
گه‌رم بوونی به‌رده‌وامی رووداوه‌كان و توند بوونی زیاتری ململانێكان، ئاماژه‌ی روونن بۆ هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی رێككه‌وتننامه‌ی (سایكس ــ بیكۆ)و له نوێ داڕشتنه‌وه‌ی نه‌خشه‌ی سیاسی ناوچه‌كه، هاتنی روسیاش بۆ ناو رووداوه‌كان و كردنه‌وه‌ی به‌ره‌یه‌كی تری هاوپه‌مانی ئه‌وه‌نده‌ی تر گۆمی گۆڕانكاری له نه‌خشه‌ی سیاسی ناوچه‌كه‌دا شڵاقاندووه و شه‌ڕی به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی له نێوان به‌ره دژه‌كاندا خه‌ستتر كردووه، ئه‌وه‌ش واده‌كات روسیا و ئه‌مه‌ریكا وه‌ك دوو زلهێز و خاوه‌ن دوو به‌رژه‌وه‌ندی جیاواز، له‌ناو رووداوه‌كاندا به ئاراسته‌ی پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانیان رابه‌رایه‌تی دوو به‌ره‌ی جیاواز بكه‌ن، ماف و ئازادیه نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی كوردیش وه‌ك گه‌لێكی چه‌وساوه و وڵات داگیركراو ده‌كه‌وێته ژێر كاریگه‌ری رووداوه‌كان و به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌و دوو وڵاته زلهێزه‌وه، پرسیاره گرنگه‌كه ئه‌وه‌یه: كورد خوێندنه‌وه‌ی بۆ ئه‌و دوو به‌ره‌یه چۆنه؟ له رێككه‌وتننامه‌ی (سایكس ــ بیكۆ)و داڕشتنی نه‌خشه‌ی سیاسی ناوچه‌كه له دوای جه‌نگی یه‌كه‌می جیهانی، كورد سه‌به‌خۆیی و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی دۆڕاند، ئایا ده‌توانێ له‌م گۆڕانكاریهدا ماف و ئازادیه نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی له سه‌ربه‌خۆیی و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی به ده‌ست بێنێته‌وه؟ كورد له‌گه‌ڵ كێشه‌ی بێ ده‌وڵه‌تی و ئه‌و سته‌مه نه‌ته‌وه‌ییه‌ی له‌سه‌ریه‌تی، له‌گه‌ڵ ئه‌و قه‌یرانه سیاسی و ئابووریانه‌ی له لایه‌ن وڵاتانی داگیركا‌ر و هه‌ندێ ده‌سته و گرووپی ناوخۆوه به مه‌به‌ستی سست كردنی هه‌نگاوه نه‌ته‌وه‌ییه‌كان بۆی درووست ده‌كرێن، به‌ڵام هێشتا له رووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ی داعش و له پرۆسه‌ی بنیاتنانی دیموكراسی بۆته جێگای سه‌رنجی ناوه‌نده نێوده‌وڵه‌تیه‌كان به روسیا و ئه‌مه‌ریكاشه‌وه، ئه‌و سه‌ركه‌وتن وپێشكهوتنهی له كاتیكدایه دوو وڵاتی وه‌ك سوریا و عێراقی داگیركاری كوردستان له شه‌ڕی داعش و له روانینیان بۆ دیموكراسی شكستێكی ئابڕووبه‌ریان خواردووه، تا ئێره هه‌نگاوه‌كانی كورد جێگای ئومێدن، به‌ڵام شكست و خاڵی لاوازی كورد له‌م قۆناغه گرنگ و هه‌ستیاره‌دا له فره گوتاری و ماڵماڵۆچكهی حزبیدایه. ئه‌وه‌تا كورد له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی پێویسته له‌ناو