سه‌ڵاح مه‌زن (كاندیدی لیستی گۆڕان) : دیار نییه كه پێگه‌ی گۆڕان به‌ره‌و لاوازی چوبێت، چونكه پێوانه كردنی به جه‌ماوه‌ریبون، ته‌نها به ئاكامه‌كانی هه‌لبژاردن پێوانه ناكرێت، له كاتێكدا كه سه‌رجه‌م پڕۆسێسی هه‌لبژاردن و ده‌نگدان له ژێر پرسیار و ره‌خنه‌دایه.
1-ئه‌گه‌ر به‌به‌راوورد به‌هه‌ڵبژاردنی ساڵی رابردووی كوردستان، سه‌یری ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ی رۆژی حه‌وتی ئازار بكه‌ین، ده‌بینین لیستی گۆڕان له‌رووی پێگه‌ی جه‌ماوه‌رییه‌وه به‌ره‌و لاوازیی رۆیشتووه، تا ئه‌و ئه‌ندازه‌یه‌ی له‌شاره‌كانی كه‌ركووك، دیاله، موسڵ، دهۆك، نه‌یتوانی ته‌نیا یه‌ك كورسیش به‌ده‌ستبهێنێت. به‌بڕوای ئێوه هۆی ئه‌م پاشه‌كشه‌یه‌ی لیستی گۆڕان بۆچی ده‌گه‌ڕێته‌وه؟.
دیار نییه كه پێگه‌ی گۆڕان به‌ره‌و لاوازی چوبێت، چونكه پێوانه كردنی به جه‌ماوه‌ریبون، ته‌نها به ئاكامه‌كانی هه‌لبژاردن پێوانه ناكرێت، له كاتێكدا كه سه‌رجه‌م پڕۆسێسی هه‌لبژاردن و ده‌نگدان له ژێر پرسیار و ره‌خنه‌دایه، چونكه هه‌ڵبژاردن به دور نه‌بو له ته‌زویر و ساخته‌كاری، بۆیه ناتوانرێت به وردی هێز و پێگه‌ی جه‌ماوه‌ری هیچ قه‌واره‌یه‌كی سیاسی بزانرێت، ته‌نانه‌ت به‌وانه‌شه‌وه كه به په‌نابردن بۆ شێوازی جیاجیای نادیموكراتی و ناشارستانی ده‌نگ به‌ده‌ستدێنن، گوایه سه‌ركه‌وتنیان به ده‌ستهێناوه، با ئه‌و حیزب و قه‌وارانه‌ی ده‌سه‌ڵات، ته‌نها جارێك له رێگای ده‌نگی راسته‌قینه‌ی خۆیان و به شێوه‌یه‌كی شه‌فاف خۆیان تاقیبكه‌نه‌وه، ئه‌و ده‌مه ده‌زانن هێزو پێگه‌یان له ناو خه‌ڵكدا له چ ئاستێكدایه، بۆ ئه‌وه‌ی خۆیان باش بناسن، پێویسته ئه‌و تاقیكلردنه‌وه‌یه ئه‌نجام بده‌ن، ئه‌وه پێی ناڵێن پاشه‌كشه، به‌ڵكو به‌هۆی نه‌بونی نه‌زاهه‌ت له هه‌لبژاردن و به‌كارهێنانی تۆقاندن و توندوتیژی، به‌كاربردنی پاره‌و پولی زۆر یان هۆكار و دامه‌زراوه‌كانی ده‌وله‌ت بۆ ریكلام و هه‌ڵمه‌تی هه‌لبژاردن، هه‌مو ئه‌وانه ده‌رفه‌تیان له‌به‌رده‌م لیست و قه‌واره‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات به‌رته‌سك كرده‌وه، سه‌رباری ره‌وشی نائاسایی له هه‌ندی شار و شارۆچكه‌ی ناوچه دابڕاوه‌كان، هه‌روا به‌شێكی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ كه‌موكوری و تازه ئه‌زمونی لیستێكی وه‌ك گۆڕان، له نه‌بونی شاره‌زایی له رێوشوێنه نوێیه‌كانی هه‌ڵبژاردن، لاوازی ئاستی ئه‌نجامدانی هه‌ڵمه‌تی هه‌لبژاردن و نه‌بونی میدیایه‌كی كاریگه‌ر و هه‌مه‌ڕه‌نگ، نه‌بونی دامه‌زراوه‌یه‌كی كارامه و شاره‌زای هه‌ڵبژاردن، كه به