تكایه‌ گیراوانی رۆژهه‌ڵاتی ئازاد بكه‌ن

رۆژی هه‌ینی 8 نۆڤه‌مبه‌ری 2013، به‌ به‌شداری سه‌دان هاووڵاتی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان له‌به‌رده‌م پاركی شانه‌ده‌ری شاری هه‌ولێر خۆپیشاندانێكی هێمنانه‌ی شارستانیانه‌ دژ به‌ ئیعدام كردنی چالاكوانانی سیاسی و مه‌ده‌نی كورد له‌ لایه‌ن كۆماری ئیسلامی ئێرانه‌وه‌ رێكخرا، به‌ دوای خۆپیشاندان و كۆبونه‌وه‌كه‌ گروپێك له‌ لاوانی رۆژهه‌ڵات دوور له‌ ویستی ئاماده‌كه‌رانی خۆپیشاندانه‌كه‌ و پارت و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی به‌شدار بوو له‌ چالاكییه‌كه‌ و بێئاگاداری هیچ لایه‌نێك، به‌هۆی كاریگه‌ری ئه‌و تاوانه‌ قێزه‌ونه‌ی كۆماری په‌ت و سێداره‌ ئه‌نجامی دابوو، خۆرسكانه‌ په‌لاماری كۆنسۆڵگه‌ری كۆماری ئیسلامی ئێرانیان دا، له‌ ئه‌نجامدا پۆلیسی شاری 8 چالاكوانی سیاسی و مه‌ده‌نی رۆژهه‌ڵاتی كوردستانیان ده‌ستگیر كردووه‌.

ئێمه‌ چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ ده‌كه‌ین له‌ حكومه‌ت و لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی باشوری كوردستان ئیدانه‌ی كاره‌ فاشیستییه‌كانی كۆماری ئیسلامی بكه‌ن كه‌ رۆژانه‌ ملی لاوانی كورد به‌ په‌تی سێداره‌ی ئه‌وانه‌وه‌ ده‌بینین، هه‌ڵوێستی حكومی و حیزبی و جه‌ماوه‌ری دژ به‌م كاره‌ی كۆماری ئیسلامی ئێران ده‌رببڕن، كه‌چی كه‌سانێك ده‌ستگیر ده‌كه‌ن دوورو نزیك ئاگاداری په‌لاماردانی كۆنسۆڵگه‌ری ئَێران نین تاوانیان ته‌نها ئه‌وه‌نده‌یه‌ دژ به‌ حوكمی ئیعدامن.

لێره‌وه‌ داوا له‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ین به‌ زوترین كات چالاكوانانی سیاسی و مه‌ده‌نی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان، هه‌ڤاڵان و هاوڕێیانی شێركۆ معارفی و فه‌رزادی كه‌مانگه‌ر و...ئازاد بكه‌ن.

كوردستان بێ جینۆساید
Kurdistan without genocide
This email address is being protected from spambots. You need JavaScript enabled to view it.
9-11-2013
https://www.facebook.com/pages/Kurdistan-without-Genocide/129689267191143?ref=hl

كوردستان بێ جینۆساید ڕێكخراوێكی سیڤیلی سوود نەو‌یستی سەربەخۆیە، پشتیوانی داواكاری بنەماڵەی قوربانیانە لە كوردستان، كار دەكات لەسەر پرسەكانی تاوانی ژینۆساید و تاوانی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و بنەبڕكردنی شوێنەواری جەنگ و چەسپاندنی ئاشتی لە كوردستان، ئەندامی رێكخراوی ئاشتی جیهانی و جینۆساید ۆچ و هەردوو تۆڕی هاوپەیمانی جیهانی و كوردستانییە لە پێناو دادگای تاوانی نێو دەوڵەتی.


ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.