رووداوه‌كاندا خاوه‌نی گوتار و ستراتیجی نه‌ته‌وه‌یی بێ، به‌ڵام هه‌ندێ لایه‌ن ئه‌و راستییه نادیده ده‌گرن و خاوه‌نی ستراتیجێكی روونی نه‌ته‌وه‌یی نین، له‌ژێر كاریگه‌ری ئامانج و به‌رژه‌وه‌ندی حزبی له رووداوه‌كان و هاوپویمانیه نێوده‌وڵه‌تیه‌كان ده‌ڕوانن، بۆ نموونه: حزبی كوردی هه‌یه پشتی له ئامانجه نه‌ته‌وه‌ییه‌كان كردووه و له‌ژێر پاڵه‌په‌ستۆی ئایدۆلۆژی و به خه‌یاڵی دامه‌زراندنی كۆمه‌ڵگه‌ی دیموكراتیك ده‌چێته ناو هاوپه‌یمانیه روسییهكهوه، له كاتیكدا روسیا له‌گه‌ل سێ وڵاتی داگیركا‌ر و دوژمن به كورد له ژوانی به‌شكردنی كێكی به‌رژه‌وه‌ندی دایه و هه‌ركاتێ ناچار بكرێ ئه‌وان هه‌ڵده‌بژێرێ و كورد وه‌لاده‌نێ. ده‌سته و گرووپی كوردی تریش هه‌ن ته‌نها له‌كاتی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردندا سه‌ربه‌خۆیی كوردستان و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی كوردیان بیر دێته‌وه، یان به راوێژ له‌گه‌ڵ یه‌كێ له داگیركارانی كوردستان درووشمی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی كوردی له‌سه‌ر ده‌نگه ره‌سه‌نه‌كانی كوردایه‌تی ده‌كاته كارتی گوشار، هه‌ر ئه‌و ده‌سته و گرووپانه زۆر جاران به مه‌به‌ستی موزایه‌ده‌ی سیاسی و له رێگای جیاجیاوه باس له‌وه ده‌كه‌ن، كه سه‌ركردایه‌تی سیاسی كورد ده‌بووایه له ساڵی 1991 ده‌وڵه‌تی كوردی راگه‌یاندبا، یان ده‌ڵێن سه‌ركردایه‌تی سیاسی كورد كه مه‌به‌ستیان (سه‌رۆك بارزانی)یه هه‌ڵه‌ی كرد له ساڵی 2003و دوای كه‌وتنی رژێمی به‌عس ده‌وڵه‌تی كوردی رانه‌گه‌یاند، ئه‌وه له كاتێكدا دایه پرسی كورد له‌و دوو قۆناغه‌دا له ناوه‌نده سیاسیه نێوده‌وڵه‌تیه‌كاندا خاوه‌نی هیچ پێگه‌یه‌ك نه‌بوو، جگه له پشتیوانی و هاوكاری مرۆیی هیچ پشتیوانی و هاوكارییه‌كی سیاسی ده‌ره‌كی شك نه‌ده‌برد، ئێستا كورد له‌ناو هاوكیشه سیاسیه هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تیه‌كان بۆته ژماره، سه‌ركه‌وتنه‌كانی پێشمه‌رگه له شه‌ڕی تیرۆریستانی داعشدا دۆست و دوژمنی سه‌رسام كردووه، كورد له رووی پێگه و قورسایی ئابووری و سیاسییه‌وه تێكه‌ڵ به به‌رژوه‌ندی ئابووری نێوده‌وڵه‌تی بووه و سه‌رۆك بارزانیش وه‌ك سه‌ركرده‌یه‌كی جیهانی ئه‌ژمار ده‌كرێ، له‌گه‌ڵ ئه‌و راستیانه و زۆر راستی رتریش هه‌ر ئه‌و ده‌سته و گرووپانه گه‌ڕانه‌وه بۆ باوه‌شی به‌غدا به چاره‌سه‌ری گونجاوی پرسی كورد ده‌زانن، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش دواكه‌وتنی مووچه و به‌ده‌ستهینانی ره‌زامه‌ندی دوژمنان و داگیركارانی كوردستانیان كردۆته بیانوو. ئه‌و ده‌سته و گرووپانه‌ی