ئه‌گه‌ر دوور له مه‌رامی حزبی و به له‌به‌رچاو گرتنی رووداو و پێشهاته‌كان و ئه‌و بارودۆخه سیاسیه‌ی پرسی كوردی له باشووری كوردستان پێدا تێده‌په‌ڕێ شرۆڤه و لێكدانه‌وه بۆ په‌یامه‌كه‌ی سه‌رۆك بارزانی بكه‌ین، تێده‌گه‌ین كه په‌یامه‌كه‌ی لێوانلێوه له په‌رۆشی و هه‌ست كردن به به‌رپرسیارێتی نه‌ته‌وه‌یی، دڵنیا بوونه له بوونی پیلانێكی هه‌مه‌لایه‌نه دژ به خواست و ئامانجه نه‌ته‌وه‌ییه‌كان و ده‌ركه‌وتنی مهترسیهكانیهتی، بۆ پاراستنی ده‌ستكه‌وته‌كان و به‌ئاگا هێنانه‌وه‌ی خه‌ڵكی كوردستانیش له بوونی پیلانێكی وا مه‌ترسیدار ده‌بوایه په‌یامێكی له‌و بابه‌ته رابگه‌یه‌نێ.
گومان له‌وه‌دا نییه كه پیلانه‌كه به‌ره‌ی ده‌نگه نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی كوردی به ئامانج گرتووه و به جۆرێك نه‌خشه‌ی بۆ كێشراوه كه ده‌یه‌وێ هه‌ڵوێسته نیشتیمانیه‌كان بخاته ژێر گوشار، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش به به‌رنامه و له ژێر چاودێری زیاتر له ده‌زگایه‌كی موخابه‌راتی ئاراسته ده‌كرێ و ئه‌ركی بۆ هه‌موو لایه‌نه‌كانی به‌شداربووی پیلانگێڕیه‌كه دیاریكردووه، بۆ نموونه: دوران كه‌ڵكانی توركزاده و ئه‌ندامی كۆنسه‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌كه‌كه ئه‌ركی دابه‌ش كردنی كوردی بۆ زیاتر له نه‌ته‌وه‌یه‌ك پێسپێردراوه، ئه‌وه‌تا به به‌رچاوی هه‌موومانه‌وه باس له‌وه ده‌كات كه بادینی و سۆرانی دوو نه‌ته‌وه‌ی جیاوازن، ئێزیدیه‌كان كورد نین و نه‌ته‌وه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆن و بانگه‌شه‌ی به كانتۆنكردنی شنگال ده‌كات، ئه‌وه‌ی جێگه‌ی پرسیاره دوران كه‌ڵكانی توركزاده و ئه‌ندامی كۆنسه‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌كه‌كه، وه‌ك ده‌مڕاستی حزبێكی كوردی خۆی ده‌رده‌خا و به نوێنه‌رایه‌تی كوردیش ئه‌جێندای دوژمنانی كورد له كوردستان جێبه‌جێ ده‌كات، ئه‌وه‌ی پێویسته زیاتر قسه‌ی له‌سه‌ر بكرێ و هه‌ڵوێستی له به‌رامبه‌ر وه‌ربگیرێ، دوران كاڵكان له‌ناو حزبێكی كوردیدا رێگه‌ی پێده‌درێ ئه‌وه‌ی دوژمنان به ئاشكرا پێیان نه‌كرا، ئه‌و به نهێنی بیكا و یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی بخاته ژێر پرسیار، ئه‌وه‌ش له ئه‌نجامی نه‌بوونی وشیاری نه‌ته‌وه‌ییه له‌ناو ئه‌و حزبه‌دا كه وا ده‌كات دوران كاڵكان كاوێژی كۆنه به‌عسی و كهمالیستهكان بكاته‌وه و، ده‌رفه‌تی بۆ بڕه‌خسێنێ گه‌نج و لاوی كورد به‌گژ سه‌نگه‌ری كوردایه‌تیدا بكاته‌وه، كه‌چی له‌گه‌ڵ ده‌ركه‌وتنی ئه‌و راستییه‌ش دوران كه‌ڵكان له‌ناو ئه‌و حزبه‌دا تادێ پێگه‌ی سیاسی و سه‌ربازی به‌هێز تر ده‌بێ.
