ئه‌خلاق و ئازادی ... فەرمان ساڵح

ماوەیەكە هەندێك لە ئیسلامییەكان شەڕێكی گەورەی دەروونیان لەگەڵ گۆڤاری وێران و فەرهاد پیرباڵ بەرپاكردووە، لەلایەكی دیكەش دەزگای چاپ و بڵاوكردنەوەی ئاراس تۆمەتبار دەكەن بە تەكفیركردنی كۆمەڵگاو بڵاوكردنەوەی شتگەلێك كە بە بۆچوونی ئەوان دەست دانە لە پیرۆزییەكان و تایبەتمەندییەكانی بیروباوەڕیان، ئەوشەڕە لە بنەڕەتدا شەڕێكی سیاسییە، ئیسلامییەكان بە ناوی دینەوە بە چەند كەسێك و چەند وشەیەكی جوانی دەفرۆشنەوە، ئەوان لەلایەك بانگەشەی دیموكراسییەت دەكەن و دوو حزبی دەسەڵاتدار بە تەسكردنەوەی ئازادییەكان گوناهبار دەكەن، لەلایەكی دیكەش ئازادی فكری خەڵكانی دیكە سانسۆر دەكەن و لە پێناو بەرژەوەندی سیاسی خۆیان، بەرهەمی عەقڵی كەسانی دیكە بە ترسناك و پێشێڵكردنی پیرۆزییەكانیان لە قەڵەم دەدەن، ئەوان دەیانەوێت بە شێوەیەك لە شێوەكان بگەنە هەڕەمی دەسەڵات و عاتیفەی كۆمەڵگا بەلای خۆیان داببەن، ئەگینا باسكردن لە رۆشنبیری سێكسی و بڵاوكردنەوەی بەرهەمێكی ئەدەبی ئیرۆتیك لە هیچ ئاین و ئاینزایەك قەدەغە نییە و ئەو مەترسییە گەورەیەش نییە لە سەر ئەخڵاقی كۆمەڵگا، وەك ئەوان باسی لێوە دەكەن، ئیرۆتیك ئەوەندەی لە ئەدەبی ئیسلامی و بەرهەمی عەقڵی عەرەبەكاندا بڵاوە، كە خۆیان بە میراتگری ئیسلام دەزانن، ئەوەندە لە ئەدەبیاتی كوردو گەلانی دیكەی دونیادا باونییە و باسیش ناكرێت، جیا لەوەش ئەدەب و بەرهەمی نووسین چەندە باس لە ئیرۆتیك و فیزییكیەتی جەستەی مرۆڤ بكات، بەقەد ئەو میدیا بینراوەی كە ئێستە لە دونیادا پەخش دەبێت، كاریگەری نانوێنێت و ئەخلاقی كۆمەڵگاش بە وشە تێك ناچێت، بە مانایەكی دیكە نووسین بە هۆی ئەو لێشاوە بێ سانسۆرەی میدیای بینراوو تەكنەلۆژیا ئەو كاریگەرییەی جارانی نەماوەو گەنجێك بە وشەی ئیرۆتیك و ناوهێنانی ئەندامێكی جەستە ناوروژێت و پێویستیشی بەوە نییە، بەڵكو دەیان كەناڵی بینراو هەنە، بە شێوەی زیندوو ئەو دیمەنانەی لە چیرۆكێكی ئیرۆتیك باسدەكرێن بە ڤیدیۆ پیشانی دەدەن، بۆیە ئەوەی ئیسلامییەكان باسی دەكەن و دەیكەن بە قەزیەیەكی گەورەی ئەخلاقی لە پێشێلكردنی ئازادییە كەسییەكان زیاتر ناتوانین هیچ ناوێكی لێبنێین، ئەو تێڕوانینەی ئەوان مەترسییەكی گەورەیەو ئازادییە كە سییەكان بە ئاقارێكی مەترسیداردا دەبات و بەشێكە لە تیرۆری فكر، ئەوەش جاری یەكەم نییە بە بیانووی تێكدانی ئەخلاق وشەو بەرهەمی فكری نووسەران سانسۆر دەكرێن و ئازادییە كەسییەكان بەرتەسك دەكرێنەوە، ئەوە دوو رووییەكی گەورەیە ئیسلامییەكان بۆ خۆیان داوای ئازادی بكەن و ئازادی كەسانی دیكەش پێشێل بكەن، چونكە ئەوان دەسەڵات بە دێوەزمەی كوشتنی ئازادی دەزانن، كەچی خۆیان پێشنیاز دەكەن دەسەڵات ئازادی نووسین و بیركردنەوەی خەڵكانی دیكە زەوت بكات و رێگە لە بیركردنەوەیان بگرێت، ئیرۆتیك شتێكی زۆر تایبەتەو پەیوەندی بە من و جەستەوە هەیەو بە شێوەیەكی خەیاڵئامێز دیمەنەكان دەگوازێتەوە، بە هیچ جۆرێك پەیوەست نییە بە ئەخلاقەوە، دواجاریش ئەو پێناسەیەی ئەوان بۆ ئەخلاقی دەكەن، من و تۆ و ئەو بە جۆرێكی دیكە پێناسەی دەكەین، كەواتە چۆن ئازادییەكانمان لە بیركردنەوەدا لێك ناچن دەشێ ئەخلاقیشمان جودا بێت و هەركەسەمان بەجۆرێك لێی بڕوانین، دواتر ئەوان دەیانتوانی لەرێگەی دادگاوە ئەو كێشەیە یەكلابكەنەوە، یانیش بە نووسین وەڵامی ئەو گۆڤارە بدەنەوە، نەك لە راگەیاندنەكانیاندا عاتیفەی خەڵك بجوڵێنن و ژیانی نووسەرێك بخەنە مەترسی و ژێر هەڕەشەوە، دیسانەوە دەیڵێم بێدەنگ بوونمان لە ئاست بەرتەسككردنەوەی ئازادییەكان مەترسییەكی گەورەیەو تەسلیم بوون بە ئیرادە و بیركردنەوەی كەسانی دیكە فەزای بیركردنەوەمان تەسك دەكاتەوە، پێش هەموو كەسێكیش رۆژنامەوانان و سەندیكای رۆژنامەنووسان نابێت لە ئاست ئەو هێرشە ناڕەوایەی سەر وشەو بەرهەمی فكری نووسەران بێدەنگ بن.

 

میوانانی سەر خەت

We have 596 guests and no members online