پێی به‌رنامه‌و داتای ورد نه‌خشه بۆ ئاماده‌كارییه به‌راییه‌كان و به‌رپاكردنی هه‌ڵمه‌تی هه‌لبژاردن و چاودێری وردی قۆناغه‌كانی تۆماركردنی ده‌نگده‌ران، كاروباری بنكه‌كانی ده‌نگدان، تا ژماردن و جیاكردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كان به وریایی و له ئاستێكی به‌رز جێبه‌جێ بكات و له‌وردودرشتی كاره‌كانی كۆمسیۆنی وابه‌سته به‌و هه‌لبژاردنه ئاگادارببێت، دواتر له هه‌لبژاردنه‌دا، یه‌كیتی به به‌رنامه‌و گه‌رموگوڕییه‌كی پێشوه‌خت ئاماده‌كاری هه‌بوه، به‌وه‌ش ئه‌مجاره‌یان دۆست و لایه‌نگره ته‌قلیدییه‌كانی یه‌كیتی ده‌نگیان بۆ كاندیده‌كانی یه‌كیتی بوو به‌ڵام به‌هۆی نه‌بونی به‌رنامه‌ی زیره‌كانه‌ی هونه‌رو ته‌كتیكی هه‌لبژاردنه‌وه به قازانجی خۆیان نه‌بوو له لیستی هاوپه‌یمانی كوردستاندا، دواتر له هه‌ر بازنه‌یه‌كی هه‌لبژاردنی عێرق و هه‌رێمی كوردستان به كه‌ركوكیشه‌وه، پاره‌و ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردن له ده‌ست كام لایه‌ن بووه، ئه‌و لایه‌نه ده‌رفه‌تی زیاتری بۆ خۆی دروستكردوه، به‌م پێیه چانسی ده‌نگ كۆكردنه‌وه‌ی زیاتری هه‌بووه!! هه‌روا لیستی هاوپه‌یمانی هه‌ندی خاڵی هه‌ڵقۆزته‌وه‌و وه‌ك دژه هه‌ڵمه‌ت له به‌رانبه‌ر گۆڕان به‌كاریهێنا، وه‌ك ئه‌وه‌ی كه لیستی گۆڕان دژ به یه‌كده‌نگی و یه‌ك لیستی كورد بی، یان كۆبونه‌وه‌و هه‌ماهه‌نگی گۆڕان له‌گه‌ڵ جه‌بهه‌ی توركمانی و حه‌دبا، ئه‌وانه‌و سه‌رباری خراپی ره‌وشی ئه‌منی له ناوچانه‌دا، جگه له هۆكاری دیكه‌ی په‌یوه‌نددار به شێوازی به‌ڕێوه‌چونی هه‌لبژاردن، ئه‌مجار كه‌موكوری خودی له پشت كه‌مده‌نگهێنانی لیستی گۆڕان بون، له كه‌ركوك، موسل، دیاله و ناوچه دابڕاوه‌كاندا، بۆ دهۆكیش، دیاره دهۆك و چه‌ند جێگای دیكه‌ی كوردستان تا به ئه‌مڕۆمان ده‌گات، تا راده‌یه‌كی زۆر ناوچه‌ی داخراون، بۆیه ناكری بڵێی بۆ ئه‌و لیسته كورسی نه‌هێناوه، راسته ئیسلامییه‌كان كورسیان هێناوه، به بڕوای من به هێزبونی لیسته ئیسلامییه‌كان زیاتر بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه، كه له به‌رانبه‌ر گوشارخستنه سه‌ر گۆڕانه‌وه، ده‌رفه‌تیان وه‌رگرتوه و پێشوه‌چونیان وه‌ده‌ستهێناوه.
2-هه‌ندێك چاودێری سیاسیی له‌و بڕوایه‌دان هۆكاری گه‌شه‌نه‌كردنی گۆڕان له‌شاره‌كانی تری كوردستان و مانه‌وه‌ی ته‌نیا له‌سنووری ناوشاری سلێمانیدا، پابه‌نده به‌وه‌ی گۆڕان ته‌نیا وه‌ك به‌رهه‌ڵستكارێكی یه‌كێتی مامه‌ڵه ده‌كات. ئایا پێتوایه ئه‌م فاكته‌ره كاریكردۆته سه‌ر گه‌شه‌نه‌كردنی گۆڕان به‌تایبه‌ت له‌زۆنی پارتیدا؟.
