
به‌ناوی خوای گه‌وره‌و میهره‌بان
جه‌ماوه‌ری سه‌ربه‌رزی كوردستان
وه‌ك ئاگادارن ماوه‌یه‌ك له‌مه‌و پێش گۆڤاری وێران هه‌ندی بابه‌تی بڵاوكردبۆوه و به جۆرێكی نا شایسته ناوی هه‌ندی له پێغه‌مبه‌رانی خوا (علیهم السلام) و هه‌ندی به‌های خێزانی هێنابوو كه بووه مایه‌ی ناڕهزایهتیهكی زۆر، به‌تایبه‌تیش له‌ناو ناوه‌نده ئاینی یه‌كه‌ی كوردستان و زانایانی ئاینی دا. هه‌ر بۆیه وتاربێژه‌كان چه‌ندین ووتاریان له‌و باره‌یه‌وه پێشكه‌ش كرد. ئێمه له مه‌كته‌بی ڕاگه‌یاندنی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستانیش له ڕێگه‌ی خۆمانه‌وه به‌یاننامه‌یه‌كمان دهركردو ئیدانه‌ی ئه‌و نوسینانه‌ی گۆڤاره‌كه‌مان كرد، وه ئه‌وه‌مان خستبووه ڕوو كه ئه‌وه‌ی كراوه سوكایه‌تی كردنه به پێغه‌مبه‌رانی خوا‌و ڕه‌چاوی پاراستنی به‌ها ئاینی و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی تیانهكراوه هه‌ر له‌به‌یاننامه‌كه‌دا داواكراوه له‌رێگای یاساوه چاره‌سه‌ر بكرێت.
مخابن دوا به‌دوای ئه‌و به‌یاننامه، له‌لایه‌ن چه‌ند نوسهرێكهوه ده‌ستكرا به هێرش بۆسه‌ر یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان و چه‌ندین تۆمه‌تی دژایه‌تی ئازادی ڕاده‌ربڕین و شتی له‌م چه‌شنه‌یان خسته پاڵمان. دواهه‌مین كاردانه‌وه له‌م ڕووه‌وه ده‌ركردنی یاداشتنامه‌یه‌ك بوو له لایه‌ن كۆمه‌ڵی نوسه‌رو ڕۆشنبیرو ڕۆژنامه‌نوسی كوردستانه‌وه دژ به یه‌كگرتوو، و سه‌رجه‌م مه‌لاو مامۆستاكانی مزگه‌وته‌كانی سه‌ر به ئه‌و قاف له كوردستاندا.
له یاداشتنامه‌كه‌دا هێرش كراوه‌ته سه‌ر یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان و وه‌ك خۆیان نوسیویانه مه‌لاكانی سه‌ر به ئه‌وقاف كه گوایه به ڕه‌خنه‌كانیان له‌و گۆڤاره ده‌یانه‌وێت فه‌زایه‌كی پڕترس و تۆقاندن بێته كایه‌وه و هانی تیرۆر‌و سه‌ركوت كردن ده‌ده‌ن و ده‌یانه‌وێت سنور بۆ ئازادی ڕاده‌ربڕین دابنێن، ئێمه لێره‌دا ئه‌و مافه به خۆمان ناده‌ین به‌ناوی سه‌رجه‌م وتاربێژ‌و مه‌لاو زانایانی ئیسلامی