ئارام ڕه‌شید: له كاتێكدا كه باری ئابوری كوردستان به‌ره‌و خراپی ئه‌چێت له ئه‌نجامی دابه‌زینی نرخی نه‌وت له بازاڕه‌كانی جیهان دا، و
كه‌مكردنه‌وه‌ی ڕێژه‌ی ١٧٪ ه‌كه‌ی كوردستان له لایه‌ن ده‌وڵه‌تی مه‌ركه‌زی عێراقه‌وه، لێره‌و له‌وێ به تایبه‌تی له سایت و ڕۆژنامه‌كاندا هه‌واڵی نامه‌عقول و سه‌یر وسه‌مه‌ره له سه‌ر سه‌رانی ده‌سه‌لات بڵاوئه‌كرێته‌وه، كه له ڕاستیدا خه‌ڵكه به ئاگا و هۆشیاره‌كه‌ی كوردستانی توشی شۆك كردوه و ئه‌كات، هه‌مو به‌و هیوایه‌ن كه ئه‌م هه‌واڵانه دووربن له ڕاستییه‌وه و كارێكی وا نه‌كرێت كه ئه‌زمونه‌كه‌ی كوردستان كه ١٨ ساڵ ته‌مه‌نییه‌تی كه‌چی هه‌ر ساوایه، به‌ره‌و دیكتاتۆرییه‌ت نه‌چێت و سه‌رانی ده‌سه‌لاتداری ناو هه‌ردوو حیزبه‌كه نه‌بنه كه‌سانی ڕه‌فتار فاشی و گه‌له‌كه‌مان له‌مه زیاتر توشی مه‌ینه‌تی و دواكه‌وتن نه‌بێ.
١٨ ساڵه سه‌رانی كورد لافی به دیموكراتیزه‌كردنی دام و ده‌زگاكانی حكومه‌تی هه‌رێم و ده‌زگا حیزبییه‌كانی لێ ئه‌ده‌ن، هه‌رچه‌نده ئێستا خه‌ڵكی كوردستان له‌وه گه‌یشتون كه ئه‌م لێدوان و هاژوهوژه‌یه ته‌نها بۆ ئستیهلاكی محلی یه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ڕۆشنبیران و سیاسیه‌تمه‌داران و دڵسۆزانی ئه‌م گه‌له شان به شانی حكومه‌تی هه‌رێم و حیزبه‌كوردییه‌كانیش چالاكانه له هه‌مو بواره‌كاندا هه‌ڵسوڕاون به ئاقاری به‌ره‌و پێشه‌وه‌بردنی ڕه‌وتی گۆڕان و گه‌شه‌ندنی كۆمه‌ڵه‌ڵگای كوردستان، سه‌رانی كورد بانگه‌شه‌یان بۆ عێراق و ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ئه‌كرد كه سوود له ئه‌زمونی دیموكراتی كوردستان وه‌ربگرن، كه‌چی خۆیان پیاده‌یان نه‌كرد و نایشی كه‌ن، باشترین نمونه دابه‌زاندی لیستی حیزبییه بۆ ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان و په‌رله‌مانی كوردستان، زه‌وتكردنی مافی گه‌نجان و خوێنكاران وهونه‌رمه‌ندانه له كۆكردنه‌وه‌یان له چوارچێوه‌ی به ناو (ڕێكخراوه دیموكراتییه‌كاندا)، به‌لام له گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا بۆمان ده‌ركه‌وت كه عێراق توانی به شێوه‌یه‌كی دیموكراتییانه هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی عێراق ئه‌نجام بدات و زۆربه‌ی كورسییه‌كان له‌و ئه‌نجومه‌نانه‌دا بۆ خۆیان مسۆگه‌ربكه‌ن.
