مقەدەسات … عەبدوڵا مەحمود

هیچ شتیک بە ئەندازەی بەرگری لە مقەدەسات، مقەدەساتەکانی کۆمەڵگای پێشێل نەکردووە. مقەدەسات بەوێنەی داب ونەریتی گشتی، بەوێنەی دەستەواژەی بەرگری لە بەرژەوەندی نیشتمانی و نەتەوەیی دینی، بە وێنەی رێزگرتن لە کەلتوری باو، بەوێنەی رێزگرتن لە رێورەسم و ئادابی گشتی تا دەگات بە پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی و نیشتمانی... تاد

لە کوردستان و هەموو ئەو کۆمەڵگایانەی دین و قەوم، لە جێگای چەمکی "هاوڵاتی بوون" دەکرێتە ناسنامەی تاک و مەبنای پێناسەکردنی کۆمەڵگا، یان بە واتایەکی تر لەهەر شوێنێکی دنیا (دین و قەومپەرستی) پێکهێنەری دەسەڵاتی سیاسی بێت یان هەردوکیان تێکەڵ بەیەک کرابن، بێگومان و بێ هیچ ئەمماو ئەگەرێکی نووسەرە گەمژەو موچەخۆرەکان، ئەو کۆمەڵگایە جوداسازی، خورافە، دەمارگیری ئەخلاقی، رەگەزپەرستی، نەژادپەرستی، پیاوسالاری، تادەگات بە دەستێوەردانی ئاشکراو یاسایی لە ژیانی تایبەتی تاکەکاندا و چونە جەنگی ئازادی و ئازادیخوازی و یەکسانی ئینسانەکان، بەرپاکردنی شەڕ لەگەڵ هەر داهێنان و توێژینەوەیەکی زانستی و شەڕی هەر دەق و ئایدۆلۆژیاو دنیابینیەکی ئەدەبی و هونەری مۆدێرن... تاد، دەبێتە ڕوویەکی واقعی و قێزەونی ئەم کۆمەڵگایە.

 کۆمەڵگای کوردستان نمونەیەکی پڕاوپڕو بەرجەستە هاوکات واوەتر لەم حاڵەتەشە، یانی جگە لەوەی دەسەڵاتی سیاسی، دەسەڵاتیکی قەومپەرستی ئاودراو بە ئیسلامە، هاوکات تا ئێستا لە دەوڵەت " هەرجۆرە دەوڵەتێک" بێبەشە.

لەکوردستان و لەژێرسایەی ئەم دەسەڵاتەدا، ڕەوتگەلی ئیسلامی هەمەجۆر، سەدان هەزار مەلای کریگرتەی سەربەرەوتە ئیسلامیەکان و مەلای سەر بە حزبەدەسەڵات بەدەستەکان، بە هەزاران مزگەوت و دائرەو وەزارەتی تایبەت بە ئەوقاف و کاروباری ئیسلامی هەن. داهاتێکی خەیاڵی لە پاروی دەمی خەڵکی کوردستان دەکرێتە گیرفانی پڕ نەبووی رەوت و هێزەئیسلامیەکان و گەرووی ئەو دەیان هەزار مەلا مفتەخۆرەو دامودەزگاکانی سەر بە ئەوقاف و کردنەوەی مزگەوت و منارەی شەرمهینەر (چوونە جەنگی شەفافیەت و گێڕنەوەی بودجە، بەبێ جەنگ وەڕێخستن بۆ کۆتاییهێنان بەم دزییە ئاشکرایە، درۆیەکی شەرم هێنەرە) . کە زێدەرۆیی نییە بڵێین ژمارەی مزگەوتەکان لە ژمارەی قوتابخانەکان زیاترەو چەند بەرابەری ژمارەی خەستەخانەو بنکە تەندروستی و خزمەتگوزاریەکانە.

ئەم دۆخ و ژینگە نا سروشتییە کە دەسەڵاتی سیاسی خوڵقێنیەریەتی بۆتە مایەی ئەوەی کە بەناوی بەرگری لە مقەدەساتەکانی خەڵکی کوردستانەوە، هەرچی مقەدەساتی ئینسانی خەڵکی کوردستان هەیە بکەوێتە بەردەم هەڕەشەو پێشێلکاری.

ئەوەی کە هەر ڕۆژەو هەرجارەی نووسەرێک، شاعیرێک، هونەرمەندو ئەدیب و شانۆنووس و ئەکتەرو میژوونووسێک، سیاسی و چەپ و کۆمۆنیستێک، گۆڤارو ڕۆژنامەیەک، ... دەکەونە بەردەم هەڕەشەو قیڕەقیڕی مەلای مزگەوتەکان و هەڕەشەو فتوای رەوت و لایەنە کرێگرتە ئیسلامیەکان، بەر لەوەی زادەی هێزی ئیسلامیەکان بێت، یان لە کەمترین پشتیوانی جەماوەری بەهرەمەند بێت. یان هیچ پەیوەندی هەبێت بە مقەدەساتی خەڵکی کوردستانەوە، بەرهەمی دەسەڵاتی قەومپەرستی وابەستە بە ئیسلام و کۆنەپەرستی ناو کۆمەڵگایە کە هەموو دەروازەکانی بەرووی هیزو لایەنە ئیسلامیەکاندا واڵا کردوە، تا کۆمەڵگا لیخن بکەن.

