یاداشتی ڕێکخراوی تاکۆ بۆ پرسە دەروونی و کۆمەڵایەتیەکان بۆ:

یاداشتی ڕێکخراوی تاکۆ بۆ پرسە دەروونی و کۆمەڵایەتیەکان بۆ:

بۆ زانکۆ لاین

بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا

بۆ سەرجەم راگەیاندنەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی

بەڕێزان دەستخۆشی کارەکانتان لێدەکەین بۆ دانانی سیستمێکی پێشکەوتوو بە تەکنەلۆژیای سەردەم بۆ پرکردنەوەی فۆرمی وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگاکان، هاوکات ئێمە وەک ڕێکخراوی تاکۆ بۆ پرسە دەروونی و کۆمەڵایەتییەکان دوو کێشەی زانکۆلاین دیاریدەکەین لەگەڵ پێشنیاری چارەسەرو ده‌یخه‌ینه‌ به‌رده‌ستی ئێوه‌ی به‌ڕێز.

بەوپێیه‌ی کە ڕێکخراوەکەمان لەسەر پرسە دەروونی و کۆمەڵایەتییەکانی ناو کۆمەڵگاکەمان کاردەکات، بۆیە زۆر بەگرنگی دەزانن کە سەرنجتان بۆ دوو کێشەی ناو زانکۆلاین رابکێشین کە بەرای ئێمە ئەگەر چارەسەرنەکرێن زیانی دەبێت بۆ ژیان و دەروونی قوتابیان و خوێندکاران، دەیانکاتە تاکێکی پاسیڤ لە کۆمەلگاکەماندا و توشی بێهیوایی و تەنگەژەی دەروونی و کۆمەڵایەتیان دەکات.

بەهۆی تێکەڵاویمان لەگەڵ قوتابیان و خوێندکاران و درککردن بەکێشەکانیان، ئێمە زیاتر دەتوانین هەست بەو دوو کێشەیە بکەین کە تا چ رادەیەک کاریگەری خراپییان کردووەتەسەر باری دەروونی قوتابیان و خوێندکاران.

 

کێشەکانیش ئەمانەن:

یەکەم، بەهۆی پڕکردنەوەی بەهەڵە لە فۆرمی زانکۆلاین، هەندیک قوتابی و خوێندکار ناویان لە زانکۆ نەهاتووەتەوە، ئەوە لەکاتێکدایه‌ کە کۆنمرەکانیان شایستەی بەشێکی کۆلێژەکانە.

دووەم، ژمارەیەکی زۆری قوتابیان و خوێندکاران بێبەشکراون لە زانکۆو په‌یمانگاکان که‌ ناڕه‌زاییه‌کی زۆری خوێندکاران و که‌سوکاریانی لێکه‌وتۆته‌وه‌و بارێکی ناهه‌مواری ده‌روونی بۆ ئه‌و خوێندکارانه‌ دروستکردووه‌و تاگەیشتووەتە ئەو رادەی کە به‌شێکیش له‌ په‌رله‌مانتاران داوای چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌ی وه‌رنه‌گرتنی خوێندکارانیان کردووه‌.

 

پێشنیاری چارەسەرمان بۆ ئەو دوو کێشەیە:

یەکەم، چارەسەر بۆ کێشەی بەهەڵە پرکردنەوەی فۆرمی زانکۆلاین.

بەڕێزان نەشیاوە قوتابی و خوێندکاری ئێمە کە تەمەنیان لە 19 ساڵ کەمترە و لەسەرەتای ژیاندان، بەهۆی هەڵەیەک لە پرکردنەوەی فۆرمی زانکۆلاین، ئیتر بهێڵین ژیان و باری دەروونیان تێکبچێت و تووشی ته‌نگه‌ژه‌ی ده‌روونی ببن، خۆتان دەزانن هەموو سیستمەکانی جیهان لەپێناو خۆشەبەختی مرۆڤەکان دادەنرێن و مرۆڤ بە ئامانج وەردەگیرێت، بۆیە دەکرێت بەردەوام که‌موکوڕی سیستمەکان چارەسەربکرێت بە ئامانجی خۆشبەختی مرۆڤەکان، لەو روانگەیەوە داواکارین دەرفەتی راستکردنەوەی ئەو هەڵەیە بدەنە ئەو قوتابی و خوێندکارانە.

