
بۆ خوێندکارانی زانکۆی سه‌لاحه‌ددین و
هه‌موو خوێندکاران و لاوانی کوردستان
ئه‌وه‌ی ده‌بێ هه‌مووتان بترسێنێت "به‌رده‌وامی ئه‌م رۆژگاره‌ی ئێستایه بۆ نه‌وه‌یه‌كی داهاتوو. "
خۆشه‌ویستانم
هاوبه‌شی خه‌می ئێوه‌و خه‌می که‌سو کاری کاکه سه‌رده‌شتی شه‌هیدم، دڵم له گه‌لتان ده‌گری و رۆحم له گه‌لتان تووڕه‌یه. له خودای مه‌زن ده‌پاڕێمه‌وه، سێبووریی و هێزی خۆڕاگرتنتان بداتێ. منێش بۆ خۆم خوێندکاری به‌شی ئینگلیزی بووم له زانکۆی به‌غدا و هه‌ست به قورسایی بیرکردنه‌وه‌ی سه‌رده‌شت و خه‌می ئێوه‌و گه‌وره‌یی تاوانه‌که ده‌که‌م.
ئازیزانم: ئه‌وه شتێکی سه‌یرو عاجباتی نییه که هه‌ولێر پێته‌ختی ترس و تێرۆره.
به‌داخه‌وه ئه‌و شاره هێشتا تارمایی ده‌بابه‌کانی سه‌ددام-ی به سه‌ره‌وه‌یه. هێشتا سیستمی چاودێریکردن و تۆقاندنی به‌عس به ڕێوه‌ی ده‌با. هێشتا مانای مافی ژیان و ئازادی مرۆڤ نازانێ. هیشتا زمانی پێوه‌ندی له نێوان ده‌سه‌ڵات و هاونیشتمانیدا فێر نه‌بووه. هێشتا وه‌ک پایته‌خت به ده‌ستوورو یاسایه‌کی دیار به ڕێوه ناچێ. هێشتا جیاوازییه ناعه‌داله‌تییه‌کان هێنده‌ی ئه‌رزو ئاسمانن. هێشتا ده‌سه‌ڵاته بنه‌ماڵه‌ییه ناده‌ستوورییه گومان- له. خۆبووه‌که‌ی له ئازادی بیر‌و ده‌ربڕین ده‌ترسێ.
من له که‌مپینی سه‌رکرادیه‌تیم دا له کاتێکدا له‌هه‌مووناوچه‌ی گه‌رمیان و سلێمانی و کۆیه و ته‌قته‌ق به ئازادی که‌مپین و بانگاشه‌ی هه‌ڵبژاردنم له ناو جه‌ماوه‌ری میلله‌ته‌که‌مدا ده‌کرد، که له دوا حه‌فته‌دا هاتمه هه‌ولێری پێته‌خت تووشی شۆک بووم -- تووشی شۆک بووم که که‌س له خه‌ڵکی شاره‌که، ته‌نانه‌ت مناڵی خزمه‌کانی خۆشم نه‌یانده‌وێرا پۆسته‌رو بانگاشه‌کانم بلاوبکه‌نه‌وه. که پرسیـم:: بۆ ناوێڕن؟ وتیان: ئاخر بابمان ئینزار کراوه. نانمان ده‌بڕن، . له کاره‌کانیان ده‌ریان ده‌که‌ن، ده‌یانگرن و ئازاریان ده‌ده‌ن.
ئه‌مه‌یه په‌روه‌ره‌دی ده‌سه‌ڵات بۆ نه‌وه‌کانی نوێمان. ئه‌مه‌یه نموونه‌ی دیمۆکراسی خۆماڵی کوردی و بۆ خۆشتان ئاگاتان له داستانه‌کانی ته‌زویر هه‌یه.