چۆن ناسیونالیزمی کورد بە گشتی و هیزە دەسەڵات بەدەستەکانی لە ژێر ناوی بەرگری لە مقەدەساتی خەڵکی کوردستان و لەژێر ناوی پاراستنی ئاسایشی نەتەوایەتیدا!، سەدان تەلی دڕکاویان بۆ پەلبەستکردنی ئازادی چنیوەو هێزی هەزارسەریان بۆ سەرکوتی ئەوانە ئامادەکردوە کە هێڵە سورەکانی دەبەزێنن بۆ ئەوەی بەربگرن بە دەنگ و هەڵسوڕانی هیزو لایەنی ناکۆک بە ئاسۆو ئامانجی چینایەتیان، ئاواش رەوت گەلی ئیسلامی و مەلا مفتەخۆرەکانیان لە پاڵ و بە هاوکاری راستەوخۆ و ناراستەوخۆی دەسەڵات لە ژێر ناوی بەرگری لە مقدەساتی ئیسلامی و پەیامبەران و رەمزەکانیان و کەلتوری گەنیووی ئیسلامی نزیک بە ١٥ سەدە لەمەوبەردا، لە هەڕەشە و فتواو لەهەرکاتێکیش بۆیان بلوێت لە تیرۆری جەستەیی دەستیان نەپاراستووەو ناپارێزن.

ئەم بەناو مقەدەساتانە بۆ بزوتنەوەی ناسیونالیزمی کورد و حزب و هێزەکانی بریتییە لە، سەرۆکەکانیان، سەرکردە روحیەکانیان، سرودەکانیان، مێژووی سەرهەڵدان و داکشانی جوڵانەوەکانیان، رێکەوتنامەو پەیماننامە و سازشەکانیان، سنور، کەلتورو ئەخلاقیات و فەرهەنگ، ئاڵاو ڕێو ڕەسم و بۆنە نەتەوەیی و نیشتمانیەکانیان، ئاماژەکانیان بۆ رەگەز، نەتەوە، ناوچە کێشە لەسەرەکان، تا دەگات بەخۆ بەلەبانتر زانینی میللی، رەگەزی، نەژادی، جنسی بەسەر کەسانی دەرەوەی رەگەزو نەتەوەی خۆدا... تاد، هەر کەس و لایەنێک جیاوازی ریشەیی و جدی بەرامبەریان بەیان بکات، بە درۆیان بخاتەوە، ڕەخنەیان لێبگرێت، تەنانەت توێژینەوەیان لەسەر بکات، رووبەرووی هەرەشە و كیبەركێ دەبێتەوە لەگەڵ بزوتنەوەی کوردایەتی و حزبەکانی چونکە ناتوانن و حەوسەڵەی ڕوبەڕوبونەوەیەکی زانستی و شارستانیانەیان، نییە.

 رەوتە دینی و کۆنەپارێزەکانی کۆمەڵگا بە حزب و لایەنە سیاسیەکانیانەوە، مقەدەساتەکانیان تۆڕێکی جاڵجۆڵۆکەییە، کە پێکهاتووە لە تابۆ ڕاگرتنی ڕەخنە و توێژینەوە، لە قورعان و حەدیس، لە پێغەمبەرانی ئیسلام و دەسەڵاتدارێتیان و مامەڵەی پیاوسالاریان، لەبەهەشت و جەهەنەمیان، لە خولەفاکانی ڕاشدین و ماوەی فەرمانڕەوایەتیان وهەڵسوکەوتیان، لەڕەمزە داتاشراوە ئیسلامیەکان، لە بۆنە بە ئەفسانەکراوەکانیان، لە جیاوازیە سازییە جنسیەکانیان لە ژیانی خیزانی و کۆمەڵگاو بەڕێوەبردنی پۆستە سیاسی و ئیداری و قەزاییەکاندا، لە بۆنەو رێورەسمەکانی هاوسەرگیری و تەڵاق و چۆنیەتی جل پۆشین و سەفەردا، لە مامەڵەیان لەگەڵ ژنان لە زەمینەی ئابوری و کۆمەڵایەتی و کاری پیشەییدا، لە مامەڵەیان لەگەڵ مناڵان و مافەکانیان، لەگەڵ فرە ژنی و میراتی و بەشاهیدبوونیان، لەتوندوتیژی و ملپەراندن و دەست بڕینەوەو تیرۆریان، لە پەروەردەو فێرکردن و سزاکانیان، لەزانست و پیشرەوی کۆمەڵگا، تا دەگاتە باسی سێکس و فیرکردن و پەروەردەی سیکسی... رەخنەو توێژینەوە و هاوکات وەستانەوەو بە رووی هەموو ئەمانەو زۆر شتی تردا، ڕەخنەی سیاسی حزب و کەسایەتیەک بێت یان لە لێکۆڵینەوەی زانستی سەبارەت بە دەقێکی شانۆیی و ئەدەبی و هونەری... بێت، ئیسلامیەکان پەتی تەحەمولیان دەپچڕێت و چەکی هەڕەشەو چاوسورکردنەوە، فتواو تیرۆریان دەست بۆ دەبەن، دەسەڵاتیش بۆ پشتیوانی لێکردنیان یان بێدەنگەو بێئاگابوون هەڵدەبژێرێ یان ڕاشکاوانە پشتگیریان دەکات.

