ئه‌م نوسینه وه‌لامی نوسینێكی شێركۆ بێكه‌سه كه له رۆژنامه‌و سایتی ئاوێنه‌دا بلاو كراوه‌ته‌وه له‌ژێر ناوی (مه‌لای پاسه‌وان به‌سه‌ر ئازادیمانه‌وه!)، منیش له شێوه‌ی كفتوگۆیه‌ك دا وه‌لامی هه‌ندی په‌ره‌گرافی نوسینه‌كه‌یم داوه‌ته‌وه.
شێركۆ بێكه‌س: پێناچێ ده‌سه‌ڵاتی سیاسی كورد‌و حكومه‌تی هه‌رێم‌و په‌رله‌مانیش له‌م وڵاته‌دا بایه‌خێكی ئه‌وتۆ به‌و ده‌ستدرێژ كردن‌و سوكایه‌تی پێكردنه بده‌ن كه هه‌ندێ مه‌لاو ئیمامی مزگه‌وت سه‌باره‌ت به‌روناكبیران‌و ده‌زگا رۆشنبیری‌و رێكخراوه مه‌ده‌نیه‌كان ئه‌یكه‌ن‌و كردویانه.
+ تۆ ده‌ڵێی پێناچێ! به‌لام من ده‌ڵێم دلنیام ده‌سه‌لاتی سیاسی كورد‌و حكومه‌تی هه‌رێم و په‌رله‌مانیش له‌م هه‌رێمه‌دا بایه‌خی پێویست به‌و ده‌م درێژی و سوكایه‌تی پێكردنانه ناده‌ن كه هه‌ندێك نوسه‌رو ده‌زگای بلاوكردنه‌وه به‌رامبه‌ر به پێغه‌مبه‌ران و پیرۆزیه ئایینیه‌كان و دامه‌زراوه ئایینیه‌كان كردوویانه و له‌سه‌ریشی به‌رده‌وامن!
شێركۆ بێكه‌س: له‌ڕاستیدا ده‌مێكه حكومه‌ته‌كه‌ی ئێمه، زیاد له‌پێویست، تا راده‌ی خۆناشیرین كردن، داوێتی به‌ده‌م ئه‌و مه‌لاو ئیمامی مزگه‌وتانه‌وه كه میحرابی وتار خوێندنه‌وه‌ی رۆژانی هه‌یینییان بۆ مه‌رامی سیاسی‌و حزبی ته‌رخانكردووه، راسته‌وخۆو بێ په‌رده‌پۆشی هێرش ئه‌كه‌نه سه‌ر ئازادی تاكی ئه‌م كۆمه‌ڵه‌و په‌لاماری ئه‌و گۆڤار‌و قه‌ڵه‌مانه ئه‌ده‌ن كه په‌یامه ئایینییه‌كه‌ی ئه‌وانییان نییه‌و بیركردنه‌وه‌یان جیاوازه.
+ ڕاسته! ده‌مێكه حكومه‌ته‌كه‌ی هه‌موومان نه‌ك هی ئێوه، زۆر زیاد له پێویست، تا ڕاده‌ی ده‌م چه‌وركردن و ده‌ست له پشت دان و پێدانی پاره‌ی مفت و مۆل كرا‌و، داوێتی به‌ده‌م ئه‌و نوسه‌رو به‌رپرسانه‌ی ده‌زگاكانی په‌خش و ڕاگه‌یاندن كه پاره‌و سامانی گشتی و لاپه‌ڕه‌ی رۆژنامه‌و گۆڤاره‌كانیان بۆ مه‌رامی تایبه‌تی و باخه‌ڵ پڕكردن ته‌رخانكردووه، ڕاسته‌وخۆو بێ په‌رده یاری به‌هه‌ست و شعوری تاكی موسلمان و دیندار ده‌كه‌ن و په‌لاماری ئه‌و زانا‌و كه‌س و لایه‌نانه ده‌ده‌ن كه قیبله‌ی خۆیان ڕووه‌و ڕۆژئاوا نه‌گۆریوه‌و وه‌ك ئه‌وان ده‌ست به‌رداری هه‌موو به‌هاو پیرۆزیه ئایینی و كۆمه‌لایه‌تیه‌كانیان نه‌بوون.
