
وه‌فا عامر، یه‌كێكه له‌خانمه هونه‌رمه‌نده ناوداره‌كانی میسر، له‌چوارچێوه‌ی فیستیڤاڵی شانۆی جیهانی له‌هه‌ولێر، له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك هونه‌رمه‌ندی ناوداری میسری هاته هه‌ولێر، ئه‌و زۆر سه‌رسامی و خۆشحاڵی خۆی به‌و سه‌ردانه ده‌رده‌بڕێ، به‌ڵام ئه‌ویش وه‌ك زۆر له رۆژنامه‌نوس و سیاسه‌توانانی عه‌ره‌ب، كه دێنه كوردستان تێبینی هه‌ره گرنگیان ئه‌وه‌یه، زمانی عه‌ره‌بی گرنگی پێ‌نادرێت.
له‌م دیمانه‌یه‌دا كه له‌هۆتێلی شیراتۆنی شاری هه‌ولێردا له‌گه‌ڵی سازكرا، وه‌فا باس له ئه‌زموونی هونه‌ری خۆی و وڵاته‌كه‌ی ده‌كات.
سڤیل: ئه‌مه یه‌كه‌مین سه‌ردانته بۆ هه‌رێمی كوردستان؟
وه‌فا: به‌ڵێ یه‌كه‌مجارمه و ئینشاڵڵا دواهه‌مین جار نابێت.
سڤیل: كاتێك هاتیته هه‌ولێر، هه‌ستت چۆن بوو؟
وه‌فا: ئێمه كه هاتین به‌ترانزێت هاتین و له‌ئوردون دابه‌زین. له‌وێ خه‌ڵكانێك هه‌بوون پێیان ده‌گوتم، ئه‌وه تۆ بۆ كوێ ده‌چیت و بۆچی ده‌چیت؟ له‌وێ ته‌قینه‌وه هه‌یه، كه‌چی كاتێك هاتم، بینیم شه‌قامه‌كان ئارامن و خه‌ڵك بزه له‌سه‌ر رووخساریانه، هیچ شتێك له‌وانه‌ی باس ده‌كران لێره‌دا بوونی نه‌بوو. ئه‌وه‌ی بیستم هاوشێوه‌ی ئه‌و پڕوپاگه‌ندانه بوو كه له‌سه‌ر میسریش ده‌گوترا. یه‌كێك له‌خۆشه‌ویستانی خۆم له‌ئوردون پێی گوتم بۆچی ده‌چیته ئه‌وێ؟ به‌ڵام من ده‌ڵێم پێویسته سه‌ردانی كوردستان بكه‌ن، تا به‌چاوی خۆیان ببینن، ئه‌وه‌ی ده‌گوترێت له‌ته‌قینه‌وه و ناسه‌قامگیریی لێره‌دا بوونی نییه. من كه هاتمه ئێره كێشه‌ی شوێنگۆڕینیشم نه‌بوو، هه‌ر سه‌رم خسته سه‌ر سه‌رین و خه‌وم لێكه‌وت، هه‌رچه‌نده من زۆر شوێنی خۆم ناگۆڕم. ئه‌و قسانه‌ش به‌وپه‌ڕی راشكاوییه‌وه ده‌كه‌م، بێ هیچ موجامه‌له‌یه‌ك.
سڤیل: ئه‌ی رات له‌باره‌ی ئه‌و فیستیڤاڵه جیهانییه‌ی شانۆ چیه كه له‌هه‌ولێر به‌ڕێوه ده‌چێت؟
وه‌فا: من له‌ئاهه‌نگی كردنه‌وه‌كه‌دا كه‌مێكی ئاماده‌بووم، چونكه دره‌نگ گه‌یشتین، چونكه ئه‌و شه‌وه‌ی ئاهه‌نگه‌كه‌ی تێدابوو، ئێمه نزیكه‌ی كاتژمێر 6:30 گه‌یشتنه جێ. به‌ڵام به‌بۆچوونی من گرنگیپێدانی حكومه‌تی كوردستان به‌م بابه‌تانه كارێكی پۆزه‌تیڤه، من تێبینی رابوونێكی رۆشنبیرییم كرد. من دڵخۆشبووم كه بیستم لێره‌دا سه‌ندیكای هونه‌رمه‌ندان هه‌یه‌و تێیدا هونه‌رمه‌ندان كۆده‌بنه‌وه‌و به‌ئازادانه گفتوگۆ ده‌كه‌ن بێ هیچ ترسێك.
