هێشتا له كوردستان كه‌سان و ده‌سته و گرووپی بیركۆڵی سیاسی وا هه‌ن ئاسوودویی و خۆشگوزه‌رانی و به‌خته‌وه‌ری كورد له عێراقێكی یه‌كگرتوودا ده‌بینن، هێشتا مه‌ستی مه‌رامی حزبی به‌رینه‌داون و هه‌وڵه‌كانی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی كوردی به زێده‌ڕۆیی و به‌زاندنی هێڵی سووری برایه‌تی نێوان كورد و عه‌ره‌ب و سووكایه‌تی كردن به سهوهریهكانی عرووبه ده‌زانن، هێشتا كه‌ڵكیان له مێژوو وه‌رنه‌گرتووه و پێیانوایه كیمیایی و ئه‌نفال و زینده‌به‌چاڵ و سیاسه‌تی راگواستن و كاولكاری سه‌ددام حوسێن، ئاڵای ره‌شی جه‌هاله‌ت و سه‌ربڕ و كێرد به‌ده‌سته‌كانی داعش، موماته‌ڵه‌ی ئێستای به‌غدا له‌گه‌ڵ ماف و ئازادیه‌كانی كورد و بڕینی موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و برسی كردنی خه‌ڵكی كوردستان، له ده‌رفه‌ت راكهوتنی حه‌شدی شه‌عبی شیعه و ده‌ورو و خولدانی كه‌ركوك و ناوچه كوردستانیه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم شیاوی چاره‌سه‌رن و، ئه‌وه ناهێنن بكرێنه پاساو و بیانووی ئه‌وه‌ی كورد پێكه‌وه‌ژیان له‌گه‌ڵ عه‌ره‌ب ره‌تبكاته‌وه و بڕیار له چاره‌نووس و دیاریكردنی دواڕۆژی خۆی بدات.
هێشتا ئه‌و كه‌س و ده‌سته و گرووپانه خۆیان له‌و راستییه ده‌بوێرن كه داعش و كۆنه به‌عسی و حه‌شدی شه‌عبی، دیموكرات و لیبڕاڵ و دیكاتۆره‌كان، پیاوانی میحراب و دووكاندار و ده‌ستگێڕ و سۆزانیهكانی ناو دیسكۆخانهكانی عه‌ره‌ب، باسكردنی ده‌وڵه‌تی كوردی به به‌زاندنی هێڵی سوور و ده‌رچوون و یاخی بوون له یاساكانی بیابانگهرایی ده‌زانن، هێشتا پێ له‌سه‌ر ئه‌وه داده‌گرن كورد ده‌بێ به‌و قه‌ده‌ره رازی بێ كه دوێنێ سه‌ددام حوسێن به تاوانی ده‌رچوون له به‌رژه‌وه‌ندیه باڵاكانی عرووبه كوردی ئه‌نفال ده‌كرد و كیمیایی به‌سه‌ردا ده‌باراند، ئه‌مڕۆش داعش به‌مه‌به‌ستی گه‌رانه‌وه بۆ چاخی به‌سه‌رچووی خه‌لافه‌تی ئیسلامگه‌رایی و باڵاده‌ستی هه‌ژموونی عرووبه و، سبه‌ینێش حه‌شدی شه‌عبی شیعه به ئامانجی له قالبدانی جیاوازیه نه‌ته‌وه‌یی و مه‌زهه‌بیه‌كان و سنووردانان بۆ ئازادیه‌كانی راده‌ربڕین و سه‌پاندنی فتوای ئیمامه‌كانی مه‌رجه‌ع كاره‌ساته‌كانی مێژووی له‌سه‌ر دووباره ده‌كه‌نه‌وه.
