كاك مه‌لا وه‌ك پیشه‌ی هه‌میشه‌یی خۆی جارێكی‌تر چله‌ی شه‌هید لیوا (حوسین مه‌نسوور) ی قۆسته‌وه و له وتاریكی دوور و درێژ و خه‌یاڵ ئامێزدا دۆ و دۆشاوی تێكه‌ڵ كرد، وتاره‌كه‌ی زیاتر له چێشتی مجێو‌ر ده‌چوو، له هه‌ندێ شوێن وه‌ك شاعیره هه‌ست ناسكه‌كان خۆی ده‌خزانده جێژوانی سۆزداری و لاواندنه‌وه‌ی بۆ مه‌عشووقه‌كه‌ی ده‌كرد، له هه‌ندێ شوێنی تر وه‌ك ماڕشاڵێكی رقاوی ده‌رده‌كه‌وت و هه‌ڕه‌شه و عه‌نته‌ریاتی ده‌كرد، له هه‌ندێ شوێنیش ده‌كه‌وته ماستاو و پانكردنه‌وه و وه‌ك دڵسۆزێكی كۆماری ئیسلامی ئێران خۆی ده‌رده‌خست، ئه‌وه‌ی تێبینی ده‌كرا كاك مه‌لا به‌ختیار له وتاره‌كه‌یدا قورسایی ئه‌زموونی سیاسی و دیبلۆماسی و رۆشنبیری خۆی خستبووه سه‌ر به‌ده‌ستهێنانی ره‌زامه‌ندی ئێرانیه‌كان.
وتاره‌كه‌ی هه‌مووی جێگای سه‌رنج و سه‌ر سووڕمان بوو، به‌ڵام ئه‌وه‌ی زۆر سه‌رنجی راكێشام، هه‌ست ناسكیهكهی، هه‌ڕه‌شه و عهنتهریاتهكهی، ماستاو و پانكردنهوهكهی بۆ ئه‌وه بوو مه‌یلی ئێرانیه‌كان به‌لای خۆیدا رابكێشێ و پێیان بڵێ: وه‌ك باڵه ده‌ست رۆیشتووهكهی ناو یه‌كێتی پابه‌ندین به رێككه‌وتنه شاراوهكهو (غوڵام) ین و به (غوڵام) یش ده‌مێنینه‌وه.
كاك مه‌لا به‌ختیار له وتاره‌كه‌یدا وه‌ك ئه‌وه‌ی ئاسته‌نگه‌كانی به‌رده‌م ده‌وڵه‌تی كوردی لادابن، به ده‌نگی به‌رز هاواری ده‌كرد و موژده‌ی ئه‌وه‌ی ده‌دا كه (ئێران له گه‌ڵمانه) ، به‌ڵام باسی له‌وه نه‌كرد چۆن و بۆچی و به چ مه‌رجێك له‌گه‌ڵمانه، ئه‌وه له كاتێكدایه ئێران رۆژانه گه‌نج و لاوی كوردانی رۆژهه‌ڵات له‌سه‌ر كورد بوون و مه‌یلی سیاسی بۆ یه‌كێك له حزبه شۆڕشگێڕه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان به سێداره گهڕۆكهكانیهوه هه‌ڵده‌واسێ.
له شوێنێكی تری وتاره‌كه‌یدا موزایه‌ده‌ی كوردایه‌تی ده‌كرد و به درووشم سنووره ده‌ستكرده‌كانی ده‌بڕین و ده‌گوت: ئه‌وه رۆژئاوا، ئه‌وه باكوور، ئه‌وه باشوور، خه‌ریك بوو له ده‌می ده‌ربچێ و بڵێ: ئه‌وه رۆژهه‌ڵات، كه‌چی كاتێ نوێنه‌ری ئێرانی دی له رۆژهه‌ڵات گوتن پاشگه‌ز بۆوه و گوتی: جارێكی‌تر خه‌باتی كورد ناگه‌ڕێته‌وه دواوه.
كێ هه‌یه ده‌یان جار و بگره زیاتریش له كاكه مه‌لای نه‌بیستبێ كه كوردستان چوار پارچه‌یه؟ ده‌بێ ئێستا بپرسین: كاك مه‌لا به‌خیار بۆچی و له‌پێناو چیدا ئه‌و تهركیاتهی كرد! تۆ بڵێی له رێككه‌وتنه ژێربهژێرهكهی گه‌ڵ قاسم سوله‌یمانی ئه‌و پارچه‌یه‌ی كوردستان ته‌رك كرابێَ!
هه‌موو وڵاتێك گه‌وره یان بچووك باكوور و باشوور، رۆژهه‌ڵات و رۆژئاوای هه‌یه، كێ دیویه‌تی وڵاتێك بێ باكوور و باشوور بێ، یان رۆژهه‌ڵات رۆژئاوای نه‌بێ؟ وه‌ك ئه‌وه‌ی كاك مه‌لا به‌ختیار له وتاره‌كه‌یدا نه‌خشه‌ی كوردستانی كێشا و رۆژهه‌ڵاتی نه‌بوو، خوا ره‌حمی به كورد كرد كه نوێنه‌ری تورك له‌و مه‌راسیمه ئاماده نه‌بوو، ئه‌گه‌رنا كوردستان پارچه‌یه‌كی تریشی لێ ده‌كرایه‌وه و بێ باكووریش ده‌كرا، ئای چ كاره‌ساتێكه! له مه‌راسیمی چله‌ی شه‌هیدێكی به‌رگری له به‌شی باشووری كوردستان، له‌سه‌ر زاری وتاربێژێكی سیاسی وه‌ك كاك مه‌لا به‌ختیار، كه سه‌ری زمان و بنی زمانی كوردایه‌تی و لاف لێدانی ناردنی هێزه بۆ پشتیوانی له خه‌باتی پارچه‌كانی تر، به‌شی رۆژهه‌ڵاتی كه پێشه‌وا قازی له‌سه‌ر به سێداره‌دا كرا و خوێنی دكتۆر قاسملو و دكتۆر شه‌ره‌فكه‌ندی له پێناودا رژا، بكرێته به‌خشیشی رێككه‌وتنێكی حزبی و بۆ ده‌ستكه‌وتێكی كاتی و رازیكردنی بكوژه‌كانیان له گره‌وێكی دۆڕاو بنرێ.
