زۆرتان تۆمه‌ت داینه پالڕ و به‌رده‌وام ناهه‌قیتان به‌رامبه‌ر كردووین، گوایه نیشتیمانپه‌روه‌ر نه‌بووین و وڵاتمان خۆش نه‌ویستووه، هه‌ستی نهوهییمان لاواز بووه و بیرمان له دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی كوردی نه‌كردۆته‌وه، به نه‌زان و نه‌خوێنده‌وار و دواكه‌وتوو ناوتان بردووین، خێڵپارێز بووین و ناوچهگهراییمان كردووه، گۆێ له مست و پیاوی تورك و فارس بووین.
ئه‌گه‌ر ئێمه هه‌ستی نه‌ته‌وه‌ییمان لاواز بووبێ و نیشتیمانپه‌روه‌ریمان له ئاستی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تدا نه‌بووبێ، ئه‌ی نه‌ته‌وه‌پارێزی و نیشتیمان په‌روه‌ری ئێوه له كوێدایه؟! ئه‌وه‌نیه هاوشێوه‌ی تورك و فارس شه‌ڕ به ئاڵای كوردستان ده‌فرۆشن و ده‌وڵه‌تی كوردیش به لوتفی برایه‌تی عه‌ره‌ب و مانه‌وه له عێراقێكی یه‌كپارچه و یه‌كگرتوودا ده‌به‌خشن.
ئه‌گه‌ر ئێمه نه‌زان و نه‌خوێنده‌وار و دواكه‌وتوو بووبین، ئه‌وه‌نیه ئێوه‌ی زانا و خوێنده‌وا و پێشكه‌وتوو كه‌ڵك له هه‌ڵه‌كانی ئێمه وه‌رناگرن و هه‌مان مێژوو ده‌خوێننه‌وه كه خۆتان گوته‌نی: ئێمه به نه‌زانی و نه‌خوێنده‌واری و دواكه‌وتوویی نووسیمانه‌وه.
ئه‌گه‌ر ئێمه خێڵپارێز بووبین و ناوچهگهراییمان كردبێ، ئه‌وه‌نیه ئێوه‌ش بێ هه‌ستكردن به به‌رپرسیارێتی نه‌ته‌وه‌یی، حزبپارێزی ده‌كه‌ن و جارێكی‌تر جه‌سته‌ی پڕ زامی كوردستان ده‌ده‌نه‌وه به‌ر نه‌شته‌ری كانتۆنگهرایی.
ئه‌گه‌ر ئێمه له ژێر هه‌ژموونی تورك و فارس دابووبین، ئه‌وه‌نیه ئێوه‌ش له‌به‌ر خاتری تورك و فارس ده‌وڵه‌تی كوردی و مافی چاره‌نووستان كردۆته خه‌ونی شاعیران و بیرۆكه‌ی یه‌كخستنه‌وه‌ی هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستانیشتان به سۆز و به‌زه‌یی ئه‌وان سپاردووه.
ئێمه‌ی میرنشین له سه‌رده‌مێكدا ژیاوین كه په‌یوه‌ندی به‌ستن له نێوان دوو شاردا چه‌ندین رۆژ و مانگی ده‌ویست، ئێوه له سه‌رده‌مێكدا ده‌ژین كه په‌یوه‌ندی به‌ستن له‌گه‌ڵ هه‌موو جیهاندا چه‌ند خووله‌ك و كاژێرێكی ده‌وێ.
له سه‌رده‌می ئێمه‌دا ئه‌گه‌ر باس له كورد بوون و كوردایه‌تی كرابا دوژمنان له هه‌ر چوار لاوه په‌لاماریان ده‌داین، ئه‌وه‌تا له سه‌رده‌می ئێوه‌دا دوژمنانی كورد په‌لاماری یه‌كتری ده‌ده‌ن، ئێوه‌ش له‌باتی ئه‌وه‌ی كه‌ڵك له‌و بارودۆخه وه‌ربگرن خۆتان په‌لاماری یه‌كتری ده‌ده‌ن و ئه‌وه‌ی داگیركارانی كوردستان به ئێمه‌یان ده‌كرد، ئێوه له ئێستادا خۆتان به خۆتانی ده‌كه‌ن.