شێركۆ بێكه‌س: ئێمه نازانین له‌به‌رچی‌و بۆچی وه‌زیرو وه‌زاره‌ته به‌رپرسه‌كان گوێی خۆیان له‌و هه‌مو جنێو‌و داشۆرین‌و هه‌ڕه‌شانه كه‌ڕكردووه كه هه‌ر جاره‌و ئه‌یكه‌نه سه‌ر هونه‌رمه‌ندو گۆرانیبێژێ، یان گۆڤارێ یان شاعیر‌و نووسه‌رێ یان به‌كۆمه‌ل ئازادی ژنان‌و رێكخراوی مه‌ده‌نی‌و هه‌موو چالاكییه‌كی دیموكراسیانه‌و عه‌لمانیانه‌ی پێ ته‌كفیر ئه‌كه‌ن؟.
+ ئێمه‌ش نازانین! له‌به‌رچی و بۆچی سه‌رۆك و وه‌زیرو وه‌زاره‌ته به‌رپرسه‌كان گوێی خۆیان له‌و هه‌مو جنێو‌و سوكایه‌تی و هه‌ڕه‌شانه كه‌ڕ كردوه كه هه‌رجاره‌و له‌لایه‌كه‌وه (ئێوه) ده‌یكه‌نه سه‌ر مه‌لاو مزگه‌وت و زانایانی ئایینی و پێغه‌مبه‌ران و هاوه‌لانی به‌ریزی و ته‌نانه‌ت هه‌ندێك جار خوای مه‌زنیش، یان سه‌رله‌به‌ری مێژووی ئیسلام و كه‌سایه‌تیه دیاره‌كانی و تێكرای بنه‌ماكانی ئیسلام ده‌كه‌نه ئامانجی تانه‌و ته‌شه‌رو، به‌دواكه‌وتوو تاریك په‌رستی ناویان ده‌به‌ن.
شێركۆ بێكه‌س: ئایا ئه‌و مایكرۆفۆنانه‌ی خراونه‌ته به‌رده‌می ئه‌و ئیمام‌و خه‌تیبانه‌ی رۆژانی هه‌یینی گوتاری سه‌یرو سه‌مه‌ره ئه‌خوێننه‌وه، له‌لێپرسینه‌وه به‌ده‌رن؟! ئایا به‌ڕه‌سمی رێگه به‌و هێرش‌و جنێوانه دراوه؟!
+ باشه ئه‌ی خۆتان! ئایا ئه‌و رۆژنامه‌و گۆڤاره زۆر‌و بۆرانه‌ی خراونه‌ته به‌رده‌ستتان و رۆژانه‌و هه‌فتانه‌و مانگانه به سه‌دان و هه‌زاران بلاو ده‌كرێنه‌وه، نووسینی نامه‌سئولانه‌ی بێ سه‌روبه‌ر بلاوده‌كه‌نه‌وه، ئایا ئه‌وانه له لێپرسینه‌وه به‌ده‌رن؟! ئایا به‌ره‌سمی ڕێگه به‌و زمان پیسی و بێ به‌ندو باویه دراوه؟!
شێركۆ بێكه‌س: ئاخر با بزانین ئه‌و ئیمام‌و خه‌تیبانه‌ی له‌و مزگه‌وتانه‌دا وا بێده‌ربه‌ست‌و بێ‌باك به‌ناوی ئیسلام‌و ئاین‌و خوا‌و پێغه‌مبه‌ره‌وه هه‌ڕه‌شه ئه‌كه‌ن‌و خۆیان سوور ئه‌كه‌نه‌وه‌و ئه‌كه‌ونه هه‌له‌كه سه‌ماو ئه‌م ئه‌كه‌ن به به‌هه‌شتی‌و ئه‌و ئه‌كه‌ن به‌دۆزه‌خی‌و "سه‌كی غیفران"ی خۆیان به‌ڕاست‌و چه‌پدا دابه‌شئه‌كه‌ن. كێ ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ی پێداون؟! ئایا ئه‌مه تیژكردنه‌وه‌ی جۆرێك له‌شمشێری ئیرهاب نییه له‌و مزگه‌وتانه‌دا؟! ئایا ئه‌م جڵه‌و بۆ شلكردن‌و گوێ نه‌دانه به‌ره‌و كوێمان ئه‌بات؟!
