گه‌رمترین چه‌له‌حانێی سیاسی چوار حزبه‌كه و مشتومڕی ناو شه‌قام له كوردستان پرسی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی هه‌رێم و دیاریكردنی جۆر و شێوازی ده‌سه‌ڵاتدارێتی و فه‌رمانڕه‌واییه، وه‌ك ئه‌وه‌ی كورد له باشوور له ئێستادا هه‌ره‌شه و مه‌ترسی داعشی له‌سه‌ر نه‌مابێ و له داهاتووشدا حه‌شدی شه‌عبی هه‌مان هه‌ره‌شه و مه‌ترسی له‌سه‌ر درووست نه‌كات، وه‌ك ئه‌وه‌ی قه‌یرانی دارایی نه‌بێ و كێشه‌ی كه‌ركوك و ناوچه كوردستانیه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم چاره‌سه‌ر كرابن، وه‌ك ئه‌وه‌ی كورد له به‌غدا هاوبه‌شێكی راسته‌قینه‌ی ده‌سه‌ڵات و به‌شدارێكی په‌راوێزخراو و ئیهانهكراو نه‌بێ، حزب و لایه‌نه سیاسییه‌كان پشتیان له هه‌موو ئه‌و كێشه و گرفتانه و له پیلانگێڕی به‌رده‌وامی دوژمنان كردووه و خه‌ڵكیان به‌وه سه‌رقاڵ كردووه سه‌رۆكی هه‌رێم له‌ناو په‌رله‌مان هه‌ڵبژێردرێ و سیسته‌می حوكمیش هاوشێوه‌ی حوكمه گاڵته‌جاڕیه‌كه‌ی به‌غدا بێ، پێشتر لایه‌نه‌كان پێداگریان له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كرد سه‌رۆكی هه‌رێم راسته‌وخۆ له‌ناو خه‌ڵك هه‌ڵبژێردرێ، راڕایی و سیاسه‌ت گۆڕكێی ئه‌و حزب و لایه‌نانه وا ده‌كات بپرسین: بۆچی ئێستا له راوبۆچوونی دوێنێی خۆیان په‌شیمان بوونه‌وه و داوا ده‌كه‌ن هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی هه‌رێم بێته‌وه ناو په‌رله‌مان؟ ره‌نگه به‌شێكی وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره ئه‌وه‌بێ سه‌رۆك كۆمار سه‌ر به لایه‌نێكی دیاریكراوه و له به‌غدا ده‌سه‌ڵاته‌كانی تهشریفین، پێده‌چێ دوای ئه‌و هه‌موو گۆڕانكاریانه مه‌ستی سیاسه‌تی په‌نجا به په‌نجا ئه‌و لایه‌نه‌ی به‌رنه‌دابێ، بۆیه له هه‌موو لایه‌نه‌كان دڵ گه‌رمتره بۆ ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كانی سه‌رۆكی هه‌رێمیش هاوشێوه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كانی سه‌رۆك كۆمار به ته‌شریفاتی بكرێن.
به‌شێكی تری وه‌ڵامی پرسیاره‌كه ئه‌وه‌یه ئه‌گه‌ر سه‌رۆكی هه‌رێم له‌ناو په‌رله‌مان هه‌ڵبژێردرێ ده‌رگا زیاتر به رووی به‌رژه‌وه‌ندی حزبیدا ده‌كرێته‌وه، ئه‌وكاتیش سیاسه‌تی ده‌نگ به‌رامبه‌ر به ئیمتیاز و ده‌ستكه‌وتی حزبی په‌یڕه‌و ده‌كه‌ن، چونكه له‌ناو په‌رله‌مان پرسی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی هه‌رێم به ده‌نگی (111) په‌رله‌مانتار یه‌كلایی ده‌كرێته‌وه، په‌رله‌مانتارانیش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌لایه‌ن حزبه‌كانیانه‌وه له بێژینگ ده‌درێن، حزبه‌كان چۆنیان بوێ ئاوایان هه‌ڵده‌سووڕێنن، ئه‌وه‌ش واده‌كات له ده‌نگداندا وه‌ك رۆبۆت بجووڵێنرێن و له‌باتی ئه‌وه‌ی به خواستی خۆیان ده‌نگ بده‌ن، بازرگانی به ده‌نگه‌كانیانه‌وه ده‌كرێ و بۆ ده‌ستكه‌وتی حزبی و به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی له‌لایه‌ن به‌رپرسه باڵاده‌سته‌كانه‌وه ده‌نگیان پێده‌درێ.
