌م) گه‌وره‌ترین كوتله بریتیه له ئیئتلافی شیعه كه تێكڕا كۆی نوێنه‌رانیان ئه‌گاته (113) نوێنه‌ر ئه‌گه‌ر به‌شێوه‌ی ڕێژه‌یی وه‌ریبگرین به‌رامبه‌ر به كۆی نوێنه‌ران كه بریتیه له (275) نوێنه‌ر ئه‌وا ئیئتیلافی شیعه له ئێستادا نزیكه‌ی له (41%) واته گه‌وره‌ترین پێكهاته‌ی شیعه‌ی مه‌زهه‌بی له هه‌ل و مه‌رجی پڕجۆش وخرۆشی یه‌كه‌م هه‌ڵبژاردنی مێژوویاندا نه‌گه‌یشتنه زۆرینه‌ی بێ پایان. له‌داهاتووشدا شیعه‌كان وه‌كو گه‌وره‌ترین گروپی نوێنه‌ران ئه‌مێننه‌وه بێ ئه‌وه‌ی ببنه زۆرینه‌ی بێ پایان. چونكه له كۆی ئه‌و (50) كورسیه‌ی زیادكراوه بۆ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی داهاتوو بڕی زۆرینه‌ی دابه‌شكراوه به‌سه‌ر ناوچه و پارێزگاكانی عه‌ره‌بی سوننه نیشینه‌كان. له‌كاتێكدا عه‌ره‌بی سوننه له لایه‌ك به‌هۆی به‌شداری كردنی فراوانتری خه‌لك و له لایه‌كی تره‌وه به‌هۆی وه‌رگرتنی پشكی شێر له‌و زیادكردنه‌ی نوێنه‌ران ته‌نها ئه‌توانن ببنه دووه‌م گرووپ. كودیش له‌و زیادكردنه كه‌مترین بڕی كه‌وت به (6) نوێنه‌ر + (2 كورسی قه‌ره‌بوو) بۆ هه‌رسێ پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستان.
له‌م دوایانه‌دا به‌شێكی زۆری هاوپه‌یمانیه‌كانی ناوچه‌كانی ناوه‌ڕاست و خواروو هه‌ڵوه‌شانه‌وه و لایه‌نه‌كان كه‌وتنه گه‌ڕان به‌دوای هاوپه‌یمانی نوێ. ئه‌مجاره‌یان وه‌كو دیارده‌یه‌كی نوێ له‌به‌رچاوگرتنی ئینتیمای مه‌زهه‌بی بایه‌خی كه‌مبۆته‌وه و زیاتر لایه‌نه زیهنیهكان بڕیارده‌رن. ئه‌مه‌ش جێگای تێڕامان و لێكدانه‌وه‌یه و ده‌بێت ئێمه‌ی كوردیش مراجه‌عه‌ی ستراتیژمان بكه‌ینه‌وه له پێكهێنانی هاوپه‌یمانێتی و گه‌مه سیاسیه‌كاندا. ئه‌م وه‌رچه‌رخانه نوێه بۆی هه‌یه كاریگه‌ری زۆری هه‌بێت له گۆڕینی نه‌خشه‌ی سیاسی له عێراقدا كه بێگومان هه‌ندێك كاریگه‌ری باشی ئه‌بێت بۆ زیاتر چه‌سپاندنی دیموكراتی بۆ نمونه زیادبوونی سه‌قامگیری و كه‌مكردنه‌وه‌ی ناكۆكی تایفی نێوان گروپه مه‌زهه‌بیه ناكۆكه‌كان و نزیك بوونه‌وه‌ی زیاتر له سیسته‌می به‌رێوه‌به‌رایه‌تی سیكولار و مه‌ده‌نیانه‌ی هاوچه‌رخ و زیادبوونی ئیختیار بۆ هه‌ڵبژاردنی هاوپه‌یمانی نوێ.
