
هونه‌رمه‌ندان چ ئۆتۆمبێلێك لێده‌خورن؟ ... راپۆرتی: زانا دڵشاد دزه‌یی
له‌كوردستان چه‌ند ئۆتۆمبێلێكی جۆراوجۆر به‌ناوی هونه‌رمه‌ندانی كورده‌وه كراوه، ئه‌مه‌ش به‌هۆی هاتنی چه‌ندین جۆری ئۆتۆمبێل و مۆدێلی تازه بۆ هه‌رێمی كوردستان، له‌م راپۆرته‌ی (سڤیل) ـدا هه‌ر هونه‌رمه‌ندێك ئۆتۆمبێلی خۆی دیاری ده‌كات و ئاشكرای ده‌كه‌ن، كه حه‌ز به‌چ جۆره ئۆتۆمبێلێك ده‌كه‌ن.
ناونانی ئۆتۆمبێل به‌هونه‌رمه‌ند یه‌كه‌مجار له‌كه‌لتووری عه‌ره‌به‌وه بۆ كوردستان، هات كاتێك ئۆتۆمبێلێك به‌ناوی خانمه ئه‌كته‌ری میسری له‌یلا عه‌لوی كرا، كه له‌به‌ر جوانیه‌كه‌ی ناوبانگی زۆری رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست دروستكرد، دواتر ناوی پێكابێكی ده‌بل به‌ناوی هونه‌رمه‌ند مه‌رزیه فه‌ریقی كرا.دواتر به‌یان عوسمان و كه‌ریم كابان و عاره‌ب عوسمان و دكتۆره به‌لقیسیشی به‌دوا داهات، بۆچی هه‌میشه خه‌ڵك هونه‌رمه‌ندیان به‌ئۆتۆمبێلی گرانبه‌ها و مۆدێلی به‌رز به‌ستۆته‌وه؟ ئایا ئه‌م بۆچوونه‌ی خه‌ڵك هه‌ڵه‌یه، كه ده‌ڵێن هونه‌رمه‌ند هه‌میشه حه‌ز به‌ئۆتۆمبێلی گرانبه‌ها و نایاب ده‌كه‌ن؟ له‌م راپۆرته‌ی (سڤیل) وه‌ڵامی پرسیاره‌كه‌ت ده‌ستده‌كه‌وێت.
هونه‌رمه‌ند لۆكه حه‌ز به‌جۆری "هه‌مه‌ڕ" ده‌كات و تاوه‌كو كۆتایی ئه‌مساڵیش له‌كوردستان هه‌مه‌ڕێكی ره‌نگ ره‌شی هه‌بوو، دواجار له‌دوا كلیپیدا ئۆتۆمبێله‌كه‌ی خۆی به‌كارهێنا.هونه‌رمه‌ند عه‌زیز وه‌یسی به‌هه‌مانشێوه‌ی لۆكه حه‌ز به‌ئۆتۆمبێلی به‌رز ده‌كات به‌تایبه‌ت "هه‌مه‌ڕ".
هه‌روه‌ها هونه‌رمه‌ند رۆژ كه‌ریم حه‌ز به‌دوو ئۆتۆمبێل ده‌كات "رانجرۆفه‌ر و هه‌مه‌ڕ".كه له‌بازاڕی دنیادا "رانجرۆڤه‌ر" گرانبه‌هاترین سه‌یاره‌یه، گه‌نجانی كوردستان خه‌ون به‌و ئۆتۆمبێله‌وه ده‌بینن، به‌ڵام جوانترین ئۆتۆمبێل لای هونه‌رمه‌ند هه‌ردی سه‌ڵاح "مۆنیكا"ـیه، ئێستاش خاوه‌ن دوو ئۆتۆمبێله له‌جۆری مۆنیكا و وه‌نه‌وشه.
كاتێك خانمه هونه‌رمه‌ند هێڤی له‌وڵاتی ئه‌ڵمانیایه‌وه ئۆتۆمبێله‌كه‌ی كه له‌جۆری "مارسیدس"ـه له‌خۆیدا هێنایه‌وه بۆ كوردستان، ئه‌وه‌نده به‌سه كه بڵێین هێڤی شێتی "مارسیدس"ـه و ئۆتۆمبێلی دیكه لێناخورێت.هه‌روه‌ها هه‌ڤاڵ ئیبراهیم نه‌ك حه‌ز به ئۆتۆمبێلی "مارسیدس" ده‌كات، به‌ڵكو ریكلامیشی بۆیكرد، "كۆمپانیای مارسیدس" بووه سپۆنسه‌ری كاره هونه‌رییه‌كانی هه‌ڤاڵ ئیبراهیم، له‌وه خۆشتر نییه حه‌ز به"مارسیدس" بكه‌یت و "مارسیدس"ـیش ببێته سپۆنسه‌ری كاره‌كانت، دواجار هه‌ڤاڵ ئیبراهیم هه‌ر به "مارسیدس" بیندراوه.
هونه‌رمه‌ندانی ئێستا گرنگیه‌كی زۆر ئۆتۆمبێل ده‌ده‌ن و له‌كاره هونه‌رییه‌كانیان به‌ئاشكرا ئه‌وه ده‌رده‌كه‌وێت، به‌تایبه‌ت له‌لایه‌ن هونه‌رمه‌ندانی گۆرانیبێژه‌وه، كه به‌كارهێنانی مۆدێلی نوێی ئۆتۆمبێل له‌كلیپه‌كانیان وه‌ك مۆدێلی لێهاتووه.
