
هه‌موو حزبێك ئامانجی گه‌یشتنه ده‌سه‌ڵاته، به‌ڵام رێكار و رێگای گه‌شتنه ده‌سه‌ڵاتیان جیاوازه، حزبه دیموكراتخوازه‌كان رێكار و رێگای ده‌نگی خه‌ڵك و به ده‌ستهێنانی هێنانی متمانه‌ی سه‌ندووقه‌كانی ده‌نگدان ده‌گرنه‌به‌ر، به پێچه‌وانه‌وه حزبه تاكڕه‌و و دیكتاتۆره‌كان رێكار و رێگای كوده‌تا و توندوتیژی ده‌گرنه‌به‌ر، له ئۆپۆزسیۆن بووندا حزبه دیموكراتخوازه‌كان به ره‌خنه له ده‌سه‌ڵات و پرۆژه ده‌چنه ناو خه‌ڵك، به‌ڵام حزبه تاكڕه‌و و دیكتاتۆره‌كان به یاخی بوون و هه‌ڵبه‌ستنی تۆمه‌ت و نانه‌وه‌ی پشێوی بۆ چوونه ناو خه‌ڵك له هه‌وڵی دابه‌ش كردنی كۆمه‌ڵگادان بۆ دوو به‌ره‌ی دژ به‌یه‌ك. حزبه دیموكراتخوازه‌كان كه گه‌یشتنه ده‌سه‌ڵات كار له‌سه‌ر به‌ڵێن و پرۆژه‌كانیان ده‌كه‌ن، تاكڕه‌و و دیكتاتۆره‌كانیش كه گه‌یشتنه ده‌سه‌ڵات چۆن به توندوتیژی گه‌یشتوونه‌ته ده‌سه‌ڵات، ئه‌وهاش به توندوتیژی ده‌سه‌ڵات پارێزی ده‌كه‌ن و به هێز خه‌ڵك بێده‌نگ ده‌كه‌ن، جا ئه‌گه‌ر بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان یان راستر بڵێین: بزووتنه‌وه‌كه‌ی نه‌وشیروان مسته‌فا له چرای ئه‌و راستییه‌ی سه‌ره‌وه بده‌ین، ده‌رده‌كه‌وێ كه بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان سه‌ر به به‌ره‌بابی حزبه دیموكراتخوازه‌كانه، یان تاكڕه‌و و دیكتاتۆره‌كان، به ژانی دیكتاتۆری له دایك بووه، یان له خۆزگه‌ی دیموكراتییه‌وه هه‌ڵقوڵاوه؟ بزووتنه‌وه‌كه‌ی نه‌وشیروان مسته‌فا له چوار ساڵی ئۆپۆزسیۆنیدا له باتی ره‌خنه تۆمه‌تی ده‌به‌خشیه‌وه و چی بوختانی ناڕست و نادرووست هه‌بوو نه‌ك هه‌ر ده‌یدانه پاڵ ده‌سه‌ڵات، به‌ڵكو ده‌ستی له سه‌روه‌ریه نه‌ته‌وه‌ییه‌كان پیرۆزیه‌كانی مێژووش نه‌پاراست، ته‌نانه‌ت له كێشه‌ی نێوان ده‌سه‌ڵاتی كوردی و دوژمنانی‌دا زیاتر به‌لای دوژمنان‌دا ده‌شكایه‌وه، خه‌تای سه‌ر هه‌ڵدانی هه‌ر كێشه و قه‌یرانێكی ده‌خه‌سته ئه‌ستۆی ده‌سه‌ڵاتی كوردی، له باتی پرۆژه‌ش خه‌تێكی راست و چه‌پی به‌سه‌ر كۆی سیسته‌می سیاسی و چاك و خراپی حكومه‌تدا هێنا، خه‌ڵكی به ئاراسته‌ی توندوتیژیدا له حكومه‌ت هانده‌دا و دواتر به گێره‌شێوێنی ناو ده‌بردن. له ئۆپۆزسیۆن بووندا هه‌ڵكوتانه‌سه‌ر و توندوتیژی و ئاژاوه‌گێڕی كرده به‌شێك له كه‌لتووری مێردمنداڵ و تازه‌پێگه‌یشتوان، كاتێكیش گه‌یشته ده‌سه‌ڵات به هه‌مان ئاوازی ئۆپۆزسیۆن بوون سه‌مای ده‌كرد، له رێگه‌ی په‌رله‌مانتاره به رۆبۆت كراوه‌كان و هه‌ڵسووڕاوه زۆر دیاره‌كانی، به‌رده‌وام بوو له‌سه‌ر ئاوازی ئۆپۆزسیۆنی و تۆمه‌ت هه‌ڵبه‌ستن و بوختان دانه‌پاڵ ئه‌و حكومه‌ته‌ی خۆیان ببوونه به‌شێك لێی، له شه‌قامیشه‌وه بۆ پاوانكردنی كۆی جومگه‌كانی ده‌سه‌ڵات و هه‌ڵكوتانه‌سه‌ر و توندوتیژی و دابه‌ش كردنی كۆمه‌ڵگای كردبووه خولیای ده‌نگده‌ر و ههڵسووڕێنراوانی. نه‌وشیروان و بزووتنه‌وه‌كه‌ی به‌و یه‌ك ئاوازه سیاسیه ناشازه په‌رده‌یان له‌سه‌ر ئه‌و راستییه لادا كه ئۆپۆزسیۆن و ده‌سه‌ڵات لای ئه‌وان یه‌ك مانای هه‌یه، ئه‌ویش خوولانه‌وه‌یه له بازنه‌ی تاكڕه‌وی و ئه‌و پاشخانه سیاسیه خۆسه‌پێنه‌ی نه‌وشیروان مسته‌فا له ناوه‌ڕاستی شه‌سته‌كانی سه‌ده‌ی رابردووه‌وه كاری له‌سه‌ر ده‌كات.