
شادی ئارام، یه‌كێك له‌خانمه ئه‌كته‌ره‌كانی سلێمانییه، دواجار له‌درامای “خانه‌كه‌ی حاجی ئاغا” به‌شدار بوو، له‌ده‌رفه‌تێكدا (سڤیل) چه‌ند پرسیارێكی ئاراسته كرد.
سڤیل: هه‌رچه‌نده پێشوو له‌درامای "ره‌شه‌ی پۆلیس" به‌شداریت كردووه، به‌ڵام ده‌كرێ بڵێین درامای (ئاكامی نهێنیه‌كان) تۆی به‌خه‌ڵك ناساند؟
شادی ئارام: ته‌مه‌نم منداڵ بوو به‌كاره‌كته‌ری “هه‌زال” به‌شداریم له‌درامای “ره‌شه‌ی پۆلیس” كرد، هه‌ر به‌وه‌ش له‌ناو خه‌ڵك ناسرام و ئێستاش خه‌ڵك هه‌ر به‌و كاره‌كته‌ره‌ی (هه‌زال) ده‌مناسێت، دواتر ئیشم له‌شانۆ كرد، به‌تایبه‌ت كاتێك له‌په‌یمانگای هونه‌ره‌جوانه‌كان به‌شی شانۆ ده‌مخوێند.هه‌روه‌ها له‌دوو مانگی رابردووش‌دا شانۆیه‌كی دیكه‌مان پێشكه‌ش كرد، به‌ناوی “پاشا له‌سه‌ره‌مه‌رگدایه”.
سڤیل: هه‌م له‌شانۆ هه‌میش له‌دراما ئیشت كردووه، له‌كامه‌یان خۆت به‌سه‌ركه‌وتووتر ده‌زانی؟
شادی ئارام: هه‌ردووكیان حه‌زی خۆمه، هه‌ردووكیشیان سه‌خته، به‌ڵام ئه‌وه‌ی زیاتر چێژی لێ وه‌رده‌گرم شانۆیه، له‌به‌رئه‌وه‌ی شانۆم خوێندووه.
سڤیل: دوای درامای “ئاكامی نهێنییه‌كان” و “خانه‌كه‌ی حاجی ئاغا” هیچ كارێكی دیكه‌مان له‌تۆوه نه‌بینیوه، كاری نوێت چییه؟
شادی ئارام: سێ مانگ پێش ئێستا شانۆییه‌كمان كرد به‌ناوی “پاشا له‌سه‌ره مه‌رگدایه”.به‌ڵام هۆكاری ئاگادارنه‌بوونتان ئه‌وه‌یه كاره‌كه ناگات به‌هه‌ولێر، ئه‌گه‌رنا له‌كاری هونه‌ری دانه‌بڕاوم، به‌ڵام له‌ئێستادا هیچ پڕۆژه‌یه‌ك نییه، چونكه ژیانی تایبه‌تی خۆم سه‌رقاڵی كردووم.
سڤیل: خۆت بۆ نایه‌ت بۆ هه‌ولێر، له‌فیستیڤاڵه شانۆیی و سینه‌ماییه‌كاندا زۆربه‌ی ئه‌كته‌رانی سلێمانی دێن بۆ هه‌ولێر ئاماده‌ی ده‌بن؟
شادی ئارام: هۆكاره‌كه‌ی لای من نییه، منیش وه‌ك ئه‌كته‌رێك حه‌ز به‌وه ده‌كه‌م له‌كاره‌كانی هه‌ولێر به‌شداری بكه‌م، هیوادارم ئه‌و په‌یوه‌ندییه پته‌وتر بێت له‌نێوان هه‌ولێر و سلێمانی، كه‌سانێكی دیاریكراو نه‌بێ، كۆمه‌ڵێك كه‌س وه‌ك گروپ ده‌چنه هه‌ولێر و گروپێكیش له‌هه‌ولێر دێنه سلێمانی، هه‌ر ئه‌و ده‌موچاوانه ده‌بینرێ هاتۆچۆی هه‌ولێر و سلێمانی ده‌كه‌ن و ئه‌وانیتر فه‌رامۆشكراون.
سڤیل: تۆ پێتخۆشه له‌هه‌ولێر ئیش بكه‌ی؟
شادی ئارام: نا حه‌زده‌كه‌م له‌سلێمانی ئیش بكه‌ین و بیهێنین بۆ هه‌ولێر، نه‌ك بمه‌وێت له‌هه‌ولێر ئیشه‌كه بكه‌ین، چونكه پێم وایه له‌سلێمانی هه‌وڵی باشتر بۆ شانۆ و دراما هه‌یه‌و لێره كاری هونه‌ری زیاتره، به‌ڵام له‌هه‌ولێر پشتگیری مادی زیاتر بۆ هونه‌رمه‌ندان هه‌یه.
