بەباننامە ..لە ئاکرێ لقی یەکێتی قوتابیان یاسا پێشێل دەکەن
دهۆک، 18ی شوباتی 2013
سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە مافی رۆژنامەنوسان رایدەگەینێت هەندێ کادێری یەکێتی قوتابیانی کوردستان لە ئاکرێ رۆڵی دادوەر دەبیننء بێ رێزی دەکەن بەرامبەر بە یاسای کاری رۆژنامەنوسی.
نیوەڕۆی رۆژی دووشەممە، پاش ئەوەی تیمێکی کەناڵی ئاسمانی سپێدە لە قەزای ئاکرێ، بەمەبەستى روماڵکردنی ئاهەنگێڕانی بەشێک لە قوتابیانی کولیژی پەروەردەی زانکۆی دهۆک و بە بۆنەی یادی شەست ساڵەی دامەزراندنی یەکێتی قوتابیانی کوردستان ئامادەبون، بەڵام لەلایەن بەشداربوانی ئەو ئاهەنگە هێرشیان کرایە سەر.
گوهدار محمد ئەمین، پەیامنێری کەناڵی سپێدە لە قەزای ئاکرێ بە میترۆی راگەیاند ئەوان پێش ئەوەی روبکەنە شوێنی ئاهەنگەکە مۆڵەتیان لە بەشی راگەیاندنی کۆلێژەکە وەرگرتوە.پاشان چونەتە ناو کولیژو وێنەی ئاهەنگەکەیان گرتوەو دیداریان لەگەڵ بەشداربواندا کردوە.وتی " پاش تەواو بونی هەندێ وێنەگرتنء دیدار لەلایەن نزیکەی (10) کەس لەو قوتابیانەوە پەلاماردراین" جەختیکردەوە" بە جوێندان و پەلاماردان مایکیان لێسەندین و مایکء بلاجکتۆری سەر کامێراکەمانیان شکاند "
بەپێى لێدوانى تیمەکەی کەناڵی سپێدەی یەکگرتوی ئیسلامی کوردستان کە حزبەکەیان یەکێکە لە پارتە ئۆپۆزیسیۆنەکانی هەرێم، ئەو هێرشبەرانە داوایان لە تیمەکە کردوە کاسێتی کامێراکەیان رادەست بکەن و بۆ ماوەی "پێنج کاتژمێر لەناو کولیژەکە دەست بەسەر کراون "
گوهدار وتی" لە ژێر فشاری داواکەی یەکێتی قوتابیان پێنج کاتژمێر ئێمەیان دەستبەسەر کرد" هەروەها وتى" تا کاسێتەکەمان تەسلیم نەکرد نەیانهێشت کولیژەکە جێبهێڵین "
گوهدار باسی لەوەشکرد "لەکاتی پەلاماردانمان، مۆبایلەکانیان لێسەندینء میمۆریەکانیان دەرهێناوەء هەندێ گرتەی ڤیدیۆییان تێدا سڕیوەتەوە "
محمد مهدی وێنەگری کەناڵەکە بە میترۆی وت " پەلاماردەران پێیان دەوتین ئەگەر کاسێتەکەمان تەسلیم نەکەن تا بەردەم کەناڵەکە راتاندەکێشین" جەختیکردەوە" لە ژێر فشاری پەلاماردەراندا کامێراکەمان تەسلیمی پۆلیس کرد بە بێ کاسێتەکە "
سەنتەری میترۆ تا درەنگاێکی شەو، بە دواداچونی بۆ کەیسی پەلاماردانی تیمەکەی سپێدە کرد، بە تایبەتیش لەگەڵ بەرپرسی ئۆفیسی سەرەکی کەناڵەکە لە هەولێر عبدالکریم ئەحمەد، و بەرپرسی راگەیاندنی لقی ئاکرێی یەکگرتوی ئیسلامی عبدالقادر عبدالرحمن، ئەوان بە رەسمی داویان کرد کە بە دواداچون بۆ ئەم کەیسە بکەین.
میترۆ پەیووەندی بە هەر یەک لە بەرپرسی لقی ئاکرێی یەکێتی قوتابیانی کوردستانء راگری کولیژی پەروەردەی ئاکری وە کرد، داوای لێکردن رونکردنەوە لەسەر ئەم روداوە بدەن.