لایه‌نێكی تری ئه‌و ناپاكیه‌ی كه سه‌رۆك بارزانی له په‌یامه‌كه‌یدا ئاماژه‌ی بۆ كردووه، هه‌ڵوێستی نا نیشتیمانی هه‌ندێ به‌ناو نوسه‌ر و رۆشنبیر‌و رۆژنامه‌نووسی ده‌ست له پشت دراون، كه له ژێر په‌رده‌ی سه‌ربه‌خۆ و به‌ناوی بێلایه‌نی و ده‌ربڕینی ئازادی بیروڕا سووكایه‌تی به جوانیه‌كانی مێژوو ده‌كه‌ن و هه‌ڵوێسته نه‌ته‌وه‌ییه‌كانیش ده‌ده‌نه به‌ر تانه و ته‌شه‌ر، ئه‌و ده‌سته ناپاك و ده‌ست له پشت دراوانه به‌وه‌شه‌وه ناوه‌ستن و به پلان كار له‌سه‌ر تێكدانی ئاشتی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌كه‌ن و ململانێ سیاسیه‌كانیش به ئاقاری گرژی و ئاڵۆزیدا ده‌ورووژێنن.
له كاتێكدا كورد له باشووری كوردستان هه‌ره‌شه له ده‌ستكه‌وته‌كانی ده‌كرێ و له‌گه‌ڵ دڕنده‌ترین رێكخراوی تیرۆریستی له جه‌نگدایه، به ئاشكراش لێره و له‌وێ جاسووسی به‌سه‌ره‌وه ده‌كرێ و نه‌خشه بۆ دوژمنان ده‌كێشرێ چۆن و به چ رێگایه‌ك كێشه بۆ حكومه‌تی هه‌رێم درووست بكرێ، له‌ولاشه‌وه شه‌قام هانده‌درێ و وای ده‌رده‌خه‌ن كه حكومه‌ت له خزمه‌تكردنی هاووڵاتیان كه‌مته‌رخه‌می ده‌كات، ئه‌وه له كاتێكدایه خۆیان به‌شێكن له حكومه‌ت و له دانانی هه‌ر نه‌خشه و پلانێك شه‌ریكن، به‌ڵام شكستی حكومه‌تیش به ئاوات ده‌خوازن، له كاتێكی وا هه‌ستیاردا كه كورد گیرۆده‌ی شه‌ڕێكی داسهپاوهو له‌ناوخۆشدا كه‌سان و ده‌سته و گرووپی وا هه‌بن بۆ مه‌رامی تایبه‌تی پیلانی له دژ بگێڕن، سه‌رۆك بارزانی ئه‌گه‌ر په‌یامێكی وا رانه‌گه‌یه‌نێ ده‌بێ چی بكات؟!
پیلانه‌كه ئه‌وه‌نده ئاراسته‌كراوه هه‌موو جومگه سیاسی و سه‌ربازی ئابووری و میدیایی و ته‌نانه‌ت په‌یوه‌ندیه ناوخۆیی و ناوچه‌یی و نێودهوڵهتیهكانیشی گرتۆته‌وه، ئه‌وه‌ی زیاتر جێگای سه‌رنجه پیلانگێڕیه‌كه له‌سه‌ر چه‌ند ناوچه‌یه‌كی دیاریكراو چڕ كراوه‌ته‌وه، ئه‌وه‌تا له‌لایه‌ك هه‌وڵده‌درێ خه‌ڵكی كوردستان و ئێزیدیه‌كان به حه‌شدی شه‌عبی بكرێن و له لایه‌كی ترهیشهوه شنگال به كانتۆن ده‌كرێ، جگه له‌وه‌ش چه‌ندین هاوپه‌یمانێتی شاراوه‌ی سیاسی و سه‌ربازی و میدیایی دژ به ده‌ستكه‌وته‌كانی باشووری كوردستان به روونی هه‌ستیان پێده‌كرێ، بۆیه ئه‌گه‌ر پێش به‌و پیلانگێڕیه نه‌گیرێ، ئه‌وا پیلانگێڕان پێش به ره‌وتی كوردایه‌تی ده‌گرن، ئه‌گه‌ر پیلانه‌كه پووچه‌ڵ نه‌كرێته‌وه بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كورد به لاڕێدا ده‌با و ده‌یكاته پاشكۆی ئه‌و بزاوته مه‌زهه‌بیه توندڕه‌وه‌ی كه ماف و ئازادیه نه‌ته‌وه‌ییه‌كان له باڵاده‌ستی پیرۆزیه‌كانی خۆیدا كورت هه‌ڵدێنێ، له‌و روانگه‌وه و بۆ پارێزگاری له ده‌ستكه‌وته‌كان و پاراستنی ئاساییشی نه‌ته‌وه‌یی، هه‌م پێشینه‌ی مێژووی شۆڕشگێڕی سه‌رۆك بارزانی و هه‌میش پێگه‌ی سیاسی و به‌رپرسیارێتی ئێستای، لێی ده‌خوازێ كه په‌رله‌مان و حكومه‌ت و لایه‌نه سیاسییه‌كان و ته‌نانه‌ت تاكی كوردیش له مه‌ترسییه‌كانی ئه‌و پیلانگێڕیه ئاگادار بكاته‌وه.