ئه‌مه‌یه رێزگرتنیان بۆ هه‌لبژاردن و دیمۆکراسی و ده‌نگی خه‌ڵک. ئه‌وه‌ی له‌م ولاته‌دا نییه ماف و یه‌کسانی و دیمۆکراسی و ئازادی و دادپه‌روه‌رییه، ئه‌وه‌ی له‌م ولاته‌دا بزره ناوی یاسا‌و هێزی یاسا‌و سه‌روه‌ری یاسا‌و وتاری یاسایی و مافی یاسایی هاولاتییانه. هه‌زاران تاوان بێ سزا له بیر ده‌چنه‌وه. هه‌زاران هه‌ق بێ لێپرسینه‌وه ژێر پێده‌درێن.
بۆیه ئه‌وه سه‌یر و نائاسایی نییه که له پایته‌ختداو له به‌رده‌می حه‌ره‌می زانکۆ‌دا، گه‌نجێکی جوانی ناسک، خوێندکاری دواسالی به‌شی ئینگلیزی، رووناکبیر‌و رۆژنامه‌نووس، مامۆستا‌و ڕێبه‌رێکی دوارۆژ، خه‌مخوارێکی گه‌نجان و خه‌ڵک، هاوڕێیه‌کی نازدارو وه‌فاداری ئێوه، به رۆژی رووناک، له به‌ر ده‌م هاوڕێکانی، جه‌للاده‌کان دێنه سه‌ری، ده‌ستدرێژی و شالاوی دڕندانه‌ی ده‌که‌نه سه‌ر، ده‌یده‌نه به‌ر شه‌ق و بۆکز، به تۆپزی و بێباکی سواری سه‌یاره‌که‌ی ی ده‌که‌ن، ده‌یفڕێنن، به ناو شاردا ده‌یبه‌ن و دوای ته‌نیا رۆژێک لاشه سڕ‌و جه‌زره‌به‌دارو خوێناوییه‌که‌ی ده‌نێرنه‌وه بۆ که‌سوکارو هاورێکانی.
بیر له‌وه بکه‌نه‌وه، ده‌بێ له له‌حزه‌ی فڕاندنییه‌وه تا کوشتنی به‌و شێوه نامه‌ردیی و ترسنۆکانه‌یه چه‌نده عه‌زابییان دابێ و چه‌نده رقی ره‌شی فاشیستانه‌ی خۆیان پێڕشتبێ!
مه‌رگی سه‌رده‌شت وه‌ک خۆی له دوا وتاری وه‌سیه‌تیدا بێهومێدانه داوای ده‌کا هاوتاو ره‌مزو وێنه‌ی ئه‌و ژیانه تراژیدییه یه که زۆربه‌ی گه‌نجانی ئه‌م ولاته بێ ده‌ستوورو داد‌و یه‌کسانییه‌ی تێدا ده‌ژین. دیاره جه‌للاده‌کانی ئه‌وه‌نده به‌خشنده بوون که ئه‌م داوایه‌ی بۆ به جێبهێنن و به تراژیدیترین و دڕنده‌ترین شێوه شه‌هیدی بکه‌ن. سه‌رده‌شت ته‌نیا خه‌می ئێوه‌ی هه‌بوو، خه‌می ئه‌و زۆره وتارانه‌ی ماون بنوسرێن، . ئه‌و چریکه هاوارانه‌ی ماون بکرێن، ئه‌و پرسه شاراوانه‌ی ماوه شرۆڤه بکڕێن، ئه‌و تاوانانه‌ی ماوه ئاشکرا بکرێن. ئه‌مه دوا وه‌سیه‌تی سه‌رده‌شت – ه بۆ ئێوه، تکاتان لێ ده‌که‌م به گوێی دڵ سه‌رنجی بده‌نێ و به‌وردی دوا وتاره‌که‌ی" یه‌كه‌مین زه‌نگی كوشتنم لێیدا"، بخوێننه‌وه:
"به‌گوته‌ی خۆیان مۆڵه‌تی هه‌ناسه‌دانم له‌م شاره‌دا نه‌ماوه، به‌ڵام نه باكم به‌مردنه و نه ئازاردان، له‌چاوه‌ڕوانی كۆتاییهاتنی مۆڵه‌ته‌كه‌مم تا دیداری بكوژه‌كانی خۆم بكه‌م، دوعاش ده‌كه‌م مردنێكی تراژیدیام پێببه‌خشن كه شایسته‌ی ژیانه تراژیدیاكه‌م بێت. بۆیه ئه‌م قسانه ده‌كه‌م تابزانن گه‌نجه‌كانی ئه‌م وڵاته چ هۆلیسۆسێكن و مردن ساده‌ترین هه‌ڵبژاردنیانه، بۆئه‌وه‌ی تێبگه‌ن كه ئه‌وه‌ی ئێمه ده‌ترسێنێت به‌رده‌وامی ئه‌م رۆژگاره‌ی ئێستایه بۆ نه‌وه‌یه‌كی داهاتوو، نه‌ك مردنی خۆمان، كاری منیش خۆشبه‌ختی برا بچوكه‌كانمه، نه‌ك خۆم.
زۆر به‌ساده‌ییش تاكه هۆكاری نیگه‌رانی من له‌م هه‌ڕه‌شانه ئه‌وه‌یه، كه هێشتا زۆرشت ماون قسه‌یان له‌سه‌ربكه‌ین و هه‌ر ئاوا به‌جێیان بهێڵین. به‌دبه‌ختی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته ئه‌وه‌یه، كه باكی به‌مردنی نه‌وه‌كانی خۆی نییه. "
ده‌سا سه‌رنجی ئیراده‌و ئازایه‌تی و عه‌قڵ و ویژدانی گه‌نجێکی جوانی رووناک‌بیر بکه‌ن که هه‌موو ژیان و هیواو پاشه‌رۆژی له به‌رده‌مدایه‌و و ئاماده‌یه بۆ [نیشاندانی ئه‌و تراژیدیا ترسناکه‌ی گه‌نجانی تێدا ده‌ژین و خۆشبه‌ختی برا بچووکه‌کانی] قوربانی پێبدات، له‌گه‌ل هه‌لوێستی ئه‌و ده‌سه‌لاته به‌راوردی بکه‌ن ' که باکی به مردنی نه‌وه‌کانیی خۆی نییه" و به‌رامبه‌ر لاوێکی ئاوا دڵسۆز‌و رووناک‌بیر ئه‌و دڕنده‌یی و تێرۆره بێئه‌ندازه‌یه به‌کار دێنێ.
ئه‌وه چه‌ند رۆژ به سه‌ر فراندن و کوشتنی سه‌رده‌شتدا رابوورد. به‌لام شتێکی سه‌یر نییه که هیچ به‌رپرسێکی ئه‌و ولاته ده‌نگێکیان به‌رامبه‌ر ئه‌م کاره‌ساته لێنه‌هات. دیاره سه‌رۆک له قودسییه‌تی ده‌سه‌لاته‌که‌ی که‌م ده‌بێته‌وه که خه‌م و په‌رۆشی بۆ مه‌رگی گه‌نجێ ده‌ربڕێ که له ژیر سایه‌ی ده‌سه‌لاته‌که‌یدا تێرۆر کراوه. ئاسایش نوتقی لێبڕاوه. یاسا، پارێزه‌ران، دادوه‌ر، داواکاری گشتیی ناویان له کووله‌که‌ی پڕ له خوێنیشدا نییه.، پۆلیس که‌ڕ و لاڵ و ده‌ستوپێ به‌ستراوه‌و په‌له‌ی نییه به‌دوای تاوانکاراندا بگه‌ڕێ. به‌رپرسان و مامۆستایانی زانکۆکه‌ی سه‌رده‌شت و زانکۆکانی تر وه‌ک هیچ رووی نه‌دابێ یان له ولاتیک و هه‌سایه‌ره‌یه‌کی تردا ئه‌مه رووی دابێ، خه‌به‌رییان نییه یان نابێته‌وه. ئۆپۆزیسۆن، یاساناس، سیاسه‌تمه‌دار، له نوزه‌یه‌کی مردوو به‌ولاوه وه‌لامێکییان بۆ ئه‌و خه‌به‌رو خوێنه نییه..