ئاوازدانه‌ر هه‌ڵكه‌وت زاهیر هیچ جۆره ئۆتۆمبێلێكی دیاریكراو نییه كه حه‌زی پێبكات، ته‌نیا ئه‌وه نه‌بێت كه حه‌ز به ئۆتۆمبێلی كلاسیك ده‌كات.ته‌نانه‌ت ماڵه‌كه‌شی له‌سه‌ر شێوازی كلاسیك دیزانین كردووه.هه‌روه‌ها هونه‌رمه‌ند میره حه‌ز به "جێب" ده‌كات، به‌ڵام ئێستا ئه‌و "جێب"ـی نییه، هه‌روه‌ها ناسلی به‌هه‌مانشێوه‌ی میره "جێب"ـی وه‌ك جوانترین ئۆتۆمبێلی خۆی دیاریكرد و نیلیساش حه‌ز به رانجرۆڤه‌ر ده‌كات.
زانا جه‌به‌لی، ئێستا ئۆتۆمبێله‌كه‌ی له‌جۆری "ئه‌ڤه‌لۆن"ـه، زوو زوو مۆدێله‌كه‌ی ده‌گۆڕێت، به‌ڵام ده‌ستبه‌رداری "ئه‌ڤه‌لۆن" نابێت.هه‌روه‌ها كاروان كامیل حه‌ز له‌دوو ئۆتۆمبێل ده‌كات "فۆرت گۆلف و پاسات سی سی".به‌ڵام تائێستا هیچ له‌م ئۆتۆمبێلانه‌ی له‌كلیپه‌كانی خۆیدا به‌كارنه‌هێناوه، به‌ڵكو ئۆتۆمبێلی سپۆرتی به‌كارهێناوه.
خانمه هونه‌رمه‌ند ئاڤان جه‌مال حه‌ز به جۆری "كیا- كانێزه" ده‌كات، به‌تایبه‌ت ره‌نگی سپی، هه‌روه‌ها بڵند ئیبراهیم ئۆتۆمبێلی جۆری سپۆرت به‌لاوه جوانترین ئۆتۆمبێله، ئێستاش بڵند كامیری ره‌نگ سپی هه‌یه، ئاڤانیش كیا كانێزه.
به‌ڵام هونه‌رمه‌ند ئاراس فاتیح هیچ جۆره ئۆتۆمبێلێكی دیاری نه‌كرد، ئه‌و ئۆتۆمبێل به‌حه‌ز نابینی، به‌ڵكو هه‌ر سه‌یاره‌یه‌كی بۆ ئیشێكی دیاریكراو ده‌ستنیشانكرد و گوتی "ئۆتۆمبێلێك كه بۆ كاروباری هونه‌ری به‌كاردێت له‌گه‌ڵ ئۆتۆمبێلێك كه بۆ پیاسه‌كردن به‌كاردێت جیاوازه، هه‌ر ئۆتۆمبێلێك بۆ ئیشێكی دیاریكراو شیاوه، بۆیه ناتوانم یه‌ك ئۆتۆمبێلێك دیاری بكه‌م و بڵێم حه‌زم له‌وه‌یه، چونكه من به حه‌ز نابینیم".
هونه‌رمه‌ند نیان عه‌بدوڵڵا به به‌شی خوا رازییه، له‌به‌رئه‌وه‌ی خۆی فه‌قیره، حه‌ز به ئۆتۆمبێلی مۆدێل به‌رز ناكات و وه‌ك خۆی ده‌ڵێت "سه‌یاره‌ك بێت به‌س بڕوات به‌سه، له‌به‌رئه‌وه‌ی خۆم كه‌سێكی فه‌قیرم و ئه‌گه‌ر سه‌یاره‌یه‌كی زۆر باشم لابێت كه‌سانێك هه‌ن له‌وانه‌یه ته‌مه‌نای ئه‌و سه‌یاره‌ی من بكه‌ن".
هونه‌رمه‌ند زه‌كه‌ریا عه‌بدوڵڵا هه‌میشه له‌نێو جه‌ماوه‌ره‌كه‌یدا به‌دوو ئۆتۆمبێل بینراوه، یه‌كێكیان "وه‌نه‌وشه"ـیه و ئه‌ویتریان "مارسیدس"ـه، به‌ڵام شێتی ره‌نگی ره‌شه، كه ته‌نانه‌ت له‌ده‌ره‌وه‌ی وڵاتیش زۆرترینجار به "مارسیدس"ـه ره‌شه‌كه‌ی بووه بینراوه، كه نرخه‌كه‌ی به 13 ده‌فته‌ر دۆلاره و تایبه‌ت بۆی دروستكراوه، كه ئه‌وه‌ش واده‌كات زه‌كه‌ریا عه‌بدوڵڵا به‌خاوه‌نی گرانترین ئۆتۆمبێل ده‌ستنیشان بكه‌ین له‌نێو هونه‌رمه‌ندانی كوردستاندا.
سه‌رچاوه: سڤیل
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