+ ئێمه‌ش ده‌مانه‌وی بزانین! ئه‌و نوسه‌رو به‌ناو رۆشنبیرانه‌ی له‌و بلاوكراوه‌و ده‌زگا راگه‌یاندنانه‌دا وا بێ منه‌تانه و به‌ناوی ئازادی و ئازادی بیروڕاوه ده‌م له‌هه‌موو شتێك ئه‌كوتن و هه‌ر به ئه‌نقه‌ست ئه‌گه‌رێن به‌دوای ناوی پێغه‌مبه‌ران و ئایه‌ت و فه‌رمووده‌و زاراوه دینیه‌كاندا بۆ ئه‌وه‌ی بیان كه‌ن به‌كه‌ره‌سته‌ی ناو چیرۆك و شیعره لار‌و وێره‌كانیان، كاتێكیش ناڕه‌زایی خه‌لكیان بینی هاواریان لێ به‌رز ده‌بێته‌وه‌و شین و مۆر هه‌ڵده‌گه‌رێن ده‌ڵێن مه‌به‌ستمان ئه‌وه نه‌بووه، ده‌یانه‌وی به‌داوای لێبوردنێك هه‌ندێك جاریش به‌بێ داوای لێبوردن نه‌جاتیان بێت، ده‌مانه‌وی بزانین كێ ئه‌و ئامۆژگاریه‌ی كردوون وا بكه‌ن و هه‌میشه ئه‌و یاری و گالته‌جاڕیه دووباره‌و سێ باره بكه‌نه‌وه؟! ئایا له‌م كاره‌یان چ قازانجێك ده‌كه‌ن؟! ئه‌ی باشه بۆ نا‌وێرن بۆ جارێكیش بێت خۆیان له‌قه‌ره‌ی ره‌مزه‌كانی حزب یا ته‌نانه‌ت عه‌شیره‌تێكیش بده‌ن؟! به‌لام به‌رامبه‌ر ئیسلام وا ئازان! ده‌بێ ئه‌و بێ جڵه‌ویه‌یان به‌ره‌و كوێیان ببان؟!
شێركۆ بێكه‌س: ئه‌وه‌تا ئیمامی مزگه‌وتی روناكی له‌هه‌ولێر، مه‌لا عه‌بدولخالق ناوێ، رۆژی 16/4/2010 له‌وتاری ئاگرینی رۆژی هه‌ینی خۆیدا. به به‌رچاوی سه‌رۆكی هه‌رێم‌و سه‌رۆكی حكومه‌ت‌و په‌رله‌مان‌و وه‌زیری ئه‌وقافه‌وه. په‌لاماری روناكبیران‌و هه‌ردوو ده‌زگای ئاراس‌و سه‌رده‌م ئه‌دات‌و لێبڕانه‌و پشتئه‌ستوور به‌و گه‌مه سیاسییه. داوای ئه‌وه ئه‌كات "ئه‌و دوو ده‌زگایه لغاو بكرێن"
+ ئه‌دی خۆتان! ئه‌وه‌تا نه‌ك یه‌كێك به‌لكو ده‌یان نوسه‌ری سه‌ر به كه‌مپه‌كه‌ی ئێوه به‌به‌رچاوی هه‌مان سه‌رۆك و هه‌مان حكومه‌ت و په‌رله‌مان و هه‌مان وه‌زیری ئه‌وقافه‌وه به‌ده‌یان به‌یاننامه‌و نووسینی هه‌ڕه‌شه ئامێز په‌لاماری مه‌لاو زانایانی ئیسلام ده‌ده‌ن و داوای نه‌هێشتنی وتاری هه‌ینی و ده‌مبه‌ست كردنی مه‌لای مزگه‌وته‌كان ده‌كه‌ن، ده‌یان وه‌سفی ناشیرینی وه‌ك چه‌قبه‌ستوو، شمشێر به‌ده‌ست، تێنه‌گه‌یشتوو، ... هتد، ده‌ده‌نه پاڵ تێكرای زانایانی به‌رێزی ئیسلام، بۆ دلنیابوون سه‌یرێكی بابه‌ته‌كانی ئه‌و ماوه‌یه‌ی سایتی كوردستان نێت له‌ناویشیان وتاره‌كانی به‌دران حه‌بیب بكه، بزانه جه‌ماعه‌ت چۆن به‌ده‌رفه‌تیان زانیوه له‌و بۆنه‌یه كه‌لك وه‌ربگرن بۆ هه‌ڵرشتنی كینه‌ی په‌نگ خواردوویان (قل موتوا بغیڤكم) .