 هەموو ئەوانە کە بزوتنەوەی قەومی کوردو ئیسلام بە مقەدەسات دەیانەوێ دەرخواردی خەڵک و کۆمەڵگای بدەن لەڕاستیدا، کوشتنی زیندویی کۆمەڵگاو زەلیلکردنی ئیرادەی ئازادانەی تاکەکانیەتی.

دیارە هەموو ئەو بە ناو مقەدەساتە، بۆ سەرکوتی مقەدەساتەکانی کۆمەڵگایە، کە هەردوو رەوت و بزوتنەوەی ناسیونالیستی و دینی، لە جەنگی بێئەماندان لەگەڵی تا جوداسازی و بێمافی ملپیکەچکردن بەئەبەدی و ئەزەلی نیشان بدەن، هاوکات کۆمەڵگا چاوترسێن بکەن لەوەی دەست بۆ ژێرەوژورکردنی ببات.

دەکرێ بە کورتی بڵێین مقەدەساتەکانی کۆمەڵگا لە پێش هەموو شتێکدا کە جێگای شانازی ئینسانی ئەم سەردەمە بێت، تەنها لە کۆمەڵگایەکدا ممکینە کە سیستەمی سیاسی لەسەر بەشداری ڕاستەوخۆو بەردەوامی خەڵک لە کاروباری حوکمڕانیدا دامەزرابێت، کە ماف و ئازادیییە سیاسی فەردی و مەدەنیەکان بە شێوەی بەرین و زامنکراو وە یەکسان بۆ هەمووان دەستەبەرکرابێت. پێشمەرجی ئەم پرانسیبە، سڕینەوەی هەموو جوداسازیەکە لەسەر بنەمای جنسی، ڕەگەز، ئینتیمای میللی و دینی و نەژادی... تاد.

بزوتنەوە قەومی کورد و رەوتگەلی ئیسلامی لە کوردستان، پیادەکردنی یاساو رێسایەک کە بیروباوەرو داب و نەریتی ئەخلاقیاتی کۆنەپەرستانە، تەفرەقە ساز، سوکایەتی ئامێز، توڕ بدات و کەلتورو بەهاو پەیوەندیی ئینسانی بخاتە جیگایان، بە مقەدەس نازانن.

مافی ژیان و پارێزراوبوونی جەستەیی و دەرونی تاکەکان. مافی بەهرەمەند بوون لە پێداویستیەکانی ژیانیکی ئینسانی، مافی فێربوون و سەربەخۆیی تاکەکان، مافی تێکەڵبونی ژیانی کۆمەڵایەتی، مافی گەڕان بەدوای ڕاستیەکان و ئاگاداربوون لە هەموو بوارەکانی ژیان، مافی ئازادی رەخنەگرتن لە هەموو لایەنە سیاسی و کەلتوری و ئەخلاقی و ئایدۆلۆژیاکانی کۆمەڵگا. مافی توڕدانی هەموو ئاماژەدانێک لە ژێر ناوی مقەدەساتی قەومی و دینیدا، ئازادی دینداری و بێدینی و جیاکردنەوەی دین لە خوێندن و پەروەردەو یاساکان. رێگەگرتن لە پشکنینی بیروباوەڕ، ڕیزگرتن لە ژیانی تاکەکان، ئازادی جلوبەرگ پۆشین و سەفەر. یەکسانی ژن و پیاو لە مافە فەردی و مەدەنیەکان و لەخێزان و یاساکاندا. ئازادی پیكهێنانی ژیانی هاوبەش بۆ هەر کچ و کوڕێکی سەرو تەمەن ١٦ ساڵ، قەدەغەکردنی هەموو سەوداو مامەڵەیەک لە زەواجدا وەکو شیربایی، جیهازی، مارەیی... وەکو مەرجی زەواج، قەدەغەکردنی فرەژنی و سیغە، مافی بێقەیدوشەرتی جیابونەوە، بەیەکسانی تەواو لە ماف و بەخێوکردنی مناڵ و داراییدا. مافی ژنان لە مەیدانی ئابوری و کرێ و بیمەو ئیمتیازاکاندا، لە زەمینەی کری سیاسی و بەدەستهێنانی پۆست و پلەو پایەی بەرێوەبردن و قەزاییدا، تادەگات بە مافی مناڵان و بەهرەمەند بونیان لە ژیانێکی ئاسودە و قەدەغەکردنی کاری پیشەیی بە مناڵان و تازە لاوان، قەدەغەکردنی هەموو چەشنە توندوتیژیەک لە خیزان و قوتابخانە، تا دەگات بە پاراستنی حورمەت و شەخسیەتی خەڵک، وە لابردنی هەرجۆرە سانسۆرێک لەسەر هەموو میدیاکان و رۆژنامەو گۆڤارەکان و کاری رۆژنامەگەری... تاد، نەک هەر بە مقەدەسات نازانن، بەڵکە بێ شەرمانەو لە ژێر ناوی بەرگری لە مقەدەساتی نەتەوەیی و دینیدا، بەکردەوە لە دژیان دەجەنگن.

