ئێمە خەڵکی کوردستان پاش چەند ڕۆژی تر یادی ١٧ی شوبات لە پێشمانە.یادی بزووتنەوەی ناڕەزایەتی خەڵکی کوردستان کە بە دژی دەسەڵاتی خۆجێیی کوردیو بەرامبەر بە نایەکسانیو نادادپەروەریو دەسەڵاتی گەندەڵی بنەماڵەو حزبەکانیان لە ١٧ی شوباتدا بۆ ماوەی٦٢ ڕۆژی بەردەوام مەیدانی زۆرێک لە شارەکانی کردبووە شانۆی ڕاستەوخۆی نا ووتن بە دەسەڵاتی پارتیو یەکێتی.دوو ساڵ بەسەر بزووتنەوەی ١٧ی شوباتدا تیدەپەڕێو هێشتا هیچ کام لە خواستەکانی خەڵکی بەشمەینەتی کوردستان، کە بە درێژایی ٦٢ ڕۆژ پڕ بە گەروویان داواینکردو لە پێناویاندا قوربانییان دا بەدینەهاتوون.بگرە نایەکسانیو ناعەدالەتی لە هەڵکشانی زیاتردایە، گەندەڵی تا دێ بەرفراوانتر دەبێتەوە، لەژێرپێنانی یاسا لە لایەن دەسەڵاتدارانو حزبەکانو کۆمپانیاکانیانەوە بەرجەستەتر دەبێتەوە، وە بۆ ڕاگرتنی هەموو ئەو سیستەمە سەروخەڵکیو بنەماڵەییو پڕگەندەڵییە، سەرکوتو تۆقاندن ئاشکرا ترو بێپەردەترو توندتر دەبێتەوە.دیارترین نموونەی ئەو سەرکوتەش مامەڵەی چەواشەکارانەی دەسەڵاتە لەگەڵ کەیسی قوربانیەکانی ١٧ی شوباتو ڕادەستنەکردنی بکوژانی خۆپیشاندەرانە بە دادگا.
دوو ساڵ بەر لە ئێستا، دوای بەرپابوونی ڕاپەڕینی جەماوەری لە تونس و میسرو هێنانەخوارەوەی دوو لە دیکتاتۆرەکانی جیهانی عەرەبی، جەماوەری ستەملێکراو و ئازادیخوازی کوردستانیش پاش نائومێدبوونیان لە بەدیهاتنی هەر چەشنە چاکسازیەک لەلایەن دەسەڵاتی جووتحزبیی پارتیو یەکێتییەوە، بە شەپۆلی هەزاران کەسی ڕژانە گۆڕەپانو شەقامەکانی زۆرێک لە شارەکانی کوردستانەوە، بە دروشمە ئازادیخوازانەکانیان لاپەڕەیەکی نوێیان لە مێژووی خەباتی جەماوەریی خۆیان تۆمار کرد.سەرەنجام دەسەڵاتدارانی کوردستان تەنها لە ڕێگای زەبرو زەنگو تۆقاندنو ڕاگەیاندنی حکومەتی سەربازییو هێنانی هێزی چەکدار لە ناوەوەو لە دەرەوەی هەرێمەوە، توانیان ئەم خۆپیشاندانو سەرهەڵدانە گەورە جەماوەریانە سەرکوت بکەنو چەند دەمێکیتر بۆ تەمەنی دەسەڵاتی گەندەڵو پڕ لەتاوانیان زیادبکەن.