ئه‌وه‌یان راسته، به بڕوای من ململانی له‌گه‌ڵ یه‌كێتی نابی بكرێته ئامانجی سه‌ره‌كی، ئه‌گه‌ر چی جۆرێك له كێشه‌ی نێوان سه‌رانی گۆڕان و یه‌كێتی له رابردوو ئێستا سه‌رچاوه ده‌گری، به تایبه‌تیش له‌و ره‌خنه‌و ره‌خنه‌كارییه‌ی ئه‌و دواییه‌ی نێوان هه‌ردوو لا زیاتر ئاشكرا بوو، كه بووه هۆی ره‌خنه‌و ناڕه‌زایی به‌شێكی زۆری ئه‌ندامو لایه‌نگرانی هه‌ردوولا، ته‌نانه‌ت رای گشتی بێلایه‌ن، به‌ڵام به گشتی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان به هه‌نگاوێكی ئازایانه خۆی له‌وه رزگاركردوه، كه هاتوه به ناو و فۆرم و به‌رنامه‌یه‌كی نوی خۆی ده‌ناسێنی، واته سه‌رجه‌م ناو‌و دامه‌زراوه‌كانی دیكه‌ی بۆ یه‌كێتی نیشتمانی جێهێشتوه، كه‌واته گۆڕان شتێكی جیاوازه، ئه‌گه‌رچی له مێژوی تێكۆشان و قوربانیدان شه‌ریكه، به‌ڵام دروشمی ره‌شكردنه‌وه‌ی یه‌كێتی به‌رز نه‌كردۆته‌وه، وێڕای ئه‌وه‌ی له هه‌ڵسوكه‌وتی رۆژانه و ركابه‌ری ئه‌و دواییه‌ی هه‌ڵبژاردن ده‌یه‌وی بیسه‌لمێنی كه له سلێمانی ئه‌لته‌رناتیفی یه‌كێتییه!! به‌ڵام له هه‌ولێر و دهۆك ئاراسته‌كه به جۆرێكی دیكه‌یه، ئه‌وه‌ش بۆته جێی پرسیار، به گشتی گۆڕان وای پیشانده‌دا كه ده‌یه‌وێت به شێوازی دیموكراسی و شارستانانه ململانێی سیاسی ئه‌نجام بدات، ئاخۆ چه‌ند حزبه ده‌سه‌ڵاتداره‌كان ئه‌ویان پی قبول ده‌كرێت، دیاره گۆڕان له‌سلێمانی پێگه‌ی به هێزتره، بۆیه ده‌توانی زیاتر رووبه‌رووی گوشاره‌كان بێته‌وه، دواتر كاری سیاسی به‌رهه‌لستكارانه له هه‌ولێر و شكاندنی ته‌لیسمی ترس كارێكی ئاسان نه‌بوه، دیاره گۆڕان ده‌سپێشخه‌ری هه‌بوه‌و، ده‌سه‌ڵاتیش رۆژ به دوایی رۆژ ئه‌و راستییه‌ی باشتر بۆ روون ده‌بێته‌وه، كه به‌كارهێنانی گوشار‌و توند‌و تیژی ئه‌نجامی باشی نابێت، ئه‌مجار گۆڕان ناتوانی له هه‌موو دوڤه‌ره‌كان به یه‌ك شێواز و نه‌بادا شێوازی روبه‌ڕوبونه‌وه پێڕه‌و بكات، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان ده‌رفه‌تی ته‌واو به چالاكوانانی گۆڕان نادات، به‌ڵام گوشار و ئیجرائاتی توندیشی ره‌چاونه‌كردوه، وه‌ك ئه‌وه‌ی له سایه‌ی ده‌سه‌ڵاتی یه‌كێتی یه‌كیتی نیشتمانی كوردستان روده‌دات، دیاره بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌و بارودۆخه سود له‌و ره‌وشه ئارامه‌ی هه‌ولێر وه‌رده‌گرێت، ئه‌گه‌ر وانه‌بوایه نه‌یده‌توانی له دوو پرۆسه‌ی هه‌لبژاردن رۆڵی به‌رچاو ببینی، چونكه ململانێی دیموكراسی و ركابه‌ری سیاسی له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات له رێگای سندوقه‌كانی ده‌نگدانه‌وه، پێویستی به بارودۆخی ئاشتی و ئارامی سیاسی هه‌یه، بۆیه ئه‌گه‌ر هه‌لبژاردنێكی پاك و شه‌فاف به‌ڕێوه‌چوبایه و نرخی راسته‌قینه‌ی كورسی دیاربوایه، ئه‌وه زۆربه‌ی لیست و قه‌واره‌كان ده‌رفه‌تی به‌شداربونیان له پڕۆسه‌ی سیاسی داهاتوی عێراق زیاتر بۆ ده‌ره‌خسا، به‌ڵام به هۆی به‌كارهێنانی ده‌نگی ساخته‌وه هه‌روه‌ك (پاره‌ی ته‌زویر) قیمه‌تی ده‌نگه راسته‌قینه‌كان بێبه‌ها كه‌وت!! ئه‌وه‌ش پێشێلكارییه له به‌رانبه‌ر مافه‌كانی تاك و زیانه‌كانی كه‌متر نییه له گه‌نده‌لی سیاسی، دارایی و ئه‌خلاقییه‌وه.
