هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی رابردوو رژێمی به‌عس له ترۆپكی هێز و ده‌سه‌ڵات دابوو، له رووی سیاسی و سه‌ربازی و دیبلۆماسییه‌وه پشتیوانیه‌كی نێوده‌وڵه‌تی به‌رفراوانی له پشت بوو، له رووی ئابووریشه‌وه وه‌ك منداڵی تاقانه له هه‌موو لایه‌كه‌وه به ده‌میه‌وه ده‌كرا، له به‌رامبه‌ردا زوڵم و سته‌می نه‌ته‌وایه‌تی سه‌ر كورد په‌رده‌ی به‌رژه‌وه‌ندی نێوده‌وڵه‌تیان به‌سه‌ردا هه‌ڵكشابوو، كورد جگه له چیاكان و بڕوای شۆڕشگێڕی و به‌ڵێنی پێشمه‌رگانه‌ی رۆڵه‌كانی هیچ پشت و په‌نایه‌كی شك نه‌ده‌برد، ئه‌نفال ده‌كرا و به كۆمه‌ڵ راپێچی بیابانه‌كان ده‌كرا و كه‌س به ده‌نگیه‌وه نه‌ده‌هات، ژه‌هرباران ده‌كرا و هیچ خێرخوازێك هاواری نه‌ده‌بیست، ئا له‌و ناهاوسه‌نگی و سه‌رده‌مه شووم و كاره‌ساتباره‌دا حزب و لایه‌نی سیاسی هه‌بوو بێ زه‌مینه‌سازی ناوخۆیی و پشتیوانی نێوده‌وڵه‌تی داوای مافی چاره‌نووس و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی ده‌كرد.
ئێستا كه هاوكێشه‌كان رێك پێچه‌وانه بوونه‌ته‌وه و رژێمی به‌عس نه‌ماوه، داعش و حه‌شدی شه‌عبی وه‌ك دوو هێزی توندڕه‌وی مه‌زهه‌بی و تیرۆریست و دابڕا و له دنیای پێشكه‌وتن و نامۆ به فه‌رهه‌نگی دیموكراسی، به‌شه عه‌ره‌بیه‌كه‌ی عێراقیان به‌سه‌ر پێكهاته‌ی شیعه و سوننه‌دا دابه‌ش كردووه، تا دێ شه‌ڕی نێوانیان گه‌رم ده‌بێ و رشتنی رق و كینه به‌سه‌ر یه‌كتریدا سنووره‌كانی مرۆڤ بوون ده‌به‌زێنێ، له به‌رامبه‌ردا باشووری كوردستان نه‌ك له‌سه‌ر ئاستی عێراق، به‌ڵكو له‌سه‌ر ئاستی ناوچه‌كه وه‌ك دورگه‌یه‌كی ئارام و مه‌ڵبه‌ندی دیموكراسی و پێكه‌وه‌ژیان ده‌ركه‌وتووه، ئه‌و ده‌ركه‌وتنه وایكردووه ده‌رگا داخراوه‌كان به رووی ماف و ئازادیه نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی كورددا بكرێنه‌وه كه تا دوێنێ له‌ناو به‌رژه‌وه‌ندی وڵاتاندا بێ سه‌ر و شوێن كرابوو، ئه‌وه‌تا ده‌بینین له ناوه‌نده سیاسی و میدیاییه‌كانی جیهاندا باس له ده‌وڵه‌تی كوردی ده‌كرێ، هه‌ولێر وه‌ك پایته‌ختی به‌ره‌نگار بوونه‌وه‌ی تیرۆر ده‌بینرێ و سه‌رۆك بارزانیش وه‌ك سه‌رۆكی وڵاتێكی پێشه‌نگی به‌گژدا چوونه‌وه‌ی تیرۆر پێشوازی لێده‌كرێ، پێشمه‌رگه كه له ناوخۆش زۆر جاران به میلیشیا ناوده‌برا وه‌ك ره‌مزی به‌رگری له دیموكراسی و قوربانیدانی نه‌ته‌وه‌یه‌كی ژێرده‌سته و زوڵم لێكراو ناوی چۆته ناو فه‌رهه‌نگی سیاسی و سه‌ربازی وڵاتانی دیموكراتخواز، له‌گه‌ڵ ئه‌و گۆڕانكاریه به‌رچاوانه و زۆر گۆڕانكاری تریش ئه‌و لایه‌نه چۆن له رابردوودا تاكڕه‌وانه خواست و ئامانجه نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی كردبوونه دهستكهلای حزبی، ئێستا بارودۆخی شه‌ڵه‌ژاوی عێراق و پشتیوانی نێوده‌وڵه‌تی له دۆزی كورد له‌به‌رچاو ناگرێ و باڵانسی داخوازیه‌كانی له مافی چاره‌نووس و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌ییه‌وه دابه‌زاندووه بۆ پاراستنی یه‌كپارچه‌یی خاكی عێراق، ده‌بێ تاكی كورد به‌دوای ئه‌وه‌دا بگه‌ڕێ چی له پشت ئه‌م دابه‌زینی باڵانس و گه‌ڕانه‌وه بۆ دواوه‌ی ئه‌و لایه‌نه هه‌یه؟
