بەیاننامە ...تکایە زوڵمی تواناسازی بەرامبەر خوێندکاران بوەستێنن

بەیاننامە ...تکایە زوڵمی تواناسازی بەرامبەر خوێندکاران بوەستێنن   

بۆ بەرچاوی بەڕێزان سەرۆکی هەرێمی کوردستان

جێگری سەرۆکی هەرێم

سەرۆکی پەرلەمان

رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە کوردستان

تکایە زوڵمی تواناسازی بەرامبەر خوێندکاران بوەستێنن   

 بەڕێوەبەرایەتی تواناسازی و وەزارەتی خوێندنی باڵا هەفتەی رابردوو لە دەیان سایت کەناڵەکانی راگەیاندن لە کوردستان بە هی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن و سەربەخۆکان و لە رادیۆکان و رۆژی دواتریش لە زۆربەی رۆژنامەکاندا ئاگادارییەکی بڵاوکردەوە کە 150 خوێندکاری تواناسازی ناویان دەرچووە بۆ وەرگرتنی مافە داراییەکانیان! تواناسازی ئەم کارەی کرد بە جژن و بەهەمان شێوەی هەڵمەتەکانی بانگەشەی هەڵبژاردن بێ بەرامبەر لە هەموو کەناڵە ناسراوەکانی کوردستان  : ئەلیکترۆنی و تەلەفزیۆن و رادیۆ و رۆژنامەکان بانگەشەیەکی گەورەی بۆ خۆی کرد ئەویش تەنها ئەوەبوو کە لیستێکی راگەیاند بۆ سەرفکردنی مافی دارایی ژمارەیەک لە خوێندکارانی نەگبەتی بەرنامەی تواناسازی کە ئێستا لە دەرەوە دەخوێنن، بەمەش گۆڵی لە میدیاکان و دەسەڵات و خوێندکارانیش کرد.

هەر بۆ رونکردنەوەی هەندێ راستی بۆ ئەوەی خەڵک و دەزگاکانی راگەیاندنیش چەواشە نەبن، لێرەدا ئێمە وەک خوێندکاری تواناسازی لە بەریتانیا حەز دەکەین لەبەرامبەر ئەو جەنگە دەروونیەی تواناسازی بەرامبەر بە خوێندکاران بێینە قسە.سەرەتا پێویستە ئاماژە بەوە بکەین کە چەند رۆژێکی تر پێدەنێینە مانگی پێنج، کەچی تازە بە تازە تواناسازی لیستی چوارەم رادەگەیەنێت کە لەگەڵ لیستەکانی پێشووتری ئەمساڵ 400 کەس تێپەڕ ناکات لە کۆی نزیکەی   3 هەزار خوێندکار وەک خۆیان باسی لێوە دەکەن! ئەمە لە کاتێکدایە هەموو خوێندکارێک هەر لە مانگی یەکی ئەمساڵەوە کرێی خوێندنەکەی داوە بە زانکۆکانیان کە لە بەریتانیا بۆ هیچ خوێندکارێک لە 15 هەزار دۆلار کەمتر نییە.جگەلەوە لەو مافە داراییانەی کە وەزارەتی خوێندنی باڵا و بەڕێوەبەرایەتی تواناسازی باسی لێوە دەکات، لە راستیدا راست ناکەن و نیوەی مافە داراییەکانیش نابێت، چونکە وەزارەتەکە دەرماڵەی خێزان و هاوسەرگیری بە تەواوی وەستاندووە، هەروەها تەنانەت بەشێکی زۆری خوێندکارانیش تازە بەتازە تەنها کرێی خوێندنیان بۆ سەرفکراوە کە ئەوان لە مانگی یەکەوە بە قەرزکردن لە کەسوکار یاخود بەهەر شێوازێکی تر پەیایان کردووە و داویانە بە زانکۆکانیان بێ ئەوەی دەرماڵەی خۆیان بۆ سەرفبکرێت! ئەو خوێندکارانەی کە بە واسیتە یاخود پاڕانەوە و تکا کردن لە کارمەندانی وەزارەت دەرماڵەکەشیان بۆ سەرفکراوە ئەوا تەنها دەرماڵەی شەش مانگیان بۆ سەرفکراوە لە بری ساڵێک  !

ئەو جەنگە دەروونی و ناهەقیانەی بەرامبەر خوێندکارانی تواناسازی دەکرێت لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵاوە و بەڕێوەبەرایەتی تواناسازیەوە بێ وێنەیە و کاریگەریەکی زۆر خراپی لەسەر بژێوی خوێندکاران و خێزانەکانیان کردوەو لەمەش مەترسیدارتر ئەوەیە کاریگەری زۆر خراپی کردۆتە سەر ئاستی خوێندکارانی کورد چونکە لە بری ئەوەی سەرقاڵی خوێندنەکانیان بن کە هەموو دنیا دەزانێت خوێندن لە بەریتانیا چەند قورس و جدیە بەتایبەتی کە بە زمانی ئینگلیزیشە، کەچی خوێندکاران زۆربەی کاتی رۆژەکانیان بە دووبارە و دە بارە ناردنەوەی ئیمەیل و دۆکیۆمێنت و عەریزەوە خەریکن بۆ فەرمانگەی تواناسازی بێئەوەی وەڵامێکیشیان بدرێتەوە.جامی توڕەیی خوێندکاران پڕبووە و دەمێکیشە لێی دەڕژێ، بەڵام بوونی هەستی نەتەوایەتی لایان بەپێچەوانەی بەرپرسانی وەزارەتی خوێندنی باڵا، وای لێکردوون دان بەخۆیاندا بگرن و دەنگیان بۆ نێوەندە نێودەوڵەتی و باڵیۆزخانەی عیراق و نێوەندە کاریگەرەکانی تر بەرزنەکەنەوە، بەڵام ئەمەش مانای ئەوە ناگەیەنێت بێدەنگ بن بەرامبەر ئەو کەموکوڕیە بێماناو بێ بیانووانەی وەزارەتی خوێندنی باڵا کە تا ئێستا کەس نازانێت ئەوان بەو هەموو فەرمانبەرە و بە مووچەی دەبڵەوە خەریکی چین چونکە ئێمە دڵنیاین تەواوی کاتی دەوامەکانیان بۆ ئیشوکاری خوێندکاران نییە.

سوپاستان دەکەین ئەگەر ناوەکانمان بڵاو نەکەنەوە بۆ ئەوەی وەزارەتی خوێندنی باڵا کێشەی ترمان بۆ دروست نەکەن

خوێندکارانی دکتۆرا و ماستەر لە بەریتانیا

سامان رەشید

کامەران سەلیم خۆشناو

بێستون عەبدولڕەحمان مەرگەیی   

بەختیار رەحیم

هیوا دڵشاد

هێمن بازیانی

ئیسماعیل عەبدولکەریم


 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.

 

بابەتی زیاتری نووسەر