فریاد هیرانی: گومان له‌وه‌دانیه كوشتنی ژن و منداڵ و خه‌ڵكی بێ‌تاوان كارێكی وه‌حشیگه‌رانه‌یه و تاوانێكه دژ به مرۆڤایه‌تی، ئه‌وه‌ی ئێستاش له كه‌رتی
غه‌زه رووده‌دا هاڕینی ژن و منداڵه له نێوان به‌رداشی هێزه‌كانی ئیسرائیل و ئه‌سحابه‌كانی حه‌ماس!
زۆر دوور نه‌ڕۆین و زۆری به‌سه‌ردا تێنه‌په‌ڕیوه، هه‌ر دوێنێ بوو حكومه‌تی به‌عس دۆشكا و چه‌كه دژه ئاسمانیه‌كانی برده‌سه‌ر بینای قوتابخانه و خه‌سته‌خانه‌وشوێنه مه‌ده‌نیه‌كان بۆ به‌په‌چدانه‌وه‌ی فڕۆكه‌كانی ئه‌مریكا، به هه‌مان شێوازیش ئێستا بزوتنه‌وه‌ی حه‌ماس له غه‌زه خۆیان له باوه‌شی منداڵه بێنازه‌كان و ژنه ره‌شپۆشه‌كان حه‌شارداوه، له ژێرزه‌مینی بینای لانه‌یه‌كی منداڵان (ئیسماعیل هه‌نییه) جیهاد ده‌كا و موزایه‌ده و فشه به‌سه‌ر عه‌ره‌ب و موسوڵمانان ده‌فرۆشێته‌وه! ئیسلامیه‌كانی له‌مه‌ڕخۆشمان مه‌ڕاسیمێكیان كرد به سۆز و قوڵپی گریانه‌وه پشتیوانی ئه‌م جۆره جیهاده‌ی (هه‌نییه) یان كرد، به‌نه‌فه‌سێك وه‌ك بڵێی بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماس سه‌دان شه‌هیدیان له پێناوی كوردی موسوڵمان و ئه‌و هه‌زاران موسوڵمانانه‌ی ئه‌نفال و كیمیاباران كران دابێ!
ئێمه‌ی كورد له‌ده‌رسی زاكیره‌دا قوتابییه‌كی ته‌مبه‌ڵین! ئه‌گینا هه‌ر ساڵی پاربوو ئیسماعیل هه‌نییه پێشمه‌رگه‌ی كوردی به چه‌ته و میلیشیا ناوزه‌د كرد (به‌پێشمه‌رگه‌ی ئه‌و لایه‌نه ئیسلامیانه‌ش كه مه‌راسیمه‌كه‌یان رێكخستبوو!) هه‌ر عه‌ره‌فاتی ره‌حمه‌تیش بوو له كۆڕه‌وی 1991دا گووتی: (كۆمه‌ڵی نێوده‌وڵه‌تی هاوكاری فه‌ڵستین ناكا، كه‌چی مریشكی سووركراوه بۆ كورده‌كانی باكووری عیراق ده‌گه‌یێنێته سه‌رسنووره‌كان!) ئه‌وه‌شمان بیرنه‌چێ مه‌حمود ده‌روێشی شاعیری شۆڕشگێڕی فه‌ڵه‌ستین شتێكی بۆ كورد نووسی، به‌ڵام هه‌ر زوو په‌شیمان بۆوه! جیا له‌مانه‌ش هه‌ر هه‌مووی ماوه‌یه‌كی كه‌م به‌ر له لێدان و رووخاندنی رژێمی به‌عس به‌رنامه و پیلانێكی گه‌وره‌ی نێوان به‌عس و فه‌ڵه‌ستینیه‌كان هه‌بوو، كه ژماره‌یه‌كی زۆری فه‌ڵه‌ستینی له كه‌ركوك جێگیربكه‌ن و پڕۆسه شۆڤێنیه‌كه‌ی ته‌عریبیان پێ ته‌واو بكرێ!
زۆرێك له رووناكبیرانی كورد گله‌یی ئه‌وه‌یان له سوڵتان سه‌ڵاحه‌دینی ئه‌یوبی هه‌یه، كه كاتی خۆی كوردبوونی خۆی نه‌سه‌لماندووه و بۆ نه‌ته‌وه‌كه‌ی خۆی كاری نه‌كردووه، به پێچه‌وانه‌ش بۆچوونیتر هه‌یه پاساوی ئه‌وه‌ی بۆ دێننه‌وه كه ئه‌و كات باوی بیری نه‌ته‌وایه‌تی نه‌بووه!
به هه‌رحاڵ نه‌گبه‌تی كورد له‌وه‌دایه (وه‌ك ده‌ڵێن) ئه‌گه‌ر سه‌ڵاحه‌دین له شه‌ڕی رزگاركردنی قودس شكستی هێنابا برا عه‌ره‌به‌كانمان به خائینێكی كورد ناوزه‌دیان ده‌كرد، به‌ڵام كه‌سه‌ركه‌وتووبوو به رابه‌رێكی عه‌ره‌ب و ئیسلام ناوی ده‌به‌ن! هه‌قه هه‌موو كوردێك كه ده‌چێته سوریا و زیاره‌تی گۆڕ و مه‌زارگه‌كه‌ی سه‌ڵاحه‌دین ده‌كه‌ن، پاش فاتیحا و ره‌حمه‌ت ناردن پێی بڵێن: (خوا بتگرێ زمانی عه‌ره‌بت درێژكرد به‌سه‌ر هه‌موو نه‌ته‌وه و ئایینه‌كانی ناوچه‌كه، یه‌ك جار قودس به ته‌واوی كه‌وتۆته ده‌ستی عه‌ره‌ب ئه‌ویش تۆ بۆت ئازادكردن، به‌ڵام دڵنیابه بچوكترین شكستت خواردبا خائینێكی كوردبووی!)
ئێستاش نه‌چووه بچێ گه‌ر ده‌یانه‌وێ دووباره ئازادی بكه‌نه‌وه، ئه‌وه جیهاد هاتۆته به‌رده‌می ماڵه‌كانیان، با بزانین له قه‌یسه‌ری كون و تونێلی ژێر قوتابخانه و خه‌سته‌خانه‌كانی غه‌زه‌وه قودس به ئه‌سحابه‌كانی حه‌ماس ئازاد ده‌كرێ!
fryadhirany@yahoo. com