شڤان شەماڵ بەرپرسی لقی ئاکرێی یەکێتی قوتابیانی کوردستان بە میترۆی وت " کەس ئازاری نەداون، کەس کامێرای لینەستاندونء تەنها بردومانن بۆ ژوری عەمیدء داوامان لێکردوون ئەو گرتە ڤیدیۆیانە بسڕنەوە کە تایبەتن بە ئاهەنگی رێکخراوەکەمان" جەختیشیکردەوە" ئەم داوایەی ئێمە بۆ لەبەر چاوگرتنی بارودخی کۆمەڵایەتی قوتابیان بووەء هەر لەسەر داوای ئەوانیش بووە "
راگری کۆلیژی پەروەردی ئاکرێ دکتۆر نزار خورشید بە میترۆی وت" ئێمە رێگەمان پێداون بێنە ناو کولیژەکە بەڵام ئاهەنگەکە تایبەت بوە ئەوان وێنەیان گرتوەء قوتابیانیش ناڕەزاییان دەربڕیوە لەلای ئێمە "
بۆ چارەسەرکردنی ئەو بارگرژییە بەرپرسی راگەیاندنی یەکگرتوی ئیسلامی کوردستان لە ئاکرێی و تیمی کەناڵەکەو راگری کۆلێژی پەروەردەوەء نوێنەرى یەکێتی قوتابیان کۆبونەوە.
شڤان باسی لەوەکرد " ئێمە داوامانکرد گرتە ڤیدیۆییەکان بسڕنەوە بەڵام ئەوان سورن لەسەر ئەوەی کاسێتەکەیان ون کردوە "
بە پێی مادەی 7، لە یاسای ژمارە (35) ساڵی 2007 ، یاسای کاری رۆژنامەگەری لە کوردستاندا "رۆژنامەگەری ئازادەو هیچ سانسۆرێکی لەسەر نییەو ئازادى دەربڕینء بڵاوکردنەوە بۆ هەموو هاوڵاتیان دەستە بەرە، لە چوارچێوەی رێزگرتنی ماف و ئازادییە تایبەتییەکانی تاکەکانء تایبەتمەندی ژیانیان بە پێی یاسا " هەروەها لەمادەی حەوتەمی هەمان یاسادا "هاتووە رۆژنامەنوس سەربەخۆیەو لە ئەرکە پیشەیەکەی هیچ دەسەڵاتێکی بەسەرەوە نیە جگە لە دەسەڵاتی یاسا "
بەى پێی یاسای کاری رۆژنامەگەری لە کوردستاندا یەکێتی قوتابیانی کوردستانء کولیژی پەروەردەی ئاکرێ، مافی ئەوەیان نیە سانسۆر لەسەر کاری رۆژنامەنوسی دابنێنء لە بری دەسەڵاتی یاسا مامەڵە بکەن .
سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە مافی رۆژنامەنوسان رایدەگەیەنێت " ئیدانەی دەسبەسەرکردنی تیمەکەی سپێدە دەکەینء هەموو فشارو رێگریەک بەرامبەر ئازادی رۆژنامەنوسی رەت دەکەینەوە "
وەک لە لێدوانی تیمەکەی کەناڵی سپێدە ئاشکرا دەبێت هەندێ کادێری یەکێتی قوتابیانی کوردستان لە ئاکرێ، رۆڵی دادگایان بینیوە ء بێ رێزییان بەرامبەر بە یاسای کاری رۆژنامەنوسی کردوە.
میترۆ داوا لە تیمەکەی کەناڵی سپێدەو هەموو ئەو رۆژنامەنوسانە دەکات کە رێگریان بەرامبەر دەکرێت " هەموو رێوشوێنێکی یاسایی بگرنە بەر تا هەموو ئەوانەی سەرپێچی یاسا دەکەن بدرێنە دادگا "
سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە رۆژنامەنووسان، رێکخراوێکی سەربەخۆیە بۆ بەرگری لە رۆژنامەنووسان و مافەکانیان.ساڵی 2009 دامەزراوە، نوسینگەی سەرەکی لە شاری سلێمانییە، ئەم رێکخراوە، لە هەرێمی کوردستان، نوێنەرایەتی روانگەی ئازادییە رۆژنامەنووسییەکان (JFO) دەکات کە نوسینگەی سەرەکی لە بەغدایە.
(کۆتایی)
Rahman Gharib
Metro Center Coordinator
Iraqi Kurdistan
Cell Phone: +964 770 152 3300
Email:
ئهو بابهتانهی له کوردستان نێت دا بڵاودهکرێنهوه، بیروبۆچوونی خاوهنهکانیانه، کوردستان نێت لێی بهرپرسیار نییه.