ناچارتان كردین به‌ده‌نگ بێین و پێتان بڵێین: جیاوازیه‌كانی سه‌رده‌می ئێمه و سه‌رده‌می ئێوه له ئه‌ژمار نایه‌ن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئێمه له خۆشه‌ویستی خاك و په‌رۆشی نه‌ته‌وه‌ییدا هێشتا له پێشه‌وه‌ین، لۆمه‌ی ئێمه ده‌كه‌ن گوایه ده‌وڵه‌تداریمان نه‌كرد، ئه‌ی بۆ لۆمه‌ی خۆتان ناكه‌ن له به‌گژدا چوونه‌وه‌ی ده‌نگه نه‌ته‌وه‌ییه‌كان و به‌ربه‌ست درووست كردن له‌به‌رده‌م ویستی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی كوردیدا پێش دوژمنان ده‌كه‌ون، خۆ ئه‌گه‌ر له سه‌رده‌می ئێمه‌دا ویستی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی كوردی نه‌بووبێ، یان به‌ربه‌سته‌كان له ویسته‌كه به‌هێزتر بووبن، خۆ ئێستا هه‌ڵگرانی په‌یامی نه‌ته‌وه‌یی و ویستی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی كوردی شه‌و و رۆژیان خستوونه سه‌ریه‌ك و تادێ به‌ربه‌سته‌كان ده‌بڕێ و كورد له ئامانجه زه‌وتكراوه‌كانی نزیكتر ده‌كاته‌وه، كه‌چی ئێوه‌ی حزبنشین گوێ له هاواری نه‌ته‌وه‌یی ناگرن و به شوێن پێی ئیمه‌ی میرنشندا ده‌ڕۆن، كه‌واته جیاوازی ئێمه و ئێوه له‌چیدایه؟
ئه‌گه‌ر له رابردوودا خواستی میرنشینی ئێمه به‌ربه‌ست و ئاسته‌نگی به‌رده‌م دهوڵهتنشینی بووبێ، له ئێستاشدا حزبنیشنی ئێوه‌یه هه‌مان به‌ربه‌ست و ئاسته‌نگی له‌به‌رده‌م دهوڵهتنشینی درووست كردووه، نه‌ك وه‌ك به‌رگری له خۆمان، به‌ڵكو وه‌ك ئامۆژگاری و بۆ به‌رچاو روونی ئێوه به پێویستی ده‌زانین ئێمه‌ی میرنشین به ئێوه‌ی حزبنشین بڵێین: چۆن شه‌رم ناتانگرێ به‌و شێوه‌یه باسی ئێمه ده‌كه‌ن! ئه‌گه‌ر دادگای كوردایه‌تی دابنرێ و باره‌گای گه‌ل هۆڵی دادگا و رووداوه مێژووییه‌كان دادوه‌ر و خوێنی شه‌هیدان داواكاری گشتی و ئامانجه نیشتیمانیه‌كان و دواڕۆژی نه‌ته‌وه‌یی پارێزه‌ر بن، ئه‌وه ئێوه‌ن سزای تاوانباری و خهتاكاریتان به‌سه‌ردا ده‌سه‌پێنرێ نه‌ك ئێمه، چونكه ئه‌و هه‌لومه‌رجه سیاسیه ناوخۆیی و هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تیه‌ی بۆ ئێوه ره‌خساوه، ئه‌گه‌ر هاتباو بۆ ئێمه ره‌خسابا، بێشك ئێستا كوردستان سه‌ربه‌خۆ و كورد خاوه‌ن ده‌وڵه‌ت ده‌بوو، جا ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی ئێوه ئێستا ئێمه‌ی پێ تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن، له دواڕۆژدا نه‌وه‌كانی داهاتوو به پێی به‌ڵگه مێژووییه‌كان ئێوه وه‌ك تاوانبار و خهتاكاری نیشتیمانی نه‌ناسێنن، پێویسته هه‌رچی زووه هێز و تواناكانتان یه‌كبخه‌ن و سیاسه‌تی حزبنشینی بگۆڕن بۆ سیاسه‌تی دهوڵهتنشینی.