كوردستان وه‌ڵام بده‌ینه‌وه، كه سه‌رجه‌میان و بی جیا كردنه‌وه تۆمه‌تبار كراون و به مه‌لاكانی ئه‌وقاف ناوبراون، ئه‌وان خۆیان باشتر ده‌زانن چۆن وه‌ڵام ده‌ده‌نه‌وه. به‌ڵام هێنده‌ی په‌یوه‌ندی به ئێمه‌وه هه‌یه وه‌كو حزبێكی سیاسی سه‌رنجی هه‌موو لایه‌ك بۆ ئه‌م خاڵانه‌ی خواره‌وه ڕا ده‌كێشین:
- ئێمه له‌و به‌یاننامه‌یه‌دا له‌سه‌ر شتێكی تایبه‌ت به حزبی خۆمان نه‌هاتوینه‌ته ده‌نگ، به‌ڵكو له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌یه‌كی ئایینی ڕای خۆمان ده‌ربڕیوه و ئیسلامیش بیر‌و باوه‌ڕو ئاینی زۆربه‌ی گه‌لی كوردستان و هه‌موو موسوڵمانێكه و شتی نیه تایبه‌ت به ئیسلامی یه‌كان تا به‌وه تۆمه‌تبار بكرێین به زۆر به‌سه‌ر خه‌ڵكیدا ده‌یسه‌پێنن. ئه‌مه له كاتێكدا له دوور‌و نزیكه‌وه باسی ڕاسهپاندن نیه‌و هاوارێكه بۆ بریندارنهكردنی هه‌ستی ئایینی كۆمه‌ڵگا، ڕاشی ده‌گه‌یه‌نین ئێمه خۆمان به (وصی) به‌سه‌ر ئاین و كۆمه‌ڵگاوه نازانین، به‌ڵام ئه‌مه مانای وانی یه له‌به‌رامبه‌ر برینداركردنی هه‌ستی ئایینی یه‌وه وه‌ك كۆمه‌ڵی هاوڵاتی و ڕێكخراوێك سه‌رنجی خۆمان له‌م ڕووه‌وه نه‌خه‌ینه ڕوو.
- ئه‌گه‌ر هه‌ندی وشه‌ش له به‌یاننامه‌كه‌دا هاتبی كه به‌دڵی هه‌ندی ڕۆشنبیرو نوسه‌ر نه‌بێت كه ئه‌وه مافی خۆیانه، به‌ڵام به‌گشتی به یاننامه‌كه له ڕوانگه‌ی ئه‌خلاقی گشتی و ده‌قه‌كانی یاساوه نوسراوه، له وانه‌ش یاسای كاری ڕۆژنامه‌گه‌ری كه به‌ڕوونی قه‌ده‌غه‌ی ده‌كات له چوار چێوه‌ی نوسین و پیشه‌ی ڕۆژنامه‌گه‌ریدا هێرش بكرێته سه‌ر ئاین و پیرۆزییه‌كانی كۆمه‌ڵگا.. واته هه‌ڵوێسته‌كه‌ی ئێمه له چوار چێوه‌ی مافه یاسایی یه‌كانی كۆمه‌ڵگادا بووه و، له كۆتایی به‌یاننامه‌كه‌شدا داوامان له خه‌ڵك نه‌كردووه بڕژێنه سه‌ر شه‌قام یاخود شتی بكه‌ن دژ به یاسا، به ڵكو پێشنیارمان كردووه كه به‌حوكمی ئه‌وه‌ی نوسینه‌كه پێشێلكردنی ده‌قێكی یاسایی یه‌و مافێكی كۆمه‌ڵگای تیا خوراوه (داواكاری گشتی) مه‌سه‌له‌كه بگرێته ئه‌ستۆو له چوار چێوه‌ی یاسادا چاره‌سه‌ری بكات.