سه‌رده‌مانێك كه ده‌گوترا ته‌نها چیاكان دۆستی كوردن و هه‌ندێ جار له‌ژێر زه‌بروزه‌نگ و سیاسه‌تی قڕكردن و سووتماكی خاكدا چیاكانیش لێمان داده‌بڕان و نوگره‌سه‌لمان و بیابانه‌كانی عه‌رعه‌ر ده‌بوونه دوا سه‌نگه‌ری به‌رخودان و مه‌نزڵگای به‌رگری و ژیانی نه‌مری، ئه‌مانه و له‌و كاته‌دا كه كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی رووی له تاوانكاری دوژمنانی كورد وه‌رده‌گێڕا ئه‌و كه‌س و ده‌سته و گرووپانه‌ی داوای مافی چاره‌نووس و یه‌كگرتنه‌وه‌ی هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستان و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی گه‌وره‌ی كوردیان ده‌كرد، ئێستا كه ئاراسته‌ی رووداوه‌كان گۆڕاوه و پرسی كورد وه‌ك پرسێكی نه‌ته‌وه‌یی براوه‌ته ناو هاوكێشه سیاسی و سه‌ربازی و ئابووریه نێوده‌وڵه‌تیه‌كان. رۆشنبیران و چاودێرانی سیاسی و سه‌ركرده‌ی زۆرێك له وڵاته زلهێزه‌كان و میدیا به‌ناوبانگه‌كانی جیهانیش به ده‌وڵه‌تبوونی كورد وه‌ك یه‌كێك له رێكاره‌كانی چاره‌سه‌ری كێشه ئاڵۆزه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ناوده‌به‌ن، پێشمه‌رگه وه‌ك كاریگه‌رترین هێزی به‌ره‌نگار بوونه‌وه‌ی تیرۆر ناوده‌برێ و ناوی چۆته ناو فه‌رهه‌نگی سه‌ربازی جیهانییه‌وه، دیدار و هه‌وڵه سیاسی و دیبلۆماسیه‌كانی سه‌رۆك بارزانی و ئه‌و پێشوازیه‌ی له ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریكا و وڵاتانی پێشكه‌وتنخواز لێی ده‌كرێ، به‌ربه‌سته‌كانی به‌رده‌م دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی كوردیان بڕیون و ئاماژه‌ی روونن كه گرێكوێره‌ی به‌ختی كورد كراوه‌ته‌وه، پێچه‌وانه‌ی سه‌رده‌می رابردوو كورد له‌ناو رووداو و پێشهاته‌كانی ئاینده و ئه‌و گۆڕانكاریانه‌ی به‌ڕێوه‌ن ژماره‌یه‌كی دیار و له‌به‌رچاوه، كه‌چی ئه‌و ده‌سته و گرووپانه پێچه‌وانه‌ی شه‌پۆلی گۆڕانكاریه‌كان باسكان راده‌وه‌شێنن و به‌شێكیان سیسته‌می كانتۆنی ده‌خوازن و به‌شه‌كه‌ی تریشیان دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی كوردی و جیابوونه‌وه له عێراق بۆ كورد به كاره‌سات و نه‌هامه‌تی ده‌زانن.
به‌رهه‌می بێ ده‌وڵه‌تی و نه‌بوونی قه‌واره‌یه‌كی سیاسی بۆ كورد دابه‌شبوونی نیشتیمانه‌كه‌ی لێكهوتهوه، ئه‌نفال و كیمیاباران و زینده‌به‌چاڵ و گۆڕی به‌كۆمه‌ڵ بوو، به‌تاڵان بردنی سه‌روه‌ت و سامانی وڵاته‌كه‌ی لێكه‌وته‌یه‌كی تری بێ ده‌وڵه‌تی بوو، خه‌می له سێداره‌دانی شێخ سه‌عیدی پیران و پێشه‌وا قازی و شێخ عه‌بدولسه‌لامی بارزانی و سه‌دان و هه‌زاران پێشمه‌رگه و سه‌ركرده‌ی تری ئه‌م وڵاته بی ده‌وڵه‌ته بوو، ئه‌گه‌ر كوردیش وه‌ك هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌كی تر ببێته خاوه‌نی ده‌وڵه‌تی خۆی ده‌بێ شتێكی له‌مانه خراپتر مابێ تا به‌سه‌ر كوردی بێنن!
هه‌ر كاتێ باس دێته سه‌ر ده‌وڵه‌تی كوردی عه‌ره‌ب به هه‌موو ده‌نگ و رهنگهكانیهوه به دهنگدێ، ره‌نگه ئه‌وه ئاسایی بێ كه عه‌ره‌ب دژ به دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی كوردی و سه‌ربه‌خۆیی كوردستان بێ، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئاسایی نییه بوونی ئه‌و ده‌نگه لهرزۆكانهیه كه به ناوی نیشتیمان په‌روه‌ریه‌وه نیشتیمان فرۆشی ده‌كه‌ن، بۆ به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی و پاراستنی ده‌سه‌ڵاتی حزبی خزاونه‌ته ناو ته‌ونی جاڵجاڵۆكه ئاسای ده‌زگا موخابه‌راتیه‌كانی داگیركارانی كوردستان.
ئه‌و ده‌سته و گرووپانه وه‌ك كهڵهشێَر له ناوه‌ختیدا ده‌خوێنن، كورد له رابردوودا كه خه‌بات و به‌رگری له بوون و مانه‌وه‌ی خۆی به سه‌ركه‌وتن ده‌زانی، ئه‌وان داوای ده‌وڵه‌تی كوردیان ده‌كرد، له ئێستاشدا كه كورد له رووی سیاسی و سه‌ربازی و بنیاتنانی پرۆسه‌ی دیموكراسی گه‌شه‌ی به‌رچاوی كردووه و سه‌رنجی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی به‌لای خۆیدا راكێشاوه، له به‌رامبه‌ریشدا دوژمنانی له رووی سیاسی و سه‌ربازی لاواز بوون و له پێشێلكردنی بنه‌ماكانی دیموكراسیش كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تیان نیگه‌ران كردووه، ئه‌وان بایانداوه‌ته‌وه و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی كوردی وه‌ك دوا چاره‌سه‌ر و كۆتایی هێنان به چه‌وسانه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی به كارێكی بڤه و هه‌نگاوێكی خۆكوژی ناوزه‌د ده‌كه‌ن.