3-به‌بڕوای ئێوه به‌ملیشیا چوواندنی هێزی پێشمه‌رگه له‌لایه‌ن په‌رله‌مانتارێكی گۆڕان و دانیشتنی حه‌دبا و گۆڕان له‌موسڵ، چه‌نده رۆڵی هه‌بووه له‌كه‌مكردنه‌وه‌ی رێژه‌ی ده‌نگده‌رانی لیستی گۆڕان؟.
ئه‌و بابه‌تانه وه‌ك ریكلامی هه‌لبژاردن دژ به لیستی گۆڕان به‌كار هێنران، ده‌نا ئه‌وه یه‌كه‌مجار نییه، پێشمه‌رگه وه‌ك میلیشیا یان پاسه‌وانی سنور بناسرێت، به‌ڵام بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌سه‌ر زاری نه‌وشێروان مسته‌فا راشكاوانه له‌و باره‌یه‌وه هاته وه‌ڵام و هاوسه‌نگییه‌كه‌ی راستكرده‌وه‌و دواتر بێده‌نگیبون دروستبو، بۆ كۆبونه‌وه‌ش له‌گه‌ڵ حه‌دبا، دیاره نوێنه‌ری گۆڕان یه‌كه‌م كه‌س و دوایین نابی كه له‌گه‌ڵ حه‌دبا كۆبونه‌وه‌ی كردبی، مادام شێوازی ته‌وافوق له شه‌راكه‌ت له‌گه‌ڵ پێكهاته‌كانی دیكه‌ی عێراق به‌شێوه‌یه‌كی گشتی پشتی پێده‌به‌ستری، له سیاسه‌تیش دۆستی تاسه‌ر و دوژمنی تاسه‌ر نییه، سه‌باره‌ت به دانیشتنی نوێنه‌ری گۆڕان و حه‌دبا، له ورده‌كارییه‌كانی ئاگادار نیم و نازانم روداوه‌كه چۆن بوه، هه‌ر چۆنی بی ته‌وقیته‌كه‌ی خراب بوو، بۆیه هه‌لقۆزرایه‌وه‌و وه‌ك ریكلامی هه‌لبژاردن دژ به لیستی گۆران به‌كار هێنرا، ره‌نگه له جوگرافییه‌كی دیاریكراو و به رێژه‌یه‌كی دیاریكراو هۆكار بێت بۆ نه‌هێنانی ده‌نگی پێویست، به‌ڵام هۆكاری ده‌نگ نه‌هێنانی وه‌ك پێویستی لیستی گۆڕان و حزب و قه‌واره‌كانی دیكه، سه‌رباری نائارامی ره‌وشی ئه‌منی و مه‌ترسی هێرشی عه‌ره‌به شۆفینی و ئیسلامه توندڕه‌وه‌كان، هه‌روا له سه‌رێكی دیكه‌وه‌ش، زیاتر په‌یوه‌ندی به كه‌می ئه‌زمون و شاره‌زایی هه‌روا كه‌موكوری هونه‌ری و هه‌ڵه‌ی تاكتیكی ئه‌و حزب و قه‌وارانه هه‌بوه سه‌رباری ئه‌وه‌ی كه ته‌زویر و ناشه‌فافیه‌تی هه‌لبژاردنه‌كه له هه‌ندی شوێن هۆكاربووه، دیاره ژماره‌یه‌ك هۆكاری خودی و مه‌وزوعی كاریگه‌رییان هه‌بوه له‌وه‌ی گۆڕان وه‌ك لێی چاوه‌ڕوان ده‌كرا، كه‌چی ده‌نگی پێویستی نه‌هێنا.
4-ده‌وترێت گۆڕان به‌هه‌مان شێوه‌ی یه‌كێتی پێشوو، تووشی هه‌مان په‌تای باڵباڵێن و كوتله‌گه‌رایی بووه، ئه‌مه‌ش رۆڵی هه‌بووه له لاوازكردنی گۆڕان؟ به‌بڕوای ئێوه ئایا كوتله‌گه‌رایی و باڵباڵێن له‌ناو بزووتنه‌وه‌ی گۆڕاندا هێنده كاریگه‌ر و زه‌قه، گۆڕان له‌سه‌ره‌تای رێگادا به‌ره‌و كۆتاییه‌كی ترسناك ببات؟.
