له نه‌ورۆزی ساڵی 2011 سه‌رۆك بارزانی به راشكاوی په‌رده‌ی له‌سه‌ر هه‌نگاوی تاكڕه‌وانه و سیاسه‌تی پاوانخوازی نوری مالیكی لادا، بۆ پێش‌گرتن به‌و هه‌نگاوانه و به‌رگری له دیموكراسی و پاراستنی ده‌ستكه‌وته‌كان و به‌دیهێنانی كۆی ماف و ئازادیه نه‌ته‌وه‌ییه‌كان، كۆده‌نگی نه‌ته‌وه‌یی و رێكخستنی ناوماڵی كوردی وه‌ك دوا بژارده‌ی به‌گژدا چوونه‌وه‌ی سیاسه‌تی پاوانخوازی و ئه‌گه‌ری دهركهتنهوهی دیكتاتۆریه‌ت خسته به‌رده‌م حزب و لایه‌نه سیاسییه‌كانی كوردستان، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش له سه‌ره‌تادا هه‌وڵه سیاسی و دیبلۆماسییه‌كانی له‌سه‌ر لێسه‌ندنه‌وه‌ی متمانه له نوری مالیكی چڕ كردنه‌وه، به‌ڵام وه‌ك بینیمان به مه‌به‌ستی شاردنه‌وه‌ی راستییه‌كان و گومان خستنه سه‌ر په‌رۆشی سه‌رۆك بارزانی، پێشبینیه وهڕاستگهڕاوهكهی به شه‌خسه‌نه كرا و وه‌ك ئه‌وه‌ی دوژمنان ده‌یانویست درایه به‌ر تانه‌وته‌شه‌ری سیاسی، به شه‌خسه‌نه كردنی كێشه نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانیه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا به پلانی سیاسی و له رێگای میدیای به‌ناو ئه‌هلی و هه‌ندێ رۆشنبیری شاراوه‌ی حزب له‌ناو ئه‌و میدیایه‌و رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی به چڕی كاری له‌سه‌ر چه‌واشه‌كردنی رای شه‌قام ده‌كرد، له‌ناو حزب و لایه‌نه سیاسیه‌كانی كوردستانیشدا بزاوتێكی مه‌به‌ستداری نانیشتیمانی دژ به په‌رۆشی و پێشبینیه‌كه‌ی سه‌رۆك بارزانی ده‌ركه‌وت، له‌سه‌ر ئاستی عێراقیش به رێنمایی و ده‌ست له پشتدانی وڵاتێكی هه‌رێمی پێداگری له‌سه‌ر مانه‌وه‌ی نوری مالیكی ده‌كرا، ئه‌وه‌ش ته‌مه‌نی ده‌سه‌ڵاتدارێتی نوری مالیكی درێژتر كرد و چه‌ندین كێشه و ئاسته‌نگی تری له پێش هه‌وڵه سیاسی و هه‌ڵوێسته نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی سه‌رۆك بارزانی درووست كردن، كه ده‌كرێ بڕینی بودجه و مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان و بێ هه‌ڵوێستی هه‌ندێ لایه‌نی دیاریكراو وه‌ك نموونه بخه‌ینه‌ڕوو.
چه‌واشه‌كاریه‌كانی ناو شه‌قام و بزاوته نانیشتیمانیهكه و پێداگری و پشتیوانی له مانه‌وه‌ی نوری مالیكی، ئه‌و سێكوچكه‌یه بوون كه به‌رامبه‌ر هه‌ڵوێسته نه‌ته‌وه‌ییه‌كان و له شه‌ڕی خواست و ئامانجه نیشتیمانیه‌كانی كورد به‌رده‌وام هێزی لێوه‌رده‌گرتن، ئه‌وه‌ش پرۆسه‌ی بنیاتنانی دیموكراسی خسته‌وه ژێر گوشاری سیاسه‌تی تاكڕه‌وی و له چاره‌سه‌ری ئاشتیانه‌ی كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێرو به‌غداش حه‌ز و خولیای شۆڤێنیزم باڵی به‌سه‌ر دانوستان و گفتوگۆكاندا ده‌كێشا.