خاڵێكی تر كه پێویسته هه‌ڵوه‌سته‌ی له‌سه‌ر بكرێ و ده‌نگده‌ر به هه‌ندی وه‌ربگرێ: له كوردستان دوو روانین و دوو ئاراسته‌ی سیاسی بۆ داهاتوو به‌دیده‌كرێن، یه‌كه‌میان ئه‌و رووانین و ئاراسته‌یه كه نه‌ته‌وه‌ییانه له داهاتوو ده‌ڕوانێ و هه‌وڵ و كار و چالاكیه سیاسی و دیبلۆماسیه‌كانی له‌سه‌ر به‌دیهێنانی ماف و ئازادیه نه‌ته‌وه‌ییه‌كان و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی كوردی چڕ كردوونه‌ته‌وه، ئه‌وه‌ش پێچه‌وانه‌ی خواستی داگیركارانی كوردستانه‌و هه‌ر بۆیه‌ش ئه‌و روانین و ئاراسته‌یه له‌لایه‌ن دوژمنانه‌وه ره‌تكراوه‌یه و به‌رده‌وام له‌ژێر چاودێری وردی ده‌زگا موخابه‌راتیه‌كان دایه، روانین و ئاراسته‌ی دووه‌میش روانین و ئاراسته‌یه‌كی حزبی راڕا و خۆگونجێنه و حزبیانه‌ش له داهاتووی نه‌ته‌وه‌یی ده‌ڕوانێ، ئه‌وه‌ش واده‌كات ئه‌و روانین و ئاراسته‌یه به‌رژه‌وه‌ندیه حزبی و تاكه كه‌سیه‌كان به‌سه‌ر ئامانجه نه‌ته‌وه‌ییه‌كاندا زاڵ بكات، مه‌ترسی گه‌وره لێره‌دا ده‌رده‌كه‌وێ، چونكه هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی هه‌رێم له په‌رله‌مان و له‌ناو (111) كه‌سدا وا ده‌كات موخابه‌راتی داگیركارانی كوردستان به ئاسانی كار له‌سه‌ر روانین و ئاراسته راڕا و خۆگونجێنهكه بكات و، به پێدانی ئیمتیازی حزبی و تاكه كه‌سی دژ به روانین و ئاڕاسته نه‌ته‌وه‌ییه‌كه بیجووڵێنن، چونكه له حاڵه‌تێكی وه‌هادا پانتایی كاركردن بۆ موخابه‌رات به شێوه‌یه‌ك به‌رته‌سك ده‌بێته‌وه كه زۆر به ئاسانی كه‌سایه‌تی و ئینتیمای سیاسی ده‌نگده‌ر ده‌خرێته ژێر چاودێری، لێره‌دا دوژمنان ئه‌گه‌ر بتوانن كاریگه‌ری له‌سه‌ر چه‌ند په‌رله‌مانتارێك دابنێن هاوكێشه‌كه به ئاراسته‌ی به‌رژه‌وه‌ندی موخابه‌راتی خۆیاندا ده‌گۆڕن، ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ش كرا ئه‌وه‌ی زه‌ره‌رمه‌ند ده‌بێ كورد و ئامانجه نه‌ته‌وه‌ییه‌كان ده‌بن، به‌ڵام ئه‌گه‌ر سه‌رۆكی هه‌رێم له‌ناو خه‌ڵكدا هه‌ڵبژێردرێ پانتایی هه‌ڵبژاردن به شێوه‌یه‌ك به‌رفراوان ده‌بێ كه نه موخابه‌راتی داگیركاران و نه حزب و قهوارهكانیش ناتوانن ده‌نگده‌ر بخه‌نه ژێر چاودێری خۆیان.
