هه‌ڵمه‌ت حه‌سه‌ن: هه‌رێمی كوردستان، هه‌رێمێكه شاره‌كانی مێژوویه‌كی دێرینیان هه‌یه، به‌ڵام رژێمه یه‌ك له دوایهكه داگیركه‌ره‌كان له‌م ده‌ڤه‌ره
به‌هۆی هه‌ستی شۆڤینی و دژایه‌تییان به‌رامبه‌ر به گه‌لی كوردستان به‌رده‌وام له‌داگیركردن و وێرانكردنی ئه‌م هه‌رێمه‌دا بوونه‌و خه‌ڵكه‌كه‌یان چه‌وساندۆته‌وه.
شاری هه‌ولێر وه‌ك نموونه‌یه‌ك ئه‌گه‌ر وه‌ربگرین ده‌بینین له‌دوای رووخانی رژێمی به‌عسی رووخا‌و، ده‌ستی خزمه‌تگوزاری گه‌یشته ئه‌م شاره له‌هه‌موو لایه‌نێكه‌وه، به‌ڵام ئایا ژیانی خه‌ڵكانی هه‌ولێرو شاره‌كانی تری كوردستان وه‌كو شاره‌كه‌یان له‌جوانی و گهشیدان؟؟؟، له وه‌ڵامدا هه‌موومان ده‌ڵێن نه‌خێر، جگه له‌و كه‌سانه‌ی كه سوودمه‌ند بوونه له حكومه‌تی هه‌رێم، ئه‌وانی تر له ژیانێكی كوله‌مه‌رگی و مه‌مره‌و مه‌ژیدا ده‌ژین!!!!.
له‌كام لایه‌نه‌وه باسی ئه‌م حكومه‌ته‌ی خۆم بكه‌م، كه‌سێكی وه‌ك من ده‌رچووی په‌یمانگای مه‌ڵبه‌ندی مامۆستایان، كه له‌دنیادا مامۆستا له‌هه‌موو شتێك پێویستتره بۆ كۆمه‌ڵگا، به‌ڵام وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده ده‌ڵێ من پێویستیم به‌مامۆستا نییه!!!، ئه‌گه‌ر سه‌یری قوتابخانه‌كانی ئه‌م شاره‌ش بكه‌ین، ده‌بینین كه هه‌ر پۆلێكی ئه‌م قوتابخانانه پڕاوپڕ قوتابییه، جگه له‌وه‌ی مامۆستایانیش باریان زۆر قورس بووه به‌هۆی كه‌می مامۆستا‌و بینایه‌ی قوتابخانه، له‌هه‌مان كاتدا به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی په‌روه‌رده خۆی ده‌ڵێ پێویستمان به مامۆستای زۆر هه‌یه.
ئه‌گه‌ر باسی جوانی شاره‌كه‌م بكه‌م.. ده‌ڵێم زمانم لاڵ ده‌بێ ئه‌گه‌ر ئه‌م هه‌موو باڵه‌خانه‌و هوتێلی (5) ئه‌ستێره‌و پرد‌و پارك و جوانی و پێشكه‌وتن و رووناكییه‌ی ناو شاری هه‌ولێر نه‌بینم، به‌ڵام من چی له رووناكی ناو شار بكه‌م ئه‌گه‌ر ته‌نها بۆ دیكۆرات بێ، خه‌ڵكی هه‌ژاریش وه‌ك منداڵی ناو لانك ده‌بێ كاتژمێر 12ی شه‌و بنوێ به‌هۆی نه‌بوونی كاره‌باوه، یاخوود گه‌نجه‌كانی ئه‌م شاره گێمێكی یاری تۆپی پێ ده‌بینین لهگێمهكهی تر كاره‌بایان له‌سه‌ر ده‌بڕێ و به نائومێدی سه‌ر به سه‌رینه‌كه‌ی ده‌كات.
دڵی چیم به بازاڕی نیشتمان خۆش بێ؟؟ كه‌چی بازاڕێكی هه‌رزان فرۆشی وه‌كو ده‌لالخانه تێك ده‌درێت و چه‌نده‌ها خه‌ڵكی هه‌ژار كه توانای كڕینی دوكانیان نییه له‌م بازاڕه مۆدێرنه، بێكار بمێنن!!!!!.
دڵی چیم به بڕاوانامهو خوێندنی قوتابیانی شاره‌كه‌م خۆش بێ، ئه‌گه‌ر له‌دوای ده‌رچوونم واستهیهكی باشم نه‌بێ له‌دوای چه‌ندان ساڵی خوێندن.. ده‌ڵێن بڕۆ كرێكاری بكه، چونكه دامه‌زراندن نییه!!!!.
ئه‌مه به‌شێكی دڵه‌ڕاوكێ و خه‌مه‌كانی خه‌ڵكی شاره‌كه‌مه، هێشتا زۆریشی ماوه باسی بكه‌م.