شه‌ڕی داعش و بیانووه سیاسی و سه‌ربازی و ئابووریه به‌رده‌وامه‌كانی به‌غدا قۆناغێكی هه‌ستیاری هێنایه پێشێ، ئه‌وه‌ش حزب و لایه‌نه سیاسییه‌كانی كوردستانی خستنه به‌رده‌م به‌رپرسیارێتی نه‌ته‌وه‌یی، سه‌رۆك بارزانی وه‌ك هه‌میشه دووپاتی له‌وه ده‌كرده‌وه كه پێشمه‌رگه‌بوون بۆ ئه‌و له هه‌موو پله و پۆستێك پیرۆزتر و گه‌وره‌تره، له‌و قۆناعه هه‌ستیاره‌دا جیا له‌وه‌ی سندووقی ده‌نگدان ئه‌ركی سه‌رۆك بوونی به سه‌رۆك بارزانی به‌خشی بوو، جارێكی‌تر سه‌نگه‌ره‌كانی به‌رگری له بوونی كورد و پاراستنی سه‌روه‌ریه‌كان دوا پۆستی نه‌ته‌وه‌یی كه پێشمه‌رگایه‌تییه پێ به‌خشیه‌وه، راپه‌ڕاندنی ئه‌ركی پێشمه‌رگانه‌و گواستنه‌وه‌ی كار و چالاكیه سیاسی و دیبلۆماسیه‌كانی بۆ به‌ره‌كانی جه‌نگ، ده‌روازه‌ی پشتیوانی سیاسی و سه‌ربازی و مرۆیی و ته‌نانه‌ت پرسی به ده‌وڵه‌ت بوونی به رووی كورددا كرده‌وه.
ئێستا كاتی ئه‌وه هاتووه حزب و لایه‌نه سیاسیه‌كانی كوردستان له‌و راستییه بگه‌ن كه سه‌ردانه‌كه‌ی سه‌رۆك بارزانی بۆ ئه‌مه‌ریكا و ئه‌وروپا و ئه‌و پێشوازیه گه‌رمه‌ی لێیكرا، دوژمنانی كورد و ناحه‌زانی ده‌وڵه‌تی كوردی له به‌ره‌یه‌كدا كۆكردوونهوه، لێدوان و هه‌ڵوێسته دژه‌كانیش ئه‌و راستییه ده‌رده‌خه‌ن كه ناكۆكیه سیاسیه‌كانی به‌غدا له‌سه‌ر دژایه‌تی كردنی ده‌ستكه‌وته‌كانی ئه‌و سه‌ردانه و هه‌ڵوێست و گرتنه‌به‌ری سیاسه‌تی كوردپارێزی سه‌رۆك بارزانی كۆكن، حه‌یده‌ر عه‌بادی وه‌ك ده‌ربڕینی ترس له ده‌ستكه‌وته‌كانی ئه‌و سه‌ردانه‌و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی كوردی، دابه‌ش بوونی عێراق ره‌تده‌كاته‌وه، هه‌ڵوێسته‌كانی ئه‌م دواییه‌شی ره‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و ترسه‌یه كه له روانینی سه‌رۆك بارزانی بۆ دوا رۆژی عێراق و پرسی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان خوێندوویه‌تیه‌وه، حه‌نان فه‌تلاویش بۆ پێش‌گرتن له هه‌وڵه‌كانی سه‌رۆك بارزانی و به ئامانجی نانه‌وه‌ی فیتنه‌ی حزبی له كوردستان هانا بۆ هه‌ندێ لایه‌نی سیاسی كوردی دێنێ كه دژ به هه‌نگاوه نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی سه‌رۆك بارزانی بوه‌ستنه‌وه، جگه له‌وانه‌ش عه‌ره‌ب هه‌ر ده‌نگ و ره‌نگێكی هه‌بێ له ئێستادا له‌سه‌ر ئاستی كوردستانی و عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی ئه‌وه‌ی پێیان بكرێ به‌رامبه‌ر ئه‌و ره‌وته نه‌ته‌وه‌ییه ده‌یكه‌ن كه سه‌رۆك بارزانی رابه‌رایه‌تی ده‌كات، ئه‌و دوژمنكاریه‌ی عه‌ره‌بیش بۆ كورد شتێكی تازه نییه و مێژووی بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كوردیش پڕیه‌تی له عه‌بادی و فه‌تلاوی، كوردیش تا به عێراقی بوون رازی بێ له عه‌بادی و فه‌تلاوی باشتر تووش نابێ، هاوهه‌ڵوێستی عه‌بادی و مالیكی له‌سه‌ر درووست كردنی قه‌یران و خۆ دزینه‌وه له چاره‌سه‌ری كێشه‌كان و پاشگه‌ز بوونه‌وه له رێككه‌وتنه‌كان، باشترین به‌ڵگه‌ی ئه‌و راستییه‌ن كه كورد و عه‌ره‌ب پێكه‌وه و له وڵاتێكی یه‌كگرتوودا ناژین، بۆیه پێویسته سه‌ركرده و سیاسیه‌كانی هه‌موو حزب و لایه‌نه‌كانی كوردستان وه‌ك سه‌رۆك بارزانی له داهاتوو بڕوانن.