به‌لای ئێمەی توێژەرانی دەروونی و کۆمەڵایەتی زۆرنەشیاوە بەهۆی هەڵەیەکی چەند دەقیقەیی یان چەند کاتژمێری، کە زۆرجار بەهۆی دڵەراواکێ وه‌ دروست دەبێت بۆیان، لێ بگەڕێن ژیانی نەوەکانی وڵاتەکەمان تێکبچێت و باری دەروونیان خراپ ببێت و توشی بێهیوایی ببن لە ژیاندا، بۆیە داواکارین بەڕێزتان چانسی ئەوەیان پێ بدەن کە ئەو هەڵەیە راستبکەنەوە و بەپێی کۆنمرەکانیان، چ بەشێک لەگەڵ کۆنمرە و خواستیان دەگونجێت، تکایە لەو شێوێنانە هەلی خوێندنیان پێ بدەن.

 

دووەم، چارەسەر بۆ کێشەی وەرنەگرتنی ژمارەیەکی زۆری ده‌رچووان لە زانکۆ و پەیمانگاکان:

بەڕێزان بێ هیواکردنی قوتابیان و خوێندکاران لەدوای دوانزەساڵ خوێندن شیاونییە، بۆیە پێشنیارمان ئەوەیە کە بتوانن بەهەمائاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە و سەنتەرەکانی راهێنان و بەسیستمێکی رێکوپێک دەرفەتی خوێندن بکەنەوە بۆ ئەو قوتابیانە بۆ بەدەستهێنانی بڕوانامەی (پرۆفیشناڵ دبلۆمی پەکساڵە) لە بوارەکانی (کۆمپویتەر، زمانی ئینگلیزی، زمانی ئینگلیزی، زمانی فارسی، بواری کارگێری، مارکێتین، بوارە پێویستەکانی بازاڕی کار . . . . ).

بۆئەوەی دوای تەواوکردنی خوێندنەکەیان ببنە خاوەن بڕوانامەیەکی پرۆفیشنال ــ ممارس ــ تا بتوانن لەسەر بنەمای ئەو بڕوانامەیە لە کەرتی تایبەت و ڕێکخراوەکان هەلی کار بۆخۆیان بدۆزنەوە، لە بواری وەرگێڕان، یان کاری کۆمپیوتەر، یان کارگێڕی، مارکێتین. . .

خۆشتان زیاتر شاره‌زان که‌ سیستمی دبلۆمی پرۆفیشنال له‌ بواره‌ جیاجیاکان له‌ زۆربه‌ی وڵاته‌ پێشکه‌وتووه‌کان کاری پێ ده‌کرێت، که‌ له‌و ڕێگه‌یه‌وه‌ ده‌رفه‌ت ده‌ڕه‌خسێنرێت بۆ هه‌زاران که‌س که‌ بتوانن له‌ بواری دڵخوازی خۆیان بخوێنن و بڕوانامه‌ی ممارس به‌ده‌ستبهێنن و به‌هۆی ئه‌و بڕوانامه‌یه‌وه‌ کار بۆخۆیان مسۆگه‌ر بکه‌ن، یان بواری کاریان بگۆڕن.

ئێمە وەک ڕێکخراوی تاکۆ بەپێویستی دەزانین تەعبیربکەین لە خەمە دەروونی و کۆمەڵایەتییەکانی تاکەکانی کۆمەڵگاکەمان و بە تەنگ پرسە دەروونی و کۆمەڵایەتیەکانەوە بین. .

تکایە لەپێناو پارستنی سەرچاوە مرۆییە بەنرخەکەی کوردستان ئەو دوو پێشنیارەی ئێمە رەچاوبکەن، لە پێناو دەروون دروستی لاوانی ئەم وڵاتە، لەپێناو نەهێشتنی تەنگەژە دەروونی و کێشە کۆمەلایەتی و دەروونییەکان.

ئێمە باوەڕمان وایە کە ئەبێت سەرجەم سیستم و دامەزراوەکان بۆ خۆشبەختی و بەختەوەری مرۆڤەکان کاربکەن و دڵنیان کە ئێوەی بەڕێزیش لەو روانگەیەوە کاردەکەن و پشتوانی پێشنیارەکەمان دەبن.

 

ڕێکخراوی تاکۆ بۆ پرسە دەروونی و کۆمەڵایەتییەکان

13/11/2013

 

ژمارە تەلەفۆن بۆ پەیوەندی 07701572542


ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.

بابەتی زیاتری نووسەر