
له‌و كاته‌وه‌ی تیخی دوژمنكاری له ساڵی 1514و له شه‌ڕی چاڵدیران به جه‌سته‌ی كوردستاندا هێنرا و به‌سه‌ر خه‌لافه‌تی عوسمانی و ئیپراتۆری سه‌فه‌ویدا دابه‌شكرا، دواتر و له دوای جه‌نگی یه‌كه‌می جیهانی جارێكی‌تر سیاسه‌تی به‌رژه‌وه‌ندخوازی براوه‌كانی ئه‌و جه‌نگه بوونه تیخی سته‌م و كوردستانیان به‌سه‌ر توركیا و ئێران و سوریا و عێراقی ئێستادا دابه‌شكرده‌وه، له‌و كاته‌وه تا ئێستا هه‌ر چوار داگیركاری كوردستان ره‌وایی به ئازاری برینی ئه‌و تیخانه ده‌ده‌ن و بۆ له‌ناوبردنی كوردیش هه‌موو رێگاكانیان تاقیكردوونهوه، له عێراق ئه‌نفالی به‌سه‌ر هاتووه و ژه‌هرباران كراوه، شار و گوندی رووخێنراون و وڵاتی به چۆڵه‌وانی كراوه، له سوریا ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی لێ سه‌نراوه‌ته‌وه و كورد وه‌ك نه‌ته‌وه و كوردستان وه‌ك نیشتیمان ئینكاری له بوونیان كراوه، تورك زمان و فه‌رهه‌نگ و مێژووی لێ یاساغ كردووه و ماف و ئازادیه‌كانی به بێژینگی توركچێتیدا كردوون، له ئێران ئێستاشی له‌گه‌ڵدابێ سهفهویانه له كێشه‌ی كورد ده‌ڕوانن و بۆ خنكاندنی ده‌نگه نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی كورد سێداره‌ی گه‌ڕۆك به كۆڵانی شار و شارۆچكه‌كاندا دهسووڕێنرنهوه، هه‌موو ئه‌وانه ئه‌و راستییه‌مان پێده‌ڵێن كه پرسی كورد پرسێكی نه‌ته‌وه‌ییه و هه‌ر به‌رگێكی تری به به‌ردا بكرێ كورت و كوێر ده‌رده‌چێ، دوژمنانیش له هه‌ر به‌رگێكدا خۆیان نمایش بكه‌ن هه‌ر دوژمنه قین له دڵهكهن و خه‌ون به چه‌وسانه‌وه و له‌ناوبردنی كورده‌وه ده‌بینن، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگای پرسیاره به‌شێك له سه‌ركرده و سیاسییه‌كانی كورد خۆیان له‌و راستیانه ده‌بوێرن و چاره‌سه‌ری پرسی كورد له سه‌پاندنی ئایدۆلۆژیایه‌كی دیاریكراودا كورت هه‌ڵدێنن، وه‌ك ئه‌وه‌ی ئێستا ده‌بینین حزب و لایه‌نه سیاسیه‌كان بۆ چاره‌سه‌ری پرسی كورد به‌سه‌ر دوو رووئیا و دوو بۆچوونی ته‌واو جیاوازدا دابه‌ش بوون، وه‌ك له‌م شرۆڤه‌یه‌ی خواره‌وه‌ش ده‌رده‌كه‌وێ رووئیا و بۆچوونێكیان ته‌واو نه‌ته‌وه‌ییه و چاره‌سه‌ری پرسی كورد له سه‌ربه‌خۆیی كوردستان و به ده‌وڵه‌ت بوونی كورددا ده‌بینێ، بۆ گه‌یشتن به‌و ئامانجه‌ش هه‌وڵه سیاسی و سه‌ربازی و دیبلۆماسیه‌كانی له‌سه‌ر گه‌یشتن به سه‌ربه‌خۆیی كوردستان چڕ كردوونه‌ته‌وه، رووئیا و بۆچوونه‌كه‌ی تر له دیدگای ئایدۆلۆژی و پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندی حزبییه‌وه له چاره‌سه‌ری پرسی كورد ده‌ڕوانێ، ئه‌و روانینه حزبییه‌ش وای لێكردوون به‌شێكیان چاره‌سه‌ری پرسی كوردیان بۆ ئاستی به كانتۆنكردنی شار و شارۆچكه‌كانی كوردستان دابه‌زاندووه، به‌شه‌كه‌ی تریشیان ده‌وڵه‌تی كوردی به خه‌ونی به‌دی نه‌هاتوو ناوده‌بات و مانه‌وه له چوارچێوه‌ی وڵاته داگیركارهكاندا به چاره‌سه‌رێكی شیاو و پڕ به پێستی مافه نه‌ته‌وه‌ییه‌كان ده‌زانێ.