لەهەمان کاتدا هەر ئەم جەنابانەی پاریزەری بەرگری لە مقەدەساتی!! خەلکی کوردستان، وەرگیرانی رۆمانی سەلمان روشدی لە گۆڤاری خەڵکدا، بڵاوبونەوەی چیرۆکیک و هۆنراوەیەک کە باسی محەمەدی پێغەمبەری ئیسلام دەکات لە گۆڤاری وێراندا، بەکاربردنی وشەی ئەنفال کە بەدڵی مەلامان نییە لە گۆڤاری ئێوەدا، وە دەستبردن بەرگریکردن لەهەر دا‌هێنانێکی زانستی و توێژینەوەو دەقێکی ئەدەبی و هونەری و رۆشنبیری... کە دنیابینی کۆنەپەرستانەی ئیسلام بخاتە ژێر پرسیارەوە، بە هێرش بۆ سەر مقەدەساتی خەڵکی کوردستان لە قەڵەم دەدەن و دەست بۆ هەڕەشەو ترساندن و نووسەرەکانی و داخستنی گۆڤارەکان دەبەن، حزبە دەسەڵات بەدەست و حزبەکانی تری موچەخۆریان، بە بێدەنگ بوونیان پشیوانی لەم هێرشانە دەکەن. هاوکات رەوتی بە ناوگۆڕانیش بۆئەوەی بێبەش نەبن لە پاراستنی مقەدەساتی خەڵکی کوردستان!! دا هەمان هەڵوێستی ئیسلامیەکانیان لەبەرامبەر گۆڤاری خەڵک گرتەبەرو بۆ گۆڤاری ڕێوان و ئێوەش لەوە دەچێت چاوەڕێی هەڵوێستی پارت بن. هەر بژین مۆدێرن و چەپەکانی ناو ڕەوتی گۆڕان.

هاوڵاتی و لڤین و بەشیک لە نووسەرە بەناو مۆدیرنەکان و بە پلەیەکی دیاریکراویش ئاوێنە کە ماوەیەکە لەچوارچێوەی بەرگری لە رەوتی "گۆڕان"دا، سیمای بەرگری لە ئازادی سیاسی و رۆژنامەگەری بە خۆیان دەبەخشن، لەم نێوەدا بە بێدەنگ بوونیان پەیامی خۆیان و ماهیەتی خۆیان زیاتر بەیان دەکەن کە سەربەخۆبوونیان تەنها بەرگریەکی فریوکارانەیە لە کۆنەپەرستی قەومی و ئیسلامی. هەروەها بێدەنگ بوونیان نیشان دەدات کە تەنانەت راستگۆ نین لە گەیاندنی زانیاریەکانیش بە کۆمەڵگا.

ئەرکی چەپ و لە پێشیانەوە کۆمۆنیزمی کرێکارییە، لیبڕاوانە هەموو ئەم بەناو مقەدەسانە، ریسوا بکات و توڕ بدات. وە لەهەرچی زیاتر پەردە لەسەر ماهیەتی دژی ئینسانی ناسیونالیزم و دین هەڵبماڵی و کۆمەڵگا لەدژیان، سازبدات. وە وەک هەمیشە بەکردەوە بەرگری بکات، لە ئازادی رادەربڕین و بڵاوکردنەوەو قەڵەمە نەترس و ئازادیخوازەکان.

٢٨/٤/٢٠١٠

 

 

 

 

 

 abdulla. mahmud@gmail. com

 

میوانانی سەر خەت

We have 116 guests and no members online