شێركۆ بێكه‌س: ئێمه له چ وڵاتێكدا ئه‌ژین مه‌لاو ئیمامی مزگه‌وتێك، نانخۆرێكی حكومه‌ت له‌پشت مایكرۆفۆنی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌وه خۆی بكات به‌نوێنه‌ری خوا‌و پێغه‌مبه‌ر‌و تێكڕای موسڵمانان‌و بێ ده‌ربه‌ستانه مێشیش میوانی نه‌بێت‌و به‌مجۆره په‌لاماری ئازادی راده‌ربڕین بدات‌و مه‌لایش پێیوابێت داكۆكی له‌موقه‌ده‌سات‌و كولتوور ئه‌كات، وه‌ك ئه‌وه‌ی ئایین‌و موقه‌ده‌سات موڵكی تایبه‌تی خۆی بێت؟
+ ئه‌ی ئێمه بۆ ناڵێی! نازانم كه‌وتووینه‌ته كام هه‌رێم رۆشنبیرێكی په‌نا ده‌سه‌لات كه به پاره‌ی حكومه‌ت قه‌ڵه‌و بووه هه‌ر به پاره‌ی ئه‌و حكومه‌ته‌ش دژایه‌تی مه‌لاو كه‌سایه‌تیه ئایینیه‌كان ده‌كات و خۆی به نوێنه‌ری ئازادی خوازان و ده‌مراستی رۆشنبیران ده‌زانێ و ئاوا كه‌وتۆته به‌خشینه‌وه‌ی ناووناتۆره‌ی چه‌واشه‌كارانه به‌سه‌ر مه‌لاو مزگه‌وت و هێما ئایینیه‌كانی ئیسلام دا، خۆشی واپیشان ده‌دات گوایه زۆر خه‌می موقه‌ده‌سات و كولتوری ئایینیه‌تی به‌لام چی بكا ئازادی جنێودانیش پێویسته!!
شێركۆ بێكه‌س: هه‌ر گۆڤارێك ئازاده چی ئه‌نووسێ‌و تۆیش بۆت هه‌یه له‌و سنووره‌دا وه‌ڵامی خۆت بده‌یته‌وه.
+ هه‌ر زانایه‌كی ئایینیش ئازاده له‌وه‌ی چی ده‌ڵێ و چۆن وه‌لامی ئه‌و نووسینه نا مه‌سئولانه ده‌داته‌وه، ئێوه‌ش بۆتان هه‌یه تا ده‌توانن قوڕ بپێون.
شێركۆ بێكه‌س: وه‌ڵامێك كه تخووبه ئه‌خلاقییه‌كان نه‌به‌زێنێ‌و یاری به‌عاتیفه‌ی دینی خه‌ڵك نه‌كات.