سڤیل: ئێوه‌ی ئه‌كته‌ره میسرییه‌كان بۆچی ئاماده‌ی نمایشه شانۆییه‌كان نابن؟
وه‌فا: به‌و شێوه‌یه نییه، من خوشكه‌كه‌م له‌دوو نمایش ئاماده بوو، گه‌ڕایه‌وه و زۆریش دڵخۆش بوو، به‌ڵام له‌وه بێتاقه‌ت بوو، كه له‌زمانه‌كه نه‌ده‌گه‌یشت. كردنه‌وه‌ی فیستیڤاڵێكی شانۆیی نێوده‌وڵه‌تی له‌م شێوه‌یه كارێكی گرنگه، به‌ڵام پێویسته ئه‌و وڵاته‌ی میوانداریه‌تی فیستیڤاڵێكی له‌م شێوه‌یه ده‌كات، حیساب بۆ ئه‌و خه‌ڵك و میوانانه بكات، كه ره‌نگه بێن ئاماده بن و له‌زمانی ئه‌م وڵاته تێنه‌گه‌ن. به‌تایبه‌ت زمانی كوردی كه لای ئێمه له‌میسر ناسراو نییه. راسته ئه‌و زمانه گرنگه بۆ نه‌ته‌وه‌ی كورد‌و پاراستنی شوناسی نه‌ته‌وه‌یه‌ك، به‌ڵام كێشه‌ی من ئه‌وه‌یه لێی تێناگه‌م. من ئاواتم ده‌خواست له‌گه‌ڵ كاری جوانی هه‌ر ئه‌كته‌ر و داهێنه‌رێكی سه‌ر شانۆ، لێشی تێگه‌یشتبام كه چی ده‌ڵێت، تا زیاتر چێژم لێ وه‌رگرتبایه. ئه‌گه‌ر له‌شاشه‌یه‌كدا ته‌رجه‌مه‌كه نمایش بكرابایه، ئه‌وكات تێده‌گه‌یشتن ئه‌و ئه‌كته‌ره ده‌ڵێ چی و ده‌بووه كارێكی زۆر مه‌زن، ته‌نانه‌ت گه‌ر ته‌رجه‌مه‌كه به‌نوسینیش بایه. من جارێكی دیكه‌یش ده‌ڵێم زمانی كوردی راسته زۆر گرنگه و زمان و شوناسی نه‌ته‌وه‌یه‌كه، به‌ڵام ئێمه كه له‌میسره‌وه بۆ خۆشه‌ویستی ئێوه هاتووین، مافی ئه‌وه‌مان هه‌یه به‌عه‌ره‌بی تێبگه‌ین كه باس له چی ده‌كه‌ن، كه ئه‌كته‌رێك له‌سه‌ر شانۆیه، یان گۆرانیبێژێك گۆرانی ده‌ڵێت، بۆ نموونه وه‌ك په‌رواز، كه من موتابه‌عه‌ی كاره هونه‌رییه‌كانی ده‌كه‌م و كاتی پڕۆگرامه‌كه‌شی ته‌واوی خانه‌واده‌كه‌مان ده‌نگمان پێدا.
په‌رواز به‌و ده‌نگه كوردیه ناسكه‌یه‌وه كه گۆرانی به‌عه‌ره‌بی ده‌ڵێت، ئایا خه‌ڵكی كوردستان لێی تێده‌گه‌ن چی ده‌ڵێ؟ جگه‌له‌وه‌ش زمانی عه‌ره‌بی زمانی قورئانی پیرۆزه‌و ده‌بوو لانیكه‌م له‌فیستیڤاڵه‌كه وه‌ك زمانی سێیه‌م یان چواره‌م، دوای كوردی و ئینگلیزی به‌كاربهاتبایه، ئه‌مه راستیه‌كه ئه‌گه‌ر له‌بیروبۆچوونیشدا له‌گه‌ڵم جیاواز بی.
سڤیل: تۆ وه‌ك هونه‌رمه‌ندێك، پێت وایه چ هونه‌رمه‌ندێك فه‌زڵ و چاكه‌ی به‌سه‌ر تۆوه هه‌یه، كه گه‌یشتووی به رۆژی ئه‌مڕۆت؟
وه‌فا: زۆر هونه‌رمه‌ندی گه‌وره هه‌ن چێژم له‌كاره‌كانیان وه‌رگرتووه‌و سوودی زۆرم لێیان وه‌رگرتووه، وه‌ك (سه‌میحه ئه‌یوب) له‌سه‌ره‌تاكانی كاركردنمدا، هه‌روه‌ها ده‌رهێنه‌ری گه‌وره (ئیسماعیل عه‌بدولحه‌ق) و مامۆستا (خالید یوسف) كه له‌ئاستی جیهاندا ناسراوه‌و هی دیكه‌یش هه‌ن.
