داخستنی سنورەکانی هەرێم بەرووی رۆژئاوا، بەشدارییە لە پیلانی دژە کورد... تۆری هاوکاری رۆژئاوا "THR لە دەڤەری ڕاپەڕین

بۆ رای گشتی و سەرجەم کوردستانیان...

بەیاننامەی ژمارە ٢

دوای شۆرشی گەلانی سوریاو ئەو تەنگەژانەی لەو وەڵاتە هاتنەپێش، کوردستانیانی ڕۆژئاوای کوردستان بەشێوازێکی زۆر حەکیمانە توانیان ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان لەدەست هێزەکانی ئەسەد بستێنن و پارێزگاری لەسەر و ماڵو گیانی هاوڵاتیان بکەن.بەڵام دوژمنانی نەتەوەییمان ئەم دۆخەیان پێ قوت ناچێت و هەر بۆیە رۆژانە لەرێگەی گرووپە چەتەییەکان دەستیان بە شێواندنی باری ئەمنی ئەو ناوچانە کردووە کە کورد تێیدا باڵادەستە.لە ئێستاشدا بە پیلانێکی هەرێمی ونێونەتەوەیی سنورەکان بەڕووی ئەو بەشەی کوردستاندا داخراون و لە هیچ لایەکەوە رێگا نادرێت خۆراک و پێویستییە مرۆییەکانی دیکە بگوازرێنەوە بۆ ڕۆژئاوای کوردستان.ئەم پلانگێرییەش حکومەتی تورکیای لەپشتە کە بەهیچ جۆرێک نایەوێت کورد لە هیچ جێگایەکی دونیا بە ماف و ئازادییەکانی بگات.

ئەوەی بۆ ئێمە بۆتە مایەی نیگەرانی بەشداریکردنی حکومەتی هەرێم و سەرۆکایەتی هەرێمە لەم پیلانەدا و ئەوەتا لەچەند رۆژی رابردوودا پیلانی تەلبەندکردنی سنورەکانی هەرێم بەڕووی رۆژئاوادا کەوتۆتە بواری جێبەجێ کردن، کە ئەم کارە دوورە لەهەموو پرەنسیپێکی نەتەوەیی و نیشتیمانی و ئەخلاقی، پێویستە حکومەتی هەرێم ببێتە دەروازەی دیفاکتۆ بۆ رۆژئاوا و پێداویستیەکانی دابین بکات نەک ببێتە بەشێک لە پیلانی ناحەزانی نەتەوەییمان، ئەم کارە لەژێر هەر پەردە و ناوێک بێت مێژوو وەک پەڵەیەکی رەش لەدیرۆکی خۆخۆری نەتەوەیی ئێمەدا دەینوسێتەوە..

 

ئـێمە وەک تۆری هاوکاری رۆژئاوا (THR) لە دەڤەری ڕاپەڕین رایدەگەیەنین, لەم هەڵوێستەی حکومەتی هەرێم بێدەنگ نابین و داواش لە خەڵکی کوردستان و حیزب و لایەنە سیاسییەکان و رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی و رۆژنامەنوسان و رۆشنبیران و زانایانی ئایینی دەکەین هەلوێستی خۆیان رابگەیەنن و چیتر و لەژێر هیچ پاساوێکدا رێگانەدەن هەرێمی کوردستان لەلایەن ناحەزانی نەتەوەییەوە لە دژی بەشەکانی دیکەی کوردستان بەکار بهێنرێت، رێگری کردن لەم کارە ئەرکێکی نەتەوەیی و مرۆیی و ئەخلاقی و ئاینییە، پێویستە هەموومان داکۆکی لە ڕۆژئاوای کوردستان بکەین و بیپارێزین.

 

"تۆری هاوکاری رۆژئاوا "THR لە دەڤەری ڕاپەڕین

٧ی ١ی ٢٠١٣ – ڕانیە

https://www.facebook.com/thr.rojava

07702164781

07503631128

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.