ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری كوردستان نامه‌ی كه‌سوكاری قوربانیانی ئه‌نفالی وه‌رنه‌گرت
ئه‌مڕۆ چوارشه‌مه 10ی نیسان له 25ه‌مین ساڵیادی ئه‌نفالدا ده‌یان كه‌س له نوێنه‌ری رێكخراو هه‌ندێك له پارته سیاسییه‌كان و بنه‌ماڵه‌ی قوربانیانی ئه‌نفال له به‌رده‌م ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری كوردستان كۆبونه‌وه‌یه‌كیان ئه‌نجامدا، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگای داخه ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری جگه له‌وه‌ی ئاماده‌ی هیچ لێدوانێك نه‌بوون بۆ كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندن سه‌باره‌ت به پرسی دادگایی تاوانبارانی ئه‌نفال، هاوكات ده‌قی داواكارییه‌كه‌شیان وه‌رنه‌گرت.
ئه‌و لایه‌نانه‌ی به‌شداری گردبونه‌وه‌كه‌ی ئه‌مڕۆیان كرد بۆ پشتیوانی له داواكاری بنه‌ماڵه‌ی قوربانیانی ئه‌نفال بریتی بوون له: (رێكخراوی كوردستان بێ جینۆساید Kurdistan without Genocide ، رێكخراوی چاودێری كوردۆساید-چاك، رێكخراوی ئه‌تاج بۆ پرسی ئابوری و كۆمه‌ڵایه‌تی، رێكخراوی ره‌نگه‌كان بۆ ئازادی، پارتی ئاینده‌ی كوردستان، حیزبی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستان، رێكخراوی جوتیارانی سه‌رده‌م، رێكخراوی هاووڵاتی ئازاد و یه‌كسان، یه‌كێتی لاوانی دیموكراتی له كوردستانی عێراق، بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان، رێكخراوی ژنانی ئازاد (ڕه‌ژاك)، پارتی دیموكراتی كوردستان ناوچه‌ی به‌رده‌ڕه‌ش، كۆمه‌ڵه‌ی داكۆكی له كه‌سوكاری قوربانیانی ئه‌نفالی گه‌رمیان، فیدراسیۆنی رێكخراوه‌كانی دژ به جینۆسایدی كورد) .
به‌هۆی هه‌ڵوێسته‌كانی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ریه‌وه نوێنه‌ران ناڕه‌زایه‌تی توندیان ده‌ربڕی بڕیاریان دا درێژه به داواكارییه‌كانیان بده‌ن.
ده‌قی یاداشتانه‌مه‌كه:
بڕیاره‌كانی خۆتان جێ به‌جێ بكه‌ن
له به‌رواری 5ی ئایاری 2011، ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری كوردستان به بڕیاری به په‌له‌ی ژماره 2 /1/ 943، كه بۆ سه‌رۆكایه‌تی دادگای تێهه‌ڵچونه‌وه‌ی ناوچه‌كانی (هه‌ولێر، سلێمانی، دهۆك، گه‌رمیان) ی ناردووه، به پێی نوسراوی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ژماره 4261له به‌رواری 25-4-2011 و نوسراوی وه‌زاره‌تی شه‌هیدان به ژماره 6947ی به‌رواری 26-10-2010، كه مزه‌كه‌ره‌ی قه‌بزی 258 تۆمه‌تباری ئه‌نفالی له گه‌ڵدا بووه، داوای جێبه‌جێكردنی بڕیاره‌كانی دادگای باڵای تاوانه‌كانی عێراقی كردووه كه له 20ی ئایاری 2007 ده‌رچووه سه‌باره‌ت به گرتنی 258 تۆمه‌تباری ئه‌نفالی دانیشتووی هه‌رێمی كوردستانن. هاوكات وه‌زاره‌تی دادی كوردستان له به‌رواری 5ی یۆلی 2011 به نوسراوی ژماره 694 كه بۆ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاسایشی گشتی له سلێمانی ناردووه داوای ده‌ستگیركردنی تۆمه‌تبارانی كه‌یسی ئه‌نفال ده‌كات. ئێمه به‌شدارانی ئه‌م گردبوونه‌وه‌یه له به‌رده‌م ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری له رۆژی چوارشه‌مه 10ی نیسانی 2013 داواكارین لێتان:
1- رونكردنه‌وه‌مان بده‌نێ دوای 2 ساڵ له ده‌رچوونی نووسراوه به په‌له‌كانتان، چ هه‌نگاوێكتان هه‌ڵهێناوه بۆ ده‌ستگیركردنی تۆمه‌تبارانی ئه‌نفالو دادگاییكردنیان، هه‌روه‌ها له كاتێكدا كه فه‌رمانتان دابوو به سه‌رپه‌رشتیاری دادوه‌ر بۆ بڵاو كردنه‌وه‌ی له راگه‌یاندنه‌كان كه‌چی به ئێستاشه‌وه بڵاوی نه‌كردۆته‌وه.
2- هه‌ر لێره‌وه داواكارین لیستی ناوی تۆمه‌تبارانی ئه‌نفال له لایه‌ن وه‌زاره‌تی دادی كوردستان بدرێته پۆلیسی ئه‌نته‌رپول.
3- دادگاییكردنی تۆمه‌تبارانی ئه‌نفال جگه له‌وه‌ی ویستی بنه‌ماڵه‌ی قوربانیانه هاوكات رێگایه‌كه بۆ پاكبوونه‌وه‌ی به‌شێك زۆر له‌و كه‌سانه‌ی ناویان وه‌ك تاوانبار هاتۆته‌وه، له كاتی ساغنه‌بوونه‌وه‌ی تۆمه‌ته‌كان له سه‌ریان.
4- ئێمه باوه‌ڕمان وایه سسته‌می دادوه‌ری له كوردستان لاوازه و توانای دادگاییكردنی تۆمه‌تبارانی تاوانه مه‌زنه‌كانی نییه، ئێوه‌ش ئه‌مه‌تان سه‌لماند، كوردستان به‌م سسته‌مه دادوه‌رییه‌وه ناتوانێت به‌ره‌و كۆمه‌ڵگایه‌كی مۆدێرن كه یاسا‌و دادپه‌روه‌ری سه‌روه‌ر بێت هه‌نگاو هه‌ڵبنێت.
به‌شداربووانی گردبونه‌وه‌ی به‌رده‌م ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری له 25 ساڵه‌یای یادی تاوانی به‌دناوی ئه‌نفال
10ی نیسانی 2013
كوردستان - هه‌ولێر
https://www. facebook. com/pages/Kurdistan-without-Genocide/129689267191143?ref=hl
ئه‌و بابه‌تانه‌ی له کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه.
