تادێ پرۆسه‌ی بنیاتنانه‌وه‌ی عێراق وه‌ك ده‌وڵه‌تێكی یه‌كگرتوو كێشه و گرفتی زیاتری تێده‌كه‌وێت، به‌ریه‌ككه‌وتنه سیاسی و نه‌ته‌وه‌یی و مه‌زهه‌بیه‌كان توندتر ده‌بن و نیشانه‌كانی پارچه پارچه بوون و گێڕانه‌وه‌ی بۆ سرووشتی به‌ر له به زۆر به‌یه‌كه‌وه لكاندنی زیاتر ده‌رده‌كه‌ون، شه‌ڕی شیعه و سوننه، ده‌ستوه‌ردانی ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تی، نیه‌ت خراپی و خۆدزینه‌وه‌ی عه‌ره‌ب له خواست و ماف و ئازادیه نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی كورد، زه‌قبوونه‌وه‌ی كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا، جیاوازی و دژه روانین بۆ جۆر و شێوازی سیسته‌می فه‌رمانڕه‌وایی و زۆر نیشانه‌و كار و كاردانه‌وه‌ی تر، له رووی سیاسی و سه‌ربازی و ئابووری و په‌یوه‌ندی نێوده‌وڵه‌تیه‌وه عێراقیان به‌ره‌و دابه‌ش بوون بردووه، ئه‌وه‌ی ماوه‌ته‌وه دابه‌ش بوونه جوگرافیهكهیه كه ئێستا شیعه و سوننه شه‌ڕ له‌سه‌ر فراوانكردنی سنووری ژێر ده‌سه‌ڵاتیان ده‌كه‌ن، كوردیش له‌لای خۆیه‌وه هه‌وڵه‌كانی له‌سه‌ر دیاریكردنی سنووره مێژوویی و جوگرافیه‌كانی خاكی خۆی چڕ كردوونه‌وه.
ئێستا شیعه و سوننه به هێزی توندڕه‌وی میلیشیا و پشتیوانی ده‌ره‌كی شه‌ڕی سڕینه‌وه و پاكتاوی یه‌كتری ده‌كه‌ن، شیعه له‌و شه‌ڕه‌دا ناكۆكیه سیاسی و حزبییه‌كانی ناوخۆی وهلاناون و زیاتر گوێ له فتوای (مه‌رجه‌ع) ده‌گرێ، له پێناو سه‌ركه‌وتن ده‌جه‌نگێ و له ناوچه سوننهنشیهكان ته‌ڕ و وشك به‌یه‌كه‌وه ده‌سووتێنێ، به هاتنی ئێرانیه‌كانیش بۆ ناو جه‌نگه‌كه مه‌ترسی تۆڵه كردنه‌وه‌ی شه‌ڕی هه‌شت ساڵه‌ی لای سوننه‌كان درووست كردووه، له به‌رامبه‌ریشدا سوننه‌كان وه‌ك وه‌ڵامێك بۆ په‌راوێز خستنیان له پرۆسه‌ی سیاسی و كاردانه‌وه‌یه‌ك بۆ ئه‌و ته‌وژمه شیعهگهراییهی له ئێرانه‌وه هه‌ڵی كردووه، په‌نا بۆ هه‌ر شتێك ده‌به‌ن كه بیانپارێزێ به حوكمی توندڕه‌و و تیرۆریستخوازی (داعش) یشه‌وه، بۆیه ناكرێ نكولی له‌و راستییه بكرێ كه ئه‌وه‌ی رووده‌دات شه‌ڕی نێوان شیعه و سوننه نییه و دابه‌ش بوونی عێراقی لێناكه‌وێته‌وه، ئه‌وه‌ش عێراقی خستۆته ناو گێژاوی شه‌ڕێكی درێژخایه‌نی مه‌زهه‌بی و به‌رده‌م ئه‌گه‌ری دابه‌ش بوون.
