رای گشتی گه رێگه‌ی چه‌ندین مێدیاوه ئاگه‌داره که په‌رله‌مانی کوردستان ڕۆژی 18-12-2008 چوار پرسیاری ئاڕاسته‌ی وه‌زیری وه‌رزش و لاوان کردووه،
جه‌نابی وه‌زیریش ڕۆژی 28-12-2008 به فه‌رمی وه‌ڵامی ئه‌و پرسیارانه‌ی دایه‌وه و هه‌ر له ته‌ک وه‌ڵامه‌کاندا داوای له سه‌رۆکایه‌تیی په‌رله‌مان کردووه ڕه‌زامه‌ندی بفه‌رموون ده‌قی نووسراوی وه‌زاره‌ت به پرسیاری په‌رله‌مان و وه‌ڵام و تێبینییه‌کانی وه‌زیره‌وه بۆ ڕای گشتی بڵاو بکه‌ینه‌وه.
پاش گه‌یشتنی ڕه‌زامه‌ندیی به‌ڕێز عه‌دنان موفتی، سه‌رۆکی په‌رله‌مانی کوردستان، ڕۆژی 15-1-2009 له ڕێی به‌ڕێز سه‌عد خالید، وه‌زیری هه‌رێم بۆ کاروباری په‌رله‌مان – وه‌زاره‌تی وه‌رزش و لاوان بڕیاری دا ناوه‌ڕۆکی نووسراوی فه‌رمیی وه‌زیری وه‌رزش و لاوان، به پرسیاره‌کانی په‌رله‌مان و وه‌ڵامی وه‌زاره‌ته‌وه و هه‌روه‌ها به‌شێک له پاشکۆی تێبینییه‌کانی وه‌زیر به مه‌به‌ستی پته‌وکردنی پرۆسه‌ی دێمۆکراتیی کوردستان بۆ وه‌ڵاتیانی بڵاو بکاته‌وه.
بۆ زانیاریی زیاتر ده‌رباره‌ی کاروچالاکیی وه‌زاره‌تی وه‌رزش و لاوان تکایه بڕوانه سایتی فه‌رمی وه‌زاره‌ت
راگه‌یاندنی وه‌زاره‌تی وه‌رزش و لاوان
19/1/2009
بۆ / سه‌رۆکایه‌تیی ئه‌نجومه‌نی نیشتیمانیی کوردستان
بابه‌ت / وه‌ڵامی پرسیاری چوار ئه‌ندام په‌رله‌مان
مایه‌ی شانازی و سه‌روه‌رییه بۆ میلله‌تی کوردستان که پرۆسه‌ی دێمۆکراسی تێیدا وه‌ها گه‌شه‌ی کردووه ئه‌نجومه‌نی نیشتیمانیی کوردستان ورد و کارامه به دوا کاروباری حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستاندا ده‌ڕوات و له هه‌نگاوه‌کانی ده‌پرسێته‌وه.
سه‌رۆکایه‌تیی ئه‌نجومه‌نی نیشتیمانیی کوردستان به ڕێکه‌وتی 18-12-2008 چوار نامه‌ی ئاڕاسته‌ی ئێمه کردووه ده‌رباره‌ی چوار باسی جیاواز و ئێمه‌ش له هاوپێچه‌ی یه‌که‌می ئه‌م نامه‌یه‌دا به ڕێزه‌وه وه‌ڵامی ئه‌و پرسیارانه ده‌ده‌ینه‌وه و هه‌ر کاتێکی په‌رله‌مانی به‌ڕێز دیاری بکات ئێمه ئاماده‌ین له دانیشتێکی ئه‌نجومه‌ندا وه‌ڵامه‌کانی وه‌زاره‌ت ڕوون بکه‌ینه‌وه.
هه‌ر به مه‌به‌ستی پته‌وکردنی پرۆسه‌ی دێمۆکراتی به باشی ده‌زانین چوار خاڵی گرنگی په‌یوه‌ند به‌م بواره‌وه له هاوپێچه‌ی دووه‌مدا ڕوون بکه‌ینه‌وه.
دیسان بۆ پتر هاندانی فه‌رهه‌نگی دێمۆکراسی داواتان لێ ده‌که‌ین – گه‌ر له‌گه‌ڵ ڕێسای کاری په‌رله‌مان و حکومه‌تدا ده‌گونجێ - ڕه‌زامه‌ندی بفه‌رموون ده‌قی ئه‌م نامه‌یه به پرسیاری به‌ڕێزتان و وه‌ڵامه‌کانی خۆمانه‌وه بڵاو بکه‌ینه‌وه.