سڤیل: به‌رله‌وه‌ی ده‌ست به‌كاری سینه‌مایی بكه‌ی، چ خانمه ئه‌كته‌رێك هه‌بوو كه پێیان سه‌رسام بووبیت؟
وه‌فا: به‌ڵێ زۆر هه‌بوون، وه‌ك هیند روستم و هوده سوڵتان و ست شادیه وه‌ك گۆرانیبێژ و ئه‌كته‌ر. ته‌نانه‌ت له‌پیاوانیش هه‌بوون پێیان سه‌رسام بووم. من كه‌مێك شێتانه كاری هونه‌ریم ده‌كردو عه‌شقی ته‌مسیلی پیاوانه‌ش بووم. بۆ نمونه رۆمانێكی جیهانی به‌ناوبانگ هه‌یه به‌ناوی (كالیگۆلا)، من چوومه‌ته ناو یه‌كێك له‌مه‌شهه‌ده‌كانی كالیگۆلا، كه رووبه‌ڕوو وه‌ستان بوو له‌به‌رامبه‌ر ئاوێنه‌دا، تۆ ئه‌ی كالیگۆلا ئه‌گه‌ر گوناحبار بیت ره‌نگه گوناحه‌كه‌ت قورس‌تر بێت و…. هتد. ئه‌مه دیمه‌نێكی زۆر گرنگ بوو. ته‌نانه‌ت لیژنه‌كه گوتیان كچێك به‌دیمه‌نێكی پیاوانه به‌شداریی كرد‌و هاته په‌یمانگای شانۆوه.
سڤیل: بۆ تۆ شانۆت خوێندوه؟
وه‌فا: به‌ڵێ من ده‌رچووی په‌یمانگای شانۆ و ده‌رچووی كۆلێژی ئاداب به‌شی زمانی عه‌ره‌بیم.
سڤیل: سینه‌مای میسری سینه‌مایه‌كی بوێرانه‌و كراوه‌یه له‌ڕووی كۆمه‌ڵایه‌تی و له‌ڕووی خۆشه‌ویستی و رۆمانسیه‌وه. تۆ ئه‌م لایه‌نانه‌ت ئه‌زموون كردووه؟
وه‌فا: من له‌سه‌ره‌تاكاندا حه‌زم له‌كارێك ده‌كرد، كه ره‌مزی مێیینه‌یی تێدا بێت. له‌هه‌موو وڵاتانی جیهانیشدا ئه‌كته‌ری ئه‌وتۆ هه‌ن، كه رۆڵی زۆر جه‌ریئانه ده‌گێڕن، له‌ئه‌مریكا و فه‌رنسا و شوێنه‌كانی دیكه‌دا هه‌ن. ئێمه‌ش وه‌ك وڵاتێكی عه‌ره‌بی كه دابونه‌ریتی خۆمان هه‌یه، به‌ڵام گه‌ر سه‌ری خۆمان بخه‌ینه ژێر گڵه‌وه نازانین كێشه‌كانمان چین. بۆ نمونه ئێمه فیلمێكمان كرد به‌ناوی (كف القمر)، پێشتر فیلمێكی دیكه‌مان به‌ناوی (حین میسره) كردبوو. ئه‌م بابه‌تانه له‌هه‌موو وڵاتانی عه‌ره‌بی و ئه‌وروپیشدا هه‌ن. من چوومه‌ته له‌نده‌ن ناوچه‌ی شه‌عبی ئه‌وتۆ هه‌ن، لای ئێمه خراپترن. كۆمه‌ڵگاكانی ئێمه كێشه‌ی غیابی رۆشنبیرییان هه‌یه، كه ئه‌مه‌ش هۆكارێكی زۆر به‌هێزه، بۆ به‌رهه‌مهێنانی فیلمی له‌م شێوه‌یه، تاوه‌كو خه‌ڵك له‌كێشه‌كان تێبگه‌ن.