ئامانجی نه‌ته‌وه‌یی و پرسیی سه‌ربه‌خۆیی بۆ ده‌ستكه‌وتی حزبی ده‌كه‌نه دهستكهلای سیاسی و به ئاراسته‌ی به‌رژه‌وه‌ندی حزبیدا هه‌ڵویست ده‌گۆڕن، له كوێ حزب پێویستی بوو خواسته نه‌ته‌وه‌ییه‌كان ده‌كه‌نه ئامانج و له كوێش داشی حزبیان سوار بوو، بازبازێنی سیاسی به‌سه‌ر ئامانجه نه‌ته‌وه‌ییه‌كاندا ده‌كه‌ن، ئه‌گه‌رنا له كوێی میژووی داگیركاریدا بینراوه وه‌ك ئه‌وانه‌ی ره‌زامه‌ندی داگیركا‌ر ده‌كه‌نه بیانوو، گه‌لانی بنده‌ست له به‌ده‌ستهێنانی سه‌ربه‌خۆییدا بۆ ره‌زامه‌ندی دوژمنه‌كه‌یان گه‌ڕابنه‌وه، یان له كوێی مێژووی داگیركاریدا بینراوه داگیركا‌ر رزگاری و سه‌ربه‌خۆیی كردبێته كێكی سه‌ر سینی زێڕ و پێشكه‌ش به گه‌لی ژێرده‌سته‌ی كردبێت. ئه‌گه‌ر دواكه‌وتنی مووچه‌ش بیانووی ده‌ستبه‌ردار بوون بێ له پرسی سه‌ربه‌خۆیی و راگه‌یاندنی ده‌وڵه‌ت، ئه‌ی چه‌ند ساڵه ئه‌و هه‌موو خوینهمان بۆ به‌خشی! ئه‌ی ئه‌و هه‌موو ئاواره‌یی و ده‌ربه‌ده‌ری و ماڵ ویرانیهمان له پێناو چیدا چه‌شت! ئایا گه‌لێك له پێناو سه‌ربه‌خۆیی كوردستان و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌ییدا ئه‌و هه‌موو خوێن و ره‌نجه‌ی دابێ، ئه‌نفال و كیمیا و كاولكاری وڵاته‌كه‌ی نهیبهزاندبێ! وه‌ك حزب دۆستان ئاماژه‌ی بۆده‌كه‌ن: ده‌كری ئیراده‌ی نه‌ته‌وه‌یی راده‌ستی دواكه‌وتنی مووچه بكرێ؟ ئایا له پرسێكی وه‌ك سه‌ربه‌خۆییدا ده‌كرێ چاوه‌ڕوانی ره‌زامه‌ندی داگیركاران و دوژمنان بین تا ئه‌و كاته‌ی فه‌رمووی سه‌ر سفره‌ی به ده‌وڵه‌ت بوونمان ده‌كه‌ن؟! وه‌ك پێشتر ئاماژه‌مان بۆ كرد رووداوه‌كان ناوچه‌كه‌یان خستۆته به‌رده‌م گۆڕانكاری گه‌وره، به هه‌موو پێوه‌ره‌كانیش ئه‌و گۆڕانكاریه سه‌ربه‌خۆیی كوردستانی كردۆته واقع و ده‌رفه‌تی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی بۆ كورد ره‌خساندووه، ئه‌وه‌ش له حزب و لایه‌نه‌كان ده‌خوازێ واقعی سیاسی ناوچه‌كه له‌به‌رچاو بگرن و خۆیان له موزایه‌ده‌ی سیاسی و ململانێی نادرووست دوور خه‌نه‌وه، یه‌كده‌نگ و یه‌كهه‌ڵویست و له دیدگای نه‌ته‌وه‌ییه‌وه له رووداوه‌كان بڕوانن، بۆیه كاتی ئه‌وه هاتووه حزب و لایه‌نه‌كان چیتر موزایه‌ده‌ی سیاسی به پرسه نه‌ته‌وه‌ییه‌كانه‌وه نه‌كه‌ن و له بازنه‌ی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان و بڕیاری دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی كوردیدا بۆ ده‌ستكه‌وتی حزبی بگه‌ڕێن، نه‌ك له‌ناو بازنه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی و ده‌ستكه‌وتی حزبیدا بانگه‌شه‌ی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی كوردی بكه‌ن.