من لای خۆمه‌وه، زۆر ئاگاداری بارودۆخی نێوخۆیی و ورده‌كارییه‌كانی نێو بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان نیمه، ئه‌وه‌نه‌بی وه‌ك كاندیدێك له چوارچیوه‌ی لیستی گۆڕان و له ماوه‌یه‌كی كورت و له ئاستێكی دیاریكراو هه‌ڵسوكه‌وتم كردوه، هه‌ستم به‌و ململانی و باڵباڵێنه نه‌كردوه، هه‌بونی بیروبۆچونی جیاواز و جۆرێك له ره‌خنه له‌سه‌ر شێوازی كاركردن ئه‌گه‌ر هه‌شبوبێت، حاله‌تێكی ته‌ندروست و ئاساییه، ته‌نانه‌ت ده‌مبینی هێزی زیاتری به دینامیكیه‌تی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕا، ده‌به‌خشی، دوپاتیده‌كه‌مه‌وه كه له چوارچیوه‌ی ركابه‌ری كاری سیاسی داهێنه‌رانه و خزمه‌ت به ره‌وتی گشتی گۆڕاندا، جیاوازی بۆچون و بگره ململانێی دیموكراسی و ركابه‌ری سیاسی وه‌ك حاله‌تێكی پۆزه‌تیف هه‌شبی ئاساییه.
5-یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان ره‌خنه‌ی ئه‌وه له‌بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان ده‌گرێت، ته‌سفیه حیساب له‌گه‌ڵ حزبه‌كه‌ی ئه‌وان ده‌كه‌ن، ئه‌گه‌رنا گۆڕان بزووتنه‌وه‌یه‌كی گۆڕانخوازیی واقیعیی نییه. ئایا گۆڕان و سه‌ركرده‌كانی، ته‌سفیه حسابی خۆیان له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌كانی یه‌كێتی ده‌كه‌ن، یاخۆ به‌كرده‌وه گۆڕان بزووتنه‌وه‌یه‌كی ناڕه‌زایی و ئۆپۆزیسیۆنه بۆ وه‌رچه‌رخاندنی دۆخی كۆمه‌ڵگه؟.
به تێروانینی من گۆِران بۆ ئه‌مڕۆ دیارترین بزوتنه‌وه‌ی ناڕه‌زایی سه‌ر گۆڕه‌پانی كوردستانه، به‌ڵام هێشتا له ژێر تاقیكردنه‌وه‌دایه، دوای هه‌لبژاردنی 7ی ئادار ره‌نگه هه‌ندی نیشانه‌و به‌ره‌نجامی نوی به قازانج یان زیانی گۆڕان ده‌ربكه‌ون، پرسیار له‌وه‌دایه ئاخۆ گۆڕان بۆی هه‌یه ببێته ئه‌و بزوتنه‌وه خه‌ڵكییه فراوانه كه ده‌ربڕین له خواست و ناڕه‌زایی گشت چین و توێژه كۆمه‌ڵایه‌تی و پیشه‌ییه جیاجیانا به جیاوازی بیر‌و بۆچونی فیكری، ئایینی و نه‌ته‌وه‌یی بكات، دیاره ئه‌وه ئه‌ركێكی قورسه، ئه‌گه‌رچی زه‌مینه له‌باره بۆ دروستبونی ئه‌و بزوتنه‌وه ناڕه‌زاییه‌ی خه‌ڵك، چونكه بێزاری فراوانی خه‌ڵك ده‌رهه‌ق به سیاسه‌تی نایه‌كسانی، ناعه‌داله‌تی، گه‌نده‌لی و توندوتیژی ده‌سه‌ڵات ئارادایه، كه له به‌رانبه‌ر زۆربه‌ی تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگه پێڕه‌وی ده‌كات، دیاره تا ئه‌و ده‌مه‌ش گۆرَان توانیویتی خیتابی سیاسی سه‌رنجراكێش بۆ خۆی فۆرمۆله بكات، هه‌روا توانای ئه‌وه‌شی هه‌یه له ئایینده‌دا به‌رنامه‌ی سیاسی بۆ گۆڕنكاری له بواره جیاجیاكان دابڕێژێت، گه‌وره‌ترین گرفتی گۆڕان له‌و پێناوه‌دا، ئه‌وه‌یه ئاخۆ ده‌توانی ده‌سبه‌رداری میتۆد و شێوازی كاركردنی پێشوی ئه‌و سه‌ركرده‌و كادریرانه بێت، كه له ناو یه‌كیتی نیشتمانی كوردستان هاتونه، یان چۆن ده‌توانی جۆرێك له هه‌ماهه‌نگی و ده‌رفه‌تی یه‌كسان له به‌رده‌م گشت لایه‌ك دروست بكات، ئایا گۆڕان ده‌تونی سه‌رجه‌م ره‌نگه جیاوازه‌كانی نێو كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستان به جیاوازی بیرویۆچونی سیاسی، نه‌ته‌وه‌یی، ئایینی و .. تاد.. له‌خۆبگرێت، كه له هه‌ڵمه‌تی هه‌لبژاردن له به‌رانبه‌ر كاندیده‌كانی لیسته‌كه‌ی خۆیدا و به به‌راورد له‌گه‌ڵ لیسته‌كانی دیكه، نه‌یتوانی ستایلێكی نوی و داهێنه‌رانه به‌رهه‌مبێنی، بۆیه ئاساییه كه گومان له عه‌قلیه‌ت و میتۆدی كاركردنی گۆڕان هه‌بێت.