سڤیل: بۆچی ئه‌و خانمه ئه‌كته‌رانه‌ی بیانه‌وێت له‌فیلمی ئیغرادا به‌شدار بن، ته‌نیا له‌گه‌ڵ ئه‌كته‌ره پیاوه به‌ناوبانگه‌كاندا نه‌بێت به‌شداری ناكه‌ن، وه‌ك عادل ئیمام و نور شه‌ریف و هی دیكه؟ ئه‌مه ته‌نیا بۆ ناوبانگ نییه؟
وه‌فا: لوژیك و بڕیاری هه‌موو كه‌سێك وه‌كو یه‌ك نییه، لۆژیك و بڕیاری من له هی تۆ جیاوازه. له‌سه‌رده‌مێكدا من ئیختیاری ئه‌وه‌م كردووه كه له‌گه‌ڵ عادل ئیمامدا ته‌مسیل بكه‌م، چونكه ئه‌مه هه‌نگاوێكی گرنگ بوو بۆ من، هه‌رچه‌نده ئه‌و رۆڵه بۆ من شتێكی تازه نه‌بوو، به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ی بچمه نێو مێژووه‌وه بڕیارم داوه له‌گه‌ڵ ئه‌ودا كار بكه‌م، ئه‌مه‌شم به‌هه‌نگاوێكی گه‌وره زانیوه. دوای چه‌ند ساڵێكی دیكه ئه‌زموون و رۆشنبیریی و شاره‌زایی زیاترم وه‌رگرت. هێنده كاركردنم له‌گه‌ڵ عادل ئیمام به‌لاوه گرنگ نه‌ما، هێنده‌ی لام گرنگ بوو، كه چ كارێك پێشكه‌ش ده‌كه‌م. من حیسابی سه‌روه‌تێكی نامادییم كردۆته‌وه بۆ كوڕه‌كه‌م، بیرم له‌كاری مێژوویی كردۆته‌وه. من شانازی به‌وه‌وه ده‌كه‌م، كه به‌شداریم له‌فیلمی (حین میسره) دا كردووه، هێنده‌م به‌سه كه به‌شداری فیلمێكم كردووه، تێیدا خه‌ڵاتی باشترین ئه‌كته‌رم وه‌رگرتووه، ئه‌ویش فیلمی (كف القمر) بووه.
سڤیل: رووداوه سیاسییه‌كانی ئه‌م دواییانه‌ی میسر كاریگه‌ریان به‌سه‌ر ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و ته‌نانه‌ت هونه‌ری و سینه‌ماییشه‌وه هه‌بووه، پێت وایه سینه‌مای میسر له‌ئاینده‌یه‌كی نزیكدا بگاته‌وه ئاستی چاخه زێڕینه‌كه‌ی؟
وه‌فا: ئه‌م واقعه‌ی ئێمه‌ی میسری به‌ئیراده‌ی خۆمان هێنامانه كایه‌وه، نمونه‌یه‌ك بوو له‌جیهاندا وێنه‌ی نه‌بوو، ئه‌مه سیاسه‌تی گه‌لانیش ده‌گۆڕێت، نه‌وه‌ك ته‌نیا حكومه‌ت و ده‌وڵه‌ته‌كان. بارودۆخی میسری باشتریش ده‌بێت له‌پێشوو.
سڤیل: به‌ئیخوانیكردنی هونه‌ر له‌میسردا كاریگه‌ری هه‌بووه له‌سه‌ر كۆچكردنی هونه‌رمه‌ندان و ده‌رهێنه‌ران بۆ ده‌ره‌وه‌ی میسر؟
وه‌فا: زۆر به‌داخه‌وه ئیخوانه‌كان كه چینێكی گرنگی گه‌لی میسرن و نكۆڵیان لێناكرێت و هه‌مووشیان هه‌ر تێكده‌ر نین، به‌ڵام هه‌ندێكیان تێدایه كه ده‌ستیان له‌خوێنڕێژیدا هه‌یه. بیریان له‌وه كردۆته‌وه كه به‌ر له‌وه‌زاره‌ته‌كان هونه‌ر به‌ئیخوانیی بكه‌ن، چونكه گه‌ر بته‌وێت كاریگه‌ریت به‌سه‌ر گه‌لێكه‌وه هه‌بێت، ده‌بێت كار له‌كه‌لتووریاندا بكه‌یت. یه‌كه‌مین رۆشنبیریی و كه‌لتووریش كه خه‌ڵك بێ زه‌حمه‌تی ده‌ستی پێده‌گات، روشنبیریی بینراوه، وه‌ك ته‌له‌فزیۆن و سینه‌ما.
سڤیل: پێت وایه ده‌توانن هونه‌ر به‌ئیخوانی بكه‌ن؟
وه‌فا: هیچ كه‌سێك ناتوانێت ئه‌مه بكات.