ئه‌مه‌یه حه‌قیقه‌تی مافی ژیان و ئازادی دوای 19 سال له ده‌سه‌لاتی کوردیی. تاقه چاره‌سه‌رییه‌کیان بۆ تاوان، غه‌در، ناعه‌داله‌تی ئه‌وه‌یه: جا چییه، دوای یه‌ک دوو حه‌فته، [ وه‌ک هه‌زاران غه‌درو تاوانی تر]، له بیر ده‌چێته‌وه!
خۆشه‌ویستان:
نا نابێ تاوانه‌کان له بیر بچنه‌وه.، یه‌کێک له ئه‌رکی ویژدانی گه‌وره‌ی ر‌ووناکبیرانی راسته‌قینه ئه‌وه‌یه که ده‌بنه بیره‌وه‌ری به‌کۆمه‌ڵی گه‌له‌که‌یان و نایه‌ڵن تاوانه‌کان له بیر بچنه‌وه.
ئێوه ئه‌رکی ویژدانیتانه که ده‌رک به‌و راستییه بکه‌ن نه‌ک سه‌رده‌شت ته‌نیا له پێناو ئێوه‌دا مرد، به‌لکو سه‌رده‌شت ئێوه‌یه‌و ئێوه سه‌رده‌شتن.
کوشتنی مرۆڤێک به بێ‌تاوان وه‌ک کوشتنی مرۆڤایه‌تی وایه.
فراندن و ئیهانه‌کردنی خوێندکارێکی زانکۆ له حه‌ره‌می زانکۆداو ئه‌وسا کوشتنی، کوشتنی هه‌موو خوێندکارانی زانکۆ‌و کوشتنی خودی زانکۆ‌و زانسته.
کوشتنی لاوێکی رووناک‌بیر، کوشتنی هه‌موو لاوان و کوشتنی رووناکبیرییه.
کوشتنی رۆژنامه‌نووسێکی گه‌لپه‌روه‌ره‌و راستپه‌روه‌ر، کوشتنی هه‌موو رۆژنامه‌نووسان و کوشتنی ئازادی ده‌ربڕینو راستیی یه.
کوشتنی خوێندکارو مامۆستایه‌کی زمان و ئه‌ده‌بیاتی ئیگلیزی کوشتنی هیواو پاشه‌رۆژه.
ئه‌مه حه‌قیقه‌ته‌که‌یه‌و ئه‌مه مه‌به‌سته‌که‌یه. مه‌به‌ست تۆقاندنی ئێوه‌و و درێژکرد‌نه‌وه‌ی ته‌مه‌نی تراژیدیای ئێوه‌یه به نواندنی زه‌برده‌ستی ده‌سه‌لات، به پێشکه‌شکردنی نموونه‌ی تۆقاندن به جاڕدانی ئه‌و حه‌قیقه‌ته به خوێن که مرۆڤ له هه‌رێمی کوردستاندا بێبه‌هاترین کاڵایه.
