كه‌ناڵی ئاسمانی كوردسات له ماوه‌ی رابردوودا زنجیره درامایه‌كی ته‌له‌فزیۆنی په‌خش كرد، كه باس له ژیان و گوزرانی كه‌س و كاری ئه‌نفالكراوه‌كان له ئۆردوگایه‌ك ده‌كات، هێشتا دراماكه نه‌گه‌یشتبووه ئه‌ڵقه‌ی كۆتایی ناڕه‌زایی له نێو هه‌ندێك له‌كه‌س و كاری ئه‌نفالكراوه‌كان و رێكخراوی داكۆكی له پاشماوه‌ی قورانبانی ئه‌نفال دروست دروست كرد، دواتر ئه‌و ناره‌زایه‌تیه بووه هۆی سازدانی جه‌ده‌ل و مشتوومڕ له نێوان ستافی دراماكه‌و رێكخروه‌كانی داكۆكی له كه‌س و كاری ئه‌نفالكراوه‌كان له كه‌ناڵه‌كانی میدیا.
ئه‌م درامایه له هه‌موو ئاسته‌كانی ده‌رهێنان، سیناریۆ، نواندن، كامێرا، ماكیاژ، دیكۆر و رووناكی توانی پانتایه‌ك بخاته نێوان خۆی ئه‌و درامایانه‌ی كه پێشتر و تا ئێستا له سه‌ته‌لایته كوردیه‌كان ده‌یبینین. ئه‌م درامایه به‌مانای وشه كارێكی داهێنه‌رانه بوو، بێگومان بێ هه‌وڵه‌و كه‌موكوڕیش نه‌بوو له‌لایه‌نه هونه‌ریه‌كانیه‌وه (كه بابه‌تی ئه‌م باسه نیه) .
رێگه‌م بده‌ن با بۆچوونی خۆم له باره‌ی نێوه‌ڕۆكی ئه‌م درامایه بخه روو. زنجیره درامای گه‌رمیان و كوێستان له پاڵ ئازار، كۆمه‌ڵێك كارائه‌كته‌ری به ئێمه پیشاندا كه نایانه‌وێ ته‌ركی دونیا بكه‌ن و به‌ده‌م ئه‌و ئازارانه‌وه پاسیڤانه بژین یاخود چاوه‌ڕوانی ئه‌و رۆژه‌بن كه خودا رووحیانه‌ته‌كه‌یان لێوه‌ربگریته‌وه. ئه‌مانه كۆمه‌ڵێك خه‌ڵكی به‌ئیراده‌ن نه‌ك ته‌نها ژیانیان خۆشده‌وێت و بیر له سبه‌نێیه‌كی باشتر بۆ خۆیان ماڵ و منداڵیان ده‌كه‌نه‌وه، به‌ڵكو تاڕاده‌ی ئه‌مانه خۆشه‌ویستی دروست ده‌كه‌ن به‌گژ ئه‌و سنور و عه‌یبه و قه‌ده‌غانه‌ش ده‌چنه‌وه كه كۆمه‌ڵگا بۆی دیاریكردوون. ئێمه له رێگه‌ی ئه‌و درامایه‌وه كۆمه‌ڵێك مرۆڤی نه‌خۆش، بێده‌سه‌ڵات، گۆشه‌گیرمان نه‌بینی به‌ڵكو مرۆڤ گه‌لێكمان بینی ته‌حه‌دای رابردوویان ده‌كرد، ژنیان به‌گسك فرۆشی و به‌نزین فرۆشی په‌یدا ده‌كرد، منداڵه‌كانیان ده‌خسته‌وه به‌ر خوێندن، دیسانه‌وه له هه‌موویان گرنگتر خۆشه‌ویستیان ده‌كرد.
من هیچ سوكایه‌تیه‌كه‌م له‌م درامایه نه‌بینی به پاشماوه‌ی ئه‌نفالكراوه‌كان كرابێت، به پێچه‌وانه وه‌ك وتم: باس له ئیراده‌ی كه‌س و كاری ئه‌نفالكراو و خۆشه‌ویستی بۆ ژیان و هێزی له‌بن هاتوویان له رووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ی ده‌رده‌سه‌رییه‌كانی پاش ئه‌نفال ده‌كات. ئه‌م دیده ته‌قلیدیه بۆ كاری هونه‌ری و دروست كردنی هه‌ڵا له‌سه‌ر هه‌ر دیمه‌ن و بینراوێك كه به‌دڵی كه‌س و كار و رێكخراوه‌كانی داكۆكی له پاشماوه‌ی ئه‌نفالكراوه‌كان نه‌بێ، یاخود به‌سوكایه‌تی لێیتێبگه‌ن، گه‌ر به‌رده‌وام بێت ئه‌وا كاركردنی هونه‌ر له‌سه‌ر ئه‌نفال ده‌كه‌وێته قه‌یرانێكی خه‌سته‌وه. له‌راستیدا رێخكراوه‌كانی داكۆكیكار له‌كه‌س و كاری ئه‌نفالكراوه‌كان (وه‌ك رێكخراوێكی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی) پێویسته چوارچێوه‌ی بینیان فراوانتر بكه‌ن، هاوچه‌رخانه له‌كاری هونه‌ر بڕوانن، نه‌وه‌ك ببنه سه‌رچاوه یان ئامرازی داخستنی ده‌رگا به‌ڕووی داهێنانی هونه‌ری له‌باره‌وه‌ی ئه‌نفاله‌وه.
