رووداوەكانی دوورۆژی رابردووی سلێمانی ..دیسانەوە گردبوونەوەی خۆپیشاندەران

رووداوەكانی دوورۆژی رابردووی سلێمانی ..دیسانەوە گردبوونەوەی خۆپیشاندەران

   لەماوەی كەمتر لە 3 رۆژدا بۆ جاری دووەم كۆمەڵێك خۆپیشاندەر لەسەر شەقامی 60 ی بەردەم گوندی ئەڵمانی كە NRTرادیۆو تەلەفزیۆنی نالیا دەكەوێتە ئەو جێیە، كۆبونەوەو یاداشتێكیان گەیاندە بەرپرسانی كەناڵەكە، پاشان بەرپرسێكی پارتی دیموكراتی كوردستان سەردانی كەناڵی ناوبراوی كردو قەرەباڵغی و گرژییەكە بەداوای لێبوردنی بەرپرسی كەناڵەكە رەوییەوە..نوێنەری لیژنەی داكۆكی و لقی سلێمانی سەندیكای رۆژنامەنووسان لەشوێنی رووداوەكە ئامادەبوون و هیچ خروقات و پێشێلكارییەك تۆمار نەكرا، جگە لە هەندێك لەدروشمەكان نەبێت كە لەناو خەڵكەكەوە دەوترانەوە لە ئاستێكی شارستانیدا نەبوون..

بەڵام هەر هەمان شەو سەعات 8.15 لەسەربانی قاتی سێهەمی كەناڵەكەو لەنزیك تانكی ئاوەكانەوە بۆمبێك تەقیەوە كە بشێوییەكی لەناو كەناڵەكەو لەسەر ئاستێكی بەرزدا دروست كرد، پاش ماوەیەك ژمارەیەك هاووڵاتی هاتنە بەردەم گوندی ئەڵمانی هەندێك دروشم و هوتافیان كێشاو چەند وتەیەكی نەشیاو بە پەخشی راستەوخۆی كەناڵەكەدا بڵاوكرایەوە، خۆشبەختانە ئەو گردبوونەوەیەش بەبێ پێشێلكاری و توندوتیژی كۆتایی هات..

هەر هەمان شەو لەدەوروبەری نیوە شەودا پێمان راگەیەنرا كە بارەگایەكی راگەیاندنی سەر بە پارتی دیموكراتی كوردستان لەقەزای هەڵەبجەی شەهید دەسترێژێكی گوللەی لێكراوەو خۆشبەختانە زیانی گیانی لێنەكەوتەوە..

هۆكاری ئەم گرژییەی دوو رۆژی رابردووش لە بەرنامەیەكی راستەوخۆی كەناڵی نالیاوە سەرچاوەی گرتووە كە هاووڵاتییەك بە تەلەفۆن تەشهیر و قسەی نەشیاوی بە رەمزێكی شۆڕشی كورد وتوە، ئەوەش بووە مایەی توڕەبوون و نیگەرانی ئەندامان و لایەنگرانی پارتی دیموكراتی كوردستان..

ئێمە لەلیژنەی داكۆكی لەئازادی رۆژنامەنووسی و مافی رۆژنامەنووسان داوای خۆگرتن و هێوركردنەوەی بارودۆخەكە دەكەین و داواكارین هەرچی زووە كار بەو پرنسیپانە بكرێت كە هەرێمەكەو شارەكە بەرەو هێمنتر دەبات و داواكارین هیچ كەس و لایەنێكیش سەروەری یاسا لە هەرێمەكەدا پێشێل نەكەن و سەرجەم كەناڵەكانی راگەیاندنیش كار بەو ستانداردە جیهانیە بكەن كە لە كێشەی نەخوازراو دەیان پارێزێت و یاسای ژمارە 35 ی رۆژنامەگەریی لەهەرێمی كوردستان پێوەریان بێت بۆ بڵاوكردنەوەی هەر بابەتێك..هەروەها داوا لە سەرجەم میدیاكاران دەكەین كە پابەندبن بە ئیتیكی كاری رۆژنامەنوسیەوە..

 لەم قۆناغەدا ئێمە چاوەڕوانی بڕیارەكانی ئەو لیژنەیە دەكەین كە ئێستا لێكۆڵینەوە لەتەقینەوەی بۆمبەكەی سەربانی كەناڵی نالیا دەكات و پاش دەرچوونی بڕیاری لیژنەی ناوبراو روونكردنەوەی زیاترمان دەبێت..

لیژنەی داكۆكی لەئازادی رۆژنامەنوسی و مافی رۆژنامەنوسان

10/2/2013

http://www.facebook.com/sulaymaniy.sandika?ref=hl


 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.

 

بابەتی زیاتری نووسەر