هاشاكردن له‌ كۆمه‌ڵكوژی رۆژئاوای كوردستان تاوانه‌

له‌ مانگی رابردوودا له‌ سه‌ر داوای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان لیژنه‌یه‌ك له‌ ده‌سته‌ی به‌ناو ئاماده‌كاری كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی كوردستان سه‌ردانی رۆژئاوای كوردستانیان كرد بۆ به‌دواداچوونی كۆمه‌ڵكوژی كوردان له‌ رۆژئاوای كوردستان، و ده‌رخستنی راستییه‌كان، له‌ ئه‌نجامدا به‌ وته‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم لیژنه‌كه‌ گه‌یشتۆته‌ ئه‌و رایه‌ی به‌ڵگه‌ی ئه‌نجامدانی كۆمه‌ڵكوژی له‌ رۆژئاوای كوردستان نییه‌، لیژنه‌كه‌ی كۆنگره‌ی به‌ ناو ئاماده‌كاری كۆنگره‌یی نه‌ته‌وه‌یی كورد له‌ بری نیشان كردنی ره‌گه‌زه‌كانی كۆمه‌ڵكوژی له‌ رۆژئاوای كوردستان هاتووه‌ په‌یه‌ده‌ دادگایی ده‌كات و ده‌یكاته‌ تۆمه‌تبار، ئێمه‌ پێمان وایه‌:

1-    گومان خستنه‌ سه‌ر تاوانی كۆمه‌ڵكوژی كوردان له‌ رۆژئاوای كوردستان و پێك هێنانی لیژنه‌یه‌كی نا پسپۆری نا شاره‌زا بۆ ده‌رخستنی راستییه‌كان و كاریگه‌ری سیاسه‌ت له‌سه‌ر دوا راپۆرتیان خودی راپۆرته‌كه‌یان ده‌خاته‌ گومانه‌وه‌و ئه‌مه‌ بۆ خۆی تاوانه‌ به‌رامبه‌ر به‌ مرۆڤایه‌تی و پرسی نه‌ته‌وایه‌تی له‌و پارچه‌یه‌ی كوردستان و ده‌رخستنی راستی حه‌قیقه‌تی تاوانه‌كه‌ ئه‌نجام ده‌درێت، له‌ هیچ شوێنێكی جیهاندا نه‌بووه‌ لایه‌نه‌كانی خودی نه‌ته‌وه‌یه‌ك داوای به‌ڵگه‌ی كۆمه‌ڵكوژی له‌ نه‌ته‌وه‌كه‌ی خۆیان بكه‌ن و ره‌تی تاوانه‌كان بكه‌نه‌وه‌، له‌ كاتێكدا هاشا كردن له‌ كۆمه‌ڵكوژی بۆ خۆی تاوانه‌.

2-   به‌ پێی هه‌ندێك زانیاری سه‌ره‌تایی كه‌ به‌ ده‌ستمان گه‌یشتووه‌ له‌ رۆژئاوای كوردستان و به‌ پێی هه‌ڵوێستی رێكخراوه‌كانی مافی مرۆڤ له‌ سه‌ر كرده‌كانی جه‌بهه‌ی نه‌سره‌ و قاعیده‌ له‌ وڵاتانی نێجیریا، مالی، ئه‌فغانستان، جه‌زائیر، پاكستان و سوریا ئه‌م رێكخراوانه‌ تۆمه‌تبارن به‌ ئه‌نجامدانی تاوانی دژ به‌ مرۆڤایه‌تی له‌سه‌رجه‌م ئه‌و وڵاتانه‌، كه‌ له‌ رۆژئاوای كوردستانیش هه‌مان تاوانیان ئه‌نجامداوه‌، بۆیه‌ ئه‌نجامدانی تاوانی كۆمه‌ڵكوژی به‌رامبه‌ر به‌ هاووڵاتیانی كورد له‌ رۆژئاوای كوردستان له‌ لایه‌ن جه‌بهه‌ی نه‌سره‌وه‌ جێی گومان نییه‌ ته‌نانه‌ت بۆ رای جیهان و رێكخراوه‌ ناسراوه‌كانی مافی مرۆڤیش، پێمان وایه‌ راپۆرته‌كه‌ی لیژنه‌كه‌ زیانێكی گه‌وره‌یه‌ به‌ پرسی نه‌ته‌وایه‌تی و خیانه‌ته‌ له‌ هه‌قیقه‌تی تاوانه‌كه‌ و تاوانه‌ به‌رامبه‌ر به‌ مرۆڤایه‌تی.

3-   پێویسته‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ رێگای ناردنی شاره‌زایانی پرسی جینۆساید له‌ باشوری كوردستان له‌ چالاكوانان و پارێزه‌رانی دۆسیه‌كانی جینۆسایدی كورد بۆ رۆژئاوای كوردستان هاوكاری گه‌له‌كه‌مان بكات له‌ به‌ دۆكۆمێنت كردنی ئه‌و تاوانانه‌ رۆژانه‌ له‌ به‌رامبه‌ریان ئه‌نجام ده‌درێت، نه‌ك هه‌وڵ بدات له‌ رێگای ناردنی خه‌ڵكانی نا پسپۆر له‌ بواری پرسی جینۆساید و لێواو لێو له‌ قینی سیاسی راستییه‌كان بشێوێنێت.

4-   داواكارین له‌ چالاكوانانی پرسی جینۆساید و رێكخراوه‌كانی و پارێزه‌رانی شاره‌زا، لیژنه‌یه‌ك بۆ هاوكاری گه‌له‌كه‌مان له‌ رۆژئاوای كوردستان پێك بهێنن بۆ به‌دۆكۆمێنت كردنی تاوانه‌كان.

كوردستان بێ جینۆساید

Kurdistan without genocide

This email address is being protected from spambots. You need JavaScript enabled to view it.

8-9-2013

https://www.facebook.com/pages/Kurdistan-without-Genocide/129689267191143?ref=hl

كوردستان بێ جینۆساید ڕێكخراوێكی سیڤیلی سوود نه‌و‌یستی سه‌ربه‌خۆیه‌، پشتیوانی داواكاری بنه‌ماڵه‌ی قوربانیانه‌ له‌ كوردستان، كار ده‌كات له‌سه‌ر پرسه‌كانی تاوانی ژینۆساید و تاوانی جه‌نگ و تاوانی دژ به‌ مرۆڤایه‌تی و بنه‌بڕكردنی شوێنه‌واری جه‌نگ و چه‌سپاندنی ئاشتی له‌ كوردستان، ئه‌ندامی رێكخراوی ئاشتی جیهانی و جینۆساید ۆچ و هه‌ردوو تۆڕی هاوپه‌یمانی جیهانی و كوردستانییه‌ له‌ پێناو دادگای تاوانی نێو ده‌وڵه‌تی.

 


ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.

 

بابەتی زیاتری نووسەر