سه‌ركردایه‌تی كورد به‌تایبه‌تی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان زۆر چاك ئه‌زانن كه جامی غه‌زه‌بی جه‌ماوه‌ر خه‌ریكه پڕ ده‌بێ، دركیان به‌و ناعه‌داله‌تییه كردوه كه له كوردستاندا پیاده ئه‌كرێ، ئه‌زانن كه زۆربه‌ی ئه‌ندامه دڵسۆز و به ئه‌مه‌كه‌كانی خۆیان ده‌م له گۆڕینی په‌یام و پێكهاته‌ی یه‌كێتی ئه‌كوتن و چیتر رازی نابن خه‌ڵكی دز و خاوه‌ن ڕابردووی قێزه‌وه‌ن له مه‌كته‌بی سیاسی و سه‌ركردایه‌تی دا بن، بۆیه هه‌موو ترسیان لێنیشتوه كه به‌ر شه‌پۆلی تووره‌یی جه‌ماوه‌ر كه‌ون یان له هه‌ڵبژاردنه‌كاندا خه‌ڵك ده‌نگیان بۆ نه‌دات، به ناچاری په‌نا ده‌به‌نه به‌ر هه‌ندێ ڕه‌فتاری زۆردواكه‌وتوانه، كه به خه‌یاڵی خۆیان له‌م ڕێگه‌یه‌وه خه‌ڵك جاوترسێن ئه‌كه‌ن و زمانیان ئه‌بڕن.
كاك كۆسره‌ت و د. به‌رهه‌م و نێچرفان به نیازن هه‌ریه‌كه فه‌وجێكی ٣٠٠٠ سێ هه‌زار كه‌سی بۆ خۆیان بكه‌نه‌وه، له مێژووی عێراق و ناوچه‌كه‌دا نه‌بیستراوه و نه‌بینراوه كه هیچ به‌رپرسێك جگه له سه‌دام كه‌سێكی تر ئه‌و ژماره زۆره سه‌رباز بكاته حیمایه‌ی شه‌خسی و فه‌رمانده‌كانیشی كوڕ و برا و كه‌سی خۆیان بن، ئه‌مه‌یه تێگه‌یشتنی سه‌ركرده سۆسال – دیموكراته‌كانی كورد، كه‌سێكی وه‌كو د. به‌رهه‌م كه خاوه‌نی ٢ دوو بڕوانامه‌یه و له به‌ریتانیا و ئه‌مه‌ریكا ژیاوه و تێكه‌ڵ به سیسته‌می سیاسی و كۆمه‌لایه‌تی ئه‌و وولاتانه بوه، جێگای شه‌رمه‌زارییه بۆی كه فه‌وجێك سه‌رباز بێك ئه‌هێنێ و ٣٠٠٠ سێ هه‌زار كه‌س ده‌كاته به‌رخۆر (مستهلك)، پاشان له هه‌مووی گرنگتر ئه‌وه‌یه ئه‌م سه‌ركردانه ئه‌وه‌نده له میله‌ته‌وه دوورن و ئاگایان له موعاناتیان نییه و خۆیان ئه‌زانن كه له‌به‌ر چاوی میلله‌ت بون به درنده‌یه‌كی ده‌وڵه‌مه‌ند بۆیه له ئێستاوه خۆیان ئاماده و پڕ چه‌كده‌كه‌ن بۆ ڕووبه‌ڕوبونه‌وه‌ی كۆتایی له گه‌ڵ جه‌ماوه‌ری كوردستاندا كه بێ شك زۆر نزیكه.
من ئه‌ڵێم سه‌ركرده‌ی ڕاسته‌قینه ئه‌وه‌یه بێ حیمایه بچێته ناو جه‌ماوه‌ره‌وه و له گه‌ل ئازاره‌كانیاندا بژی، هه‌ژاران به‌سه‌ر بكه‌نه‌وه، مافی گه‌نجه‌كان پێشێل نه‌كه‌ن ڕێگه‌یان بده‌ن خۆیان ببپاڵێون بۆ ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان و په‌رله‌مان وده‌زگا حكومییه‌كان.
غاندی مه‌زن سه‌ركرده‌ی ڕوحی هندییه‌كان هه‌موو ته‌مه‌نی له‌ناو خه‌ڵكه‌كه‌ی خۆیدا به سه‌ربرد، به‌رامبه‌ربه دوژمنه‌كانی له كاتی گفتوگۆدا زۆر سه‌رسه‌خت بوو، ئاماده نه‌بوو ته‌نازول بكات یان مساوه‌مه بكات له سه‌ر حیسابی نه‌ته‌وه‌كه‌ی، خۆزگه سه‌ركرده‌كانی ئێمه‌ش رێزیان له به‌رژه‌وه‌ندییه‌كان باڵای نه‌ته‌وه‌یی و تاكی كورد بگرتایه له به‌رامبه‌ر ناحه‌زان و دۆژمنه‌كاماندا...