خاڵكی تر كه پێویسته ئاماژه‌ی بۆ بكرێ مه‌رج نییه ده‌نگده‌ری وریا و كوردپه‌روه‌ر له پرسێكی گرنگی وه‌ك هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی هه‌رێم بۆ رای حزب بگه‌ڕێته‌وه، چونكه له هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی هه‌رێمدا ده‌نگده‌ر له ده‌نگداندا كه‌سایه‌تی و مێژووی پاك و هه‌ڵوێستی نه‌ته‌وه‌یی و كۆمه‌ڵێك خه‌سڵه‌ت و تایبه‌تمه‌ندی تری كاندید له‌به‌رچاو ده‌گرێ، وه‌ك ئه‌وه‌ی له هه‌ڵبژاردنی ساڵی 2009 كه پارتی و یه‌كێتی به یه‌ك لیست دابه‌زین، به‌ڵام سه‌رۆك بارزانی سه‌د و نه‌وه‌ت هه‌زار ده‌نگی له لیستی هاوبه‌شی پارتی و یه‌كێتی زیاتر هێنا، ئه‌وه‌ش ده‌نگی ئه‌و كوردپه‌روه‌رانه بوو گه ده‌نگیان به پارتی و یه‌كێتی نه‌دابوو، به‌ڵام به له‌به‌رچاو گرتنی ئامانجه نه‌ته‌وه‌ییه‌كان و هه‌ڵسه‌نگاندنیان بۆ كاندیده‌كانی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم، سه‌رۆك بارزانیان به شیاوی ئه‌و پۆسته زانیوه، جا ئه‌گه‌ر ئه‌وه چه‌ند راستییه‌ك بن بۆ ده‌بێ خه‌ڵك رێگه بدات حزبه‌كان پرۆسه‌ی سیاسی له به‌رژه‌وه‌ندی به‌رته‌سكی خۆیان پاوان بكه‌ن! بۆ ده‌بێ لێنه‌گه‌ڕێن خه‌ڵك به خواستی خۆی بڕیار له چاره‌نووسی خۆی بدات! ئه‌ی ناڵێن گه‌ل سه‌رچاوه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كانه! جا ئه‌گه‌ر گه‌ل سه‌رچاوه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كان بێ، بۆچی و له پێناو چیدا ئه‌و ماف و ده‌سه‌ڵاته له گه‌ل زه‌وت ده‌كه‌ن و هه‌یمه‌نه‌ی حزبی و خواستی چه‌ند كه‌سێكی باڵاده‌ستی ناو پرۆسه‌ی سیاسیان به‌سه‌ردا ده‌سه‌پێنن!
كورد ئه‌گه‌ر گومانی له شتێك هه‌بوو ده‌ڵێ: ئه‌و ماسته بێ موو نییه، ئه‌و حزب و لایه‌نانه‌ی بێ گه‌ڕانه‌وه بۆ رای خه‌ڵك ده‌یانه‌وێ سه‌رۆك له‌ناو په‌رله‌مان هه‌ڵبژێردرێ بێ هۆكار نییه، بۆیه پێویسته خه‌ڵك به‌دوای ئه‌و هۆكاره‌دا بگه‌ڕێ و به حزب و لایه‌نه‌كان بڵێ: بوه‌ستن، هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی هه‌رێم مافێكی سرووشتی خۆمه و خۆم هه‌ڵیده‌بژێرم و رێگه ناده‌م بۆم هه‌ڵبژێرن.
