بۆ هەموو جەماوەری گەلەکەمان لە سەرانسەری کوردستاندا. بۆ هەموو پارت و ڕێکخراوە کوردیەکان، بۆ دەزگاکانی خویندن، نوسەرو مێژوونووسەکانی کوردستان . پارتی ناسێۆنالیستی کورد پێشنییاری ئەم ئاڵایەی سەرەوەی کردووە بۆ کوردستانی مەزن. بەپێی پێکهاتەی ئەم ئاڵایە هەر چوار پارچەی کوردستانی لە باوەش گرتووە. کاتێک لێ ورد دەبینەوە هەر چوار پارچەی کوردستانی تێدا دەخوێنینەوە بێ ئەوەی مێژوو و ڕەسەنایەتی خۆی لەدەست دابێ.
ئێمە ئەوە دەزانین کە کوردستان لە دیرۆکێکی کۆنەوە پارچە پارچە کراوە، ئەمەش وای کردوە کە پارچەکان لێک دورکەونەوەو و تارەدەیەک گۆڕانکاری بەسەر زمان و کەلتورو دابونەریتیاندا بێت و، لەوانەیە تێکەڵ کردنەوەیان کارێکی ئاسان نەبێت. دروست بونی دەوڵەتێکی یەکگرتوو کە لە ناوەندەوە بەڕێوە ببرێت کاریکی زۆر سەخت و دژواردە بێت، چونکە لە هەر پارچەیەکدا چەندەها پارتی زلهێز هەن کە سەختە جگە لە خۆیان کەسی تر قبوڵ بکەن. مێژووش سەلماندویەتی بۆ ئەوەی بتوانی دەوڵەتێکی گەورە بە کەمترین کێشەوە بەڕێوە ببەی، باشترین کار ئەوەیە کە ئەو دەوڵەتە بۆ چەند ناوچەیەک دابەش بکەیت. نموونەی ئەم جۆرە دەوڵەتانەش زۆرن وەک ووڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا، مەملەکەتە یەکگرتوەکانی بەریتانیاو ڕوسیای فیدڕاڵ و شانشینە یەکگرتوەکانی ئیمارات. . .
هەروەها مێژووش سەلماندویەتی کە ووڵاتە بچوکەکان باشتر بەڕێوەدەچن لە ووڵاتە گەورەکان، گەر تەماشایەکی شانشێنە عەرەبەکانی کەنداو و وڵاتەکانی ئەسکەندەناڤی بکەین باش لەوە دەگەین.
ئەم ئاڵایەیی سەرەوە بەڕای ئێمە زۆر جوان پێناسەی کوردستانی مەزن دەکاو هێمای هەر چوار پارچەکەشی تێدایە. لە ئایندەدا هەر بەشیک دەتوانێ ئاڵای تایبەتی خۆی هەبێ، بەڵام ئەم ئاڵایە وەک ئاڵای کوردستانی مەزن دەمێنێتەوە و هیماییە بۆ یەک پارچەیی ئەم ووڵاتە. گەر تەماشایەکی بەریتانیاو ئەمریکا بکەین دەبینین، هەر یەکە لە ویڵز، ئینگلتەرا، سکۆتلەندو ئیرلەندی باکور ئاڵا یتایبەتی خۆیان هەیەو هەمووشیان لە ئاڵایەکدا کۆ کراونەتەوە کە ئاڵای بەریتانییایە. هەروەها ووڵاتە یەکگرتوەکانیش ئاڵای خۆی هەیە کە هێمایە بۆ هەر پەنجاو دوو ویلایەتەکەو، هەر یەکێک لە ویلایەتەکانیش ئاڵای تایبەت بە خۆیان هەیە.
وەک خوێندنەوەمان بۆ داهاتوو، کوردستان دەبیتە وڵاتێکی فیدراڵی و لە چوار پارچە پێکدێت. کە تاڕادەیەک سەربەخۆیی خۆیان پاراستووە لە وڵاتێکدا لە ژێر ناوی وڵاتە یەکگرتوەکانی کوردستان، یا کوردستانی فیدڕاڵ یان هەر ناوێکی تر.
ئێمە لێرەوە داوا لە زانکۆکانی کوردستان، میژوونووس، ئەدیب و ڕۆشنبیرانی گەلەکەمان، پارت و ڕیکخراوە کوردیەکان دەکەین کە هەڵسەنگاندن بۆ کارەکەمان بکەن .
دەستەی دامەزرێنەری پارتی ناسێۆنالیستی کورد
١٧/١٢/٢٠١٣
ئهو بابهتانهی له کوردستان نێت دا بڵاودهکرێنهوه، بیروبۆچوونی خاوهنهکانیانه، کوردستان نێت لێی بهرپرسیار نییه.