سۆران مامه حه‌مه و دکتۆر سه‌تتاریان له که‌رکوک کوشت تا بیسه‌لمێنن که‌رکوک گه‌رچی له ده‌روه‌ی ده‌سه‌لاتی هه‌رێمه، به‌ڵام له ده‌ره‌وه‌ی ده‌ستی تاوانکاری و تۆقاندن و خنکاندنی ماف و ئازادییه‌کان نییه. دوای ئه‌وه ویستیان ده‌ستیان له سلێمانی بوه‌شێنن و ئه‌حمه‌د میره بکه‌نه عیبره‌ت بۆ خنکاندنی مافی بیرکردنه‌وه‌و ئازادیی هه‌ناسه‌دان. ئه‌وه‌بوو هیممه‌ت و غیره‌تی ئاسایشی یه‌کێتی ئه‌م پیلانه‌ی پووچ کرده‌وه، دوایی له هه‌ولێر دوای چه‌ند جار بردن وجه‌زره‌به‌دان و سووکایه‌تیکردن به نه‌به‌ز گۆران، ده‌ریانپه‌راند بۆ سلێمانی، بۆ ئه‌وه‌ی بیسه‌لمێنن له وێش ده‌ستیان پێراده‌گات، هه‌ر دوای حه‌فته‌یه‌ک درنده‌کان په‌لا‌ماریان دا. ئه‌وه‌تا ئێستا دوای ده‌ستپێکردنی بزاڤی هوشیاربوونه‌وه‌ی خوێندکاران و لاوان و داواکردنیان بۆ پرسپێکردنیان و به‌شداریکردنیان له‌و بریارانه‌ی پێوه‌ندییان به چاره‌نووسی ئه‌وانه‌وه هه‌یه، بۆ ئازادکردنی خوێندن و په‌روه‌رده‌و زانکۆ له ده‌ستێوه‌ردانی حیزب، بۆ دامه‌زراندنی ده‌رچووانی زانکۆ، بۆ نه‌هیشتنی بێکاریی لاوان و وه‌ستاندنی کۆچیان بۆ ده‌ره‌وه‌و ناردنه‌وه‌یان به زۆر بۆ کوردستان، بۆ ئاشتی و ئازادی و نان، به کورتی بۆ کۆتاییهێنان به‌و تراژیدیایه‌ی ژیانی لاوان که سه‌رده‌شت و سۆرانه‌کان ئازایانه رۆژانه به‌ره‌نگاری ده‌بنه‌وه. به‌لام ده‌سه‌ڵات له جیاتی تێگه‌ێشتن و به خۆداچوونه‌وه‌و دروستکردنی سیستمێکی دیمۆکراتی و عه‌داله‌تخواز، وه‌ک عاده‌تی خۆی، شێوازی پاراستن و ترساندن و تێرۆر به‌رامبه‌ر لاوان و رۆژنامه‌نووسان به‌کاردێنێ و باکی به‌وه نییه که ئه‌و کاره دزێوانه چ زه‌برێکی گه‌وره له یه‌کێتی و ئاسایش و به‌رژه‌وه‌ندییه نه‌ته‌وه‌ییه بالاکان ده‌ده‌ن.