6-باس له‌وه ده‌كرێت له‌نێوان پارتی و گۆڕاندا رێككه‌وتن هه‌یه كه هیچ لایه‌كیان هێرش نه‌كه‌نه سه‌ر یه‌كتر. با گریمانه‌ی ئه‌وه دابنێین ئه‌و ده‌نگۆیه راسته، ئایا رێككه‌وتنی گۆڕان و پارتی سه‌رئه‌نجام به‌بچووكبوونه‌وه‌ی گۆڕان كۆتایی نایه‌ت؟. ئایا ئه‌گه‌ر رێككه‌وتنێكی وا هه‌بێت له‌سه‌ر حسابی تێكشكاندنی یه‌كێتی نییه؟.
ئه‌گه‌ر رێككه‌وتنێكی له‌و جۆره هه‌بێت، نابی نوی بێت، به‌لانی كه‌م له سه‌روبه‌ندی هه‌ڵبژاردنی 25ی ته‌موز یان زوتر رویداوه، بادابنێین وایه، به‌ڵام پێچه‌وانه‌ی پرسیاره‌كه‌تان گۆڕان له‌و كاته‌وه تا هه‌لبژاردنی 7ی ئاداری ئه‌و دواییه، له جاران به هێزتر و فراوانتر بووه، هه‌روا له هه‌ڵمه‌تی هه‌لبژاردنی ئه‌و دواییه‌ی له چاو هی پێش‌و چالاكتر و هه‌مه‌ڕه‌نگتر ده‌ركه‌وت، ره‌نگه بۆ سه‌لماندنی پرسیاره‌كه‌تان ژماره‌ی ئه‌و ده‌نگانه بكرێته پێوانه كه گوایه گۆڕان پاشه‌كشه‌ی كردوه، به‌ڵام ئاكامی هه‌ڵبژاردنی ئه‌و دواییه ده‌نگی راسته‌قینه نین بۆیه ره‌وا نییه كه هیچ لیست و قه‌واره‌یه‌ك به راده‌ی ئه‌و ده‌نگانه پێوانه بكرێن، چونكه پرۆسه‌ی هه‌لبژاردن دور بوه له نه‌زاهه‌ت و خاوێنی.
به‌ڵام گره‌وه‌كه دوولایه‌نییه، ئه‌گه‌ر رێككه‌وتن هه‌بێت، ره‌نگه گۆڕان سود له‌و ده‌رفه‌ته وه‌ربگرێت و خۆی كۆ بكاته‌وه‌و دامه‌زراوه‌كانی خۆی پته‌وتر بكات، كاتی وه‌ك هێزێكی كاریگه‌ریش له هه‌ولێر ده‌رده‌كه‌وێت، پارتی ناچار ده‌بی گۆڕان وه‌ك هێزێكی سیاسی بناسی و پۆزه‌تیفانه هه‌لسوكه‌وتی له‌گه‌ڵ بكات.
له لایه‌كی دیكه‌وه، له‌وانه‌یه پارتی به شێوازی خۆی له هه‌ولێر به‌رنامه‌ی ئه‌وه‌ی هه‌بی گۆڕان قوت بدات، به‌ڵام ده‌بی ئه‌وه بزانین ئه‌مڕۆ دوێنی نییه، قوتدانی هێزێكی وه‌ك گۆڕان كارێكی ئاسان نییه، بۆیه به تێڕوانینی من بۆ پارتی هه‌بونی گۆڕانێكی به هێز له سلێمانی و ده‌ركه‌وتنی وه‌ك هێزێكی ئاسایی و تا ئه‌و راده‌یه‌ی خه‌تی سور نه‌به‌زێنی، له هه‌ولێر به ئاسایی ببینی، چونكه پارتی ته‌ماشای قورسایی سیاسی له چه‌ند ساڵی داهاتو له‌و په‌یوه‌ندییه و له چوارچیوه‌ی ئه‌و هاوسه‌نگییه‌ی سه‌ره‌وه ته‌ماشا ده‌كات، به تایبه‌تیش له په‌یوه‌ندی به دوارۆژی یه‌كێتی و سه‌ركردایه‌تییه‌كه‌ی، یان ئه‌و بۆشاییه‌ی دوای نه‌وه‌ی ئێستای سه‌رانی یه‌كیتی سه‌رهه‌ڵده‌دات، دیاره پارتی كه‌سێكی له نه‌وشێروان گونجاوتر به‌دی ناكه‌ن بۆشاییه‌كه پڕ بكاته‌وه، ئه‌مجار بونی بزوتنه‌وه‌یه‌كی عیلمانی وه‌ك گۆڕان چ له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاو رۆژاوا یان له لایه‌ن پارتیشه‌وه، به گونجاوی ببینری، هه‌رنه‌بی بۆ لاوازكردنی گروپ و بزوتنه‌وه ئیسلامیه‌كان، ئه‌گه‌رچی ئه‌و هاوكێشه‌یه له هه‌لبژاردنی 7ی ئادار پێچه‌وانه ده‌ركه‌وتبو، چونكه ئاكامه به‌راییه‌كانی هه‌لبژاردن ده‌ركه‌وتنی ئیسلامییه‌كان وه‌ك هێزی سێیه‌م و بگره دووه‌م له هه‌ندی جێگا ئاشكرا ده‌كات، كه ره‌نگه له‌به‌ر چه‌ند هۆكارێك ده‌سه‌ڵات چاوپۆشی لێكردبن.