دەسەڵاتدارانی هەرێم لە جیاتی گوێگرتن لە خواستەکانی خەڵکی ناڕازیو ڕاپەڕیو، بە دەستڕێژی چەک وەڵامی خۆپیشاندانەکانی ١٧ی شوباتیان دایەوە، بەو هۆیەشەوە هەر لە هەفتەی یەکەمەوە ١٠ شەهید و سەدان برینداری لێکەوتەوە، بەلام تاوانبارانی ئەم تاوانە گەورانە دوای دوو ساڵ هێشتا لە پلەو پۆستەکانیاندا ماونەتەوەو ئازادانە دەسورێنەوە.سەرباری ئەوەی سەرۆکی (هەرێم و حکومەتی پێشوو و پەرلەمان) بە نوسینو بە بڕیار بەڵێنیان دا کە دەبێ دادگاکان ڕێچکەی سروشتی بەرانبەر هەموو ئەوانە بگرنە بەر کە تەقەیان لە خەلک کردوە، هاوکات بەڵێنی جێبەجێکردنی هەندێ لە داخوازیەکانی خۆپیشاندەرانیشیان دا، بەلام لە بواری پراکتیتکیدا، ئێستاشی لەسەر بێت هیچ یەکێ لەو پەیمانانەی مەسعود بارزانی، بەرهەم سالح و پەرلەمان نەچۆتە بواری جیبەجێکردنەوە.بگرە بە پێچەوانەوە جگە لەوەی بەو پەیمانو بەڵێنانە کاتیان کوشت تا نارەزایەتیەکان خامۆش ببنەوە، دادگاکانیان کردە مەیدانی لێپێچینەوە لە چالاکوانەکانی خۆپێشاندانەکانو برایمی کاکە ئەحەو بیلال نوریو نزار محەمەدیان ڕاپێچی زیندان کرد، هاوکات دەستیان کرد بە هەلمەتی گرتن و ئەشکەنجەدان و شوین بزرکردنی سەرجەم هەڵسوڕاوانی نارەزایەتیەکانی ١٧ شوباتو بەمجۆرە سیمای ترس و تۆقاندنیشیان بەنێو خەڵکی ناڕازیدا بڵاوکردەوە.
ئێمە لە یادی ١٧ی شوباتو ڕاپەڕینی ٦٢ ڕۆژەی جەماوەری کوردستاندا کە بۆ شکاندنی دیواری وەهم و ترس لە دەسەڵاتدارانی کوردستان پێی نایە مەیدان، سەرەڕای پێ داگیریمان لەسەر تەواوی خواستە ڕەواکانی جەماوەری خۆڕاگر، بە پێویستی دەزانین کە ئەم ساڵ سەرەڕای بەرزکردنەوەی ئەو داواکاریانە، جووڵانەوەیەکی فراوان لە ناوەوەو لە دەرەوەی کوردستان بۆ بەدەستهێنانی ئەم خواستە دەستبەجێیانە بێتە مەیدان:
١- پێویستە هەموو تەقەکەرانو ئەو تاوانبارانەی دەستدرێژیو تاوانیان بەرامبەر خەڵکی خۆپێشاندەر کردوە، لە هەر پلە و ئاستێکدا بن لە لایەن دەسەڵاتدارانەوە تەسلیم بە دادگا بکرێن.چیتر کەس فریوی بەڵێنی ناڕاست و کات کوشتن ناخوات.
٢- ئێمە لە کاتێکدا کە پشتگیری تەواوی خۆمان بۆ داخوازیەکانی خۆپیشاندەرانی ١٧ شوبات و بنەمالەی قوربانیانی دەردەبڕین، ڕایئەگەیەنین لە ووڵاتی هۆڵەنداوە کەیسەکانیان بەکراوەیی دەهێڵینەوەو کارو خەباتی لەسەر دەکەین وەک تاکو ئێستا کردومانە.
هەروەها داوا لە تەواوی خەلکی کوردستان و پارت و ڕێکخراوەو کەسایەتیە مەدەنی و سیاسیەکان دەکەین کە خۆیان بۆ کارو چالاکی بۆ یادکردنەوەی ١٧ی شوبات سازو ئامادە بکەن.
ئێمە لە هۆڵەندا بۆ ئەم یادە ئامادەکاری بۆ کارو چالاکی دەکەین، وە بانگەوازی گشت پارتو ڕێکخراوەو کۆمەڵە کوردییەکان و خهڵكانی دڵسۆز بهداواکانی جەماوەری ناڕازیی کوردستان ئەکەین، پێکەوە هاوئاهەنگی بکەین بۆ کارو چالاکی بۆ یادکردنەوەی بزوتنەوەی جەماوەری ١٧ی شوبات، وە هەموو پێکەوە لە دەوری خواستهکانی ١٧ شوبات و دادگاییکردنی تاوانبارانی بکوژی خۆپیشاندەرانی ئەو بزووتنەوەیە کۆببینەوە.
خانەی ئازادی هۆڵەندا
٢٣-١-٢٠١٣
ئهو بابهتانهی له کوردستان نێت دا بڵاودهکرێنهوه، بیروبۆچوونی خاوهنهکانیانه، کوردستان نێت لێی بهرپرسیار نییه.