+ به‌راستی سه‌یره! ته‌ماشاكه‌ن خه‌لكینه كێ باسی تخوبی ئه‌خلاقی ده‌كات! جا ئه‌گه‌ر هاوكارانت ئه‌و تخوبه‌یان نه‌به‌زاندبا ئه‌و هه‌راو به‌زمه بۆ دروست ده‌بوو؟! وادیاره ئێوه قه‌ت بۆ جارێكیش شك له‌وه ناكه‌ن هه‌ڵه‌كه له به‌ره‌ی ئێوه بێ، به‌لام نا.. جه‌نابتان له فریشته ئه‌چن، ئێوه‌و سنور به‌زاندن؟ ئێوه‌و یاری به عاتیفه‌ی خه‌لك كوجا مه‌رحه‌با؟! ئێوه به‌س مه‌گه‌ر گالته به عاتیفه‌ی سیاسیه‌كان بكه‌ن و بیان ده‌ن به‌گژ مزگه‌وت مه‌لا و فه‌قێ دا!!
شێركۆ بێكه‌س: نووسین به‌رامبه‌ر به‌نووسین.
+ ئێمه‌ش هه‌رواده‌ڵێین! السن بالسن...
شێركۆ بێكه‌س: ئیمام ئه‌یه‌وێ هه‌موومان وه‌كو ئه‌و بیر بكه‌ینه‌وه، له‌پشت ئه‌وه‌وه نوێژ بكه‌ین. له‌گه‌ڵ ئه‌ودا هه‌ڕه‌شه بكه‌ین‌و له‌گه‌ڵ ئه‌ویشدا داوای لغاو كردنی كه‌سانێ بكه‌ین چونكه بڕوایان جیاوازه.
+ نه‌خێر وانیه! موسلمان ده‌یه‌وی سوكایه‌تی به دینه‌كه‌ی نه‌كرێ و بیروباوه‌ره‌كه‌ی رێز لێ‌گیراو بێت، كه‌س پێویستی به نوێژی ئێوه نیه، ئێوه گه‌ر نوێژتان كردبا ده‌تان زانی خاوه‌نی ئه‌و نوێژه پێغه‌مبه‌رانی له باشترین كه‌سانی سه‌رده‌می خۆیان هه‌ڵبژاردووه، ئه‌و كات زاتی ئه‌وه‌تان نه‌ده‌كرد به قومارچی و دزو شه‌قاوه وه‌سفیان بكه‌ن، لغاو كردنیش له‌سه‌ر بروای جیاواز ڕه‌وا نیه به‌لام له‌سه‌ر په‌لاماردانی پیرۆزیه‌كانی خه‌لك ده‌كرێ یه‌كێك بێ له چاره‌سه‌ره‌كان.
شێركۆ بێكه‌س: ئێمه پاسه‌وانیی ئه‌ومان قبوڵ نییه پاسه‌وان به‌سه‌ر عه‌قڵمانه‌وه. پاسه‌وان به‌سه‌ر هه‌ڵسوكه‌وت‌و قه‌ڵه‌ممانه‌وه. پاسه‌وان به‌سه‌ر قژ‌و جلوبه‌رگ‌و پۆشاكی ده‌زگیران‌و ژن‌و خوشكه‌كانمانه‌وه. پاسه‌وان‌و پشكنه‌ری شیعر‌و گۆرانی‌و سیدییه‌كانمان. پاسه‌وان به‌سه‌ر عه‌شق‌و جه‌ژنی ڤالانتاین‌و سوراوی لێوو ئه‌لبومی وێنه‌كانمانه‌وه. پاسه‌وان به‌سه‌ر ماڵه‌كانمانه‌وه. ئیتر مه‌حكه‌مه‌ی ته‌فتیشی بیری تاریك ره‌تئه‌كه‌ینه‌وه.
