لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، گروپی شار لە ڕانیە ڕاگەیەندرا

لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، گروپی شار لە ڕانیە ڕاگەیەندرا

کاتژمێر (  4  )ی ئەمڕۆ ١١ی نیسان لە بەردەم باخی گشتی ڕانیە گروپی شار لە ڕانیە ڕاگەیەندرا کە لەلایەن کۆمەڵێک ڕۆژنامەوان و چالاکوانی مەدەنی و چین و توێژی جیاواز پێکهێنراوە بەمەبەستی بەرگری کردن لە سامانی گشتی و هەوڵدان بۆ گەڕاندنەوەی موڵکی گشتی بۆ خەڵک و بەرژەوەندی گشتی کە لەلایەن حزبە دەسەڵاتدارەکانەوە لە ڕانیە قۆرخ کراون.

 

بەیاننامەی راگەیاندنی گروپی "شار  "   لە رانیە


هاوشاریانی شاری رانیەى ئازیز. . . سڵاوتان لێبێت. . .
  وەک دەزانن رانیە یەکێکە لەو شارانەى کە خاوەنى مێژوویەکی پڕ لە سەروەری و خەبات و تێکۆشانە لە ساڵانى بەر لە ڕاپەڕین و لە ٥/٣/١٩٩١یشدا بوو بە دەروازەى ڕاپەڕین و لەوێوە تیشکى ئازادى بەرەو شارەکانى دیــــــــکەى کوردستان پەخشبوو. لەو کـــــاتەوە ناوچەکەمان وێڕاى سەروەریەکانی، لە رووی بازرگانی و کشتوکاڵیشەوە بۆتە ناوەندێکى گرنگ و لەسەر ئاستى ناوچەکەو کــــــوردستان پێگەى تایبەتی خۆى هەیە. لە ماوەی نزیک بە ٢٢ ساڵى رابردووشداو لە دواى ئازادى و دامەزراندنى حکومەتى هەرێــمى کوردستان، خەڵکی ئەم شارە لە ململانێ مەدەنی و دیموکراتیەکاندا بە ئامانجى بەرگریکردن لە پارێزگاری لەو شوێن و شوێنەوارانەى کە جـــگە لەوەى موڵکی گشتین، بەشێکى گرنگیش لە ناسنامەى ئەم شارە پێکدەهێنن کەمتەرخەمیان نەنواندوە.
 ئەوەی جێگەی داخە لە ماوەی ئەم هەموو ساڵانەى دەسەڵاتى کوردى، هێشتا بنکە و بارەگاکانی رژێـــمی پێشوو و شوێنە گشتیەکان کە بەدەیان دۆنم زەوی و بیناى جیا جیا دەخەمڵێندرێن لەلایەن حیزبە دەسەڵاتدارەکانى کوردستان بۆ بەرژەوەندیە تایبەتی و حیزبیەکانیان بەکاردەهێنرێن و، چاویان بڕیوەتە بەشێکى دیکەش تا وەک باقی شوێنەکانی دیکە دیزە بەدەرخۆنە و سەوداو مامەڵەیان پێوەبکەن.
 ئەگەر لە رابردوودا بەهۆی هەلومەرجی سیاسی و ئاڵۆزیەکانی رابردوو بۆ کاربەدەستانى حیزبى و حکومى چوبێتە سەر، ئەوا لە ئێستاداو دوای پرۆسەی ئازادی عێراق و ئاڵوگۆرەکانی ناوچەکە و کوردستان، دۆخەکە بە تەواوی گۆرانکاری بەسەرداهاتووەو چیدی خەڵک لەو پەلامارو دەستدرێژیانە بۆ سەر شوێنە گشتیەکانی شار و بەرژەوەندیە گشتیەکان بێدەنگ نابن. سەرەرای بوونی بڕیارى سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیران ژمارە (2418) لە (27/2/2011) تایبەت بە گەڕانەوەى موڵکە