ته‌ها به‌رواری
وه‌زیری وه‌رزش و لاوان
هاوپێچه
1- وه‌ڵامی چوار پرسیاری ئه‌ندامانی په‌رله‌مان
2- چوار تێبینی په‌یوه‌ند به پرسیاری په‌رله‌مان و وه‌ڵامی وه‌زاره‌تی و وه‌رزش و لاوانه‌وه.
هاوپێچه‌ی یه‌که‌م
وه‌ڵامی چوار پرسیاری ئه‌ندامانی په‌رله‌مان
1- پرسیاری ژماره 4/3/1517ی ڕۆژی 18-12-2008
· پرسیاری به‌ڕێز ڕۆمیۆ حوزه‌یران نیسان / لیستی کلدانی – سریانی – ئاشووری
· فه‌رهه‌نگخانه‌کان چین و ئه‌رکیان چییه و پێداویستییه‌کانیان چۆن بۆ دابین کراوه؟
وه‌ڵامی وه‌زاره‌تی وه‌رزش و لاوان:
فه‌رهه‌نگخانه‌ی لاوان به‌رنامه‌یه‌کی دێمۆکراتییانه‌ی وه‌زاره‌تی وه‌رزش و لاوانه بۆ خزمه‌تی لاوان. فه‌رهه‌نگخانه ئه‌م شامه‌رجانه‌ی تێدا چه‌سپاوه:
- وه‌زاره‌ت زه‌مینه‌سازه- لاوان چاره‌سازن.
- به‌رنامه‌یه‌کی حکومه‌تییه- بۆ هه‌مووانه نه‌ک بۆ لایه‌ن و ڕێکخراوێکی تایبه‌ت.
- لاوان خۆبه‌خش فه‌رهه‌نگخانه ده‌به‌ن به‌ڕێوه.
- سیاسه‌ت ده‌بێته ئامرازێک بۆ خزمه‌تی لاوان.
- لاوان سیاسه‌تی خۆیان له ڕوانگه‌ی «نه‌خشه‌ڕێی لاوان»ـه‌وه داده‌رێژن و ئه‌و سیاسه‌ته پیاده ده‌که‌ن له‌به‌ر ئه‌وه کار له‌سه‌ر کێشه سه‌ره‌کییه‌کانی لاوان ده‌کرێ.
- یه‌کسانی جه‌نده‌ر ڕه‌چاو ده‌گیرێ– له بڕیاردان و به‌ڕێوه‌بردندا کچ و کوڕ هاوشانی یه‌کن.
- بۆ پته‌وکردنی دیالۆگی نێوان دین و فه‌رهه‌نگی جیاواز، فه‌رهه‌نگخانه‌ی لاوان هه‌لومه‌رجی هه‌ر ناوچه‌یه‌ک: دین، ڕێشاڵی میللی و زاراوه‌ی جیاواز وه‌ک به‌شێکی گرنگی فه‌رهه‌نگی کوردستان سه‌یر ده‌کات.
- شاده‌ماری فه‌رهه‌نگخانه‌ی لاوان بریتییه له پێگه‌یاندن و ڕاهێزانی لاوانی کوردستان بێ هیچ جیاوازییه‌ک.
پێداویستیی فه‌رهه‌نگخانه‌کان و خه‌رجیی پرۆژه‌کانیان و به‌ڕێوه‌بردنیان له‌و گوژمه‌یه دابین ده‌کرا که سه‌رۆکایه‌تیی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران له 5-2-2007 به نووسراوی ژماره 1036دا ته‌رخان کردبوو.
وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره کۆتا بوو
2- پرسیاری ژماره 4/3/1518 ی ڕۆژی 18-12-2008
· پرسیاری: به‌ڕێز ئیحسان عه‌بدوڵا قاسم / لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان
· ئایا که‌مپی هاوینه‌ی 2007 کرایه‌وه، کێ به‌رپرسیاری بوو؟ چه‌ند پاره‌ی بۆ ته‌رخانکراوه، به ئیمزای کێ پاره‌که سه‌رف کراوه؟
وه‌ڵامی وه‌زاره‌تی وه‌رزش و لاوان
له‌سه‌ر پێشنیازی وه‌زاره‌تی وه‌رزش و لاوان له نووسراوی ژماره 29ی ڕۆژی 11-3-2007 و ئه‌وجا به فه‌رمانی سه‌رۆکایه‌تیی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ژماره 5435 ی ڕۆژی 17-5-2007، که‌مپ هاوینه له 15/7/2007 هه‌تا 15/8/2007 له دێره‌لووک/ قه‌زای ئامێدی/ پارێزگه‌ی دهۆک پیاده کرا.