سڤیل: ئه‌كته‌ره ئافره‌ته میسرییه‌كان زۆرجار له‌ڕاگه‌یاندنه‌كان په‌لاماری یه‌كتر ده‌ده‌ن، ئه‌مه حه‌ساده‌تی هونه‌رییه یاخود چۆن لێكی ده‌ده‌یته‌وه؟
وه‌فا: ره‌نگه حه‌ساده‌تی هونه‌ری بێت. ئه‌مه‌ش له‌هه‌موو دونیادا هه‌یه، نه‌وه‌ك هه‌ر له‌میسر و نه‌وه‌ك هه‌ر له‌بواری هونه‌ریشدا، ره‌نگه له‌نێوان دكتۆره‌كانیشدا هه‌بێت. پێم وابێت ئه‌مه كێبڕكێیه له‌نێوان هونه‌رمه‌نده‌كاندا، كێبڕكێی هونه‌رییه و ئه‌مه‌ش باشترین و گونجاوترین ده‌سته‌واژه‌یه بۆ ئه‌م دیارده‌یه. ئه‌مه به غیره و حه‌ساده‌تی جوانی نازانم. چونكه ئه‌وه‌ی پشت به‌جوانی ببه‌ستێت، ئه‌وا جوانی نامێنێت و ده‌ڕوات، به‌ڵام كاری باش ده‌مێنێته‌وه.
سڤیل: زۆر ئه‌كته‌ر هه‌یه دوای به‌ساڵداچوون و ته‌مه‌نێكی درێژ له‌كاری هونه‌ری، حیجاب ده‌كه‌ن و به‌حیجابه‌وه كاری هونه‌ری ده‌كه‌ن، ئه‌مه هۆكاری چیه، فشاری سیاسیه یاخود چی؟
وه‌فا: من ئه‌و خه‌ڵكانه باش ده‌ناسم، به‌ته‌واوی حوریه‌تی خۆیانه‌وه ئه‌م كاره ده‌كه‌ن، به‌هیچ جۆرێك فشاری سیاسی نییه. ده‌شتوانی له‌خۆیان بپرسی. ته‌نانه‌ت خۆشم كه‌س ناتوانێت شتێكم به‌سه‌ردا بسه‌پێنێت، خۆم باوه‌ڕم پێی نه‌بێت. له‌مڕۆدا قه‌ناعه‌تم به‌م شێوه‌یه هه‌یه، به‌ڵام گه‌ر رۆژێك له‌ڕۆژان باوه‌ڕم وابێت حیجاب بكه‌م، ئه‌وا ده‌یكه‌م.
سڤیل: پێت وایه قه‌ت باوه‌ڕێكی وه‌هات لا دروست ببێت؟
وه‌فا: بۆچی نا؟ به‌ڵام ئایا به‌و جۆره‌یه هه‌ر كه‌سێك جۆره جلێك له‌به‌ر بكات ده‌چێته دۆزه‌خ و ئه‌وانی دیكه به‌جۆره جلێكی دیكه‌وه ده‌چنه به‌هه‌شت؟ كه‌س ئه‌مه نازانێت ته‌نیا خوا نه‌بێت.
سڤیل: ئه‌گه‌ر بچیته‌وه میسر چ به‌هاوڕێكانت ده‌ڵێی له‌باره‌ی كوردستانه‌وه؟
وه‌فا: باس له‌و خه‌ڵكه باشانه ده‌كه‌م كه لێره بینیومن، خه‌ڵكانێكن میسریه‌كانیان به‌شێوازێكی زۆر نائاسایی خۆشده‌وێت، عاشقی ژیانن، تایبه‌تمه‌ندیی هاوشێوه‌ی گه‌لی لوبنانیان هه‌یه، گه‌لێكی زۆر گه‌شبینن. باس له‌و سه‌قامیگرییه ده‌كه‌م، كه لێره‌دا هه‌یه، له‌كاتێكدا باس له‌ته‌قینه‌وه و ناسه‌قامگیریی ده‌كرا، هه‌موو ئه‌مانه پڕوپاگه‌نده بوون. ته‌نیا تێبینی من له‌سه‌ر لێكتێنه‌گه‌یشتنه. تكای من ئه‌وه‌یه پارێزگاری له‌زمانی عه‌ره‌بی بكرێت، دوای زمانی فه‌رمی كه زمانی كوردییه، ئه‌مه‌ش ته‌نیا له‌پێناو له‌یه‌كتر تێگه‌یشتن. ته‌نانه‌ت ئه‌و قسه‌یه له‌باره‌ی دوژمنیشه‌وه ده‌كرێت، تا تۆ له‌دوژمن ئه‌مین بیت، پێویسته زمانه‌كه‌ی بزانیت. ئه‌گه‌ر ئێوه عه‌ره‌بی نه‌زانن، چوزانن عه‌ره‌ب له‌باره‌ی ئێوه‌وه چی ده‌ڵێن؟ باوه‌ڕ بكه‌ن ئێمه ئێوه‌مان خۆش ده‌وێت.
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