+ ئێمه‌ش پاسه‌وانی ئێوه‌مان قبول نیه، به‌سه‌ر مینبه‌رو میحرابی مزگه‌وتمانه‌وه، به‌سه‌ر مه‌لاو فه‌قێمانه‌وه، به‌سه‌ر حوجره‌و مه‌دره‌سه‌ی دینیمانه‌وه، به‌سه‌ر وتاری هه‌ینی و ئامۆژگاری زانایانمانه‌وه، مه‌حكه‌مه‌ی ته‌فتیش بۆ تۆقاندنی ئێمه‌ی موسلمان هاته كایه‌وه به‌لام شكستی هێنا، ئه‌گه‌ر كه‌سێك قوربانی ده‌ستی مه‌حكه‌مه‌ی ته‌فتیش بوبێ زانایانی ئیسلام بوون، بۆیه ئێمه قه‌ت له‌به‌ره‌ی تاریكی دا نین، ئه‌وانه تاریكبیرن كه ده‌یانه‌وی پشت له خۆر‌و ڕوو خۆرئاوا بكه‌ونه سه‌ر چۆك!
شێركۆ بێكه‌س: ئێمه ناچینه‌وه ژێر ركێفی عه‌قڵی دوو هه‌زار ساڵ له‌مه‌وپێش.
+ ئێمه‌ش پێمان خۆشه نه‌چن! به‌لام ڕه‌فتارتان پێمان ده‌ڵێ ئێوه له دوو هه‌زار ساڵ واوه‌تریش رۆیشتوون، چونكه سوكایه‌تی به پێغه‌مبه‌ران له سه‌رده‌می نوحه‌وه هه‌بووه و ئێستا ئێوه زیندووتان كردۆته‌وه!
شێركۆ بێكه‌س: ئێمه ئه‌و ئایین سالاری‌و ئیمامه‌تیه‌مان ناوێ مزگه‌وتی تێدا بكرێ به‌جێی هه‌ڕه‌شه‌و گوڕه‌شه‌و توونی دۆزه‌خ.
+ ئێمه‌ش رۆشنبیری جنێوفرۆشتن و ڕِاگه‌یاندنی داڕنراو له ئه‌ده‌ب و شه‌رم و شكۆمان ناوی، له كوێ هێناوتانه بیبه‌نه‌وه ئه‌وی.
شێركۆ بێكه‌س: مزگه‌وت به‌ته‌نها بۆ خواپه‌رستی‌و عیباده‌ته كه له‌وه ده‌رچوو ماڵی خوا نییه. كه جنێوی سووكی تیا درا‌و به‌زۆر لغاوی تیا كرا! ئه‌بێته ماڵی ئیرهاب‌و تیرۆریستان. ئه‌بێته خانه‌ی رق‌و كینه. ئه‌بێته ماڵێكی تری مه‌لا زانا!
+ وه‌لامدانه‌وه‌ی ده‌م پیس و ده‌م شڕه‌كان به‌شێكه له عیباده‌ت، جنێوی سوكیش كاڵای خۆتانه به‌سه‌ر ئێمه‌ی دا ساغ مه‌كه‌نه‌وه، نه‌شم زانیوه تا ئێستا له مزگه‌وت نه لغاوی مادی و نه هی مه‌عنه‌وی كرابێته ده‌می كه‌س، به‌تایبه‌ت كه ده‌می جنێو فرۆشه‌كان لغاو دادی نادات ده‌بێ ئازادی كه‌ی بۆ ئه‌وه‌ی خۆی ماندوو بێ!!
شێركۆ بێكه‌س: ئێمه هه‌ر هه‌موومان سه‌ر به‌ئایینی ئیسلام نین.
+ گومانی تێدا نیه!!
شێركۆ بێكه‌س: ئێمه مه‌سیحی‌و جووله‌كه‌و ئێزیدی‌و سابیئه‌و به‌هائیمان تێدایه!
+ راست ده‌كه‌ی! له لیستی ناوی ئه‌و پێغه‌مبه‌رانه‌ی گالته‌یان پێكراوه ناوی پێغه‌مبه‌رانی ئه‌وانیشی تێدایه!
شێركۆ بێكه‌س: ئێمه ڕێزمان بۆ هه‌موو ئه‌و په‌یامانه هه‌یه‌و حه‌قیقه‌تیش هه‌رگیز به‌ته‌نها له‌بیرێكدا نییه.
