له دوای پرۆسه‌ی ئازادی و رووخانی رژێمی به‌عس له ساڵی 2003 كورد له به‌غدا ئه‌وه‌نده‌ی له خه‌می بنیاتنانه‌وه‌ی ئه‌و عێراقه بوو كه به درێژایی مێژوو وه‌ك دۆزه‌خێك تێیدا سووتاوه، ئه‌وه‌نده چاوی له‌سه‌ر ماف و ئازادیه نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی خۆی نه‌بوو، كه‌چی له‌لایه‌ن به‌غداوه ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی كورد به هه‌ند نه‌گیراو له به‌رامبه‌ردا ده‌ستیان به‌سه‌ر مووچه‌ی پێشمه‌رگه‌دا گرت، بۆ داگیركردنه‌وه‌ی كوردستان فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازیان درووست ده‌كرد، مادده‌ی 140ی ده‌ستووریان پشتگوێ ده‌خست و ده‌یان كێشه و قه‌یرانی تریان له‌به‌رده‌م چاوه‌ڕوانی (عێراق بۆ هه‌مووان) درووست ده‌كرد، ئه‌وه‌ش وایكرد ده‌نگ و ره‌نگه نه‌ته‌وه‌ییه‌كان بۆ پاراستنی ده‌ستكه‌وته‌كان و پێش‌گرتن به مه‌ترسی ده‌ركه‌وتنه‌وه‌ی دیكتاتۆریه‌ت بێنه سه‌رخه‌ت، به‌غدا به‌وانه‌وه نه‌وه‌ستا و بۆ به چۆكداهێنانی كورد و بێده‌نگ و ره‌نگ كردنی ده‌نگ و ره‌نگه نه‌ته‌وه‌ییه‌كان بودجه و موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستانیشی بڕی، هاوكات بۆ لێكترازاندنی ریزه‌كانی كورد و به‌هێزكردنی پێگه‌ی خۆی له كوردستان له‌ژێر ناوی جیاجیا تابووری پێنجه‌می هێنایه ده‌جووڵاند، دێوێكی تابووری پێنجه‌م میدیای به‌ناو ئه‌هلی و سه‌ربه‌خۆ بوو كه ده‌رفه‌تیان بۆ كه‌سانی دڵڕه‌قی وه‌ك نوری مالیكی و حوسێن شه‌هرستانی ده‌ڕه‌خساند بێن و بۆ چه‌واشه‌كاری رای گشتی كوردستانی لێدوان بده‌ن و وه‌ك ده‌یانه‌وێ باری خه‌تایه به‌لای سه‌ركردایه‌تی سیاسی كورددا بخه‌ن، دیوێكی تری تابووری پێنجه‌م ئه‌و كه‌س و لایه‌نانه بوون كه تا ئێستاش له به‌پرسیارێتی نه‌ته‌وه‌یی راده‌كه‌ن و له هه‌ڵوێسته‌كانیاندا به‌لای به‌غدادا ده‌شكێنه‌وه.
به درێژایی مێژوو كورد له عێراقدا جگه له مه‌رگ و خوێن و كاره‌سات هیچی تری ده‌ست نه‌كه‌وتووه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگای پرسیاره هه‌ندێ كه‌س و لایه‌ن په‌ند له مێژوو وه‌رناگرن و دوای ئه‌و هه‌موو كاره‌سات و كاولكاریه‌ی له عێراقیبووندا دیمان، هێشتا ئاسووده‌یی و خۆشگوزه‌رانی له عێراقیبووندا ده‌بینن، هێشتا پێیان وایه جیابوونه‌وه و ده‌وڵه‌تی كوردی خه‌ونی به‌دی نه‌هاتوو، كورد ده‌ڵێ: به‌دوا چواندا مه‌چوو، ئێمه‌ش با باس له‌و ده‌رفه‌تانه نه‌كه‌ین كه له عێراقی دوای سه‌ددام حوسێن له پێناو بنیاتنانه‌وه‌ی عێراق له ده‌ستماندان، چونكه ئه‌گه‌ر خۆمان هه‌بی ئێستاش ده‌رفه‌تێكی وامان له پێشه كه ده‌توانین قه‌ره‌بووی ده‌رفه‌ته له ده‌ست چووهكانیش بكه‌ینه‌وه.
به هه‌موو پێوه‌ره سیاسی و بنه‌ما یاساییه‌كان عێراق له رووی سیاسی و سه‌ربازی و ئابووری و ته‌نانه‌ت په‌یوه‌ندی نێوده‌وڵه‌تیشه‌وه بۆ سێ به‌شی كوردی ــ سوننی ــ شیعی دابه‌ش بووه، هه‌رچی سوننه‌یه به‌ره‌ی تیرۆریزم به‌سه‌ریدا زاڵه، شیعه‌ش كه‌وتۆته ژێر هه‌ژموونی ئێران و ئێرانیش پێچه‌وانه‌ی ره‌وتی دیموكراسی هه‌نگاو ده‌نێ، كوردیش كه سه‌دان ساڵه وه‌ك نه‌ته‌وه ده‌چه‌وسێنرێته‌وه، ماف و ئازادیه نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی له به‌ره‌ی دیموكراسی نێوده‌وڵه‌تدا ده‌بینێ، ئه‌و سێ بیروبۆچوونی دژ به یه‌كن و ناتوانن له وڵاتێكی یه‌كگرتوودا به یه‌كه‌وه هه‌ڵبكه‌ن، بۆیه هه‌ر پێداگریهك له‌سه‌ر مانه‌وه له عێراقدا بۆ كورد كارێكی نه‌ته‌وه كوژییه، چونكه له رابردوودا عێراق بۆ كورد گۆڕستانێك بووه و له داهاتووشدا چ شیعه یان سوونه به‌سه‌ر كێشه و قه‌یرانه‌كاندا زاڵ ببنه‌وه و هێز په‌یدا بكه‌نه‌وه هه‌مان گۆڕستان ده‌بێت، بۆیه ده‌بێ حزب و لایه‌نه سیاسییه‌كان ئه‌و راستییه بزانن: كورد له رابردوودا له عێراقی یه‌كگرتوودا چی ده‌ستكه‌وتووه له داهاتووشدا هه‌ر ئه‌وه‌ی ده‌ستده‌كه‌وێ، جا ئه‌گه‌ر به‌شی كورد له عێراقی یه‌كگرتوودا هه‌ر چه‌وسانه‌وه و ژێرده‌سته‌یی بووبێ، بۆ ده‌بێ ئه‌وه‌نده له خه‌می بنیاتنانه‌وه‌ی عێراقێك بێ كه به درێژایی مێژوو خۆشی تێدا نه‌دیوه! ده‌بێ ئه‌و كه‌س و لایه‌نانه‌ی داكۆكی له عێراقیبوون و یه‌كپارچه‌یی عێراق ده‌كه‌ن چۆن وه‌ڵامی مێژوو بده‌نه‌وه؟