بودجه‌ی ته‌رخان بۆ ئه‌م که‌مپه 300 هه‌زار دۆلار بوو، به فه‌رمانی سه‌رۆکایه‌تیی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ژماره 5580ی ڕۆژی 26-5-2008 ته‌رخان کرا.
به‌رپرسیاری پرۆژه: ئاسۆس که‌مال شه‌فیق– به‌رپرسی فێرکاری/ وه‌زاره‌تی وه‌رزش و لاوان.
پاره به بڕیار و واژووی به‌ڕێز ته‌ها به‌رواری، وه‌زیری وه‌رزش و لاوان به‌نووسراوی ژماره 1032ی ڕۆژی 25-9-2007 خه‌رج کراوه.
وه‌ڵامی وه‌زاره‌ت کۆتا بوو
3- پرسیاری ژماره 4/3/1519 ی ڕۆژی 18-12-2008
· پرسیاری به‌ڕێز ئه‌رسه‌لان غه‌فوور سلیمان/ فراکسیۆنی یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستان
· ئایا نووسراوی ژماره 190تان ڕۆژی 14-8-2008 بۆ سه‌رۆکایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران چییه و به چ مه‌به‌ستێک کراوه؟
وه‌ڵامی وه‌زاره‌تی وه‌رزش و لاوان
بۆ سه‌رپه‌رشتیی کاروباری وه‌رزش و لاوان، وه‌زاره‌تی وه‌رزش و لاوان سێ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی وه‌رزش و لاوانی هه‌یه هه‌ر یه‌ک له پارێزگه‌یه‌ک: هه‌ولێر، دهۆک و سلێمانی. سه‌رباری ئه‌وه‌ش «به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتی وه‌رزش و یارییه میللییه‌کان» له دیوانی وه‌زاره‌ت دامه‌زراوه و مه‌به‌ست لێێ سه‌رپه‌رشتیی وه‌رزشی میللی و یاریی میللییه- بڕوانه وه‌ڵامی په‌رله‌مانی کوردستان، نووسراوی ژماره 4-3-393ی ڕۆژی 18-3-2008.
سه‌رۆکایه‌تیی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران لێکدانه‌وه‌یه‌کی دیکه‌ی بۆ ئه‌م باسه هه‌یه. ئه‌وان داوایان ده‌کرد ئه‌و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه گشتی بێت بۆ سه‌رپه‌رشتیی هه‌موو وه‌رزش نه‌ک هه‌ر وه‌رزشی میللی. به‌و لێکدانه‌وه‌یه به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتی هه‌م له وه‌زاره‌ت ده‌بێ و هه‌م له پارێزگه‌کان و ئه‌مه‌ش نه‌ک هه‌ر له ڕووی سازمانگه‌رییه‌وه ناڕێکه بگره ناقانوونیشه جونکه دژ به نووسراوه‌که‌ی په‌رله‌مانه و دژ به ڕای لیژنه‌ی یاسایی په‌رله‌مانه.
مه‌به‌ستی ئێمه له نووسراوه‌که‌ی خۆمان بۆ سه‌رۆکایه‌تیی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ڕوونکردنه‌وه‌ی ئه‌و ڕاستیه‌یه و داوای ڕێکخستنه‌وه‌ی ئه‌و باره ناسه‌نگه‌یه.
وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره کۆتا بوو.
4- پرسیاری ژماره 4/3/1520 ی ڕۆژی 18-12-2008
- پرسیاری به‌ڕێز تاڤگه محه‌مه‌د عه‌لی/ لیستی یه‌کگرتووی ئیسلامیی کوردستان
- ئایا نه‌خشه‌ڕێی وه‌رزش که به کوراسێک گه‌یشتۆته ده‌ستمان هه‌مووی په‌سه‌ندکراوی کۆنفرانسی وه‌رزش و لاوانه و سه‌رۆکایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ڕه‌زامه‌ندی له‌سه‌ر ده‌ربڕیوه؟
وه‌ڵامی وه‌زاره‌تی وه‌رزش و لاوان
ئه‌رکی سه‌ره‌کیی وه‌زاره‌تی وه‌رزش و لاوان داڕشتنی سیاسه‌ته، پێشنیازکردنی بودجه‌یه و پاشان به‌دواداچوونی پیاده‌کردنی ئه‌و سیاسه‌ته‌یه. ئێمه هاوینی 2006 سیاسه‌تمان داڕشت، 23 ئاپریلی 2008 پاش چه‌ندین هه‌فته کاری چوست و چڕ ئه‌و سیاسه‌ته‌مان ده‌وڵه‌مه‌ند کرد و له‌ڕێی میدیاوه وه‌ک پێشنیاز له دووتوێ «نه‌خشه‌ڕێی وه‌رزش» و «نه‌خشه‌ڕێی لاوان»دا داڕشت و خستمانه به‌ر ده‌ست وه‌ڵاتییان. به‌م کاره، وه‌زاره‌ت نه‌رێتێکی هاوچه‌رخی دێمۆکراتیکی هێنایه کایه‌وه بۆ ئافراندنی سیاسه‌تێکی گه‌لێر له‌م دوو بواره هه‌ره گرنگه‌دا.