هه‌لبه‌ته، ئه‌گه‌ر بێت و رێككه‌وتنی له‌و جۆره هه‌بێت، كاریگه‌ری بۆ سه‌ر یه‌كیتی ده‌بێت، به‌ڵام مه‌رج نییه ببێته هۆی تێكشكانی یه‌كیتی، خۆ ئه‌گه‌ر رێككه‌وتنی نهێنیش هه‌بێت، ئه‌وه دره‌نگ یان زوو كار له په‌یوه‌ندی ستراتیژی نێوان پارتی و یه‌كێتی ده‌كات و حه‌تمه‌ن یه‌كیتی ناتوانی له‌به‌ر گوشاری ئه‌ندامه‌كانی بی هه‌ڵویستی بنوێنێت.
7-پێشبینی ئه‌وه ناكه‌ن دوای ئه‌وه‌ی له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا یه‌كێتی تارادده‌یه‌ك هه‌ستایه‌وه و سه‌ركه‌وتنی مسۆگه‌ر كرد، ژماره‌یه‌كی دیكه‌ی سه‌ركرده و لایه‌نگرانی گۆڕان بۆ ناو یه‌كێتی بگه‌ڕێنه‌وه؟. ئایا پێشبینی ئێوه بۆ داهاتووی گۆڕان چییه له‌رووی گه‌شه‌كردن و پووكانه‌وه‌وه؟.
من ناتوانم پێشبینی له‌و جۆره بكه‌م، به‌ڵام یه‌كیتی له هه‌ندی جێگا له چاو هه‌لبژاردنی پێش‌و پێشكه‌وتنی به‌ده‌ستهێناوه، به‌ڵام چۆن و به كام شێواز و ئامرازێكه‌وه، دیاره ئێره بۆ ئه‌و باسه نییه، خۆ یه‌كێتی له هه‌ولێر گه‌ر به به‌رنامه‌یه‌كی باشتر كاری بكردبایه، ده‌نگه‌كانی ئاوا به فیرۆَ نه‌ده‌چون، به‌ده‌ر له‌وه هه‌ستده‌كه‌م كه له نێوان ئه‌ندام و كایرانی مام ناوه‌ندی یه‌كیتی و گۆڕان لێكنزیكبونه‌وه و له یه‌كتر گه‌یشتن دروست بێت، هه‌میشه له دوای هه‌لبژاردنیش ده‌رهاویشته‌ی نوی دروست ده‌بێت، ئه‌مجار بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له سلێمانی و ده‌ره‌وه‌ی وڵات پوكانه‌وه‌ی زه‌حمه‌ته، به‌ڵكو زیاتر گه‌شه ده‌كات، بۆ ده‌ڤه‌ری دیكه‌ی وه‌ك هه‌ولێرو دهۆكیش، دیاره پرۆسێسه‌كه به شێنه‌یی ده‌ڕوات و ئاسان نییه، ئه‌مجار گه‌ر بی و بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له هه‌ولێردا خۆی به میكانیزم و ستایلێكی نوی و گونجاوی كاركردنئاشنا بكات و خیتابی سیاسی خۆی به‌رده‌وام و كاریگه‌رتر بكات، كه له سه‌روبه‌ندی هه‌لبژاردنیشدا زیاتر هه‌ست به‌و بۆشاییه ده‌كرا، ده‌نا لایه‌نگری له بزوتنه‌وه‌ی گۆران له له نێو سه‌رجه‌م خه‌ڵكی هه‌ولێردا، نه‌باداش خه‌ڵكی هه‌ژارو فه‌رامۆشكراو هێزی هه‌یه، جگه له‌وه‌ی گۆڕان ژماره‌یه‌ك هه‌ڵسوڕاوو كادیری لێهاتوی ته‌قلیدی خۆی هه‌یه، سه‌رباری نوخبه‌یه‌كی ناڕه‌زا كه چ له ناوه‌وه یان له ده‌ره‌وه‌ی بزوتنه‌وه‌كه بن، بونی بزوتنه‌وه‌یه‌كی وه‌ك گۆڕان بۆ ئه‌مڕۆ به پێویست ده‌بینن، دیاره ژماره‌و قه‌باره‌ی ئه‌ونوخبه‌یه، ته‌نانه‌ت راده‌ی ره‌تكردنه‌وه‌و توڕه‌ییان به گوێره‌ی روداوه‌كان له‌وانه‌ش ئاكامی هه‌لبژاردنه‌كانه‌وه، هه‌لكشان و داكشان به خۆیه‌وه ببینێت.