هه‌رچی رووئیا و بۆچوونه نه‌ته‌وه‌ییه‌كه‌یه له‌ژێر كاریگه‌ری رووداوه مێژووییه‌كاندا له چاره‌سه‌ری پرسی كورد ده‌ڕوانێ، جگه له سه‌ربه‌خۆیی كوردستان و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی كوردیش هه‌ر چاره‌سه‌رێكی تر به‌كاتی و خافڵاندنی كورد ناوده‌بات، رووداوه‌كانی ئێران له ساڵی 1979و عێراق له ساڵی 2003و ئێستای سوریا ئه‌و راستییه پشتڕاست ده‌كه‌نه‌وه كه هه‌ركاتێ له وڵاتانی داگیركاری كوردستاندا گۆڕانكاری سیاسی روویدابێ، یان به هه‌ر هۆكارێكه‌وه رژێمه‌كان لاواز بووبن، ئه‌وا تا ئه‌وكاته‌ی هێزیان هاتۆته‌وه‌به‌ر كوردیان به دانوستان و گفتوگۆی نه‌زۆكه‌وه سه‌رقاڵ كردووه، دوای ئه‌وه‌ی خۆیان گرتۆته‌وه كه‌وتوونه‌ته‌وه سه‌ر ستراتیجی نه‌گۆڕی خۆیان كه له‌ناوبردنی كورده، واتا ئه‌گه‌ر بارودۆخی سیاسی و سه‌ربازی و نێوده‌وڵه‌تی له به‌رژه‌وه‌ندیان بووبێ به هێز وه‌ڵامی ساده‌ترین داواكاری كوردیان داوه‌ته‌وه، به پێچه‌وانه‌شه‌وه ئه‌گه‌ر بارودۆخه‌كه له به‌رژه‌وه‌ندیان نه‌بووبێ باسیان له برایه‌تی و پێكه‌وه‌ژیان كردووه.
رووئیا و بۆچوونه نه‌ته‌وه‌ییه‌كه كه پارتی دیموكراتی كوردستان پشت ئه‌ستوور به سیاسه‌تی واقعبینانه و دیبلۆماسیه‌تی سه‌ركه‌وتوانه‌ی سه‌رۆك بارزانی له‌سه‌ر ئاستی هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستان رابه‌رایه‌تی ده‌كات، ئه‌و راستیانه و هه‌موو ئه‌زموونه تاڵه‌كانی مێژووی بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كوردی له‌به‌رچاو گرتووه، بۆیه ده‌بینین به‌رده‌وام گه‌له‌كۆمه‌ی سیاسی لێده‌كرێ و داگیركارانی كوردستان هه‌ركاتێ بۆیان هه‌ڵكه‌وێ چ له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆ و چ له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێمی و چ له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی پیلانی له دژ ساز ده‌كه‌ن، هه‌رچی رووئیا و بۆچوونه ئایدۆلۆژی و تاكڕهوهكهشه كه له ئێستادا (په‌كه‌كه) رابه‌رایه‌تی ده‌كا و له هه‌ر به‌شێكی كوردستان پاشكۆیه‌كی درووستكردووه، هه‌ندێ لایه‌نیش بۆ مانه‌وه و پاراستنی هه‌یمه‌نه‌ی حزبی و به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی وه‌ك قاز به دوایدا ده‌قیڕێنن، وه‌ك ئه‌وه‌ی نۆ هه‌نگیان له دارێكدا دۆزیبێته‌وه پاراستنی یه‌كپارچه‌یی خاكی وڵاتانی داگیركاری كوردستان به ئه‌ركی خۆیان ده‌زانن و دژ به دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی كوردی ده‌وه‌ستنه‌وه، ئه‌و رووئیا و بۆچوونه ئه‌گه‌رچی له ئێستادا توانیویه‌تی به‌ره‌یه‌ك درووست بكات، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌م دوو هۆكاره‌ی خواره‌وه به‌ره‌یه‌كی له‌رزۆكه و له ئه‌گه‌ری هه‌ر گۆڕانكاریه‌كی سیاسی چاره‌نووسی لێكههڵوهشانه، یه‌كه‌میان: له ده‌ره‌وه‌ی ئیراده‌ی نه‌ته‌وه‌یی گه‌مه‌یه‌كی سیاسی مه‌ترسیدار ده‌كات كه مانه‌وه‌یه له چوار چێوه‌ی وڵاتانی داگیركاردا، مه‌ترسییه‌كه‌ش له‌وه‌دایه ئه‌و گه‌مه‌یه هه‌ڵگری خواستێكی حزبییه و ئه‌و خواسته‌ش له‌گه‌ڵ خواسته نیشتیمانیه‌كان ناكۆكه و له‌لایه‌ن مێژووه‌وه ره‌تكراوه‌ته‌وه، دووه‌میشیان به‌رژه‌وه‌ندی حزبیان كردۆته پێوه‌ر بۆ ناساندنی دوژمن و داگیركارانی كوردستان، بۆیه ده‌بینین زۆر جاران ئه‌و به‌ره‌یه له‌ژێر كاریگه‌ری به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی و بۆ پاراستنی هه‌ژموونی حزبی و مانه‌وه‌ی خۆی په‌نا بۆ دوژمن و داگیركارانی كوردستانیش ده‌بات، ئه‌وه‌ش واده‌كات هه‌ر رۆژه‌و له به‌شێكی كوردستان به‌ریه‌ككه‌وتن له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانی ناو به‌ره نه‌ته‌وه‌ییه‌كه درووست بكات، بۆیه پێویسته له قۆناغێكی هه‌ستیاری وه‌ك ئێستادا حزب و لایه‌نه سیاسیه‌كان بۆ ئه‌وه‌ی به‌رچاوی نه‌ته‌وه‌ییان روون بێ و له ئاستی پێشهات و گۆڕانكاریه چاوه‌ڕوانكراوه‌كاندا بن، له‌گه‌ڵ هه‌ر هه‌نگاوێك ئاوڕێك له مێژوو بده‌نه‌وه.