تکا ده‌که‌م، ریزه‌کانتان رێکخه‌ن و یه‌ک خه‌ن. تۆڕی پێوه‌ندی له هه‌موو کوردستاندا دابمه‌زرێنن. هه‌ست و قه‌ناعه‌تی ویژدانی و رووناکبیرییی رۆحییتان هه‌بێ که ده‌ستدرێژی ناره‌وا بۆ سه‌ر هه‌ر یه‌کێکتان ده‌ستدرێژییه بۆ سه‌ر هه‌مووتان، بۆ سه‌ر هه‌موومان. مه‌هێڵن سۆرانه‌کان و سه‌رده‌شته‌کان و نه‌به‌زه‌کان و ناسیحه‌کان و قاره‌مانه‌کان و ژنان و قوتابخانه‌کان و کارگه‌کان و گونده‌کانو شه‌قامه‌کان، هتدهه‌ر یه‌ک به ته‌نیا بجه‌نگن، به ته‌نیا به‌ره‌ورووی هه‌ڕه‌شه‌وه جوێن و جه‌زره‌به‌و مه‌رگ ببنه‌وه. مه‌هێڵن قوتابیانی ئاماده‌ییه‌ک و ئاماده‌ییه‌کی تر، کۆلیجێک و کۆلیجێکی تر، زانکۆیه‌ک و زانکۆیه‌کی تر به‌ته‌نیا خه‌بات و خۆنیشاندان بکه‌ن. وه‌ک ئه‌و جه‌سته پاکه یه‌کگرتووه وا بن، که ئازاردانی هه‌ر ئه‌ندامێکی، مه‌رگی هه‌ر سه‌رده‌شت و سۆرانێکی، هه‌موو جه‌سته‌که ده‌هه‌ژێنێ. ئێوه ده‌بی له سه‌رووی حیزب و حیزبایه‌تی و جیاوازی ناوچه‌گه‌ریییه‌وه بن. ئێوه ده‌بێ دڵی زیندووی نه‌ته‌وه بن. دڵنیا بن به ته‌نیا نابن. خودا‌و هه‌ق و داد له‌گه‌ل ئێوه‌یه. گه‌ل له‌گه‌ڵ ئێوه‌یه، دنیای ئازادی و دیمۆکراسی و یاسا له‌گه‌ڵ ئێوه‌یه. پاشه‌رۆژ هی ئێوه‌یه. هه‌زاران یاسا‌و فه‌لسه‌فه‌و بابه‌تی یه‌کسانی و ئازادی له رۆژاوا نووسرا. به‌لام تا گه‌نجه‌کانی به پێشره‌وی خویندکاران و قوتابیانی زانکۆکان و ئاماده‌ییه‌کان له شه‌سته‌کانی سه‌دی رابردوودا رانه‌په‌رین و رۆژانه به ده‌یان هه‌زار له پێته‌خت و شاره‌کاندا نه‌هاتنه سه‌ر جادده، گۆڕانی راسته‌قینه بۆ هه‌موو چینه‌کان له ئه‌وروپادا به ده‌ست نه‌هات، لاوان مافی نان و و ژیان و ئازادی و خۆشه‌ویستییان به یه‌کجاری و به یاسا بۆ مسۆگه‌ر نه‌کرا.
پاشه‌رۆژ هی ئێوه‌یه‌و هه‌ر خۆتان هێزی راسته‌قینه‌ی دروستکه‌ری پاشه‌ۆژن بۆ خۆتان و بۆ نه‌وه‌کانی داهاتوو. وه‌سیه‌ته‌که‌ی سه‌رده‌شت له دلتاندا هه‌ڵگرن. مه‌هێڵن تراژیدیای ئه‌و نه‌وه کوژراو‌و برسیکراو بێهیواکراوو جه‌زره‌به‌دراوه‌ی ئێوه‌ی ژیر ده‌سه‌لاتی حیزی کوردیی، بۆ ئێوه به‌رده‌وام بێ و بۆ نه‌وه‌کانی داهاتووش دووباره ببێته‌وه. من به دڵ و گیان و بیر‌و ژیان له‌گه‌ڵ ئێوه‌م.
سلاو له هه‌موو ئه‌وانه‌ی ده‌نگیان دژی ئه‌م تاوانه به‌رزکرده‌وه‌و ده‌نگ به‌رز ده‌که‌نه‌وه.
هیوادارم یه‌که‌م زه‌نگی مه‌رگی سه‌رده‌شت دوا زه‌نگی وریا کردنه‌وه‌ش بێ بۆ ده‌سه‌لات. هه‌موو بێدادییه‌ک دواییه‌کی هه‌یه. دوایی نابێ گله‌یی له که‌س بکه‌ن له عه‌قڵی سته‌مگه‌ریی سه‌ددامییانه‌ی خۆیان نه‌بێ.
د. که‌مال میراوده‌لی
سه‌رۆکی شه‌رعی هه‌لبژێردراوی هه‌رێمی کوردستان
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
