سەنتەرى میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە مافى ڕۆژنامەنوسان
بەیاننامەى ڕۆژنامەوانى
پێشوازی لە یاسای مافی بەدەستهێنانی زانیاری دەکەین
مەترسی ئەوەشمان هەیە مادەی 15 بکرێتە پاساو بۆ شاردنەوەی زانیاری،
سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لەمافی رۆژنامەنوسان، رایدەگەینێت
5ى حوزەیرانى 2013، سلێمانى – هەرێمى کوردستان:
یاسای مافی بەدەستهێنانی زانیاری تا رادەیەکی باش لەگەڵ پێوەرە نێودەوڵەتێکاندا گونجاوەو پێشوازی لێدەکەین. داواش لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکەین بەزوترین کات واژوی بکات، تا بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە. ئەمە لەگەڵ ئەوەى مەترسی ئەوەشمان هەیە مادەی 15 لە یاساکەدا بکرێتە پاساو بۆ شاردنەوەی زانیاری
لە 20 ساڵی رابردوودا پەرلەمانء حکومەت خەمساردبوون بۆ دەرکردنی یاسای مافی بەدەستهێنانی زانیاری. زۆرێک لە دامەزراوە نهێنییەکانی حکومەتیان کردبووە پاساو بۆ شاردنەوەی دۆسییەکانی گەندەڵی هەر ئەم پرەنسیپەش ببووە خۆراکی گەندەڵکاران. ئەگەر گرنگی پێبدرایە رۆڵێکی گرنگی دەبوو لە قوڵکردنەوەی پرەنسپی لێپرسینەوەو شەفافیەت ووشککردنی سەرچاوەکانی گەندەڵی .
رۆژی سێشەممە 4ی حوزەیرانى 2013، فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی کوردستان یاسای مافی بەدەستهێنانی زانیارییان پەسەندکرد سەرباری مشتومڕێکی زۆر لەسەر مادەی 15 پرۆژە یاساکە.
بەپێی مادەی 15ی یاساکە دامەزراوەی گشتیو تایبەتی مافی رەتکردنەوەی پێدانی زانیاری هەیە ئەگەر لەبارەی نهێنییە تایبەتیەکانی بەرگریو ئاسایشی هەرێمەوە بێت یان کاریگەری هەبێت لەسەر بەڕێوەچونی دانوستانەکانی هەرێم لەگەڵ هەر لایەنێکی تر کە رێککەوتن لەسەر بەنهێنی هێشتنەوەی کرابێت، لەگەڵ ئەو زانیاریانەی ئاشکراکردنیان کاریگەری دەبێت لەسەر بەڕێوەچونی لێکۆڵینەوەو دادگایکردن، تۆماری تایبەتیو نهێنیەکانی پیشەی تاکەکەس بەبێ رەزامەندیی خۆی. . هەروەک ماوەی 20 ساڵی بۆ ئاشکراکردنی هەندێ زانیاری داناوە .
سەنتەری میترۆ رادەگەیەنێت پێویستمان بە یاسایەک هەبوو تا زانیارییەکان لە لایەن دامەزراوەی گشتییەوە بدرێنە هاوڵاتیان و ڕۆژنامەنوسان، ئێستا خاوەنی ئەو یاسایەین. بەڵام بەتەنها دەرکردنی یاسایەک مافی گەیشتن بە بەدەستهێنانی زانیاریمان بۆ زامن ناکات. پێویستمان جێبەجێکردنێکی کارای ئەم یاساییە هەیە.
نەتەوە یەکگرتووەکان هەندێ پرەنسیپیان راگەیاندووە کە پێویستە لەکاتی دەرکردنی یاسای نیشتمانی، پابەندبوو بە زامنکردنی ئەوپەڕی سنوری ئاشکراکردنی زانییارییەکان. ئەم پرەنسیپەیش لەسەر ئەو بنچینەیە داڕێژراوە، کە هاوڵاتیان بە سەلامەتی ء بێ سەرئێشە بگەنە ئەو زانیاریانەی کە لە لای دامەزراوەی گشتی پارێزراون.
سەنتەری میترۆ وادەبینێت خاڵە (جوێکراوەکان- استسنا ْ) بە وردی دانەڕێژراون مەترسی ئەوەمان هەیە مادەی 15 بکرێتە پاساو بۆ شاردنەوەی زانیاری. یان رێگەخۆش بکات، فەرمانبەرانی بواری گشتی بە ئارەزوی خۆیان زانیاری بشارنەوە.