- هه‌رچی په‌یوه‌ندی به ئازادی ڕاده‌ربڕینه‌وه هه‌یه، ئێمه ئه‌و تۆمه‌ته ڕه‌تده‌كه‌ینه‌وه كه دژی ئازادی ڕاده‌ربڕین بین و ئه‌و قسه‌كردنانه‌ی گۆڤاره‌كه‌ش به به‌شی له ئازادی ڕاده‌ربڕین نازانین. چونكه ئازادی ڕاده‌ربڕین له چوار چێوه‌ی یاسادا موماره‌سه ده‌كرێت و رابردووی كار‌و چالاكی و ئه‌ده‌بییات و په‌یوه‌ندیه‌كانی یه‌كگرتوو گه‌واهی ئه‌وا راستیه ئه‌دات.. ئێمه‌ش پێمان وایه گۆڤاره‌كه له‌و نووسینانه‌دا یاسای پێشێل كردووه. خۆ ئه‌گه‌ر وانیه ده‌بی به‌رامبه‌ره‌كان و هه‌ندی له نوسه‌رو ڕۆشنبیران بۆچی نیگه‌رانی و ترس نیشان بده‌ن، چونكه ده‌توانن له ڕی و شوێنه یاسایی یه‌كانه‌وه ئه‌وه بسه‌لمێنن كه ئه‌و نوسینانه له چوار چێوه‌ی یاسا باوه‌كاندا جێگایان ده‌بێته‌وه. خۆ ئه‌گه‌ر پێچه‌وانه‌كه‌ی سه‌لماو دادگا حوكمی به‌و ئاراسته ده‌ركرد كه مه‌سه‌له‌كه یاسای تیا پێشێلكراوه، ئه‌و كاته تۆمه‌تباركردنی یه‌كگرتوو، و زانایانی ئاینی كوردستان به‌وه‌ی دژی ڕاده‌ربڕین قسه‌یان كردووه، ده‌بێت به تۆمه‌ت و ناو زڕاندن.
- ئێمه له یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستاندا دووپاتی ده‌كه‌ینه‌وه، كه به‌ڕاستی نازانین كۆمه‌ڵی نوسه‌ر سه‌رجه‌م زانایانی ئاینی ئیسلام له كوردستان و ئیسلامیه‌كان بخه‌نه بهرهیهكهوهو خۆشیان بخه‌نه به‌ره‌یه‌كه‌وه، دیاره ئێمه ئه‌گه‌ر به‌شوێن به‌رژه‌وه‌ندی یه حزبیه‌كانی خۆمانه‌وه بین ده‌توانین زیاد له ڕوویه‌كه‌وه سود له‌و مه‌سه‌له‌یه وه‌ربگرین، به‌ڵام ده‌مانه‌وێت له ڕوانگه‌یه‌كی به‌رزتر له‌وه‌وه سه‌یری ئه‌م مه‌سه‌له بكه‌ین و كۆمه‌ڵگای ئێمه دووچاری پێكدادانی توندی فكری و ئایدۆلۆژی نه‌بێته‌وه، به‌ڵكو ده‌مانه‌وێت زمانی دیالۆگوو له یه‌كتر تێگه‌یشتن زاڵ بێت به‌سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كان دا.
- ئێمه دووپاتی ده‌كه‌ینه‌وه، ئه‌وه ئێمه نین كه هانی خه‌ڵك ده‌ده‌ین بۆ تیرۆو تۆقاندن، ئێمه له ئێستا و ڕابردووش‌دا دوژمنی تیرۆر‌و تۆقاندن بووین و، هه‌ر به‌و جۆره‌ش ده‌بین.. چونكه پێش هه‌موو شتی پێمان وایه دژ به ڕوحی ئیسلام و په‌یامه‌كه‌ی و به‌رژه‌وه‌ندی ئیسلامی یه‌كانه. به‌ڵكو ئه‌و جۆره نوسینانه‌ن كه‌ش و هه‌وای توندڕه‌وی و توند‌و تیژی دهخوڵَقێنی. خوازیارین ئه‌و ڕۆشنبیرانه‌ش كاری نه‌كه‌ن وێنه‌یه‌كیان لی بگیرێت كه‌خزمه‌ت به ئه‌وان و ئێمه و كۆمه‌ڵگاش ناكات.
لهكۆتایداهیوادارین هه‌موو لایه‌كمان بزانین له چ كۆمهڵگاو قۆناغێكدا ده‌ژین و ڕه‌چاوی هه‌ستیارییه‌كان بكه‌ین و، هه‌ڵه‌كانی ڕابردوو دووپات نه‌كه‌ینه‌وه.
مه‌كته‌بی ڕاگه‌یاندنی
یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان
1/ 5 / 2010