له‌وه‌ش بترازێت و هه‌ر به‌مه‌به‌ستی فره‌واندنی به‌شداربوونی نوێنه‌رانی وه‌رزش و لاوان له داڕشتنی ئه‌م سیاسه‌ته‌دا، وه‌زاره‌ت کۆنفرانسێکی دوو ڕۆژی 15-16/5/2008 له هه‌ولێری پایته‌خت بۆ ئه‌م باسه گرت. ئه‌وه‌ندی من بزانم ئه‌م کاره‌ی وه‌زاره‌ت، شێوازێکی نوێیه له ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاستدا و وه‌زاره‌تی وه‌رزش و لاوان به‌م به‌شداربوونه دێمۆکراتییه شانازه.
له‌و کۆنفرانسه‌دا خاڵ به خاڵی هه‌ردوو نه‌خشه‌ڕێی هه‌م وه‌رزش و هه‌م لاوان خرانه به‌ر گفتوگۆ و پاشان به‌ر ده‌نگدان. ئه‌وه‌ی په‌سه‌ندکرا له‌و کۆنفرانسه‌دا له نه‌خشه‌ڕێدا جێی گرت. پاش سه‌لماندنی کۆنفرانس ورده‌کاریی هه‌نگاوی چاره‌سه‌ری کێشه‌کان له به‌شی «پلانی کار»دا تۆمارکراون.
وه‌زاره‌ت وه‌رزش و لاوان به نووسراوی ژماره 167ی ڕۆژی 24-7-2008 و پاشان به‌نووسراوی ژماره 224ی ڕۆژی 26-10-2008 داوای له سه‌رۆکایه‌تیی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران کردووه نه‌خشه‌ڕێ وه‌رزش و نه‌خشه‌ڕێی لاوان وه‌ک به‌رنامه‌ی کاری حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان په‌سه‌ند بکات. ئه‌م داوایه‌ی وه‌زاره‌ت چاوه‌ڕێی نۆره ده‌کات له ئه‌جێندای کۆبوونه‌وه‌کانی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران.
وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره کۆتا بوو.
هاوپێچه‌ی دووم
پاشکۆی تێبینی وه‌زاره‌ت
1- من وه‌ک وه‌زیری وه‌رزش و لاوان له 12-12-2007 به نووسراوی ژماره 168 داوام له په‌رله‌مانی کوردستان کردووه ده‌رفه‌تم بۆ بڕه‌خسێنن کاروباری وه‌زاره‌ت بۆ به‌ڕێزانی ئه‌ندامانی په‌رله‌مان ڕوون بکه‌مه‌وه. پاش ئه‌وه چوار جار به ته‌له‌فۆن داوام له به‌ڕێز سه‌عه‌د خالید، وه‌زیری کاروباری په‌رله‌مان کردووه ئه‌و ده‌رفه‌ته‌مان بۆ ساز بکرێت.
2- به‌گشتی له بواری وه‌هادا که‌سی خاوه‌ن پرسیار پێشه‌کی تۆژینه‌وه‌ی وردی خۆی ده‌کات و پرسیار ده‌رباره‌ی خاڵی دیاریکراو ده‌کات. به‌شێک له‌م پرسیارانه‌ی ئاڕاسته‌ی وه‌زاره‌ت کراوه له بازنه‌ی ئه‌و نه‌رێته ده‌رده‌چن.
3- به‌شێکی زۆری وه‌ڵامی پرسیاره‌کان له شێوه‌ی زانیاریی گشتیدا بۆ میلله‌ت له سایتی وه‌زاره‌ت و چه‌ندین ده‌رفه‌تی مێدیاییدا له کاتی خۆیدا بڵاوکراونه‌ته‌وه.
کۆتای هاوپێچه‌ی دووه‌م