رووداوه كودهتائامێزهكهی 23ی حوزه‌یران و شكاندنی شكۆی په‌رله‌مان رێك ده‌بێته وێستگه‌ی وه‌ستانی ئه‌و به‌دوادا گه‌ڕانه‌ی تاكی كورد، چونكه رووداوه‌كه‌ی 23ی حوزه‌یران ئه‌وه‌نده‌ی پیلانێك بوو دژ به هه‌نگاوه‌كانی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان، ئه‌وه‌نده رووداوێكی په‌رله‌مانی نه‌بوو، لێره‌دا تاكی كورد مێژووی ئه‌و گه‌له‌كۆمه چوار قۆڵیانهی ده‌وڵه‌تانی داگیركاری كوردستانی دێته‌وه یاد: كه هه‌ر كاتێ پرسی كورد وه‌ك پرسێكی نه‌ته‌وه‌یی له هه‌ر به‌شێكی كوردستان به‌ره‌و پێش چووبێ، داگیركارانی كوردستانی له‌سه‌ر مێزی پیلانگێڕی كۆكردوونه‌ته‌وه، ئه‌و رووداوه‌ش كۆپی ئه‌و پیلانگێڕیه چوار قۆڵیانه بوو كه پێشتر چوار داگیركاری كوردستان پێی هه‌ڵده‌ستان و ئێستا چوار لایه‌نی ناوخۆیی له ژێر چاودێری لایه‌نێكی به‌شداربووی پیلانه‌كانی رابردوو پێی هه‌ڵده‌ستن.
دیاره ئه‌و چوار لایه‌نه‌ی له 23ی حوزه‌یران سه‌كۆی په‌رله‌مانیان دژ به هه‌ڵوێست و ده‌نگه نه‌ته‌وه‌ییه‌كان كرده مێزی پیلانگێڕی، پێیانوابوو به‌و پیلانگێڕیه رقی حزبی پارتی دیموكراتی كوردستان ده‌جووڵێنن و به‌سه‌ر سۆز و خۆشه‌ویستی خاك و نه‌ته‌وه‌دا زاڵی ده‌كه‌ن، ئه‌و كاته‌ش په‌لامار ده‌درێن و به‌وه‌ش هه‌ڵوێسته نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی پارتی و سه‌رۆك بارزانی بۆ ئاستی هه‌ڵوێستی حزبی خۆیان داده‌به‌زێنن، به مانایه‌كی تر پارتی وه‌ك خۆیان بچووك ده‌كه‌نه‌وه كه ناتوانن خۆیان وه‌ك پارتی گه‌وره بكه‌ن، بانگهێشت كردنی قونسوڵگه‌ری وڵاتێكی هه‌رێمیش وه‌ك سه‌لمێنه‌ری راستی پیلانگێڕیه‌كه دوو ئامانجی له پشت بوو، یه‌كه‌میان بۆ ئه‌وه‌ی شاهید بێ به‌سه‌ر ئه‌و په‌لاماره سه‌ربازیه‌ی كه له خه‌یاڵی حزبی خۆیاندا چاوه‌ڕوانیان ده‌كرد، دووه‌میشیان بۆ ئه‌وه‌ی به‌و وڵاته هه‌رێمیه بڵێن: چۆنتان نه‌خشه كێشاوه ئاوا پیلانه‌كه به رێوه ده‌به‌ین، به‌ڵام پارتی وه‌ك هه‌میشه به باجی حزبی رێگری له سه‌ركه‌وتنی پیلانه‌كانی سه‌ر كورد و ئامانجه نه‌ته‌وه‌ییه‌كان كردووه، ئه‌مجاره‌ش هه‌ر وایكرد و رێگه‌ی له‌و پیلانه گرت كه پرۆسه‌ی بنیاتنانی دیموكراسی و ده‌ستكه‌وت و ئامانجه نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی ده‌خستنه ژێر پرسیار و دهیگێراینهوه خاڵی ده‌ستپێك.