سڤیل: بۆچی له‌دوای په‌یمانگای هونه‌ره‌جوانه‌كان له‌خوێندن دابڕاویت؟
شادی ئارام: ده‌رفه‌ت نه‌بووه، رێگر نه‌بووه، خۆم ویستم دوو ساڵ له‌خوێندن دابڕێم، دواتر ده‌ست پێبكه‌مه‌وه، دامناوه له‌ساڵی داهاتوودا ده‌ست به‌خوێندنی كۆلیژی هونه‌ره‌جوانه‌كان بكه‌م.
سڤیل: كه‌ناڵه‌كان رۆڵیان چۆن بووه له‌پێشخستنی درامای كوردی؟
شادی ئارام: هیوادارم واز له‌دراما كۆرییه‌كان بێنن، كه ئه‌وه زۆر زۆر بووه لای كه‌ناڵه‌كان، ده‌توانین خۆمان درامای خۆماڵی به‌رهه‌م بێنین، پێشكه‌شی جه‌ماوه‌ری بكه‌ین، هه‌وڵی ده‌وڵه‌مه‌ندكردن و هه‌وڵی باشتر بدرێ بۆ درامای كوردی، نه‌ك خه‌ریكی درامای كۆری بین، ئه‌گه‌ر بیانویان ئه‌وه‌یه درامای كوردی لاوازه، به‌ڵام ئه‌وه ته‌جروبه‌یه و باشتره له‌وه‌ی سه‌یری درامایه‌كی كۆری بكه‌ین.
سڤیل: وابزانم هاوسه‌ره‌كه‌ت “كاردۆ” له‌په‌یمانگا مامۆستات بوو، په‌یوه‌ندی خۆشه‌ویستیتان دروستكرد و هاوسه‌رگیریتان كرد؟
شادی ئارام: به‌ڵێ.مامۆستا‌م بوو له‌په‌یمانگای هونه‌ره‌جوانه‌كان، له‌كۆتایی ساڵی خوێندن به‌كتوپری هاوسه‌رگیریمان كرد، قسه‌كردنێكی بچووك هه‌بوو بۆ زه‌واج، وه‌ك خۆشه‌ویستی نه‌بوو.
سڤیل: چۆنه نه‌چوویته بواری سینه‌ماوه، له‌كاتێكدا ئێستا هه‌وڵێكی باش هه‌یه بۆ سینه‌مای كوردی؟
شادی ئارام: كوا چی هه‌یه؟ به‌س قسه‌یه هیچ شتێكمان نه‌بینیوه، له‌م ماوه‌یه‌دا دیارترین فیلم “شیرین” و “10 چركه” بوو.ساڵی جارێك فیستیڤاڵێك ده‌كرێ بۆ كورته‌فیلم، ئه‌ویش هه‌تا فیلمێكی كوردی ده‌بینی، بیست فیلمی ئێرانی ده‌بینی.ئه‌ی كوا كوردییه‌كان، من سینه‌مای كوردی به “زفت”ـی ده‌بینم.
بۆ وه‌ڵامی پرسیاره‌كه‌ت بۆچی به‌شداری له‌فیلم ناكه‌م، من ئه‌كته‌رم، ده‌رهێنه‌ر نیم، ئیشی من ئه‌وه نییه به‌ده‌رهێنه‌ر بڵێم وه‌ره ئه‌و فیلمه بكه‌و منیش ئه‌كته‌ربم.
سڤیل: ئه‌گه‌ر له‌داهاتوودا داوابكرێیت ئاماده‌ی به‌شداری له‌فیلمی رۆمانسی بكه‌ی؟
شادی ئارام: ئه‌گه‌ر قه‌ناعه‌تم هه‌بێ به‌سیناریۆ و ده‌رهێنه‌ره‌كه به‌ڵێ به‌شداری ده‌كه‌م و پێشم خۆشه.به‌ڵام فیلمێكی رۆمانسیم ناوێت به‌س له‌به‌رئه‌وه‌ی رۆمانسییه، له‌هه‌موو كارێكدا ده‌بێ سه‌یری ئامانجه‌كه‌ی بكه‌ی.
سڤیل: تۆ گوتت كه‌سێكی كۆمه‌ڵایه‌تیم، له‌گه‌ڵ فه‌یسبووك چۆنیت، له‌وێش هه‌ر كۆمه‌ڵایه‌تی و چالاكی؟
شادی ئارام: نه‌خێر، حه‌زم له‌فه‌یسبووك نییه.دێمه خه‌ت، به‌ڵام چات ناكه‌م و ئه‌گه‌ر بشیكه‌م زۆر كه‌م ده‌یكه‌م، له‌به‌رئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی به‌باشی فه‌یسبووك به‌كارناهێنن، بۆ نموونه یه‌ك دنیا فه‌یسبووك به‌ناوی منه‌وه هه‌یه، كه هی من نییه.
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
