شەش پاسەوانی چاڤی لاند لە رۆژنامەنووسێك دەدەن

 شەوی 23--24/7/2013 لەشاری گەشتیاری چاڤی لاند و لەكاتێكدا رۆژنامەنووس سامان محمود حسین ناسراو بە (سامان قوبادی) لە دەزگای خەندان، بۆ روماڵكردنی روداوێك كە لەوێدا روویداوە دەچێتە ئەو شوێنە گەشتیاریە..لەكاتی وێنەگرتن و تۆماركردنی لێدوانی دایكی ئەو كچەی كە یەكێك لە ئۆتۆمبیلەكانی ناو شارەكە لێیداوە..كۆمەڵێك پاسەوانی تایبەتی پرسگەی دەروازەی سەرەكی چاڤی لاند، دێن و داوای وەرگرتنی میمۆری و مۆبایلەكەی سامان دەكەن، ئەویش لە وەڵامدا دەڵێت من رۆژنامەنوسم لە دەزگای خەندان كاردەكەم و میمۆری نادەمە ئێوە،  ئەوانیش (پاسەوانەكان تایبەتن و پۆلیسی حكومەتی هەرێم نین) بەدیار چاوی خەڵك و بەشێوازێكی نامرۆڤانەو بێرەحمانە بە هەموویانەوە دەكەونە لێدانی ئەو رۆژنامەنووسەو زۆری لێدەدەن و میمۆری مۆبایلەكەشی لێدەسێنن، (تا ئێستاش میمۆریەكە لای ئەوان ماوەتەوە)..

ناوبراو دەڕواتە نەخۆشخانەی فریاكەوتنی سلێمانی و لەوێ چارەسەری بۆ دەكەن، پاش ئەوەش دەچێتە بنكەی پۆلیسی ئازادی و داوای رەسمی لەسەر ئەو پاسەوانانە تۆمار دەكات، هەمان رۆژ سەردانی لقی سلێمانی سەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستانیش دەكات، وەك رۆژنامەنووسێك داوای پشتگیریی و بەرگری دەكات، كە سەرباری ئەوەی سووكایەتی پێكراوە، بەدیار چاوی سەدان هاووڵاتیەوە لێیان داوە، كە چەندین كەس ئامادەن لەدادگا رووداوەكە وەك خۆی بگێڕنەوە..

ئێمە لە لیژنەی داكۆكی لە ئازادی رۆژنامەنووسی و مافی رۆژنامەنووسان و لقی سلێمانی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان ئەم رەفتارەی ئەو پاسەوانە تایبەتانەی چاڤی لاند، بە لادان لەكاری مرۆڤانەو سوكایەتی كردن بە مرۆڤ و بە رۆژنامەنووس لەقەڵەم دەدەین، بە پێشێلكاری تەواوی مافی مرۆڤ و مافی رۆژنامەنووسانی دەناسێنین، ئەم رەفتارە گەڕانەوەیە بۆ كلتوری شەق و هێز، كە شاری سلێمانی بەو ئازادیەوە جوانە كە لەبەری كردوە، بەڵام ئەم جۆرە مرۆڤانە دەیانەوێت لێڵ وتەڵخی بكەن..

ناوبراو داوای رەسمی لە پۆلیس تۆمار كردوە، سەندیكای رۆژنامەنووسانیش بەرگری تەواو لە مافی سامان قوبادی دەكات و بەهیچ جۆرێك سازش وسوڵح مان قبوڵ نیە تا ئەو ساتەی ئەو شەق وەشێنانە بە سزای خۆیان دەگەن..

تا ئەوساتە سەرجەم خەڵكی سلێمانی و رۆژنامەنووسانی كوردستانیش دڵنیا دەكەین كە سەرجەم پارێزەرەكانمان لەخزمەتی ئەم كەیسەدا دەبن و ئەوپەڕی هەوڵی خۆمان دەدەین تا ژیان و كەرامەتی رۆژنامەنووسان پارێزراو بێت و یاسا بەرقەراربێت نەك تیۆری شەقو تێهەڵدان..

لیژنەی داكۆكی لە ئازادی رۆژنامەنووسی و مافی رۆژنامەنووسان

 لقی سلێمانی سەندیكای رۆژنامەنووسان

24/7/2013

www.facebook.com/sulaymaniy.sandika

 


 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.