گشتیەکان لەهەر سێ پارێزگاکەى هەرێم، کەچى لە جیاتی ئەوەی ئیدارەو دەسەڵاتی ناوچەکە یەک دەنگ بێت کە مافی خەڵکی لەو بەشە کەمەی بودجە و پرۆژەکان کە بۆ سنورى راپەرین دانراوە و بەپێی پێوەری رێژەی دانیشتوان مامەڵەی لەگەڵدا نەکراوە،  لەجیاتی بیرکردنەوە لە پرۆژەی ستراتیژی و دانانی ماستەر پلانێکی زانستی بۆ شارو هەروەها بیرکردنەوە لە دانانى بەرنامەو پرۆژەى گونجاو بۆ بەرەوپێشبردنى دۆخى گەشتیارى و کشتوکاڵى و باشکردنی دۆخى خراپى خوێندنگاکان و هەرچى زیاتر ئاوەدانکردنەوەى رانیەو کارکردن بە مەبەستى رێگەگرتن لە بەهەدەردانی زیاترى زەوی و زاری ناوشار، ئێستاو بە ئاشکرا بە بەرچاوی میدیا و خەڵکى شارەوە دوای چەندین ساڵ لە وەستانی پرۆژەی بەدوو سایدکردنی ناو بازار، داوای فرۆشتنی بینا گشتیەکان دەکەن بۆ قەرەبووی کاسبکارانی زیان لێکەوتوو، ئەمە لەلایەک، لەلایەکى دیکەوە بەردەوامن لە زێدەڕۆیى (تجاوز) بە دابەشکردنى زەوى بۆ دروستکردنى دوکان لەناو باخی "سەید عەلی". چاوی چەند تەماعکارێکیش بە هاوبەشی دەستڕۆیشتوەکان کەوتۆتە سەر چەند شوێنێک کە چەندین ساڵە پەراوێز خراون و دەکرێت بۆ بەرژەوەندى گشتى و بۆ جوانکارى شار سودیان لێوەربگیرێت.
 ئەمانە بەشێکى کەمن لەو پێشێلکاریانەى لە شارەکەمان بە بەردەوامى دەکرێنە سەر موڵکى گشتى، لە کاتێکدا کە خەلکی کوردستان باش دەزانن حکومەت خاوەنی بودجەیەکی زەبەلاحە و شارەکەش کراوە بە ئیدارەی سەربەخۆ و لە توانایدا هەیە ئەم شوێنە گشتیانە بۆ بەرژەوەندی گشتی بەکاربهێنرێن و هەموان وەک یەک سودمەند بن تیایدا.
 بۆیە بە پێویستمان زانی لە ئێستادا گروپێک بە ناوى (شار) بۆ داکۆکیکردن لە بەرژەوەندی و موڵکی گشتی رابگەیەنین بە ئامانجى ئەوەی چیتر رێگە لە بەردەم تەماعکارانی ناوچەکە واڵا نەبێت و رێگە نەدەین یاری بە چارەنوس و موڵکی گشتی شارەکەمانەوە بکەن، بۆ ئەوەش پشتیوانی و هاوکاری خەڵکی دڵسۆزو سەرجەم چین و توێژەکانی شارەکەمان بە زامنی گەڕانەوەی سەرجەم شوێنە گشتیەکان و بەکارهێنانیان لە خزمەتی گشتیدا وەک هەنگاوى بنەڕەتى کارەکانمان دەبینین و هاوکارى هاوشاریان و کەسانى دڵسۆز وێڕاى زیاتر هاندانى ئێمە وەک گروپى شار بۆ کارکردن، دەبێتە مایەى دانانى سنورێکیش بۆ هەموو ئەوانەى چاویان لەسەر موڵکى گشتى شارەو گەرەکیانە بۆ بەرژەوەندى تایبەتى و حیزبى بەکارى بهێنن.
شادو سەرکەوتو بن

گروپی 'شار' لە ڕانیە

١١ی نیسانی ٢٠١٣

فەیسبووک: ( www. facebook. com/sharrania)


ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.