ئه‌و رووداوانه و زۆر رووداوی تریش پێمان ده‌ڵێن: كه مه‌به‌ستێكی شاراوه‌ی حزبی له پشت هه‌ڵوێستی نانه‌ته‌وه‌یی ئه‌و ده‌سته و گرووپانه بوونی هه‌یه، به له‌به‌رچاو گرتنی مهبهستهكانیشیان ئه‌و ده‌سته و گرووپانه به‌وه ده‌ناسرێنه‌وه كه به‌رژه‌وه‌ندی حزبیان له ده‌وڵه‌تی كوردی و سه‌ربه‌خۆیی كوردستان لا گرنكتره و ئه‌وانیش ده‌كرێن به سێ به‌شه‌وه، یه‌كه‌میان: ئه‌و به‌شه‌یه كه له‌ژێر كاریگه‌ری ئایدۆلۆژیادا ده‌ستبه‌رداری ده‌وڵه‌تی كوردی بووه و خۆی به سیسته‌می كانتۆنی و دامه‌زراندنی كۆمه‌ڵگه‌ی دیموكراتیكه‌وه سه‌رقاڵ كردووه، دووه‌میشیان: ره‌وتێكی تری ئایدۆلۆژییه و خه‌ون به گێڕانه‌وه‌ی خه‌لافه‌تی ئه‌قڵ داخراوی ئیسلامییه‌وه ده‌بینن، سرووشتی ئه‌و ره‌وته وایه عه‌ره‌ب بپژمێ ده‌ست به لووتیانه‌وه ده‌گرن و وا ده‌زانن ئه‌وانیش (هه‌ڵامه‌ت) یان گرتووه، نه‌بوونی ده‌وڵه‌تی كوردیان به‌لاوه ئاساییه و شین بۆ دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی فه‌له‌ستینی ده‌گێڕن، له به‌رامبه‌ریشدا (مه‌حمود عه‌باس) ی سه‌رۆكی فه‌له‌ستین مه‌ترسییه‌كانی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی كوردی ده‌خاته به‌رده‌م رای گشتی عه‌ره‌بی، ئه‌وه له كاتێكدایه كورد له‌سه‌ر خاكی باب و باپیرانی خۆی هه‌وڵی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌ت ده‌دا و مه‌حمود عه‌باسیش له‌سه‌ر خاكی دێرینی جوله‌كه داوای ده‌مه‌زراندنی ده‌وڵه‌تێكی عه‌ره‌بی ده‌كات، به‌شی سێیه‌میشیان: ئه‌و هه‌ڵوێست لاوازانه‌ن كه خۆیان له‌و ئه‌ركه نه‌ته‌وه‌ییه و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی كورد به بچووكتر ده‌زانن، بۆ شاردنه‌وه‌ی بچووكی و لاوازی خۆشیان ده‌وڵه‌تی كوردی به خه‌ونی شاعیرانه ناو ده‌به‌ن و له‌و پێناوه‌شدا چه‌ندی بۆیان بكرێ خۆیان له رژێمه داگیركاره‌كانی كوردستان نزیك ده‌كه‌نه‌وه، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش فه‌لسه‌فه‌ی پێكه‌وه‌ژیان و پاراستنی یه‌كپارچه‌یی عێراق ده‌خه‌نه پێشینه‌ی كار و هه‌ڵوێسته سیاسیه‌كانیان، به‌ڵام رووداوه‌كانی رابردوو شتێكی پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌مان پێده‌ڵێ، بۆیه ده‌بێ هه‌موومان بڕوابوون به ده‌وڵه‌تی كوردی و ئیراده‌ی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان بكه‌ینه سه‌رمه‌شقی خه‌بات و قوربانیدان، ئه‌وه‌ش كاتێك سه‌ركه‌وتوو ده‌بێ كه هێز له ئه‌زموونه مێژووییه‌كان وه‌ربگرین و له خواست و داواكاری نه‌ته‌وه‌ییه‌وه بۆ داهاتوو بڕوانین، ئه‌وكاتیش هیچ هێزێك ناتوانێ پێش به بڕیاری دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی كوردی و سه‌ربه‌خۆیی كوردستان بگرێ.