كورد له به‌یه‌كه‌وه لكاندنی عێراقدا زه‌ره‌رمه‌ندترین پێكهاته بوو، بۆیه گومان له‌وه‌دا نییه ئه‌گه‌ر به وریایی و ئامانجی نه‌ته‌وه‌ییه‌وه بچێته ناو رووداوه‌كان له دابه‌ش بوونه‌كه‌دا سوودمه‌ندترین پێكهاته ده‌بێ، وه‌ك به رووداوه‌كانه‌وه دیاره شیعه وه‌ك شیعه و به رێنمایی مه‌رجه‌عی دینی و پشتیوانی هێزی سه‌ربازی ئێران هاتۆته ناو رووداوه‌كان و بۆ باڵاده‌ستی شیعه‌ش ده‌جه‌نگێ، سوننه‌ش وه‌ك سوننه و به ئامانجی پێش‌گرتن به سیاسه‌تی فراوانخوازی هیلالی شیعه له رووداوه‌كان ده‌ڕوانێ، كوردیش بۆ ئه‌وه‌ی له دابه‌ش بوونهكهشدا دۆڕاو و زه‌ره‌رمه‌ندی یكه‌م نه‌بێ، پێویسته كه‌ڵك له مێژوو وه‌ربگرێ و به هه‌ڵوێستی تهنهوهییهوه بچێته ناو رووداوه‌كان، لێره‌دا پرسیاره گرنگه‌كه ئه‌وه‌یه: ئایا كورد به‌كام هه‌ڵوێست و بۆ چ ئامانجێك ده‌چێته ناو رووداوه‌كان؟
پێشتر ئاماژه‌مان بۆ ئه‌وه كرد كه عێراق له‌سه‌ر لێواری دابه‌ش بوونه، جا ئه‌گه‌ر دابه‌ش ببێ یان به یه‌كگرتوویی بمێنێته‌وه، ده‌بێ كورد بۆ هه‌ردوو ئه‌گه‌ره‌كه خۆی ئاماده بكات، چونكه له ئه‌گه‌ری یه‌كه‌مدا كه دابه‌ش بوونه چ شیعه یان سوننه هه‌وڵده‌ده‌ن چه‌ندی بۆیان بكرێ له خاكی كوردستان بڕ بده‌ن و پێگه‌ی عرووبه‌ی له‌سه‌ر به‌هێزن بكه‌ن، له ئه‌گه‌ری دووه‌میشدا كه مانه‌وه‌یه‌تی وه‌ك ده‌وڵه‌تێكی پڕ قه‌یران و كێشه، هه‌وڵده‌ده‌ن كورد بگێڕنه‌وه ژێر ده‌سه‌ڵات و هه‌یمه‌نه‌ی عرووبه، ئه‌وه‌ش ده‌رگاكانی پاراستنی ده‌ستكه‌وته‌كان و سه‌روه‌ریه نه‌ته‌وه‌ییه‌كان له‌به‌رده‌م كورد داده‌خات، بۆیه پێویسته كورد به هه‌ڵوێستی نه‌ته‌وه‌یی و بۆ به‌ده‌ستهێنانی ئامانجه نه‌ته‌وه‌ییه‌كان بچێته ناو رووداوه‌كان، ئه‌وه‌ی لێره‌دا جێگای خۆشحاڵییه پێچه‌وانه‌ی رابردوو له‌ناو هه‌موو حزب و لایه‌نه‌كاندا شۆڕشگێڕ و كوردپه‌روه‌ران شه‌رمی حزبی ده‌شكێنن و ده‌نگی نه‌ته‌وه‌یی به‌رز ده‌كه‌نه‌وه.
ئه‌وه‌ی تا ئێستا پرسی كوردی وه‌ك پرسێكی نه‌ته‌وه‌یی له‌ناو رووداوه‌كاندا به ئاقاری جیاجیادا ده‌برد، ئه‌و ده‌نگه حزبیانه بوون كه دوور له ئامانجی نه‌ته‌وه‌یی و له‌ژێر هه‌ژموونی حزبی و، له‌ناو حزبیشدا بۆ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندی ده‌سته‌و گرووپێكی دیاریكراو به‌رز و نزمیان پێده‌كرا، به‌ڵام وه‌ك ده‌بینین ئێستا ئه‌و ته‌لیسمه حزبیه خه‌ریكه له‌سه‌ر ده‌ستی چه‌ند سه‌ركرده‌یه‌كی سیاسی و سه‌ربازی مشوورخۆری ناو حزب و لایه‌نه‌كان تێكده‌شكێنرێ، ئه‌وه‌تا له‌ناو هه‌موو حزبهكانداو له‌سه‌ر ئاستی ئه‌ندامانی سه‌ركردایه‌تی و مه‌كته‌ب سیاسیه‌كان، ده‌نگه نه‌ته‌وه‌ییه‌كان وه‌ك پشتیوانی له هه‌ڵوێسته نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانیه‌كانی سه‌رۆك بارزانی ده‌رده‌كه‌ون، شكاندنی په‌رژینه حزبیه‌كان و ده‌ركه‌وتنی ئه‌و ده‌نگه نه‌ته‌وه‌ییانه له قۆناغێكی وا هه‌ستیار و چاره‌نووسسازدا، جگه له‌وه‌ی وه‌رچه‌رخانێكی مێژووییه‌و هه‌ست كردنه به به‌رپسیارێتی نه‌ته‌وه‌یی و په‌رۆشییه بۆ خوێنی شه‌هیدان و ره‌نج و ماندووبوونی ره‌نجكێشان، گرنگیه‌كی تریشی هه‌یه ئه‌ویش كز بوونی ده‌نگه حزبیه‌كانه له به‌رامبه‌ر ده‌نگه نه‌ته‌وه‌ییه‌كان، كز بوونی ده‌نگه حزبییه‌كان و ده‌ركه‌وتنی ده‌نگه نه‌ته‌وه‌ییه‌كان زۆرێك له هاوكێشه‌كان ده‌گۆڕێ، به تایبه‌تیش كه ده‌نگه نه‌ته‌وه‌ییه‌كان له هه‌ر شوێنێك بن ده‌بنه پشتیوانێكی به‌هێزی هه‌ڵوێسته نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانیه‌كانی سه‌رۆك بارزانی، به‌وه‌ش كێشه‌ی كورد له ناو رووداوه‌كاندا هه‌م وه‌ك كێشه‌یه‌كی خاوه‌ن ئامانجی نه‌ته‌وه‌یی ده‌ناسرێ و له كێشه‌ی مه‌زهه‌بی نێوان شیعه و سوننه‌ی جیاده‌كرێته‌وه، هه‌میش رێگه له گه‌مه‌ی مه‌ترسیداری حه‌شدی شه‌عبی و هه‌ر نه‌یارێكی تری كورد ده‌گیرێ كه به مه‌به‌ستی پیلانگێڕی خۆیان ده‌خزێننه ناو ماڵی كورد.