جەختدەکەینەوە"دەبێت لە زروفی زۆر دیاریکراودا حکومەتء فەرمانگەکانی زانیاری بڵاونەکەنەوە وەک ئەوانەی دەبنە هۆکارێک بۆ چونە ناو تایبەتمەندی خەڵک، یان بەراستی هەڕەشە بن بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانیء رێرەوەی لێکۆڵینەوی دادگاکان، یان دەبنە هەڕەشە بۆ سەر سەلامەتی گشتی یان سەلامەتی تاک. "
مافی بەدەستهێنانی زانیاری کاتێک وەک مافێک مانای دەبێت کە وەڵامدانەوەکان لە کاتێکی گونجاودا بن بۆ رۆژنامەنوسانء هاوڵاتیان. سەرباری ئەوەی دەبێت یاساکانی تریش بگونجێنین لەگەڵ ئەم یاسایە بە شێوەیەک ناکۆک نەبن لەگەڵ ئەو پرنسیپانەی لە یاسای مافی بەدەستهێنانی زانیاری ئاماژەی بۆ کردوە. هەر وەک دەبێت ئەو فەرمانبەرانە لەهەر سزاییەکی یاسایی یان کارگێڕی بپارێزرێن کە بە پێی یاساکە زانیاری دەدەن بە رۆژنامەنوسان.
سەنتەری میترۆ بڕیاریدا بە پێکهێنانی لیژنەیەک بەناوی مافی زانین بۆ چاودێریکردنی یاساکە لەپاڵ چاودێکردنی یاسای کاری رۆژنامەنوسی.
سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە رۆژنامەنوسان رایگەیاند دەرکردنی یاسای بەدەستهێنانی زانیاری هەنگاوێکی گرنگ دەبێ بە ئاراستەی فراوانکردنی بەشداری هاوڵاتیانء میدیاو رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی بۆ بەهێزکردنی پرەنسیپی شەفافیەتء لێپرسینەوەو بەرەنگاربونەوەی دیاردەی گەندەڵی.
لە دانیشتنی ژمارە یەکی ساڵی 1946 کۆمەڵەی نەتەوەەکگرتوەکان، بڕیاری ژمارە 59ی دەکرد، کە تیایدا هاتوە: ئازادی گەیشتن بە سەرچاوەکانی زانیاری مافێکی بنەڕەتی مرۆڤە و بەردی بناغەی هەموو ئەو ئازادیانەن کە نەتەوەیەکگرتوەکانن بانگەشەی بۆ دەکات.
مادەی 19 لە جاڕنامەی گەردونی مافی مرۆڤ، هەموو کەسێک مافی هەیە بە ئازادی بیرو رای خۆی دەربڕێت. ئەم مادەیە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، هەموو کەسێک بە بێ ترسء دڵەڕاوکێ بڕوای تایبەت بەخۆی هەبێت لە بەدەستهێنانی زانیاری وبڵاوکردنەوەیان بەئازادی.
لە مادەی 13 رێکەوتنامەی نەتەوەیەکگرتوەکان بۆ بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی کە لە تشرینی یەکەمی ساڵی 2003بریاری لەسەر درا، جەخت لەسەر گرنگی گەیشتن بە زانیاری دەکات بە ئامانجی زامنکرکدنی بەشداری گشتی لە بەرەنگابونەوەی دیاردەی گەندەڵی لە وڵاتەکانیاندا. رێکەتنامەکە داوا لە وڵاتان دەکات مافی گەیشتن بە زانیاری زامن بکەن، گرنگی بە بڵاوکردنەوەی ئەو زانیاریانە بدەن کە پەیوەندیدارن بە دۆسیەکانی گەندەڵی.
سەنتەرى میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە مافى ڕۆژنامەنوسان، ڕێکخراوێکى سەربەخۆى قازانج نەویستە لە ساڵى 2009 لە شارى سلێمانى لە لایەن کۆمەڵێک ڕۆژنامەنوسەوە دامەزراوە، لە ساڵى 2010 لە کۆنفرانسێکدا لە شارى هەولێر ئەندامانى بۆردی ڕێکخراوەکە هەڵبژێردران.
بۆ پەیوەندیکردن:
رەحمان غەریب ـ بەڕێوەبەرى سەنتەرى میترۆ - 07701523300
ئاوات عەلى ـ ڕێکخەرى سەنتەرى میترۆ – 07701435822
نیاز عەبدوڵا ـ ڕێکخەرى سەنتەرى میترۆ لە شارى هەولێر ـ 07504617014
ئهو بابهتانهی له کوردستان نێت دا بڵاودهکرێنهوه، بیروبۆچوونی خاوهنهکانیانه، کوردستان نێت لێی بهرپرسیار نییه.