+ له‌راستیدا ئێوه رێزتان بۆ هیچ كامیان نیه به‌لام ناچارن، ته‌نها بۆ خۆل كردنه چاوی شوێن كه‌وتوانی ئه‌و ئایینانه هه‌میشه ئه‌وه دووباره ده‌كه‌نه‌وه، كاتێك ئایین به دیارده‌یه‌كی كۆمه‌لایه‌تی زانرا ئیدی چ رێزێكی بۆ ده‌مێنێته‌وه؟!
شێركۆ بێكه‌س: ئه‌پرسم: بۆ جارێ له‌جاران، مه‌لا عه‌بدولخالیق خۆی، یان هه‌ر ئیمامی مزگه‌وتێ له‌وتاری هه‌یینیدا، له‌سه‌ر خوێنی هه‌زاران كوردی مه‌سیحی ئه‌م وڵاته، له‌سه‌ر قه‌تل‌و عامكردن‌و ره‌وه‌دوونان‌و سووتانی ماڵ‌و ده‌ربه‌ده‌ر كردنیان نه‌هاتنه جواب‌و خوتبه‌یه‌كی ئاگرینی خۆیانیان بۆ ته‌رخان نه‌كردن.
+ منیش ده‌پرسم جه‌نابت چه‌ند جار له وتاری هه‌ینی مزگه‌وتێك دا ئاماده‌بوویت تا بزانی باسیان كردوه یا نه‌كردوه؟
شێركۆ بێكه‌س: ئه‌وه‌تا ئیمامی موسڵمانان به‌ئاشكرا له‌ڕێی جوڵاندنی سۆزی ئایینی خه‌ڵكه‌وه رق‌و كینه ئه‌چێنی‌و هانی خه‌ڵك ئه‌دا بۆ ئه‌وه‌ی بێنه سه‌ر ده‌زگاكانمان.
+ ئه‌وه‌ی دڕك بچێنێ ده‌بێ هه‌ر دركیش بدورێته‌وه، ئه‌ی به‌ته‌مان ده‌ست خۆشیتان لێ بكرێ له‌سه‌ر جنێوه مۆدێرنه‌كانتان؟!كه‌سیش نه‌هاتۆته سه‌رتان، زیادی مه‌خه‌نه سه‌ر!
شێركۆ بێكه‌س: خۆ وه‌ڵامی له‌وجۆره ئه‌وه‌نده زۆره كه به‌خه‌یاڵی مه‌لایشدا نه‌هاتبێ.
+ دلنیابه ئێمه‌ش ئه‌و رێیه پێ ده‌زانین ئه‌گه‌ر رێ به‌خۆمان بده‌ین!!
شێركۆ بێكه‌س: ئێمه هه‌رگیز ناچینه ئه‌و ئاسته‌وه‌و له‌ڕێزی قه‌ڵه‌می خۆمان كه‌م ناكه‌ینه‌وه
+ ئه‌گه‌ر ڕاسته ئه‌وه‌نده به‌ده‌ست نوێژی ده ئامۆژگاریه‌كی ئه‌وانی تریش بكه با رێز له‌قه‌له‌می خۆیان بگرن تا ئێمه‌ش و ئێوه‌ش تووشی سه‌ر ئێشه نه‌بین.
شێركۆ بێكه‌س: وه‌ڵا كاتی ئه‌وه هاتووه، ئه‌م جۆره مه‌لاو ئیمامانه له‌میحرابی مزگه‌وته‌كان دوور بخرێنه‌وه. چونكه ئه‌وانه ماڵی خوا بۆ مه‌رام‌و مه‌به‌ستی حزبی‌و سیاسی خۆیان به‌كارئه‌هێنن‌و به‌مه‌یش بیانه‌وێ‌و نه‌یانه‌وێ رێگا بۆ به‌رپاكردنی ئیرهاب خۆش ئه‌كه‌ن.
+ وه‌ڵا خۆ جوانه! با له‌مه‌و دوا مه‌لا شێركۆ بێكه‌س و مه‌لا پیرباڵ و مه‌لا به‌دران وتارمان بۆ بده‌ن!! چونكه ئه‌وان مینبه‌ر بۆ مه‌رامی حزبی و سیاسی به‌كار ناهێنن، ئه‌سڵه‌ن هه‌ر به‌كاری، بۆچیانه؟! مه‌گه‌ر پێویستیان به زه‌ویه‌كه‌ی بێت بۆ فرۆشتن بیخه‌نه مه‌زاده‌وه!!