له‌گه‌ڵ رێزی زۆر تایبه‌تیم بۆ كه‌س و كاری ئه‌نفالكراوه‌كان، من خۆشم كه‌س و كارم ئه‌نفالكراوه (پوورم و ئامۆزا و چه‌ندین كه‌س له بنه‌ماڵه‌كه‌مان ئه‌نفالكراوه)، ناكرێ هه‌ر كه‌باسی ئه‌نفال هاته پێشه‌وه یه‌كسه‌ر خۆمانی تێهه‌ڵقورتێنین: له‌به‌ر ئه‌وه‌ی:
یه‌كه‌م: ئه‌نفال پرۆسه و كاره‌ستێك بوو پێش هه‌موو شتێك بۆ له ناوبردنی كورد و ناسنامه‌كه‌ی به‌رپاكرا، كه‌واتا ئه‌نفال به ته‌نها موڵكی كه‌س و كاری قوربانیه‌كان نیه، به‌ڵكو موڵكی نه‌ته‌وه‌یه‌كه.
دووه‌م: ئه‌نفال هه‌ڵگری چه‌ندین ره‌هه‌ندی ده‌روونی، كۆمه‌ڵایه‌تی، سیاسی.. هتده ئه‌م بابه‌تانه‌ش پێویستی به‌پسۆر و شاره‌زای خۆی هه‌یه بۆ كاركردن له‌سه‌ریان.
بابه‌تی خۆشه‌ویستی كردنی كاراكته‌ره ژنه‌كانی نێو دراماكه و حه‌زی شووكردنیان هۆكاری سه‌ره‌كی ناڕه‌زایی (به‌شێك) كه‌س و كاری ئه‌نفالكراوه‌كان بوو، جاری ئه‌وه شاراوه نیه كه له‌پاڵ چه‌ندین ژنی پاشماوه‌ی ئه‌نفال كه چاوه‌ڕوانی گه‌ڕانه‌وه‌ی مێرده‌نیان بوون، چه‌ندین ژنیش به چه‌ند ساڵێكی دوای كاره‌ساته‌كه شوویان كرده‌ووه (گه‌رچی كه‌مینه‌ن، به‌ڵام بۆ ئه‌مه چه‌ندین نموونه‌ی زیندوو هه‌یه) .
هه‌ڵبه‌ته نابێ ئێمه چاوه‌ڕوانی ئه‌وه له هونه‌ر بكه‌ین كه ببێته ئاوێنه‌ی واقیع و پیشاندانی حه‌قیقه‌ت یاخود دۆزینه‌وه‌ی حه‌قیقه‌ت هه‌روه‌ك بیریاری ئه‌ڵمانی مارتن هایدگه‌ر ده‌ڵێت: " هونه‌ر حه‌قیقه‌ت نادۆزێته‌وه، به‌ڵكو په‌یوه‌ندییه‌ك له‌گه‌ڵ ئه‌و و درۆ ده‌خوڵقێنێت. "
دیاره هه‌ڵوێستی كه‌ناڵی كوردساتیش شایانی ره‌خنه لێگرتنه له كورتكردنه‌وه یا راگرتنی ئه‌م درامایه له‌سه‌ر ئه‌و داوایه‌ی كه‌س و كاری ئه‌نفال كراوه‌كان كردوویانه، دروست وابوو كوردسات هه‌ر له رێگه‌ی كه‌ناڵه‌كه‌ی خۆیه‌وه هه‌ڵویست و روونكردنه‌وه‌ی خۆی و ستافی كاره‌كه‌ی روون بكردایه‌ته‌وه كه پێم وایه ده‌یتوانی ئه‌و ناڕه‌زایی بڕه‌وێنیته‌وه، نه‌وه‌ك به‌بڕیارێكی خێرا كۆتایی به دراماكه بهێنن یا راستتر ده‌رگا به‌رووی یه‌كێك له دانسقه‌ترین درامای ته‌له‌فزونی كوردی دابخه. من نازانم رێككه‌وتن و گرێبه‌ستی نێوان كاستی درماكه و كه‌ناڵی كودسات چییه؟ به‌ڵام ناكرێ رێگه بدرێت به‌و شێوه‌یه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ماندوو بوونی هونه‌رمه‌نداندا بكرێت (با كوردسات ته‌واوی به‌رهه‌مه‌كه‌شی كڕیبێت) .
له كۆتایشدا ده‌ڵێم: له جیاتی ئه‌وه‌ی داوای دادگای كردنی ده‌رهێنه‌ری دراماكه و راگرتنی به پاساوی سوكایه‌تی به كه‌س و كاری ئه‌نفالكراوه‌كان، ده‌بووایه ته‌واوی كاستی زنجیره درامای گه‌رمیان و كوێستان خه‌ڵات باران بكرایه‌ن.
* مامۆستای به‌شی هونه‌ری شانۆ له په‌یمانگای هونه‌ره جوانه‌كانی كفری
