
ده‌ریا كاروان، دوای ته‌واوكردنی خوێندنی موزیك له‌په‌یمانگای هونه‌ره جوانه‌كانی هه‌ولێر، گۆرانی "گوڵه‌باغ"ـه‌كه‌ی عه‌لی مه‌ردانی له‌گه‌ڵ كوڕێك به‌ناوی جێگر بڵاوكرده‌وه، هه‌رچه‌نده ئه‌م گۆرانییه‌یان بۆ فیستیڤاڵ ئاماده كردبوو، به‌ڵام دواتر كلیپه‌یان بۆ كرد و بڵاویان كرده‌وه كه ده‌نگدانه‌وه‌یه‌كی ئه‌رێنی دروستكرد.ده‌ریا له‌باره‌ی چۆنیه‌تی بڕیاردانی له‌سه‌ر گۆرانیگوتن و پێشنیاره‌كه‌ی باوكی "وازهێنان له‌گۆرانی و ده‌ستكردن به‌نووسین و ئه‌ده‌ب" ده‌ریا بۆ (سڤیل) ده‌دوێت.
سڤیل: بۆچی به‌گۆرانی "گوڵه‌باغ" ده‌ستت پێكرد؟
ده‌ریا: گۆرانی گوڵه‌باغ گۆرانیه‌كی جوانی هونه‌رمه‌ندی گه‌وره عه‌لی مه‌ردانه، هیچ هۆیه‌ك نه‌بوو ئه‌وه ته‌نیا ئاره‌زوویه‌كی هونه‌ری بوو كه من و جێگر بۆ فیستیڤاڵ خۆمان بۆ ئاماده‌كردبوو، به‌هاوكاری مامۆستای خۆشه‌ویستمان دڵدار وریا ئه‌حمه‌د.دواتر هه‌روه‌ك ئاره‌زوویه‌ك ئه‌م گۆرانییه‌م له‌گه‌ڵ جێگر كرده كلیپ.
سڤیل: ئه‌م گۆرانییه ته‌نیا وه‌كو حه‌زێكی خۆت بوو ته‌واو.یان به‌رده‌وام ده‌بیت؟
ده‌ریا: به‌ڵی من له‌گوتنی ئه‌م گۆرانییه ده‌توانم بڵێم ئه‌مه وه‌كو ئاره‌زوویه‌ك بوو نه‌ك وه‌ك گۆرانیبێژێك ده‌ركه‌وم.چونكه هونه‌ری گۆرانیگوتن به‌رای من ئه‌ركێكی گه‌وره‌یه و ئاسان نییه.پێویستی به ئه‌زموونێكی زۆر هه‌یه.من ئه‌وكاته رێگه به‌خۆم ده‌ده‌م پێم بگوترێت گۆرانیبێژ كاتێك خه‌ڵك گوێبیستی میلۆدی و تێكستی خۆم بوون و هه‌رچی میلۆدی و وشه هه‌یه هه‌ڵقوڵاوی ناخ و روحی من بن.ئه‌مه تێگه‌یشتنی خۆمه بۆ هونه‌ر.
هه‌روه‌ها من زۆرجار ئه‌وه ده‌ڵێم هونه‌ره‌كه‌م له‌ناخم دایه و من بمرم نابی ئه‌م هونه‌ره‌ی من بمری، به‌ڵام بۆ گۆرانیبێژی ئه‌وه كاتی خۆی دێت كه هه‌ست بكه‌م من گۆرانیبێژم.جاری هه‌ر شتێك كه له‌منی ده‌بینن وه‌كو ئاره‌زوویه‌كه ده‌یكه‌م.
