میترۆ: داواکارین دەزگا ئەمنییەکان ئەنجامى لێکۆڵینەوەی هێرشەکەى سەر ئێن ئار تى ئاشکرابکەن
سلێمانی، 9ی شوباتی 2013 :
سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە مافى رۆژنامەنوسان ئیدانەی فشارەکانی سەر رۆژنامەنوسانی کەناڵی ئین ئارتی ئەکاتء پشتیوانی خۆی بۆ میدیاکارانی ئەو کەناڵە دەردەبڕێت، داواش لە دەزگا ئەمنییەکانى شارى سلێمانى دەکات لەکورترین ماوەدا ئەنجامى لێکۆڵینەوەکانى ئەو تەقینەوەیەى سەربانى کەناڵەکە ئاشکرابکەن.
رۆژی پێنج شەممەى رابردوو حەوتی شوبات، کۆمەڵێک هاوڵاتی چونە سەر ئۆفیسى سەرەکى کەناڵی ئین ئاڕ تی لەشاری سلێمانیء پەنجەرەی پرسگەکەیان شکاندء لەژێر گوشار و هەڕەشە دا داوایان کرد کەناڵەکە داوای لێبوردن بکات لەسەر ئەو هەواڵێک کە پەیوەندی بە روداوی کوشتنی هاوڵاتیەکی شاری سلێمانییەوە هەبوو.
هەروەها ئەمڕۆ شەممە نۆى شوبات، کۆمەڵێک لە لایەنگرانی پاراتی دیموکراتی کوردستان لەبەردەم ئەو کەناڵە گردبونەوەو داوایان لە بەرپرسانی کەناڵەکە کرد داوای لێبوردن بکەن لەسەر ئەو قسانەی هاوڵاتییەک لەبەرنامەیەکی راستەوخۆدا بەرامبەر سەرکردەى کۆچکردوو مەلا مستەفا بارزانی وتویەتی.
لەهەردوو روداوەکەدا، نوێنەرانى سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە رۆژنامەنوسان ئامادەبوون، کە تیایدا هەریەک لە توانا عوسمان بەڕێوەبەرى گشتى ء عومەر دڵپاک بەرێوەبەری ئیدارەى کەناڵەکە، داوای لێبوردنیان لەو کەسانە کرد کە کەناڵەکە هەستی بریندارکردبوون.
کەناڵی ئێن ئار تی ئەمرۆ شەممە بەیاننامەیەکى بڵاوکردەوەو رایگەیاند "ئەو هێرشانەی جارجارێک هەندێک هاوڵاتى لەبەرنامە ڕاستەوخۆ کاندا دەیکەن، خراپ بەکارهێنانى کەناڵەمانە لەکاتى پەخشى ڕاستەوخۆدا کە ئاسان نییە کۆنترۆڵ بکرێت و بەشێکە لەسلبیاتەکانى تەکنەلۆجیاى پەخشى ڕاستەوخۆى تەلەفزیۆن. "
هەر لەو بەیاننامەیەدا سەلامەتى ستافەکەیان لەسەرجەم پارێزگاو شار و شارۆچکەکانى هەرێمى کوردستان خستە "ئەستۆى پارتى دیموکراتى کوردستان و حکومەتى هەرێمى کوردستان" جەختیشدەکەنەوە "ئەگەر حکومەتى هەرێم ئامادە نییە بمانپارێزێت، ناچارین داوا لەخەڵکى کوردستان بکەین بمانپارێزن. "
هەر دواى ئەو ڕووداوانە ئێوارەى ئەمڕۆ شەممە تەقینەوەیەک لەسەربانى بیناى تەلەفزیۆنى ئێن ئار تى روویدا و هیچ زیانێکى گیانى بەدواوەوە نەبوو.
سەنتەرى میترۆ ئیدانەى هەر هێرش و گوشارێک دەکات بۆ سەر کەناڵەکانى راگەیاندن و رۆژنامەنوسان و بەتایبەتیش داوا لەدەزگا ئەمنییەکانى شارى سلێمانى دەکات بە ووردی و لە کورترین ماوەدا ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان لەو تەقینەوەیە ئاشکرابکەن.میترۆ داواش لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات سەلامەتى گیانى رۆژنامەنوسانى کەناڵەکە بپارێزێت.
هەر وەک داواش لەهاوڵاتیانى هەرێمى کوردستان و سەرجەم لایەن سیاسییەکان دەکات کە لەبەرامبەر "تاوانەکانى بڵاوکردنەوەدا" پەنا بۆ دادگابەرن، وەک ناوەندى یەکلاکردنەوەى ئەو کەیسانە.
سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە رۆژنامەنووسان، رێکخراوێکی سەربەخۆیە بۆ بەرگری لە رۆژنامەنووسان و مافەکانیان.ساڵی 2009 دامەزراوە، نوسینگەی سەرەکی لە شاری سلێمانییە، ئەم رێکخراوە، لە هەرێمی کوردستان، نوێنەرایەتی روانگەی ئازادییە رۆژنامەنووسییەکان (JFO) دەکات کە نوسینگەی سەرەکی لە بەغدایە.
کۆتایی
Rahman Gharib
Metro Center Coordinator
Iraqi Kurdistan
Cell Phone: +964 770 152 3300
Email:
ئهو بابهتانهی له کوردستان نێت دا بڵاودهکرێنهوه، بیروبۆچوونی خاوهنهکانیانه، کوردستان نێت لێی بهرپرسیار نییه.
