له سیاسه‌تدا بیروڕا و بۆچوونێكی وا هه‌یه كه پێی وایه دوژمنی دوژمنه‌كه‌ت ده‌بێته دۆستت، ده‌كرێ ئه‌و بیروڕایه له هه‌ندێ حاڵه‌ت و هه‌ندێ شوێن و بۆ هه‌ندێ قۆناغی تایبه‌تی جۆرێك له راستی تێدابێ، به‌ڵام بۆ كورد هیچ راستییه‌كی تێدا نییه و ناكرێ له‌سه‌ر بنه‌مایه‌كی نازانستی له‌و بابه‌ته كورد خۆی بداته ده‌ست قه‌ده‌ری به‌ناو دۆستێك كه بێگومان دوژمنی داهاتوویه‌تی، بۆیه هه‌ر سیاسییه‌ك له كوردستان به هه‌ر ناوێك و بۆ هه‌ر مه‌به‌ستێك ئه‌وه به راست بزانێ و له ژێر كاریگه‌ریه‌كانی ئه‌و بیروڕا پووچه په‌یوه‌ندی حزبی له‌گه‌ڵ ئه‌م لایه‌ن و ئه‌و لایه‌ن رێكبخات، یا ئه‌وه‌تا له رووی نه‌زانی و به‌ڕێكه‌وت رێی كه‌وتۆته ناو دونیای سیاسه‌ت، یا ئه‌وه‌تا مه‌به‌ستێكی سیاسی شاراوه‌ی له ژێر سه‌ردایه‌و ده‌یه‌وێ به‌و بیانووه ژینگه‌یه‌كی وا بخووڵقێنێ كه بتوانێ تیایدا راوی مه‌رامه تایبه‌تیه‌كانی بكات، ئه‌گه‌رنا رووداو و پێشهاته‌كان پێمان ده‌ڵێن: كه دوژمنی دوژمنه‌كه‌ی ئێستامان.. دوژمنی سه‌رسه‌ختی داهاتوومانه.
له كه‌س شاراوه نییه كه داعش وه‌ك دیوی توندڕه‌وی جووڵانه‌وه‌ی سوننه‌گه‌رایی له ئێستادا دوژمنی شیعه و ده‌سه‌ڵاتدارانی به‌غدایه‌و هه‌ر واش ده‌مێنێته‌وه، له هه‌مان كاتدا دوژمنی كوردیشه، ئه‌گه‌ر به‌و بیروڕایه بێ كه دوژمنی دوژمنه‌كه‌م دۆستمه، ده‌بێ شیعه و ده‌سه‌ڵاتی به‌غدا وه‌ك دوژمنی داعش دۆستی نزیك و له پێشی كورد بن، به‌ڵام رووداو و پێشهاته‌كان شتێكی پێچه‌وانه‌ی ئه‌و بیروڕایهمان پێده‌ڵێن، ئه‌وه‌تا ده‌بینین داعش هێشتا له هه‌ره‌تی هێز و توانای سه‌ربازی دایه و هه‌وری ره‌شی مه‌ترسییه‌كانی له‌سه‌ر كورد و شیعه نه‌ڕه‌ویونه‌ته‌وه، كه‌چی شیعه به میلیشیای حه‌شدی شه‌عبی هه‌ره‌شه له ده‌ستكه‌وته‌كانی كورد ده‌كات و سه‌ددام و داعش ئاسا چاوی بڕیوه‌ته كه‌ركوك و ناوچه كوردستانیه‌كانی تری ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم، جگه له‌وه‌ش له‌و ناوچانه‌ی كه له ئازاد كردنیاندا به‌شداری شه‌ڕی داعش ده‌كات، چۆن رق و كینه‌ی مه‌زهه‌بی به‌سه‌ر هه‌وادار و لایه‌نگرانی داعش و سوننه‌كاندا ده‌ڕێژێ، ئه‌وها رق و كینه‌ی عرووبه‌ش به‌سه‌ر كوردانی ئه‌و ناوچانه‌دا ده‌ڕێژێ، چۆن سوننه‌كان به داعش و ناداعشهوه تاڵان ده‌كا و خانوه‌كانیان ده‌ته‌قێنێته‌وه، به هه‌مان شێوه ماڵی كورده‌كانیش تاڵان ده‌كا و خانوهكانیشیان ده‌ته‌قێنێته‌وه، له‌وه‌ش خراپتر ئه‌و پێشمه‌رگانه‌ی له شه‌ڕی داعش به مۆڵه‌ت ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ ناو ماڵ و منداڵیان، له بازگه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی سووكایه‌تیان پێده‌كرێ و وه‌ك دز و تاڵانچی مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌كرێ، جا ئه‌گه‌ر ئه‌وه هه‌ڵوێست و بۆچوون و روانینی حه‌شدی شه‌عبی بێ بۆ كورد و بۆ ئامانجه نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی، ده‌كرێ هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ی دوژمنی داعشه كورد به دۆستی خۆی بزانێ؟! ئه‌وه له كاتێكدایه دوژمنایه‌تی نێوان داعش و حه‌شدی شه‌عبی له‌سه‌ر رشتنی خوێنێكی 1400 ساڵ له‌مه‌وبه‌ره، ئه‌گه‌رنا هه‌ردوولایان به دیوه عه‌ره‌بیه‌كه‌دا دوژمنایه‌تیان بۆ كورد مێژوو كرده‌و بۆ له‌ناوبردنی یه‌ك روانینی هاوبه‌شیان هه‌یه، به دیوه مهزههبیهكهشدا هه‌ردوولایان چاویان له‌سه‌ر باڵاده‌ستی مه‌زهه‌بییه، ئه‌و باڵاده‌ستییه‌ش له‌سه‌ر پرسه نه‌ته‌وه‌ییه‌كان و پرۆسه‌ی بنیاتنانی دیموكراسی مه‌ترسیداره‌و هه‌ر كامێكیان بن ماف و ئازادیه‌كانی كورد ده‌كه‌نه پێخوستی پیرۆزیه‌كانی ئایدۆلۆژی، بۆیه پێویسته كورد له دیاریكردنی دۆست و دوژمنانی‌دا دوورتر بڕوانێ و له سیاسه‌تی دوژمنناسیدا بۆ مێژوو بگه‌ڕێته‌وه، له‌باتی ئه‌وه‌ی خۆی به بیروڕایه‌كی نا ئه‌قڵانی وه‌ك ئه‌وه‌ی (دوژمنی دوژمنه‌كه‌م دۆستمه) سه‌رقاڵ بكات، وا باشتره نه‌ته‌وه‌ییانه هه‌نگاو هه‌ڵگرێ و كه‌ڵك له دوژمنایه‌تی و خه‌ست بوونی شه‌ڕ و به‌ریه‌ككه‌وتنی توندی نێوان دوژمنه‌كانی وه‌ربگرێ.