ئه‌م لێكدانه‌وه‌یه هه‌ندێك ڕاستی پڕ بایه‌خمان بۆ ئاشكراده‌كات كه هه‌تا ئێستا كه‌متر ئاماژه‌ی پێدراوه. ئه‌وه‌ی من له‌م نووسینه‌دا ئه‌مه‌وێت بیخه‌مه پێش چاو ئه‌وڕاستیه‌یه كه ئه‌گه‌ر هه‌لومه‌رجه‌كانی سه‌رگۆڕه‌پانی سیاسی عێراق، به هه‌رێمی كوردستانیشه‌وه، ئالوگۆڕی زۆر گه‌وره‌ی به‌سه‌ردا نه‌یه‌ت ئه‌وا به دڵنیاییه‌وه كارتی ده‌ستی نوێنه‌رانی كورد به به‌هێزی ئه‌مێنێته‌وه له ناو ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران. به‌و مانایه‌ی نوێنه‌رانی كورد پێكه‌وه و به‌یه‌ك ده‌نگی ده‌بنه هێزی یه‌كلاكه‌ره‌وه (حاسم) . ڕوونتر بڵێین كتله‌ی كوردی ئه‌گه‌ر یه‌كپارچه‌یی خۆی بپارێزێت وبۆچهسپاندنی پرسه نه‌ته‌وه‌ییه‌كان و نه‌بنه ساقه‌سه‌ری بیری ته‌سكی حیزبچێتی ئه‌وا بێشك ئه‌توانێت پێگه‌یه‌كی زۆر گرنگ و یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ی هه‌بێت. به‌ڵام ئه‌مه كاتێك ده‌سته‌به‌ر ئه‌بێت كه تێكڕای نوێنه‌رانی كورد بتوانن پێكه‌وه به هام ئاهه‌نگی كاربكه‌ن وه‌كو كوتله‌یه‌كی هۆمۆجێن و ته‌با له‌پێناو ئامانجه نه‌ته‌وایه‌تیه هاوبه‌شه‌كان. به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه به په‌رته‌وازه بوون و لێكترازانی نوێنه‌رانی كورد له به‌غدا قورسایی سیاسیمان كه‌م ده‌كات و زۆر به لاوازی ئهخزێینه ناو هاوكێشه‌كانه‌وه یان ڕه‌نگه به‌ته‌واوی فه‌رامۆش بكرێین.
جا ئایا كام لایه‌ن و نوێنه‌ری كورد له توانایدا هه‌یه ئه‌وه‌نده بێ‌باك و بێمنه‌ت بێت به‌رامبه‌ر به ده‌نگده‌ران و لایه‌نگرانی. له‌كاتێكدا بۆ هه‌مووان ڕوون و ئاشكرا یه كه نوێنه‌رانی ئه‌م خووله‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران جیا له جاری تر له‌سه‌ر په‌یام و گفت و په‌یمانه‌كانیان ده‌نگ وه‌رده‌گرن و ڕه‌وانه‌ی به‌غدا ده‌كرێن. چیتر ناتوانن ده‌ست به‌تاڵ و بێ به‌رهه‌م بن چونكه جه‌ماوه‌ری ده‌نگده‌ری كورد له‌م جاره‌وه مه‌رجیان هه‌یه له‌سه‌ر نوێنه‌ران و شێوه‌ی كاركردنیان. هه‌موو هه‌ڵه‌یه‌ك یان كه‌موكوڕیه‌ك له كاره‌كانیاندا كاریگه‌ری زۆر خراپی ئه‌بێت له‌سه‌ر ڕه‌وشی خزمه‌تكردنی ئامانج و مه‌رامه نه‌ته‌وه‌ییه‌كان. كورد ئه‌بێت له‌م قۆناغه‌دا هه‌موو یان زۆربه‌ی زۆری مافه نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی ده‌سته‌به‌ر بكات تاكو بكرێت بووترێت نوێنه‌رانی ئه‌م خووله سه‌ركه‌وتوون.
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