سڤیل: په‌یامی تۆ له‌گۆرانیگوتن و له‌ناو كاره هونه‌ریه‌كانتدا چییه؟
ده‌ریا: په‌یامی من ئه‌وه‌یه كه هونه‌ر لای من له‌گه‌ڵ رۆمانێك یان بابه‌تێكی ئه‌ده‌بی هیچ جیاوازیه‌كی نییه وه‌ك چۆن رۆمانه‌كان ده‌توانن به‌شێك به‌بیركردنه‌وه‌كانمان بگۆڕن بۆ ژیان و شتێك بگه‌یه‌نن به خه‌ڵك.گۆرانی گوتن لای من گوزارشتكردنه بۆ ئالۆزییه‌كانی ژیان و دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ره بۆ به‌ربه‌سته‌كان.من به‌گوتنه‌وه‌ی گۆرانی هونه‌رمه‌ندێكی ناتوانم بڵێم داهێنانێكی هونه‌ریم كردووه، هونه‌ر لای من واتا داهێنان، وه‌كو چۆن كه‌سێك فرۆكه‌یه‌ك دروست ده‌كات و ژیانی خه‌ڵك ئاسان كردۆته‌وه له‌گه‌شتكردن ئه‌وهاش هونه‌ر ئه‌وكاته ده‌بی دانی پێدابنرێت كه به‌قه‌د فرۆكه‌یه‌كی ئاسمانی به‌رز بفرێت و ژیان ئاسان بكاته‌وه نه‌ك قورسی بكات.رێك ئه‌وكاته من هونه‌رمه‌ندم كه بتوانم به‌قه‌د سیاسه‌تمه‌دارێك كێشه‌ی ژیان ئاسان بكه‌مه‌وه و به‌گۆرانیه‌كانم به‌قه‌د گوته‌یه‌كی فه‌یله‌سووفێك گه‌وره و گرنگ بێت.نه‌ك گۆرانییه‌كانم ته‌نیا گله‌یی و نه‌فره‌تی تێدا بێت.
سڤیل: كاتێك بۆ یه‌كه‌مجار كه كلیپه‌كه‌تان بڵاوكرایه‌وه خۆت له‌شاشه‌كان بینی هه‌ستت به‌چی كرد و چ شتێك له‌مێشكت دروست بوو؟
ده‌ریا: دیمه‌نێكی جوان بوو، هه‌ستم كرد جۆرێك له‌خۆشی به خه‌ڵك ده‌به‌خشێت و له‌لایه‌كیش دڵگرانی دایگرتم، چونكه مێژووی ژیانی من پێویستی به‌وه هه‌بوو كه یه‌كه‌م به‌رهه‌می من كۆڵنه‌دانی بكات له‌م ژیانه‌دا.به‌ڵام ئه‌مه‌ش وه‌كو ئاره‌زوویه‌ك خراپ نییه.ئه‌وه‌ش له‌مێشكم دروست بوو كه من ده‌بی بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر دووركه‌وم و خۆم بۆ ئه‌و رۆژه ئاماده بكه‌م كاتێك پێم گوترا هونه‌رمه‌ند گومانم نه‌بێت له‌گوتنی.
سڤیل: باوكت وه‌كو كه‌سێكی رۆشنبیر تاچه‌ند هاوكاری كردووی و رێگه‌ی داویت گۆرانی بڵێی؟
ده‌ریا: باوكم كه‌متر هاوكاریم ده‌كات له‌گۆرانیگوتن، هۆكاری ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌یه ئه‌و وه‌ك باوكێك زیاتر حه‌زده‌كات هه‌وڵ بۆ بواری ئه‌ده‌ب بده‌م و ده‌ڵی توانای تۆ زیاتر له ئه‌ده‌ب و رۆمان به‌گشتی ده‌بینم، بۆیه تۆزێك دڵگرانی دایده‌گرێت كه من رێگه‌ی ئه‌و فه‌رامۆش ده‌كه‌م.ئه‌گه‌رچی زیاتر من سه‌رقاڵی نووسینم له‌وه‌ی گۆرانی بڵێم.جاری چاره‌نووس ئه‌وه‌ی یه‌كلایی نه‌كردۆته‌وه ده‌سته‌كانم به قه‌ڵه‌م ده‌گه‌ن بۆ نووسین یان مایك ده‌گه‌ن بۆ گۆرانیگوتن، من ئاشقی هه‌ردووكیانم.
سڤیل: له‌دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی گۆرانییه‌كه‌ت هیچ چاوپێكه‌وتنێكت له‌راگه‌یاندنه‌كان ئه‌نجام نه‌دا و له‌راگه‌یاندنه‌كان خۆت به‌دوور گرت، به‌راست تۆ ترست له‌راگه‌یاندنه‌كان هه‌یه یاخود شه‌رمنی یاخود هۆكارێكی تر هه‌یه؟
ده‌ریا: هۆكار زۆرن كه من خۆم له‌راگه‌یاندنه‌كان به‌دوورگرتووه، ته‌نانه‌ت نه‌چوومه هیچ چاوپێكه‌وتنێكی ته‌له‌فزیۆن، چونكه من ده‌زانم زیاتر پرسیاری كلیپ و هه‌ندی پرسیاری تایبه‌ت به‌ژیانم ده‌كرێت كه ئه‌وه‌ش پێویست ناكات، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بزانم چاوپێكه‌وتنه‌كان لێدوانی هونه‌ری و رۆشنبیری هونه‌ری بێت ئه‌وه به‌دڵنیایه‌وه ئاماده ده‌بم.