شێركۆ بێكه‌س: له‌پاشه‌ڕۆژێكی نزیكدا ئایین‌و مزگه‌وت‌و خواپه‌رستی له‌ده‌وڵه‌ت‌و سیاسه‌ت جوێ بكرێته‌وه.
+ ئه‌وه‌یان زۆر له‌تۆ گه‌وره‌تر به‌دوایه‌وه‌ن به‌لام هیچیان پێ نه‌كراوه‌و ناكرێ، خۆ ئیسلام ئایینی كلێسه نیه هه‌ر كه‌س هاتوو ده‌ستكاری بكات یان سنوری كاری بۆ دیاری بكات، ئه‌وه ئایینه سنوور بۆ هه‌موومان دیاری ده‌كات، بۆ هه‌موو ئه‌وانه‌ی موسلمانن.
شێركۆ بێكه‌س: كاتی ئه‌وه هاتووه، ئه‌م بازرگانیكردنه‌ی سیاسه‌ت به‌ناوی ئایین‌و شه‌ریعه‌ته‌وه به‌پێی قانون وه‌ك گه‌لێ وڵاتی دنیا رێكبخرێته‌وه
+ چونكه خۆتان فێرن بازرگانی به‌هه‌موو شتێكه‌وه ده‌كه‌ن واده‌زانن خه‌لكی تریش وان، ئاخر كامیان بازرگانی به ئایینه‌وه ده‌كه‌ن؟ ئه‌وه‌ی بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆی و به‌ڕووكه‌ش خۆی پێوه هه‌لده‌واسێ؟ یان ئه‌وه‌ی خوێنی خۆی له پێناوی دا كردۆته كاسه‌وه و هه‌موو مه‌ترسیه‌كی قبول كردوه؟
شێركۆ بێكه‌س: ره‌نگه له‌م شته‌دا ده‌سه‌ڵاتی سیاسی كورد هه‌ندێ قازانجی كاتی له‌وه ده‌ست بكه‌وێت كه به‌مجۆره نه‌شیاوه رێگه به‌و مه‌لاو ئیمامانه بدات هه‌موو سنوورێكی ئه‌خلاقی ببه‌زێنێ
+ خۆزگه كه‌مێك شه‌رم بیگرتبای و ئه‌وه‌نده باسی سنوری ئه‌خلاقیت نه‌كردبا! ئاخر شه‌ری زانایانی ئیسلام و خه‌لكی موسلمانان هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و سنوره ئه‌خلاقیانه‌یه كه هه‌ندێكتان ژێرپێیان خستووه‌و ئه‌وانی تریش به‌رگریان لێ ده‌كه‌ن، كه‌چی وای پیشان ده‌ده‌ن كه مه‌لا سنوری ئه‌خلاقی به‌زاندووه!! بۆیه گوتراوه تا خاوه‌ن مال دزی گرت دز خاوه‌ن ماڵی گرت، من گره‌نتیت ده‌ده‌مێ به‌س ئێوه كه‌مێك ئاگاتان له‌و ده‌م پیس و قه‌ڵه‌م شرانه بێت كه فێربوون به‌راست و چه‌پدا شه‌لم كوێرم ناپارێزم قسه‌ی نه‌شیاو فرێ ده‌ده‌ن، ئه‌وا هیچ وتار بێژیكی مزگه‌وتیش ناوی هیچ كامتان ناهێنێت، به‌لام تائێستا ئه‌و ئیراده چاكه خوازیه نابینرێ له‌ناوتان، هه‌رچی دێته قسه زمانی توندی و هه‌ره‌شه‌نه‌بێ چیتری پێ نیه، شوكر بۆخوا تیغه‌كه‌تان كوله‌و زیاتر نابڕێ.