ئه‌وه‌ی به روونی هه‌ستی پێده‌كرێ و وه‌ك پێشتریش ئاماژه‌م بۆ كرد پیلانه‌كه ئاراسته كراوه و لایه‌نێكی دیاریكراوی به ئامانج گرتووه كه پارتی دیموكراتی كوردستانه، له‌ناو پارتیشدا به ئاراسته‌ی گه‌مارۆدانی كاریزمایی سه‌رۆك بارزانی و به‌ربه‌ست درووست كردن له‌به‌رده‌م به‌دیهێنانی خه‌ونی سه‌ربه‌خۆیی و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی كوردی دهجووڵێنرێ، بۆیه ده‌بێ له خۆمان بپرسین: بۆچی و له پێناو چیدا پیلانه‌كه پارتی و له‌ناو پارتیشدا سه‌رۆك بارزانی به ئامانج گرتووه؟
گومان له‌وه‌دا نییه كه هه‌ر چوار داگیركاری كوردستان نه‌ك دژ به دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی كوردین، به‌ڵكو به ناو هێنانیشی ته‌نگاو ده‌بن، پارتی دیموكراتی كوردستانیش كه له رابردوودا خاوه‌نی ده‌یان سه‌ركه‌وتن و ده‌ستكه‌وتی نهتهوههییه و شكستی به چه‌ندین پیلانی دوژمنانیش هێناوه، له ئێستاشدا سه‌رۆك بارزانی پرسی كوردی وه‌ك پرسێكی نه‌ته‌وه‌یی گواستۆته‌وه ناو هاوكێشه سیاسی و سه‌ربازیه نێوده‌وڵه‌تیه‌كان، بۆ داهاتووش وه‌ك به ههڵوێستهكانیهوه ده‌یاره خاوه‌نی پرۆژه‌ی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی كوردییه، هه‌موو ئه‌وانه‌ش له‌گه‌ڵ سیاسه‌تی داگیركاری و حه‌ز و خولیای فراوانخوازی دوژمنان یه‌كناگرنه‌وه و رێگری له گه‌یشتن به ئامانجه شۆڤێنیه‌كانیان ده‌كات، بۆیه ئاساییه داگیركارانی كوردستان له هه‌وڵی پیلانگێڕی دابن و به هه‌ر جۆرێك بێ بیانه‌وێ خه‌ونی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی كوردی دوا بخه‌ن، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئاسایی نییه و به خیانه‌تی نیشتیمانیش هه‌ژمار ده‌كرێ: ئه‌و هه‌ڵوێستانه‌ن كه به ناوی نووسه‌ر و رۆشنبیری بێلایه‌ن و ده‌سته و گرووپی به‌رژه‌وه‌ندخوازی ناو حزبی كوردی، وه‌ك ده‌ربڕینی په‌رۆشی و دڵسۆزی بۆ خه‌ڵكی كوردستان، دژ به ره‌وتی نه‌ته‌وه‌یی و هه‌نگاوه‌كانی یه‌كخستنی ناوماڵی كورد ده‌وه‌ستن و ده‌بنه لایه‌نێكی جێبه‌جێكاری ئه‌و پیلانگێڕیه.