8-كێشه‌ی سه‌ره‌كیی گۆڕان، كێشه‌ی ناسنامه‌یه، چوونكه گۆڕان نه بزووتنه‌وه‌یه‌كی مه‌ده‌نی و نه حزبی سیاسییه و نه ئێستا كۆمپانیایه‌كیشه. ئایا ئه‌گه‌ر گۆڕان هه‌روا به‌بێ ناسنامه‌یه‌كی سیاسیی دیاریكراو بمێنێته‌وه له‌یه‌كێك له‌كاركرده‌كانیدا نابێته هۆی پووكانه‌وه‌و له‌ناوچوونی توانا و هێزی ئێستای ئه‌و جوڵانه‌وه‌یه؟.
به بڕوای من گۆڕان بزوتنه‌ویه‌كه خه‌ریكه چواچیوه‌یه‌ك بۆ خۆی پێكدێنی و ناسنامه‌یه‌ك دیاریده‌كات، پاشان ئه‌گه‌ر بزوتنه‌وه‌یه‌كی سیاسیی نه‌بی، ئه‌دی چۆن وه‌ك دیارترین هێزی ئۆپۆزسیۆن له دوو هه‌لبژاردنی چاره‌نوسسازدا، ئاوا به دیمه‌ن ده‌رده‌كه‌وێت، وه‌ك ده‌رده‌كه‌وی گۆڕان بزوتنه‌ویه‌كی مه‌ده‌نی ناره‌زایی خه‌ڵكه و نوێنه‌رایه‌تی به‌شێكی هه‌ستپێكراو له چین و تویژه جیاجیاكان ده‌كات، كه به به شێوه‌یه‌كی گشتی به خیتابێكی سیاسی ئاراسته‌كراو، سیاسه‌تێكی میدیایی كاریگه‌ر كارده‌كات، هه‌روا خه‌باتی په‌رله‌مانی زیره‌كانه ته‌وزیف ده‌كات بۆ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ ناڕه‌زایی و داخوازییه رۆژانه‌ییه‌كانی خه‌ڵك و واده‌كات ئه‌گه‌ر بۆشایش له خیتابی سیاسی هه‌بێت، په‌رله‌مانتاره‌كان پری بكه‌نه‌وه، دیاره زانینی ئاستی پوكانه‌وه یان به هێزبونی گۆڕان به‌ستراوه‌ته‌وه به پێشوه‌چونه‌كانی سبه‌ینی، كه نه‌خشه‌ی سیاسیی و میكانیزمی كاركردنی بزوتنه‌وه‌كه له داهاتوی كوردستان و عێراق بڕیاری له‌سه‌ر ده‌دات، له‌وانه‌یه بونی به حیزب زیاتر له چوارچیوه‌دان و به‌رته‌سككردنی بزوتنه‌وه‌كه‌ی لێبكه‌وێته‌وه، چونكه ئه‌و ره‌وشه‌ی له كوردستان له ئارادایه، به هه‌موو حساباتێك مه‌گه‌ر ته‌نها بزوتنه‌وه‌یه‌كی سیاسی جه‌ماوه‌ری دور له چوارچیوه‌ی ته‌سكی حزبایه‌تی ده‌روه‌ستی بێت، ئه‌گه‌ر راستت ده‌وێت، هه‌بونی هاوپه‌یمانێتی به هێزی نێوان گشت هێزو گروپه سیاسییه به‌رهه‌ڵستكاره راسته‌قینه‌كان ل چوارچیوه‌ی (به‌ره‌ی میللی به‌رهه‌ڵستكار) ره‌نگه كاریگه‌ری له تاكه بزوتنه‌وه‌یه‌ك زیاتری به‌سه‌ر روداو‌و بارودۆخه‌كه هه‌بێت.
سه‌ڵاح مه‌زن
+ نوسه‌رو رۆژنامه‌وان
+ له ساڵی 1961 له شاری هه‌ولێر له دایكبوه.
+ پێشتر سه‌رپه‌رشتیاری ناوه‌ندی چاك كوردستان بوه،
+ئێستا سه‌رۆكی سه‌نته‌ری داهێنی كولتورییه.
+ كاندیدی لیستی گۆڕان بۆ هه‌لبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق.
گۆڤاری نێوه‌ند ــ ژماره 73