سڤیل: به‌چ هونه‌رمه‌ندێك زۆر سه‌رسامی، ته‌نیا كه‌سێك؟
ده‌ریا: ره‌نگه ئێستا بڵێم خه‌ڵكانێك پێم بڵێن بێگانه‌په‌رست، به‌ڵام هونه‌ر لای من وڵاتی هه‌موو مرۆڤێكه.من سه‌رسام و ئاشقی ده‌نگ و هه‌ستی (لارا فابیان) ـم، كه هونه‌رمه‌ندێكی فه‌ره‌نسیه، ئه‌و تاكه كه‌سه كه بتوانێت هه‌سته‌كانم بجوولێنێت.
سڤیل: له‌دوای ته‌واوكردنی خوێندنی په‌یمانگا، درێژه به‌خوێندن ده‌ده‌یت؟
ده‌ریا: ره‌نگه درێژه به‌خوێندنی هونه‌ری بده‌م.
سڤیل: زۆربه‌ی كچه گۆرانیبێژه‌كانی ئێستا له‌ناو گۆرانی و كلیپه‌كانیان پشت به‌وروژێنه‌ری خۆیان ده‌به‌ستن بۆ راكێشانی بینه‌ر.ئایا تۆش ئه‌وه ده‌كه‌ی یان ناته‌وێت هونه‌رمه‌ندێكی وروژێنه‌ر بیت؟
ده‌ریا: به‌دڵنیایه‌وه هه‌ر كه‌س ئیش له‌سه‌ر بابه‌تێك ده‌كات له‌هونه‌ردا.من كه‌سم پی هه‌ڵه نییه، با ئێمه‌ی كورد هه‌موو جۆره بابه‌تێكمان هه‌بێت، هونه‌ری وروژاندن زۆر مه‌به‌ست ده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستی تۆ ئه‌وه‌یه كه به‌هۆی لایه‌نی ده‌ره‌وه‌ی جه‌سته كه جلوبه‌رگ و روخسار من خه‌ڵك بۆ خۆم راكێشم، ئه‌وه من وه‌كو خۆم ئیش له‌سه‌ر ناوه‌وه‌ی جه‌سته ده‌كه‌م واتا ناخ و روحی مرۆڤ، من ئه‌وه‌م هه‌ڵبژاردووه بۆ هونه‌ر.هه‌روه‌ها هیوای سه‌ركه‌وتن بۆ كچانی تر ده‌خوازم و ئه‌وه‌ی ئه‌وانیش ئیشی له‌سه‌ر ده‌كه‌ن به‌دڵنیایه‌وه سه‌ركه‌وتنی خۆی هه‌یه و من دژی نیم، به‌ڵام من گرنگی به‌روحێك ده‌ده‌م كه دیار نییه.به‌ڵام هه‌ستی پێده‌كرێت.
سڤیل: ده‌گوترێت كاری هونه‌ری له‌كوردستان زۆر قورسه به‌تایبه‌ت ئه‌گه‌ر گۆرانیبێژه‌كه كچ بێت، راسته؟
ده‌ریا: بێگومان ئه‌وه راسته هونه‌ر بۆ كچ سه‌خته له‌م وڵاته‌دا.چونكه هێشتا ئێمه كێشه‌ی تێروانیمان هه‌یه بۆ هونه‌ر.
سڤیل: ده‌كری پێناسه‌یه‌كی خۆتمان بۆ بكه‌ی، ته‌نیا به‌رسته‌یه‌ك كه‌سێكی چۆنی..عاتفی، شه‌رمنی، دڵڕه‌قی، توڕه‌ی؟
ده‌ریا: "به‌پێكه‌نیه‌وه" وابزانم عاتفیم.
سڤیل: گوایه كاتێك باوكت بۆ ماوه‌یه‌ك له به‌ندیخانه‌ی "ده‌ریا" له ئێران به‌ند ده‌كرێت، دوای ساڵێك دوای ئازادكردنی له‌به‌ندیخانه‌كه تۆ له‌دایك ده‌بی، له‌به‌رئه‌وه ناوی له‌تۆ ناوه ده‌ریا، ئه‌وه تاچه‌ند راسته؟
ده‌ریا: به‌ڵی ئه‌و له‌زیندانی ده‌ریا زیندان بوو له‌ئێران.كاتێك ئازاد كرا دوای ساڵێك من له‌دایك بووم، ناوینام ده‌ریا، منیش له‌به‌رامبه‌ر ئه‌وه به‌قه‌د ده‌ریایه‌ك هه‌وڵده‌ده‌م ده‌ریای خه‌یاڵه‌كانی بم.
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
