زۆربه‌ی زۆری ژنان ده‌توانن ببن به دایك، به‌ڵام مه‌رج نییه هه‌موو ئه‌وانه‌ی كه‌ده‌بنه دایك بتوان به‌ته‌واوه‌تی و پڕاوپڕ به‌و وشه‌یه و ئه‌ركی ته‌واو دایكایه‌تیی، ئه‌و رۆڵه ببینن.
كه‌واته ته‌واو گه‌یشتمه ئه‌و باوه‌ڕه‌ی كه بوون به‌دایك ئاسانه، به‌ڵام جێبه‌جێكردنی ئه‌ركی دایكایه‌تیی گرانه.
له‌م رۆژانه‌دا هه‌واڵێكی جه‌رگبڕ زۆربه‌ی میدیاكانی ته‌نی، ئه‌ویش ئه‌وه‌بوو كه ماوه‌ی 3 مانگه باوكێك له‌كه‌ركوك ده‌ستدرێژی سێكسی ده‌كاته سه‌ر 2 كچی و ئه‌تكیان ده‌كات و گورگئاسا پیاوه‌تی خۆیان تیا به‌تاڵده‌كاته‌وه، به‌شبه‌حاڵی خۆم به‌م هه‌واڵه تاسام، به‌ڵام ئه‌وه‌ی خه‌مبارتری كردم وێنه‌ی ئه‌و دایكه بێده‌سه‌ڵاته‌ی ئه‌و ماڵه بوو، كه زۆرباش ئاگای له‌م سوكایه‌تی پێكردنه‌ی هاوڕه‌گه‌زه‌كانی خۆی و له‌وه‌ش نه‌هامه‌تتر كچه‌كانی بوو.
به‌ڵام مه‌خابن به‌بیانووی ترس و ماڵوێرانی و ده‌ربه‌ده‌ریی و كۆمه‌ڵێك بیانوی بێمانای تره‌وه نه‌یوێراوه لای هیچ كه‌سێك و لایه‌نێكی به‌رپرس، ئه‌و نهێنییه ماڵ وێرانكه‌ره‌یه له‌و توندوتیژییه بدركێنێت، تا سه‌ره‌نجام تاوانلێكراوی ته‌مه‌ن منداڵ له‌و نه‌گریسخانه‌یه هه‌ڵدێت و چیدی به‌رگه‌ی باوكه گورگه‌كه‌ی ناگرێت و كلیلی نهێنییه‌كان ده‌داته ده‌ست پۆلیسی ئه‌و شاره.
ئاخر ئه‌گه‌ر ئه‌مه كۆتایی پۆخڵه‌واتیی مرۆڤایه‌تی نه‌بێت ئیدی چیتره؟ باوكێك، هونه‌رمه‌ندبێت كۆمه‌ڵایه‌تی بێت، داهاتووی كچه‌كانی به‌و ئاقاره دڕندانه‌یه‌دا ببات؟ ئیدی متمانه به‌هه‌ندێك له باوك و دایكه‌كانیش... ماڵئاوا..
بێتاقه‌تیم ده‌رباره‌ی ئه‌و ناباوكه زۆر زۆره، واز له‌وه‌یان دێنم و لێره‌وه ده‌مه‌وێت به‌زه‌قی تیشكبخه‌مه سه‌ر لاوازی هه‌ڵوێستی ئه‌و دایكه سه‌رلێشێواوه‌و بڵێم، ئه‌گه‌ر هه‌ر دایكێكی دیكه‌ی وه‌ك تۆ هه‌بن تكایه نامانه‌وێن... ئه‌گه‌ر دایكانێك هه‌بن له‌باتی رۆشنكه‌ره‌وه‌ی رێگه‌ی منداڵه‌كانیان ببنه تاریكی و مۆته‌كه و سه‌رلێشێوانیان نامانه‌وێن، ئه‌گه‌ر دایكێك هه‌بێت له‌پێناو رازیكردنی گورگێكی برسی به‌رامبه‌ر به‌هیچ، هه‌موو ژیانی منداڵه‌كانی بكاته پنتێكی ره‌ش توخوا مه‌بنه دایك.
ئه‌گه‌ر دایكێك هه‌بێت.. له‌جیاتی گوڵ، دڕك بدات له‌ئێخه‌ی كراسی منداڵه‌كه‌ی، غه‌م و بێتاقه‌تی بكاته خه‌ونی شه‌وانه‌ی منداڵه‌كه‌ی.. ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر منیش بم، خودایه دایكایه‌تیمان لێبسه‌نه‌ره‌وه.
Xanda2002@yahoo. com
