رێكخراوی چاوی ئەمڕۆ: هێرشكردنەسەر تیمی ( KNN) و (سبەی) هێرشە بۆ سەر ئازادای كاری رۆژنامەوانی

سعات 12ی نیوەڕۆی ئەمڕۆ 25/8/2013 بۆ بە دواداچوونی وەرنەگرتن و رایی نەكردنی مامەڵەی هاوڵاتیان لە بەڕێوەبەرایەتی رەگەزنامەی خورماتوو تیمێكی رۆژنامەوانی كەناڵی ( K. N. N) و (سبەی) ویستیان كاری رۆژنامەوانی خۆیان بكەن كە بۆچی مامەڵەی هاوڵاتیان وەرناگیرێت، بەڵام بە فەرمانی (زەینالعابدین) بەڕێوەبەری فەرمانگەی رەگەزنامەی خورماتوو هێرش كرایە سەر ئەم تیمە رۆژنامەوانیە و لە ئەنجامدا یەكێك لە رۆژنامەنووسانی تیمەكە بریندار كرا و تەقەش بەسەریاندا كرا بۆ ئەوەی نەتوانن كارەكەیان بكەن، هەر دوای رووداوەكە تیمە رۆژنامەوانیەكە سكاڵایان دژی ئەو پێشێلكاریە تۆمار كرد بەڵام لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە دواخرا.

ئێمە (رێكخراوی چاوی ئەمڕۆ . . . بۆ چاودێری كاری رۆژنامەوانی) زۆر بە توندی ئەم كارە ناشارستانیە ریسوا دەكەین و داواكارین لە دادگا بە زوترین كات لێكۆڵینەوە دەست پێ بكات و تۆمەتباران بە سزای یاسایی بگەیەنێت، پێویستە لەسەر نوسەران و رۆژنامەنوسان و رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی لە سنووری پارێزگای كەركوكیش بە شێوازی مەدەنیانە گوشار بخەنە سەر حكومەت و كاربەدەستان بۆ ئەوەی لێپێچینەوە لەم رووداوە بكەن تاكو جارێكیتر ئەم جۆرە دەستدرێژی و پێشێلكاریانە دووبارە نەبنەوە

 

 

 

      دەستەی ڕاپەڕاندنی

      رێكخراوی (چاوی ئەمڕۆ)

      ئۆفیسی گشتی/ هەولێر

    

25/08/2013

 


 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.